ڕۆژێک دوای ئەوەی بڵاوکرایەوە کە جەمال خاشوقچی لە ئەستەنبوڵ ونبووە، ئەم ستونەم لە یاریدەدەر و وەرگێڕەکەیەوە بەدەستگەیشت. ڕۆژنامەی ” واشنتۆن پۆست” بڵاوکردنەوەکەی ڕاگرت، چونکە بەهیوابووین جەمال پەیوەندیمان پێوە بکات، بۆ ئەوەی پێکەوە پێداچوونەوەی بۆ بکەین. ئێستا ئەبێ قایل بم؛ ئەوە ڕوونادات.
ئەمە دوا ستوونی ئەوە کە پێداچونەوەی دەکەم بۆ ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست. ئەم ستونە بەتەواوی پەرۆشی ئەو دەپێکێت بۆ ئازادی ڕادەربڕین لەجیهانی عەرەبیدا. ئازادییەک کە پێدەچێت ژیانی لەپێناویدا بەخشی بێت. بۆ هەمیشە سوپاسگوزاردەبم کە ساڵێک پێش ئێستا واشنتۆن پۆستی هەڵبژارد وەک دواین ماڵی ڕۆژنامەوانی و هەلی پێکەوە کارکردنی پێبەخشین.
“کارین عەتیە”
بەم دواییانە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، لە “ڕاپۆرتی ٢٠١٨ ی ئازادی ڕادەربڕین لە جیهاندا” م دەڕوانی کە لە لایەن ماڵی ئازادییەوە بڵاوکرابووەوە، ڕاستییەکی تاڵی دەرخستبوو. تەنها یەک وڵات هەیە لە جیهانی عەرەبیدا وەک “ئازاد” پۆلێنکراوە. ئەو نیشتمانەش تونسە. ئەردەن، مەغریب و کوێت بە پلەی دووەم دێن، کە بە ” ئازاد” ی ڕێژەیی پۆلێنکراون. وڵاتانی دیکەی جیهانی عەرەبی بە ” نا ئازاد” پۆلێنکراون.
بۆیە ئەو عەرەبانەی لەم وڵاتانەدا دەژین یان زانیارییان بەدەستناگات یان بەهەڵە پێیان دەگات. ئەوان ناتوانن بەپێی پێویست بدوێن، بەکەمی بە کراوەیی دەئاخافن سەبارەت بە کێشە گەلێک کە کاریگەری لەسەر ناوچەکە و ژیانی ڕۆژانەیان هەیە.
بۆچونی کاربەدەستانی دەوڵەت، زاڵە بەسەر سایکۆلۆژیای گشتیدا، لە کاتێکدا هەندێک بڕوایان پێی نیە، زۆرینەیەکی زۆر ئەبنە قوربانی ئەو بۆچونە هەڵانە. بەداخەوە ئەم دۆخە لەوە ناچێت بگۆڕێت.
جیهانی عەرەب لە ماوەی بەهاری٢٠١١ دا پڕ بوو لە هیوا. ڕۆژنامەنوسان، شارەزایان و خەڵک بە گشتی، لێوان لێو بوون بە هیوای خۆشی وئازادی لەنێو وڵاتەکانیاندا . ئەوان چاوەڕوانی ئازادبوون بوون لەهەژموونی حکومەتەکانیان، لەدەستوەردانی توند و سانسۆر. ئەو چاوەڕوانیانە بە خێرایی پهرتبوون. ئەو کۆمەڵگایانە یان گەڕانەوە بۆ ڕەوشی کۆنی زیندانی بە کۆمەڵ، یان ڕووبەڕووی دۆخێکی خراپتر لەپێشوو بوونەوە.
هاوڕێی ئازیزم، نوسەری دیاری سعودی “ساڵەح شەهی”، بەناوبانگترین وتاری نوسی کە تائێستا لە میدیای سعودیدا بڵاوکرابێتەوە. بەداخەوە ئەو ئێستا ماوەی پێنج ساڵ بەبێ یاسا، بە تۆمەتی ڕادەربڕینێک کە گوایە پێچەوانەی ڕای سعودیە بووە، زیندانی کراوە. دەستبەسەراگرتنی تەواوەتی حکومەتی میسری بەسەر چاپکردنی ڕۆژنامەی “ئەل میسرلیەوم”، کاردانەوەی توڕەیی وخرۆشانی لەلایەن هاوپیشەکانییەوە لێنەکەوتەوە. ئەم کردارانە ئیتر فشاری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدوادا نایەت.
لەبری ئەوە، لەوانەیە ئەم جۆرە کردەوانە، بێدەنگی بە دوادابێت. هەر بۆیە حکومەتە عەرەبییەکان، تاڕادەیەکی زۆر جڵەویان بەرەڵاکراوە بۆ بەردەوامیدان لەبێدەنگکردنی میدیا. ماوەیەک ڕۆژنامەنوسان لەو باوەڕەدابوون کە ئینتەرنێت دەبێتە هۆی ئازادی زانیاری لەسانسۆر، ئەو کۆت و بەندانەی پەیوەستن بەمیدیای چاپکراوەوە. بەڵام ئەو حکومەتانەی کە مانەوەیان پشتی بە کۆنترۆڵکردنی میدیا بەستووە، سەرسەختانە ئینتەرنێتیان داخست. ئەوان پەیامنێرە ناوخۆییەکانیان دەستگیرکردووە و فشاریان خستۆتەسەر ڕیکلامکارەکان بۆ زیانگەیاندن بەداهاتی بڵاوکراوە دیاریکراوەکان.
چەند پەناگەیەکی کەم هەیە کەبەردەوامە لە بەرجەستەکردنی گیانی بەهاری عەرەبی. بەپێچەوانەی هەوڵی دراوسێکانییەوە لە زاڵبوون بەسەر زانیاری بۆ پاڵپشتیکردنی فەرمانڕەوا کۆنەکانی عەرەب، حکومەتی قەتەر بەردەوامە لەپاڵپشتی ڕووماڵکردنی هەواڵی نێودەوڵەتی. تەنانەت لە تونس و کوێت کە بەلانی کەمەوە کاری ڕۆژنامەوانی بەنیمچهئازاد دانراوە، میدیا گرنگی دەدات بە کاروبارە نێوخۆییەکان نەک ئەو بوارانەی کەجیهانی گەورەی عەرەب ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. ئەوان نیگەرانن لەپێکهێنانی پلاتفۆرمێک بۆ ڕۆژنامەنوسانی سعودیە، میسر و یەمەن. تەنانەت لوبنانیش کە دێتەسەر ئازادی میدیا ئەبێتە قوربانی جەمسەرگیری و کاریگەری حیزبوڵای لایەنگری ئێران.
جیهانی عەرەب ڕووبەڕووی جۆرێک لە ئاستەنگی خۆی دەبێتەوە، کە نەک کاراکتەرە دەرەکییەکان بەڵکو لەلایەن ئەو هێزە نێوخۆییانەی لە کێبڕکێی دەسەڵاتدان سەپێنراوە. لەماوەی جەنگی ساردا، ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد ، کە بەچەندساڵێک بوو بە دامەزراوەیەکی گرنگ، ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لە هاندان و بەهێزکردنی هیوا ئازادی.
عەرەبەکان شتێکی لەو جۆرەیان پێویستە. لەساڵی ١٩٦٧، نیویۆرک تایمز و واشنتۆن پۆست لە خاوەندارێتی ڕۆژنامەی “هیراڵد تریبیۆن”ی نیودەوڵەتیدا هاوبەشییان کرد، ئەوەش بۆ دروستکردنی پلاتفۆرمێک بۆ هەموو دەنگەکان، کەلەسەرتاسەری جیهاندا بەردەوام بوو.
ئەم ناوەندە، واشنتۆن پۆست، دەسپێشخەربووە بۆ وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی زۆرێک لە نوسینەکانم بە زمانی عەرەبی. بۆیە سوپاسگوزارم. عەرەبەکان پێویستیان بە خوێندنەوەیە بە زمانی خۆیان، دواتر دەتوانن لایەنە ئاڵۆزو جۆراوجۆرەکانی دیموکراسی تێبگەن، ئەمریکاو ڕۆژئاوا گفتوگۆی بکەن. ئەگەر میسرییەک تێچووی ڕاستەقینەی پرۆژەیەکی بونیادنان لە واشنتۆن بخوێنێتەوە، ئەوا توانای باشتردەبێت بۆ تێگەیشتن لە جێبەجێکردنی وەها پرۆژەیەک لە وڵاتەکەی خۆیدا.
جیهانی عەرەبی پێویستی بەشێوازێکی تازەیە، تەواو جیاواز لەمیدیای کۆنی نێونەتەوەیی، ئاوا دەتوانرێ هاونیشتمانیانیان ئاگاداربکرێنەوە لەڕووداوە جیهانییەکان. لەوەش گرنگتر، ئەبێ پلاتفۆرمێک ببخشینە میدیاکانی عەرەب. ئێمە بەدەست هەژاری، خراپ بەڕێوەبردن و کەمی ڕۆشنبیرییەوە چەشتومانە.
لەڕێگەی بەستنی دیدارێکی سەربەخۆی نێودەوڵەتییەوە، دوور لەکاریگەری ئەو حکومەتە ناسیۆنالیستانەی لە ڕێگەی پڕوپاگەندەوە کینە بڵاودەکەنەوە، خەڵکی ئاسایی لەجیهانی عەرەیبدا دەتوانن لە ڕیشەی ئەو کێشانە بدوێن کە کۆمەڵگاکانیان ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
وەرگێڕانى: داهۆ سالم