لەسەر لاپەڕەکانی فێسبووک، چەندان مامۆستای بەڕێز بە گوتەی کەمێک زبر باسی ناڕەوایی جەژنی نەورۆزیان کردووە، هەندێکیان ڕایان وایە؛ کە ئەو جەژنە جەژنی کافر و جوولەکە و مەجوسی و ئاینی دیکەی لەو بابەتەیە و دەڵێن؛ موسڵمان تەنیا دوو جەژنیان هەیە، ڕەمەزان و قوربان.
لەسەر لاپەڕەکانی فێسبووک، چەندان مامۆستای بەڕێز بە گوتەی کەمێک زبر باسی ناڕەوایی جەژنی نەورۆزیان کردووە، هەندێکیان ڕایان وایە؛ کە ئەو جەژنە جەژنی کافر و جوولەکە و مەجوسی و ئاینی دیکەی لەو بابەتەیە و دەڵێن؛ موسڵمان تەنیا دوو جەژنیان هەیە، ڕەمەزان و قوربان. مەلایەکی دیکە کە توندڕەویی پێوە دیارە دەڵێ؛ “نەورۆز جەژنی یەهودی و فیرعەون و خاچپەرست و فارسەکانە، ئیسلام بە جەژنی دانەناوە”. ڕاستە ئەو دوو جەژنە، جەژنی هەموو موسڵمانانی دنیان، بەڵام ئایا ناکرێ کەسانی موسڵمان هەرچەندە ئاینەکەیان یەک بێ، لەڕووی نەتەوەییەوە لێک جیابن؟ ناکرێ ئێمە لەگەڵ موسڵمانەتیی خۆمان کوردیش بین، هەر وەک تورک و فارس و بەنگالی و پاکستانی و ئەندەنۆسی و نازانم چەندان میللەتی دیکەی موسڵمان؟ دوای ئەوە کوردبوونی ئێمە هیچ لە موسڵمانەتیمان کەم دەکاتەوە، یان لە موسڵمانەتی داماندەشۆرێ؟ خوای گەورە ئێمەی بە کورد خەلق کردووە، هەر وەک میللەتانی دیکەشی ئەفراندووە بە زمان و دەستووری جیاوازەوە. ئەی ئەوە نییە خوای پەروەردگار لە سوورەتی (الحجرات) دەفەرموێ (یا أیها الناس إنا خلقناکم من ذکر و أنثی و جعلناکم شعوبا و قبائل لتعارفوا إن أکرمکم عند الله أتقاکم) صدق الله العظیم .
جارێ دەمەوێ لە سەرەتادا شتێک عەرزی ئەو مامۆستایانە بکەم، “مەلا برایم” ناوێک شیعرێکی جوانی بۆ نەورۆز گوتووە، کە بە داخەوە نایدۆزمەوە و وەسفێکی جوانی نەورۆز دەکات و بە نەورۆزنامەی “مەلا برایم” ناوی دەرکردووە، لە گوتارەکەی حەفتەی پێشوومدا پەنجەم بۆ ڕاکێشاوە و دوو سێ کۆپلێم لەوانەی بیرم ماون بڵاوکردەوە و لێرە تەنیا یەکێکیان بڵاو دەکەمەوە.
ئینجا لە شوکرانەی زەفەر
سەیرانکەران با بچنه دەر
خورما و پەنیریان هاوکەمەر
لێنێن پڵاو و گۆشتی مەڕ
بەمە “مەلا برایم” پێمان دەڵێ؛ کە خەڵک لەڕۆژی نەورۆزدا کردوویانە بە خۆشی شادی و چوونەتە سەیران و هیچ مەلایەکی دیکە لێیان ڕاست نەبوونەتەوە، پێیان بڵێن؛ ئەمە جەژنی کافرانە . ئەو مامۆستایانە بەو بیروبۆچوونانەیان بیانەوێ یان نەیانەوێ خزمەتی دوژمنانی میللەتی کورد دەکەن و، دەکەونە نێو چاڵی ڕەگەزپەرستانەی ئەوان و، دواجار خۆشیان تامی تاڵ و تفتی چەوساندنەوەی نەتەوەیی ڕەگەزپەرستانە دەچێژن، ئەو ناحەز و دوژمنانەی میللەتی کورد کە دەیانەوێ هەموو تایبەتمەندییهکمان (خصائص) بسڕنەوە و کە لێیان گیر دەبێ، دەڵێن؛ ئێمە هەموو موسڵمانین و برای دینین و جیاوازی لە نێوانمادا نییە و کە دەستیشیان دەبێ هەر بەناوی ئیسلامەوە ئەنفالمان دەکەن. هەر بۆیەشە “کورد” کە قورئانی پیرۆز دەخوێنن کاتێک دەگەنە سورەتی ئەنفال وەک گەڵای دار هەڵدەوەرێن .
لەناوەڕاستی چلەکان کە ئەم جەماوەری خەڵکە دەیانویست بە بۆنەی نەورۆز ئاهەنگ بگێڕن، دیسان هەندێک مەلا ڕاست بوونەوە دەیانگوت؛ ئەمە جەژنی کافر و مەجوسی ئاگر پەرستانە و دەیانویست خەڵکی موسڵمان ساردکەنەوە لە ئاهەنگ گێڕان بەو بۆنەیەوە، بەڵام خواستی جەماوەر سەرکەوت و ئەو مەلایانەش بە ناچاری کشانەوە و دەنگیان نەما، لەسەر ئەم مینبەرە عەرزی ئەو مامۆستایانە دەکەم و، دەڵێم؛ کە هیچ کامێکتان با بڕوانامەی بەرزیشتان هەبێ، ناگەن بە “مەلا محمدی جەلیزادەی کۆیی” کە بە مەلای گەورە ناوی ناسراوە و لەسەر ئاستی هەموو کوردستان ناو ناوبانگی دیار بووە. هەروەها هیچ کامێکتان ناگەن بە ئاستی “مەلا عهبدولکهریمی مودهریس” کە وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی “حەزرەتی شێخ عهبدولقادری گەیلانی بوو”، ئەو دوو زاتە زانا ئیسلامییە پلە باڵایانە بە چاکە باسی نەورۆز دەکەن و بە جەژنی نەتەوەیی دەزانن، ئیدی لەوساوە لە هەموو شارەکانی کوردستان ئاهەنگ بە بۆنەی جەژنی نەورۆز ساز دەکرێ و جەماوەری گەل بەشداری تێدا دەکەن و سەیرانی خۆشیان دەکەن،
مامۆستای بەڕێزینە؛ پێم ناڵێن چ گوناح و بێ دێنییەک لەوەدایە ئەگەر لەو ڕۆژەدا خەڵک ماڵ و منداڵی خۆی بباتە ئەو دەشت و دەرە، کە خوای پەروەردگار و تاک و تەنیا بە جوانترین شێوە بە گوڵ و گوڵزار ڕازاندوویەتییەوە، بۆ ئەوەی لەو فەرشی سوندوسە خواییە لەگەڵ ماڵ و منداڵی خۆی چەند ساتێک بەخۆشی بەسەربەرن و، خەمی ساڵێک لەوێ بدەنە بەر با و بحەسێنەوە و لەو دەشتە ڕەنگینە خواکردە نوێژی خۆیان بکەن، لەخوای گەورە بپاڕێنەوە کە خێر و خۆشییان بەسەردا ببارێنێ، چونکە ئەو خەڵکە موسڵمانە لەوە دڵنیان تا زیاتر لە خوا بپاڕێیتەوە، ئەو زیاتر بە دەنگتەوە دێت. ئەو ساڵانەش کە حکومەتە شۆڤێنییەکان نەورۆزیان قەدەغە کردووە، خەڵکەکە بەشێوەی جیا جیا نەورۆزی خۆیان هەر کردووە و چوونەتە دەشت و دەر بۆ سەیران، مامۆستایانی بەڕێز؛ ئاین چەند خواپەرستییە، ئەوەندەش ڕەوشت و ئادگار و خوی جوانە، دینداری ئەگەر ڕەوشتباشی و کردەوەی چاکی لەگەڵ نەبوو، فێڵ کردنە لە خوا، خوای گەورەش فێڵی لێ ناکرێ. ئەگەر ئەو موسڵمانەی دەچێ لە مزگەوت بە جەماعەت نوێژ دەکات، کە گەڕایەوە سەر کارەکەی فێڵی لە موسڵمانان کرد، نوێژی بۆ خوا نەکردووە، بەڵکو بۆ چاو بەستەکێی هەژار و بێ دەرەتانانی کردووە، ئەو حاجییەی ٢٥٠ دینار لەنێو کەشیدەکەی سەری دەشارێتەوە و سوێندێ دەخواو دەڵێ؛ “بەو حەجەی تەوافم کردووە، تەنیا ٢٥٠ دیناری تێدایە” نوێژەکەی بۆ خەڵک خەڵەتاندن کردووە و دەیکات، ئەو خۆ بە موسڵمانزانەی پشتی زاڵم دەگرێ و هەڕمێن بە قسە باقوبریقەدارەکانی زۆرداران دەدات، هەموو شتێکە، بەڵام موسڵمان نییە. موسڵمانەتی کردار و ڕەفتاری چاکی ڕۆژانەیە ڵەگەڵ ڕوو لەخواکردن. مامۆستایانی بەڕێز؛ خۆ داعشەکانیش هەر بەناوی خواو بە “ألله أکبر” خەڵکیان سەردەبڕی و چەندان مەلای “کورد” چوونە پاڵیان و فەتوای کوشتنی پێشمەرگەیان دا و سەربڕینی ئەوانیان حەڵاڵ کرد، بەڕێزینە؛ کورد میللەتێکی زۆر موسڵمان و خواپەرستە و سەدان ساڵە دەکوژرێ و سەردەبڕرێ و تەنانەت لە لایەن (عبدالله المۆمنانەوە) بە چەکی کیمیایی لێی دەدرێ و بەسورەتی ئەنفالی “قورئانی پیرۆز” دەیان هەزار منداڵ و ژن و پیری لێ زیندە بەچاڵ دەکرێ، توخوا…توخوا کامیان گوناح و بێ خواییە، ئاهەنگ گێڕان بەبۆنەی جەژنی هاتنی بەهار و سەرکەوتن بەسەر زوڵم و زۆریدا، یان زوڵم کردن بەناوی ئاینەوە؟ ئێستاش هەندێک لە ئێوە “ئەردۆغان” بە ئیمام و پێشەنگی ئیسلام دەزانن، لە کاتێکدا لە ئانیشکیشی بەرە و ژوور دەستی بەخوێنی کورد سوورە و، دەڵێ باشترین کورد ئەوەیە کە مردووە، بۆ بەڕێزینە؛ کورد لە تورکیا لەخوا هەڵگەڕاوەتەوە و دژی ئاینی ئیسلام وەستاوە تا بەو دڕندایەتییە خوێنی حەڵاڵ بکرێ؟ چۆن غیرەتتان ناجووڵێ کاتێک مەلایەکی ڕەگەزپەرستی تورک دەڵێ؛ مار و دووپشــک مەکوژن، کورد بکوژن با دیلیش بێ، بۆ “کورد” لە تورکیای “سوڵتان ئەردۆغان” لە خوا هەڵگەڕاوەتەوە؟ بۆ هاوبەشی بۆ خوا پەیدا کردووە؟ تورکیای ئیسلامیی ئەردۆغانی هەزاران سۆزانیخانەی بە فەرمی کردۆتەوە و باجی ئەو کارەیان لێ وەردەگرێ و ڕەنگە هەندێک لە موسڵمانە ئەردۆغاندۆستەکان لەو پارە حەڵاڵەیان بدرێتێ و ئەوانیش بیخەنە تەنکەی باخەڵیان.
توخوا ئەوە گوناحە کە خەڵکی لە چەند لاوە بریندار بایەکی باڵی خۆی بدات و خۆشی و شادییەک بخاتە دلێ منداڵەکانی، یان ئەوانەی ڕێکخراوی قاعدەیان دامەزراند و بە چەندان شێوەی دڕندایەتیی مین چاندن لە ڕێگەوبان و شەقام کۆڵان و ئۆتۆموبیلی بۆمبڕێژکراوەوە سەدان هەزار خەڵکیان بە ژن و پیاو و منداڵەوە کوشت، بە ملیۆن ژنیان بێوەژن کرد، کە لە برسان هەندێکیان شەرەفی خۆیان بۆ بژێویی منداڵەکانیان دەفرۆشن و لەوەش زیاتر منداڵیان هەتیو و دەربەدەری کۆڵانان کرد و لەبەر بێ سەرپەرشتی تووشی چەندان شێوەی لەڕێ لادان هاتن، ئەوانەی باسم کردن کێ کردنی؟ کوردی قوڕبەسەری لە خۆشی و مافی خوایی خۆی بێبەش، کە بە بۆنەی نەورۆز ئاهەنگ دەگێڕێ و دەچێ بۆ سەیران، یان ئەوانەی جڵەوی گەوجاندنی ئەو خەڵکە ڕەشوڕووت و نەزانانەیان بە دەستەوەیە و بە ئارەزووی خۆیان بە کوشتنیان دەدەن، بە بیانووی ئەوەی هەر کەسێک خۆی بتەقێنێتەوە دەچێتە بەهەشت و حەفتا حۆریی پێشکەش دەکرێ، باشە ئەی جەنابت کە ئەوە دەزانیت، بۆ ئەو خواردنە چەورە دەدەی بە من و بۆچی بۆ خۆت نایخۆێ.
ئەی ( ایمن الضواهری) کە ئێستا سەرۆکی ڕێکخراوی قاعیدەیە و پزیشکە، بۆ ئەو خەڵکە بە کوشتن دەدا و بۆ ناچێ لە میسر دانیشێ و چارەسەری هەزاران نەخۆشی بێ دەرەتان بکات؟ کامیان خێری زیاترە، خەڵک بەکوشتندان یان خەڵک لە مردن ڕزگارکردن، مامۆستای بەڕێز؛ من لە سایەی خواوە موسڵمانم و ئیمانم بەخواو پێغەمبەرهەیە و نوێژیش دەکەم و چاکە و خراپە لێک جیا دەکەمەوە و، وەکو هەندێک کەس نیم کە وەکو ئەسپی عەرەبانە وان، پارچە قایشێک بە لاچاویانەوە کراوە و تەنیا پێش خۆیان دەبینن و ئاگایان لە ئەم لاو ئەو لای خۆیان نییە، بەڕێزینە؛ وەک ئەو دنیا پێویستی بە توێشووە، ئەم دنیایەش پێویستی پێیەتی لەسنووری مرۆڤایەتی مرۆڤدۆستی دەرنەچوون، ئەی نەتابیستووە دەڵێن (ماأحسن الدین و الدنیا إذا إجتمعا)، یان ئەو قسەیەی کە دەیبەنەوە سەر خەلیفە ( علی بن أبی طالب ــ کرم الله وجهه ) ( إعمل لدنیاک کأنک تعیش أبدا، وإعمــل ڵاخرتک کأنک تموت غدا) .
دەڵێن جارێکیان بە بۆنەی جەژنی نەورۆز حەڵوایان بۆ “ئیمامی عەلی” بردووە و، ئە ویش پرسیویەتی ئەمە چییە؟ گوتویانە ئەمە حەڵوایە بە بۆنەی نەورۆزەوەیە، ئینجا “حەزرەتی عەلی” کە لێی خواردووە فەرموویەتی؛ نیرزونا کل یوم، نیرزونا کل یوم.
کورد لە هەموو دەوور و زەمانێک نەورۆزی خۆی کردووە، لە دوژمنانی کورد بەولاوە کەسێکی دیکەی لێ ڕاست نەبۆتەوە ڕێگریی لێ بکات و بە کافر لەقەڵەمی بدات، لەم شیعرەی (البحتری) دەردەکەوێ کە لە زەمانی عەباسییەکان کورد ئاهەنگی بە بۆنەی جەژنی نەورۆز گێڕاوە، ئەوەتا (البحتری) گەورە شاعیری سەردەمی عەباسی کە عەرەبیشە لە چامەیەکدا دەڵێ؛
أتاک الربیع الطلق یختال ضاحکا
من الحسن حتی کاد أن یتکلما
و قد نبە النوروز فی غلس الدجی
أوائل ورد کان بالامس نوما
بەهاری ڕووخۆش و گەش بە شانازی بەخۆکردنەوە بە پێکەنینەوە هات، ئەوەندە جوان بوو هەر دەتگوت خەریکە بێتە قسە، نەورۆزیش لە تاریکیی پێش بەری بەیان پێشەنگی ئەو گوڵانەی بێدار کردەوە کە تا دوێنێ نووستبوون، خزمینە سەرم ئێشاندن بمبوورن، بەخوای گەورەتان دەسپێرم یاخوا هەموو ڕۆژێکتان هەر جەژن و خۆشی و کامەرانی بێت، بە کردەوە و رەفتاری جوان و مرۆڤدۆستی، چونکە ئەمە یەکەم هەنگاوی نزیک بوونەوەیە لە خوای پەروەردگاری ئاگاداری چاکەو خراپەمان، خواتان لەگەل بە سەلامەتی و لەشساغی.