هێشتا جیهان له لێكه‌وته‌كانی قه‌یرانی ئابووری سه‌رده‌می كۆرۆنا رزگار نه‌بووه، كه‌چی ناوه‌نده ئابووری و بانكه گه‌وره‌كانی جیهان و شاره‌زایانی ئه‌و بواره باس له مه‌ترسی قه‌یرانێكی دیكه‌و دۆخێكی سه‌ختی ئابووری ده‌كه‌ن. زۆر له وڵاتانی جیهان وه‌ك پلانی پێشوه‌خته ده‌ستیانكردووه به داڕشتنه‌وه‌ی سیاسه‌تی دارایی و ئابووری و سیسته‌می بانكی وڵاته‌كانیان. نایانه‌وێ ئه‌و قه‌یرانه له‌ناكاو و كوتوپڕه‌ی به‌هۆی كۆرۆناوه به‌رۆكیانی گرت، دووباره ببێته‌وه. به‌كه‌ڵك وه‌رگرتن له ئه‌زموونه‌كانی رابردووی خۆیان و سوود وه‌رگرتن له توێژینه‌وه‌ی ناوه‌نده ئه‌كادیمی و پسپۆڕ‌و شاره‌زایانی بواری دارایی و ئابووری، خۆیان بۆ سه‌ختترین ئه‌گه‌ر و پێشهاته‌كان ئاماده ده‌كه‌ن.
له ئه‌گه‌ری هاتنه ئارای دۆخ و قه‌یرانێكی دیكه‌ی ئابووریدا كوردستان چی ده‌كات، یان دروستتر ئه‌وه‌یه بپرسین چی پێده‌كرێت؟ له‌كاتێكدا سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی داهاتی هه‌رێمی کوردستان پشتی به نه‌وت به‌ستووه، ئه‌ویش له‌لایه‌ك به‌هۆی ئه‌وه‌ی نرخی فرۆشتنی هیچ كات جێگیر نییه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه به‌هۆی دوا بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی ئیراق سەبارەت كه‌رتی وزه له كوردستان، دڵنیاییه‌كی دوورمه‌ودا بۆ هه‌رێمی کوردستان نه‌ماوه‌ته‌وه.
ئاسۆیه‌كی روونیش نییه بۆ رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ به‌غدا تاوەکو پشت به به‌شه بودجه‌ی به‌غدا ببه‌ستێت. بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر جۆره قه‌یرانێك بۆ وڵاتانی دونیا دۆخێكی سه‌خت بێت، بۆ هه‌رێمی كوردستان خنكێنه‌ره.
هۆكاری ئه‌وه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان زیاتر له به‌رده‌م مه‌ترسیدایه، هه‌ر به ته‌نیا ئه‌وه نییه كه پشتی به نه‌وت به‌ستووه وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی داهات، یاخود له‌به‌ر مه‌ترسی بڕیاره‌كه‌ی دادگەی باڵای فیدراڵی بێت. له‌وان مه‌ترسیدارتر، شێوەی به‌ڕێوه‌بردنی ئابووریی كوردستانه. ئه‌گینا بۆ جوگرافیایه‌كی وه‌ك هه‌رێمی كوردستان كه ژماره‌ی خه‌ڵكی کەمە، خاوه‌ن سرووشت، ئاو و هه‌وا و كه‌شێكی له‌باری كشتوكاڵ و ئاودێرییە، هه‌روه‌ها به‌هۆی هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی ئێراقه‌وه له‌دوای جه‌نگه‌كانی كه‌نداو، بازاڕی ئێراقیش بۆ هه‌رێمی كوردستان كراوه‌یه، بۆیه نابێت ترسی له سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی ئابووری هه‌بێت. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له بنه‌ڕه‌ته‌وه سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌ی ئابووری په‌یڕه‌وكراوه، بۆیه له‌پێش هه‌موو وڵاتانی دیكه‌ی جیهان و ناوچه‌كه‌وه ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
پێشتر و ئێستاش كه دۆخی ئابووریی كوردستان خراپه، یان لانیكه‌م سه‌قامگیر نییه، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه نییه له كوردستان (پاره) نییه. به‌پێچه‌وانه‌وه مانگانه پاره‌یه‌كی زۆر ده‌ڕژێته بازاڕی هه‌رێمی کوردستانەوه. ته‌نیا له كه‌رتی حكومی مانگانه نزیكه‌ی 600 ملیۆن دۆلار ده‌درێته مووچه‌خۆران، له كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکانیش ئه‌گه‌ر له‌و رێژه‌یه زیاتر نه‌بێت كه‌متر نییه. به‌ڵام گرفتی بنه‌ڕه‌تی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی كوردستان ئه‌وه‌یه كه پاره له كوردستان (ناخولێته‌وه). به‌ڵكو له كوردستان كۆده‌كرێته‌وه‌و ده‌برێته ده‌ره‌وه. تاوەکو ئه‌م كێشه‌یه‌ش چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی ئێستاش پاره له كوردستان هه‌بێت، دۆخی ئابووری هەر باش نابێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كوردستان خاوه‌ن دراوی تایبه‌ت به‌خۆیشی بێت و وه‌ك چاپی رۆژنامه رۆژانه پاره چاپ و بڵاوبكاته‌وه، هه‌ر نابێته خاوه‌ن ئابوورییه‌كی سه‌قامگیر تاوەکو چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌وه نه‌دۆزێته‌وه كه ده‌بێت ئه‌و پاره‌یه‌ی له كه‌رتی گشتی و تایبه‌ته‌وه ده‌درێته خه‌ڵك، رێگری له چوونه ده‌ره‌وه‌ی بكرێت و پێویسته له‌ناوخۆی كوردستان بخولێته‌وه.
مه‌به‌ست له چوونه ده‌ره‌وه‌ی پاره ئه‌وه نییه كه هه‌ندێك له به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌و پاره‌یه‌ی له گه‌نده‌ڵی و دزینی موڵكی گشتی ده‌ستیان ده‌كه‌وێت ده‌یبه‌نه ده‌ره‌وه، ئه‌وه به‌شه كه‌مه‌كه‌ی كێشه‌كه‌یه، به‌ڵكو كێشه سه‌ره‌كییه‌كه ئه‌و به‌شه گشتییه‌یه كه بۆ به‌ده‌ستهێنانی پێداویستییه‌كانی هاووڵاتیان له كڕینی شمه‌ك و كاڵاوە ده‌ڕوات و ناگەڕێتەوە. ئایا مانگانه چه‌ند پاره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕواته ده‌ره‌وه بۆ كڕینی شامپۆ و سابون و كه‌ره‌سته‌كانی دیكه‌ی پاككردنه‌وه. چه‌ند ده‌ڕوات بۆ كڕینی گوڵه‌به‌ڕۆژه‌و فستق. چه‌ند ده‌چێت بۆ كڕینی برنج و رۆن، ئارد و نیسك و نۆك، چه‌ند پاره‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌ڕواته ده‌ره‌وه بۆ كڕینی شیر و ماست و په‌نیر، بۆ سیر و پیاز، بۆ ته‌ماته و خه‌یار و میوه‌و سه‌وزه. نه‌وت و به‌نزین و گازوایل و ده‌یانی كه‌ره‌سته‌و شتی دیكه. ئه‌مه جیا له‌و پێداویستیانه‌ی دیكه‌ی كه‌لوپه‌لی كاره‌بایی و گه‌رمی و ساردكه‌ره‌وه‌و پێداویستی هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه.
له‌كاتێكدا هه‌موو ئه‌مانه ده‌توانرا و ئێستاش ده‌توانرێت له‌ناو كوردستان به‌رهه‌م بهێندرێن.
گرفته‌كه لێره‌دایه‌و تاوەکو چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ش نه‌كرێت كوردستان نابێته وڵاتێك بتوانێت له‌سه‌ر پێی خۆی رابوه‌ستێت. له كاتێكدا ژینگه و ئاو هه‌واو سرووشتی كوردستان گونجاوه بۆ ئه‌وه‌ی خۆی خاوه‌نی هه‌موو ئه‌و به‌رهه‌مانه بێت. ئایا جێی تێڕامان نییه وڵاتێك ساڵانه زیاتر له 300 ملیۆن دۆلار بداته برنجی ده‌ستكرد له چین و هندستان و خاكه‌كه‌ی خۆیشی له‌باربێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی برنج. ئایا جێی هه‌ڵوه‌سته‌كردن نییه له هه‌رێمی كوردستان كه خاوه‌ن خاك و سرووشتی (چوار وه‌رزه‌ی پڕه)، به‌رهه‌می شیره‌مه‌نی له سعودیه‌وه بۆبێت كه ئاوی سازگار به پاره ده‌كڕێت بۆ ئاژه‌ڵداری؟
ئه‌م به‌راوردكارییه بۆ هه‌موو كاڵا‌و به‌رهه‌مه‌كان هه‌ر راسته، ته‌نانه‌ت بۆ تایه و پاتری ئۆتۆمبیلەکانیشمان. كێشه‌كه له‌ناو سه‌رماندایه، سیاسه‌تی رۆژ به‌ڕێده‌كه‌ین. پلان و به‌رنامه‌ی دوورمه‌ودامان نییه. ئه‌ركی حكومه‌ته به ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ كۆمپانیا و سه‌رمایه‌داره‌كان ئه‌م كێشه‌یه چارەسەر بكات.
زیاتر له دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل له هەرێمی كوردستان هه‌یه، ئایا ساڵانه چه‌ند پاره ده‌ڕواته ده‌ره‌وه بۆ كڕینی تایه؟ ئه‌گه‌ر ساڵی یه‌كجار تایه‌كانی بگۆڕدرێن، ساڵانه نزیكه‌ی 10 ملیۆن تایه‌مان پێویسته. ساڵانه زیاتر له دوو ملیۆن پاتریمان پێویسته. ته‌نیا بۆ كڕینی تایه و پاتری سه‌یاره ساڵانه زیاتر له یه‌ك ملیار دۆلاری هه‌رێمی كوردستان ده‌ڕواته ده‌ره‌وه. چی واده‌كات سه‌رمایه‌داره‌كانیشمان به‌دوای پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌م بازاڕه‌وه نه‌بن و هه‌ر چاویان له‌وه‌بێت له ده‌ره‌وه ده‌سته‌به‌ر بكرێت. به‌تایبه‌تیش كه بازاڕی ئێراقیش له به‌رده‌م كوردستاندا كراوه‌یه، به‌مه‌ش ده‌رفه‌ته‌كه زۆر له‌بارتره ئه‌گه‌ر ئیداره‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووی سیاسه‌تی ئابووریمان هه‌بێت.
له كوردستان ده‌وڵه‌ندمەند و سه‌رمایه‌دار زۆر‌ن، ئه‌گه‌ر دڵنیاییان بۆ دروستبكرێت نه‌ك هه‌ر ئاماده‌ن هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌یان له نیشتمان به‌گه‌ڕ بخه‌ن، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌و متمانه‌یه‌ی هه‌یانه قه‌رزی ده‌ره‌كیش دەهێنن و له كوردستان به‌گه‌ڕی دەخه‌ن، به‌ڵام نه‌ك ئه‌و دڵنییایەیان پێنەدراوە، به‌ڵكو له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌رانه سه‌ندن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌شیاندان.سرووشتی سه‌رمایه‌داریش وایه به‌دوای ئارامی و سه‌قامگیریدا ده‌گه‌ڕێت، بۆیه ده‌بینین رۆژ له دوای رۆژ ئه‌وانیش بیر له گواستنه‌وه‌ی سامانه‌كه‌یان ده‌كه‌نه‌وه. به‌مه‌ش كوردستان هێنده‌ی دیكه لاوازتر ده‌بێت له‌ڕووی ئابوورییه‌وه. هێشتا ده‌رفه‌ته‌كانی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر له‌به‌رده‌م هه‌رێمی کوردستاندا كراوه‌ن، كات ماوه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته هه‌رێمێكی دامه‌زراو كه متمانه‌ی به‌خۆی هه‌بێت له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ر پێشهات و ئه‌گه‌رێكدا كه كاریگه‌ری بخاته سه‌ر نرخی نه‌وت و جوڵه‌ی بازرگانی. به‌ڵام پێویستی به په‌له‌كردن و بڕیاری ئازایانه‌یه.