سوپاى چین یان سوپاى ئازادى میللی، بەگەورەترین سوپاى جیهان دادەنرێت لە ڕووى ژمارەوە، هەروەها لەهەموویان لەپێشترە لەڕووى بەرنامەى پڕچەککردن و نوێسازى، لە دەیەکانى ڕابردوودا چەندین چاکسازى تیادا ئەنجامدرا لە ڕووى کەمکردنەوەى ژمارە وبەهێزکردنى چۆرى چەک وبەکارهینانى تەکنۆلۆژیای سەربازییەوە.
دامەزراندن
لە یەکى ئابی سالى ١٩٢٧ سوپاى ئازادى میللی لە ئاکامى ڕاپەڕینى “نانتشانگ” ەوە دامەزرا، ئەوەش پاش ئەوە هات کە ژمارەیەک لە سەرکردە شیوعییەکان لەلایەن “شیانگ کاى شیک” ەوە چەوسێنرانەوە، هێزە ڕاپەڕیوەکان بە سوپاى سوور ناویان دەرکرد کە لەماوەى ساڵانى ١٩٣٤ و ١٩٣٥ بەشدارییان لەڕێپێوانێکى دوور ودرێژداکرد ودواتر ناونران بە سوپاى ئازادى میللی.
سەرکردایەتى
سوپاى ئازادى میللی لەلایەن لیژنەى ناوەندى سەربازییەوە کەسەرۆکى وڵات سەرکردایەتى دەکات و هەریەک لە وەزیرى بەرگرى وسەرۆک ئەرکانى سوپا ئەندامن تیایدا بەڕیوە دەبرێت.
یەکەکانى سوپا
سوپاى چین لە ٢٣٠٠٠٠٠ دووملیۆن و سێ سەد هەزار سەرباز پێکدێت، هەروەها ٥١٠٠٠٠ پێنج سەد و دە هەزار سەربازى یەدەکى هەیە، میزانییەى سوپاى چین بۆ ساڵى ٢٠١٥ گەیشتە ١٤٦ ملیار دۆلار کە دەکاتە ڕێژەى ١.٩ % کۆى بەرهەمى ناوخۆ، بەوەش بوو بە دووەم وڵات لەڕووى میزانییەى سەربازییەوە.
سوپاى چین لە پێنج یەکەى سەربازى پێکدێت کە بریتین لە : هێزى زەمینى، دەریایی، ئاسمانى، موشەکى، پاڵپشتى ستراتیژى.
ئەم سوپایە بە یەکێک لەو سوپایانە ئەژمار دەکرێت لەسەر ئاستى جیهان کە زۆر بەخێرایی گەشە دەکات، لەم دەیانەى ڕابردوودا چەندین چاکسازى تیادا ئەنجام درا کە ئەوەش هاوتا بوو بە زیادبوونى خەرجییە سەربازییەکان.
هێزى زەمینى
چین خاوەنى گەورەترین هێزى زەمینییە لە جیهاندا، ژمارەى سەربازانى دەگاتە ١,٦ ملیۆن سەرباز وکە دەکاتە ڕێژەى ٦٠% تەواوى سوپاى چین، لە کاتى پێویستدا ٥١٠ هەزار یەکەى دیکە لە سوپاى یەدەک دەتوانرێت ڕام بدرێت لە بوارى سەربازیدا.
لەماوەى ڕابردوودا چین هەوڵى داوە کە ئەم ژمارە زۆرە کەمبکاتەوە بۆ ئەوەى لەبەرامبەردا هێزى کردارە تایبەتەکان و چەکى ئاسمانى و یەکەکانى جەنگى ئەلەکترۆنى پەرەپێبدات.
هێزى دەریایی
تا کۆتایی نەوەدەکانى سەدەى بیستەم هێزى دەریایی بەشێک بوو لە هێزى زەمینى، بەلام دواى دەستکردن بە چاکسازییەکان هێزى دەریایی جیاکرایەوە کە ژمارەیان دەگاتە ٢٢٥ هەزار سەرباز، ئەم هێزە لە سێ ئوستوڵ پێکدێت کە بریتین لە: ئوستوڵى دەریای باکور، ئوستوڵی دەریاى باشورى چین، ئوستوڵی دەریاى باکورى چین.
هەریەک لەو ئوستوڵانە پێکدین لە چەندین یەکەى دەریایی و زەمینى و ئاسمانى و بەرگرى کەناراوەکان.
هێزى ئاسمانى
ژمارەى سەربازانى هێزى ئاسمانى چین خۆى لە ٣٩٨ هەزار سەرباز دەدات، ئەم هێزە دابەش بووە بەسەر پێنج سەرکردایەتى و ٢٤ فیرقە، گەورەترین هێز لە هێزى ئاسمانى چینیدا بەریتییە لە فەیلەق کە چەند بەتالیۆنێک لەخۆى دەگرێت و هەریەک لەوانە لە نیوان ٢٠ – ٣٦ فڕۆکەى جەنگییان هەیە.
هێزى موشەکى
گرنگترین یەکەى سەربازى چینییە کە دەستى گرتووە بەسەر تەواوى موشەکەکانى ئەو وڵاتە جا ئەو موشەکانە ئەتۆمى بن یان ئاسایی، وا پێشبینى دەکریت کە چین خاوەنى ١٠٠ بۆ ٤٠٠ کڵاوەى ئەتۆمى بیت، لەم هێزەدا ١٠٠ هەزار سەرباز کار دەکات کە دابەش بوون بەسەر شەش بەشدا هەر بەشەیان بە سەربەخۆ لەبەشەکانى دیکە کار دەکات.
هێزى پاڵپشتى ستراتیژى
لە کانونى یەکەمى ٢٠١٥ ئەم هێزە دامەزرا، ئەمەش یەکێکە لە بەرهەمەکانى ئەو چاکسازییانەى کە لە سوپاى چیندا ئەنجام درا، هەرچەندە تاوەکو ئێستا زۆر نازانرێت سەبارەت بەم هێزە و چالاکییەکانیان بەڵام وا ڕاگەیەنراوە کە ئەم هێزە چەندین ئەرکى ستراتیژى وپاڵپشتى سوپا ئەنجام دەدات، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەم هێزە تەکنۆلۆژیاى زۆر پێشکەوتوو بەکاردەهینیت وەک شەڕى ئەلەکترۆنى و شەڕى بۆشایی ئاسمان.
سەرچاوە: الجزیرة