سەرەتا
لەم ڕۆژانەدا، ئەم بابەتە زۆر باس دەکرێت. پێم وایە زیاتر دەنگۆ و هەڵبەستراوە و بۆ مەرامی سیاسیی بەکاردەهێنرێت، کە باشترە بیریشی لێ نەکرێتەوە.
لە ڕووی قانونییشەوە، هەڵوەشاندنەوەی هەرێم یان کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی، بە لەبەرچاوگرتنی واقیعی سیاسیی، مومکین نیە. ئەوەش بەپێی چەند مادەیەکی دەستوورەکە. خاڵی یەکەم و دووەمی خوارەوە، تایبەتن بە ڕێگەی ئاسایی هەموارکردنەوەی دەستوورەکە، خاڵی سێیەم تایبەتە بە ڕێگەی نائاسایی.
یەکەم، مادەی 110:
لێرەدا دەسەڵاتە حەسرییەکانی حکومەتی فیدراڵیی، دیاری کراون، کە بریتیین لە (بەکورتیی): سیاسەتی دەرەکیی و دیپلۆماسیی، پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، سیاسەتی ئابووریی و بازرگانیی دەرەکیی، سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانیی و هێزە چەکدارەکان و پاراستنی سنوور، سیاسەتی دارایی و گومرکیی و دەرچوواندنی دراو، دامەزراندن و بەڕێوەبردنی بانکی ناوەندیی، کاروباری پێوانە و کێشان، کاروباری ڕەگەزنامە و نیشتەجێبوون (الاقامە)، ڕێکخستنی سیاسەتی پەخش و پۆستە، پرۆژەکانی بودجەی گشتیی و وەبەرهێنان، دانانی سیاسەتی پەیوەست بە سەرچاوە ئاوییەکانی دەرەوەی عێراق، لەگەڵ سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان. لە دەرەوەی ئەمانە، هەموو دەسەڵاتەکانی تر، یان هاوبەشن لەنێوان حکومەتی فیراڵیی و هەرێمەکان، یان تایبەتن بە هەرێمەکان.
دووەم، مادەی 126/بڕگەی چوارەم
بەبێ ڕەزامەندیی پەرلەمانی هەرێم و زۆرینەی دەنگدەرانی، هیچ مادەیەکی دەستوور هەموار ناکرێتەوە، کە بشێت دەسەڵاتەکانی هەرێمی پەیوەندیدار (بەدەر لە دەسەڵاتە حەسرییەکانی بڕگەی یەکەمی سەرەوە کە باس کران) کەم بکاتەوە.
سێیەم، مادەی 142
کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی دەستوور بە ڕێگەی نائاسایی لە قۆناغی گواستنەوەدا. ئەمیان دەبوو لە سەرەتای پێکهاتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە لە 2006دا، کاری پێ کرابا. لەو ساڵەدا لیژنەیەک پێکهێنرا، بەڵام هیچی پێ نەکرا.
لە مانگی دەی 2019 و دوای خۆپیشاندانی بەشێکی زۆری خەڵکی بەغدا و دەوروبەری، لیژنەیەکی دووەم بۆ هەموارکردنەوەی دەستوور پێکهێنرا، کە تا ئێستە ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی نەداوەتە ئەنجوومەنی نوێنەران. لە 28ی شوباتی 2020 وادەی دیاریکراو بۆ لیژنەکە، کۆتایی هات. بەڵام ئەندامانی لیژنەکە دەڵێن نابێت ڕۆژانی پشوو و کارنەکردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان لەسەر حساب بکەن، ئەنجوومەنی نوێنەرانیش نەرمیی نواندووە.
بەپێی بۆچوونی خەڵکانی شارەزای قانونیی، ئەم لیژنەیەی دووەم نادەستووریی و ناقانونییە، چونکە ئەو مادەیە یەک جار کاری پێ دەکرێت، ئەویش بۆ لیژنەکەی 2006 بەکارهێنرا.
بۆیە ئەم لیژنەیەی ئیسە، قسەی نایخوات. هەرچۆنێک بێت، تا ئیسە هیچی کۆنکرێتیی نیە. بەڵام بەپێی مادەکە هەر جۆرە هەموارکردنەوەیەکی بەم شێوەیە و لە ڕێی وەها لیژنەیەکی تایبەتەوە، لە نێویشیاندا هەموارکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمەکان، کۆمەڵێک مەرج و فلتەری هەیە تا پەسەند و کارا بکرێن:
ا_ هەموو پێشنیازی هەموارکردنەکان بە یەک پاکێج بدرێنە ئەنجوومەنی نوێنەران.
ب_ زۆرینەی ڕەهای ئەندامانی ئەنجوومەن پێی ڕازی بن.
ت_ دوای ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی نوێنەران، مادە هەموارکراوەکان بخرێنە بەردەم ڕاپرسیی جەماوەریی.
پ_ زۆرینەی دەنگدەران پێی ڕازی بن، بەو مەرجەی دوو لەسەر سێی دەنگدەرانی سێ پارێزگا یان زیاتر، ڕەتی نەکەنەوە.
لە گرنگترین ئەو مادانەی باسی هەموارکردنەوەیان دەکرێت، مادەکانی 76 (تایبەت بە دیاریکردنی گەورەترین فراکسیۆن)، مادەی 140 (ناوچە جێناکۆکەکان) و نیزامی حوکمڕانییە، کە ئایا بکرێتە سەرۆکایەتیی، وەک ئەوەی شیعەکان دەیانەوێت، یان هەروا بە پەرلەمانیی بمێنێتەوە، وەک ئەوەی کورد و سوننەکان دەخوازن.
بەگشتیی
هەرێمی کوردستان (گەر هەڵەبجەش حساب بکەین) لە چوار پارێزگا پێکدێت. وەک پرەنسیپ، هیچ هەموارکردنەوەیەکی دەستوور، بە هەرکام لە ڕێگەکان، بەبێ دەنگی زۆرینەی دانیشتووانی هەرێم، تێناپەڕێت.
تێپەڕاندنی ئەم کۆت و بەندانە، چ بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان وەک تاکە هەرێمی فیدراڵیی، یان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خودی هەرێمەکە وەک قەوارەیەکی دەستووریی، مەحاڵە. چونکە گەر دەسەڵاتداری سیاسیی گەندەڵیش بیەوێت سازش لە پێشهاتێکی وا قەبە و مەترسیداردا بکات، خەڵکی هەرێم نایکەن. ئەوەی دەمێنێتەوە سیاسەت و دانوستانی نێو ژوورە تاریکەکانە.
مەگەر بە پیلانگێڕییەکی دەرەکیی و ناوخۆیی، گورزی وا لە هەرێم و خەڵکەکەی بوەشێنرێت، یان مێشکی زۆربەمان بە جۆرێک بشۆردرێتەوە، ئەینا ئاسان تێناپەڕێت!
باسی برسیکردن و ململانێ و هەندێک تاکتیکی ترم نەکردووە، باسەکە هەڵوەشاندنەوە یان کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمە.