نزیكه‌ی شه‌ست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، بۆ یه‌كه‌مجار پرسی جینۆسایدی كورد له ئێراق، له‌ڕێگه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ته‌وه ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان كرا.
“شه‌ست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، جینۆسایدی كورد ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كرا”
نزیكه‌ی شه‌ست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، بۆ یه‌كه‌مجار پرسی جینۆسایدی كورد له ئێراق، له‌ڕێگه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ته‌وه ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان كرا، به‌ڵام به‌هۆی فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا و نزیكبوونه‌وه‌ی حكومه‌تی ئێراق له سۆڤییه‌ت، ئه‌و پرسه كێشرایه‌وه و نه‌هامه‌تییه‌كانی كوردیش هه‌ر به‌رده‌وام بوون. رۆژی هه‌شتی شوباتی (1963)، به‌عسییه‌كان له‌ڕێگه‌ی كوده‌تایه‌كی سه‌ربازییه‌وه كۆتاییان به پێنج ساڵ حكومڕانی “عه‌بدولكه‌ریم قاسم” هێنا. ته‌نها چوار مانگ دوای كودهتاكهشیان له‌ڕێگه‌ی هێزه‌كانی حه‌ره‌س قه‌ومییه‌وه ده‌ستیان به په‌لاماردانی خاك و خه‌ڵكی كوردستانكرد. ئه‌و په‌لاماردانه كاردانه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تی لێكهوتهوه، ئه‌مه‌ریكا دڵنیابوو له‌وه‌ی كورد دووچاری جینۆساید هاتووه، به‌ڵام به‌هۆی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی نوێی ئێراق بێده‌نگی لێ‌كرد. یه‌كێتی سۆڤییه‌تیش كه له گه‌رمه‌ی جه‌نگی سارددا بوو له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی قۆسته‌وه‌و له‌ڕێگه‌ی مه‌نگۆلیاوه پرسه‌كه‌ی ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش كرد، به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی به ئاكام بگات، پرسه‌كه‌ی كشانده‌وه.
نووسه‌ر و توێژه‌ری ئه‌مه‌ریكی بریان رۆبه‌رت گیبسن له تێزی دكتۆراكه‌یدا به‌ناونیشانی (سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا: ئێراق و جه‌نگی سارد 1958 – 1957) كه له (30/نیسان/2013) پێشكه‌شی به‌شی مێژوی نێوده‌وڵه‌تی له لهندهنسكوڵ بۆ ئابووری و زانسته سیاسییه‌كان كردووه، به‌پشت به‌ستن به به‌ڵگه‌نامه فه‌رمی و نهێنییه‌كانی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئهمهریكاو (CIA)، په‌رده‌ی له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كانی ئه‌و رووداوه هه‌ڵداوه‌ته‌وه.
“كورد له‌نێوه‌ندی جه‌نگی سارددا”
نووسه‌ر به‌م جۆره سه‌ره‌تای ئه‌و قۆناغه ده‌گێڕێته‌وه: كاتێك له حوزه‌یرانی (١٩٦٣)دا حكوومه‌تی ئێراق هێرشی كرده سه‌ر كورد، نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌وه‌ی جه‌نگ ده‌بێته ئامرازێكی وێرانكه‌ری سۆڤییه‌ت، به دروستی سه‌لمێنرا. هه‌رزوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی جه‌نگه‌كه‌دا، یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت به چڕی ده‌ستی به هه‌ڵمه‌تێكی هێرشبه‌رانه‌ی دیپلۆماسی كرد، ئیدانه‌ی ڕژێمی به‌عسی كرد، پشتگیری داوای ئۆتۆنۆمی كوردی كرد و داوای له‌یه‌كێ له ده‌وڵه‌ته‌كانی پاشكۆی خۆی (مه‌نگۆلیا) كرد تا پرسی جینۆساید له دژی ڕژێمی به‌عس له‌نێو ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا بێنێته سه‌رمێز. هه‌رچی ئه‌مه‌ریكاش بوو هه‌وڵیدا له ناوه‌ڕاستی مه‌یدانه‌كه‌دا بمێنیته‌وه، داوای له به‌عس كرد به‌دوای دانوستان له‌گه‌ڵ كورددا بگه‌ڕێ، له‌كاتێكدا به پله‌یه‌كی دیپلۆماتی سنووردار و كۆمه‌كی سه‌ربازییه‌وه پشتگیری ئێراقی كرد. هه‌رچه‌نده پشتگیری یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت بۆ كورد زیادیده‌كرد، ئیداره‌ی كه‌نه‌دیش به ناچاری پاڵپشتی خۆی بۆ ئێراق پتردهكرد. به ده‌ستوه‌ردانی هه‌ردوو زلهێزه‌كه له‌جیاتی دوو هێزی دوژمنكار چوونه نێو كێشه‌كه، به‌مه شه‌ڕی كورد له شه‌ڕێكی ناوخۆیی خۆجێیه‌وه گوازرایه‌وه بۆ به‌ره‌یه‌كی نوێی جه‌نگی سارد.
بریان ده‌نووسێت: هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی كورد له حوزه‌یرانی (١٩٦٣)دا، شه‌ڕه‌كه به‌خێرایی ڕه‌هه‌نده‌كانی جه‌نگی ساردی وه‌رگرت. له‌وكاته‌ی یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت گه‌مارۆی خسته سه‌ر ناردنی باری چه‌ك بۆ ئێراق، پشتی داوای كوردی بۆ ئۆتۆنۆمی گرت و ڕژێمیشی به كرده‌ی جینۆساید تاوانباركرد، ئه‌مه‌ریكا ڕێككه‌وتنی فرۆشتنی چه‌كی به بڕی (٥٥) ملیۆن دۆلار په‌سه‌ندكرد، چاویشی له‌و كاره وێرانكاری و كێفهڕاتییانهی ئێراق پۆشی. داواشی له هاوپه‌یمانه عه‌ره‌به‌كان كرد به‌ڵكو پاڵپشتییه‌كی دیپلۆماسی له دژی سكاڵا‌و به‌رپرسیارێتی جینۆساید له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كۆبكه‌نه‌وه، كه درابووه پاڵ ڕژێمی ئێراق.
هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ فشاره سیاسییه‌كان، سۆڤیه‌ت له‌ڕێگه‌ی میدیاشه‌وه په‌رده‌ی له‌سه‌ر تاوانه‌كانی به‌عس هه‌ڵدایه‌وه. له‌و سه‌روبه‌نده‌دا ئاژانسی فه‌رمی سۆڤییه‌تی تاس (TASS) له (١٥/حوزه‌یران)دا، ڕژێمی به‌عسی به غه‌دری “هیتله‌ری”و به‌كارهێنانی “تیپه‌كانی SSی فاشیستی” بۆ ئه‌نجامدانی جینۆساید تاوانباركرد. لێدوانه‌كه جه‌ختی له‌سه‌ر ئهوهكردبووهوه، كه سیاسه‌تی ئێراق له‌مه‌ڕ كورد ڕاسته‌وخۆ پێشێلكردنی بڕوانامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه، ئه‌و پرسه‌ش ده‌بێ ببێته مایه‌ی نیگه‌رانی هه‌موو ده‌وڵه‌تان. پێنج رۆژ دواتر و له بیستی حوزه‌یراندا «پراڤدا» كه ڕۆژنامه‌یه‌كی دیكه‌ی فه‌رمی سۆڤییه‌ت بوو هه‌مان خه‌تاباركردنی دووپاتكرده‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی له‌گه‌ڵدابوو، كه سۆڤییه‌ت كۆمه‌كی خۆی له ئێراق هه‌ڵده‌په‌سێرێ. ئه‌م دوو وتاره ده‌ستپێكی هه‌ڵمه‌تێكی چڕوپڕی دیپلۆماسی سۆڤییه‌تی‌و پڕوپاگه‌نده‌كانی بوو دژی ئێراق، ئه‌نجامه‌كه‌شی به‌سه‌ر كێشه‌ی ئێراق-كورددا به‌وه شكایه‌وه، كه ڕووێكی گرنگی بایه‌خپێدانی له‌نێو جه‌نگی سارددا وه‌رگرت.
“ئه‌مه‌ریكا، كۆمه‌ككردنی بكوژان”
له به‌رانبه‌ر هه‌وڵه‌كانی سۆڤییه‌تدا، ئه‌مه‌ریكا هه‌رچه‌نده ئاگاداری په‌لاماره‌كانی سوپای ئێراق بوو له كوردستان، به‌ڵام له هه‌وڵی گه‌رمكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ رژێمی ئێراقدا بوو.
له‌گه‌ڵ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕو كوشتاردا، له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێكدا كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا ژماره‌یه‌ك ڕاپۆرتیان سه‌باره‌ت به كرده كاولكارییه‌كانی ئێراقییه‌كان دژ به كورده‌كان پێگه‌یشت. هه‌ر بۆ نموونه، له (19/حوزه‌یران)دا، باڵوێزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا برووسكه‌یه‌كی ده‌رباره‌ی كوشتارگه‌ی مه‌ده‌نییه‌كان لێدا، ئه‌وه‌ش له‌و كاته‌ی قوربانییه‌كان له باڵه‌خانه‌كان هه‌ڵده‌هاتن، كه‌چی كه‌وتنه به‌ر ئاگری ته‌قه‌ی هێزه سه‌ربازییه‌كانی ئێراقی‌و ژن و منداڵیشیان وه‌ك قه‌ڵغانی مرۆیی به‌كارهێنا. له ١٢ی ته‌مووزدا، «جێمس سپێین» له ستافی پلاندانه‌ری سیاسه‌تی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه یاداشتێكی نووسی، به‌ده‌ق ده‌ڵێت: سیاسه‌تی عه‌ره‌به ناسیۆنالیسته‌كان، كه به‌سه‌ر حكوومه‌تی به‌غدادا زاڵن، له‌ڕاستییدا له كرده‌ی جینۆساید نزیكه. به‌گوێره‌ی قسه‌ی ئه‌فسه‌رێكی پله‌باڵای ئێراقی بێ كرده‌كه بریتییه له: بردنی ئه‌و دیله كوردانه‌ی كه زانیاری‌یان لێوه‌رده‌گرن پاشان یه‌كسه‌ر گولله‌بارانیان ده‌كه‌ن، له جه‌وهه‌ریشدا كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی نێره له‌نێو دانیشتووانی كورد بۆ ڕێژه‌ی ده‌یه‌كی ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه، به‌ڕه‌ڵاكردنی ژن و منداڵ به‌وه‌ی ته‌نیا خۆیان بژێوی خۆیان په‌یدابكه‌ن و ده‌ركردنی خه‌ڵك و نیشته‌جێكردنی عه‌ره‌ب له‌جێگه‌ی ئه‌واندا.
راپۆرت‌و زانیارییه‌كانی كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكا له به‌غدا، هه‌ستی به‌رپرسانی واشنتۆنی نه‌بزواند، له‌بری ئه‌وه له هه‌وڵی زیاتر كۆمه‌ككردنی سوپای ئێراقدا بوون. ته‌نانه‌ت بڕیاریاندا فه‌ندی به‌رنامه‌ی مه‌شقپێكردنی كاربه‌ده‌ستانی ئێراق بۆ ته‌كنیك و په‌روه‌رده‌كردنیان له‌سه‌ر خاكی خۆیان به شاره‌زایی پسپۆڕه ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له (800) هه‌زار دۆلاره‌وه بۆ یه‌ك ملیۆن دۆلار به‌رز بكه‌نه‌وه. له‌گه‌ڵ پێفرۆشتنی چل تانكی سووك، (12) تانكگوێزهرهوه، (500) بارهه‌ڵگری قورس‌و (15) هه‌لیكۆپته‌ری گه‌وره.
نووسه‌ر ده‌ڵێت: ڕوون‌و ئاشكرا بوو پاڵپشتی یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت بۆ كورد، وای له ئیداره‌ی كه‌نه‌دی كرد ڕه‌زامه‌ندی خۆی له‌سه‌ر پشتیوانییه‌كی قه‌به‌و به‌رفراوان بۆ ئێراق ده‌رببڕێ. ئه‌مه‌ش سیاسه‌ته ته‌واو عهیارهكانی جه‌نگی سارد بوون. كاتێك تووشی هه‌ڵمه‌تی توندی په‌لامارده‌رانه‌ی دیپلۆماتیی سۆڤییه‌تی بووه‌وه، ئه‌مه‌ریكا ناچاربوو پشتی ڕژێمی ئێراق بگرێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕژێمه‌كه كێفهڕاتیشی ده‌رهه‌ق به كورد كردبێ.
“مه‌نگۆلیا و جینۆسایدی كورد”
هه‌ڵمه‌تی دیپلۆماسی یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت دژی ئێراق له سه‌ره‌تای مانگی ته‌مموزدا گه‌یشته ترۆپك، ئه‌ویش ئه‌و كاته‌ی مه‌نگۆلیای هاوپه‌یمانی خۆی قه‌ناعه‌ت پێهێنا له كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا بابه‌تێك له‌سه‌ر حكوومه‌تی ئێراق بجوڵێنی به‌وه‌ی كه‌وتۆته شه‌ڕێكی جینۆسایدانه له دژی كورد. له‌وه‌ش زیاتر، پێشنیازی سۆڤیه‌تییه‌كان ئه‌وه‌بوو، پرسی جینۆساید‌كردن وه‌ك سكاڵایه‌ك له دژی ئێراق ببه‌نه به‌رده‌م كۆمیته‌ی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (ECOSOC). له (١١/ته‌ممووز)دا سۆڤیه‌تییه‌كان نامه‌یه‌كیان بۆ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش نووسی و داوایان لێ‌كرد “ئاگاداری ڕه‌وشێكی ترسناك بێ، كه وه‌ك ده‌ركه‌وته‌یه‌ك به‌هۆی ڕووداوه‌كانی باكووری ئێراق و به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی ده‌وڵه‌ته‌كان ئۆپه‌راسیۆنێك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئێراقییه‌وه له‌دژی گه‌لی كورد هاتۆته‌ئارا”.
سۆڤیه‌تییه‌كان هه‌وڵیاندا شه‌ڕی كورد به‌نێوده‌وڵه‌تی بكه‌ن و ته‌واو ڕایبكێشنه نێو نه‌خشه‌ی جه‌نگی سارد. بۆ رۆژی پاشتر، نێرده‌ی سۆڤییه‌ت له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاند، كه شته‌كه‌یان به‌هه‌ند ده‌گرن و به‌ته‌مان دۆزه‌كه ببه‌نه به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش. له‌و كاته‌دا ئه‌و داوایه‌ی مه‌نگۆلییه‌كان هه‌رایه‌كی گه‌وره‌ی نایه‌وه. له نۆی ئه‌یلوولدا مۆسكۆ لێداونێكی له دژی ڕێكخراوی «سه‌نتۆ» كه جێگره‌وه‌ی په‌یماننامه‌ی به‌غدا بوو دا، تاوانباریكرد به‌وه‌ی گوایه “ڕێكاری هاوبه‌شانه‌یان” له دژی كورد گرتۆته‌به‌ر. له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ئاژانسی ناوه‌ندی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا (CIA) رایگه‌یاند ئه‌و لێدوانه “بۆ ئه‌وه داڕ‌ێژرابوو تا ئه‌و لێدوانه‌ی به‌غدا به ته‌واوی ڕه‌تبكاته‌وه، كاتێ گوتی كێشه‌ی كورد پرسێكی ته‌واو ناوخۆییه”.
گیپسن، ده‌ڵێت: ئه‌وه بۆ یه‌كه‌مین جار بوو ڕه‌وشی كوێره‌وه‌ری كوردان گه‌یشته باڵاترین ئاستی دیپلۆماسی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام بۆ به‌دبه‌ختی ئه‌مه‌ریكا لایه‌نگری ئه‌وان نه‌بوو.
“جینۆسایدی كورد و كاردانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا”
له‌و ده‌مه‌دا كه‌نه‌دی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بوو، پرسی سكاڵای جینۆساید ئیداره‌ی كه‌نه‌دی خسته به‌رده‌م كێشه‌یه‌كی سه‌خته‌وه. چونكه ئیداره‌كه دڵنیابوو له‌وه‌ی كه حكومه‌تی به‌غدا له هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازییانه‌ی دڵڕه‌ق و بێبه‌زه‌ییدا بوو له‌دژی كهمایهتییهكی ڕه‌گه‌ز جیاواز، مه‌ده‌نییه‌كانی كردبووه ئامانج و به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ندێك ڕێكخراو كاره‌ساتی نابووه‌وه. به‌گوێره‌ی پێناسهكهش بێ ئێراق تاوانی جینۆسایدی كردبوو. به‌ڵام كێشه‌كه ئه‌وه‌بوو، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه ڕۆژئاواییه‌كان دووڵبوون له‌وه‌ی له‌و دۆزه‌دا پشتگیری هه‌ڵوێستی سۆڤییه‌ت بكه‌ن. چونكه ئیداره‌ی كه‌نه‌دی وایده‌بینی، سكاڵای جینۆساید له‌لایه‌ن سۆڤییهتییهكانهوه زیاتر به‌مه‌به‌ستی مانۆڕه تا سه‌باره‌ت به چه‌وساندنه‌وه‌و سه‌ركوتكردنی كۆمۆنیسته‌كان تۆڵه له‌به‌عس بكاته‌وه.
سه‌باره‌ت به پرسی سكاڵای جینۆساید له باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا مه‌یلی به‌لای ئه‌وه‌دا شكایه‌وه، خۆی بكشێته‌وه‌و هانی هاوپه‌یمانه عه‌ره‌به‌كانی بدا دژی پرسه‌كه بجووڵێنه‌وه. ئه‌مه‌ریكا فشاری وه‌های خسته سه‌ر ڕژێمی ئێراق، كه كێشه‌ی كورد به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه چاره‌سه‌ربكا، ئه‌مه له‌كاتێكدا بوو هه‌وڵیده‌دا خۆشی ڕانهكێشرێته نێو ململانێكه.
“كۆتایی هه‌وڵه‌كه”
له ناوه‌ڕاستی مانگی ئه‌یلولدا، هه‌ڵمه‌تی توندی دیپلۆسییهتی سۆڤییه‌تی له‌دژی ئێراق پووچهڵبووهوه. ئه‌وه‌ش به‌هۆی دژوه‌ستانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌به‌وه، بۆیه یه‌كێتیی سۆڤییه‌ت فه‌رمانی به نێرده‌ی «مه‌نگۆلیا» كرد، پرسی جینۆسایدكردنی كورد له ئه‌جێندای ڕۆژی (16/دیسه‌مبه‌ر)ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بسڕێته‌وه. ئاخۆ بۆچی سۆڤیه‌تییه‌كان ڕێگه‌یاندا پرسه‌كه له‌نێو ئهجێنداكهدا بسڕێته‌وه؟ به‌گوێره‌ی ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه بوو مهنگۆلیییهكان پشتگیرییه‌كی شایسته‌یان ده‌رهه‌ق به دۆزه‌كه لێنه‌كرا. له ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند سۆڤیه‌تییه‌كان فه‌رمانیان به مه‌نگۆلیا كرد داواكه‌ی بكێشێته‌وه، ئه‌مه‌ش له‌به‌رانبه‌ر نیشاندانی نیازپاكی بوو له هه‌مبه‌ر ڕژێمی ئێراق، به‌و هیوایه‌ی ئه‌م كرده‌یه ڕێخۆشكه‌ر بێ بۆ له‌یه‌كنزیكبوونه‌وه‌ی سیاسی‌یان.
له‌كۆتاییدا نووسه‌ر ده‌ڵێت: هه‌رچۆنێك بێ كێشانه‌وه‌ی سكاڵای پرسی جینۆساید، بۆ ڕژێمی به‌عس سه‌ركه‌وتنێكی هه‌ره پێویستی سیاسیی بوو. له هه‌ردوو دۆزهكهشدا، زلهێزه‌كان ده‌ستیان خسته ناو كاروباری ناوخۆی ئێراق، تا ئه‌جێندا ئایدۆلۆژییه جیاوازه‌كانیان په‌ره‌پێبده‌ن.
سه‌رچاوه:
1- بریان ڕۆبه‌رت گیبسن: ئه‌رێ كورد بوونه به‌رده‌باز؟! سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا: عێراق، كورد‌و جه‌نگی سارد (14/تهمموز/1958 تا 20/ئازار/1975)، 2- وه‌رگێڕانی: شه‌فیقی حاجی خدر، چاپی یه‌كه‌م، (2019)، له بڵاوكراوه‌كانی تۆڕی هه‌واڵی ژیان، لاپه‌ڕه‌كانی (173 – 200).