تەنانەت گەر کەسان و لایەنانێکیش توڕە ببن، بە تایبەتیش سەران و لێپرسراوانی ئەو ڕژێمانەی کە بە “نەتەوەپەرست” ناویان دەبەن و، بەشێکیشیان بە “سۆسیالیستی پێشکەوتنخواز” وەسفیان دەکەن؛ بەڵام هەر نابێت “برایان”ـی کورد بەبێ مافی چارەی خۆنووسین بمێننەوە و، دەبێت خاوەنی دەوڵەتی نیشتیمانی یان نەتەوەییی خۆیان بن، ئەوەیش لەکاتێکدا ئەو عەرەبانەی کە بەعسییەکان تێیاندا دروشمی ” یەک گەلی عەرەبی… خاوەن پەیامێکی نەمر”ـیان بەرز کردبوویەوە، خۆری “سەربەخۆیی”ـیان هەڵات و تا ئێستا بوونەتە زیاتر لە 20 وڵات. بەشێکیش پێشبینی دەکەن کە ئەم ژمارەیە بەرز ببێتەوە لەبەر ئەوەی دەردی کەرتبوون لە دەرگای ئەم گەلە دەدات دوای ئەو “بەهاری عەرەبی”ـیەی کە دوای هاتنەکایەی سەلما هەموو ئەوەی ڕوویدا “پاییزێکی بێبەر” بوو. هەروەها دەردی کەرتبوون لە دەرگای دەوڵەتانی عەرەبی دەدات لە ئاسیا و ئەفریقا.
لەوانەیە کەسانێک هەبن نەزانن کە ئەو کوردانەی ڕۆلێکی سەرەکییان گێڕاوە لە مێژووی ئیسلامی و عەرەبیدا بە ڕێژەی جیاواز لە زۆرینەی وڵاتانی نیشتمانی عەرەبی ئاسیایی و ئەفریقی بوونیان هەیە و، بەشێک لەو وڵاتانە دان بە کوردەکان نانێن نە وەک نەتەوەیەکی هاوشێوەی نەتەوە عەرەبییەکان و نەتەوەکانی دیکە، نە وەک نەتەوەیەکی وەک نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە و ناوچە دوور و نزیکەکان. ئاشکراشە کە “تورکیا” هیشتا ڕژدە لەسەر میراتگریی کەمال (ئەتاتورک) لەم ڕووەوە و، “ڕەجەب تەییب ئەردۆگان” هێشتا لەسەر ڕێگای سەرجەم ئەوانەی پێش خۆی بەردەوامە، هەروەها پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە قەڵەم دەدات، کە هێشتا “عەبدوڵڵا ئۆجەلان”ی دامەزرێنەر و ڕێبەری لە یەکێک لە بەندیخانەکانی تورکیادا دەستبەسەرە و تورکیا بۆ دواکەوتنی هێزەکانی بۆ بەشێک لە ناوچەکانی ئێراق و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە کرد.
لێرەدا، دەبێت ئاماژە بەوە بدرێت کە ڕزگارکەری قودس و تەواوی فەڵەستین لەدەست خاچپەرستەکان دوای ٨٨ ساڵ “سەڵاحەددینی ئەیوبیی” پاڵەوانی ئیسلامییە، کە هێشتا بەشێک لە کوردەکان، بەدیاریکراوی کوردەکانی ئێراق، ڕەخنەی ئەوەی لێ دەگرن کە جاڕی “کوردبوون”ـی خۆی نەداوە و دەبووایە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێنێت، لێرەدا ئاشکرایە کە ئەو سەردەمە زۆر زووە سەردەمی دەوڵەتانی نەتەوەیی نەبووە، بەڵکو سەردەمی دەوڵەتانی ئایینی بووە و سەڵاحەددینی ئەیوبیش نە وەک ڕابەرێکی عەرەب و نە وەک ڕابەرێکی کورد مامەڵەی نەکرد، بەڵکو وەک ڕابەرێکی ئایینی جووڵایەوە.
ئەوەی لێرەدا شایانی باسە ئەوەیە؛ کە کەسانێک هەن نازانن کە سەرۆککۆماری ئێراق، کە بەشێک لە بەعسییەکان بە “ئێراقی ڕەگەز” ناویان دەبرد، کوردە، “بەرهەم ساڵح” کە بەر لەو “جەلال تاڵەبانی” لەو پۆستەدا بوو، لەکاتێکدا وەزیری دەرەوە (هاوڕێی ئازیز) فوئاد حسێنە (لە گرووپی مەسعود بارزانی) و،بێگومان ئەم پرسە لە ڕابردوو و ئێستاشدا گرنگە، ئەوەیش لەژێر ڕۆشناییی ئەو گۆڕانکاریییانەی لەدوای لەسێدارەدانی سەدام حسێنی سەرۆکی پێشووی ئێراق هاتنە کایەوە و، دوای ئەوەی ڕژێمی ئایینی بەشێوەیەکی نیمچە تەواوەتی کۆنترۆڵی ئەو وڵاتەی کرد.
ئەوەیش لەکاتێکدا کە ئاشکرایە ئێران، وڵاتێکی ئایینییە، لە ڕابردوو و ئێستاشدا دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی ڕەت دەکاتەوە، نەک تەنیا لە ئێران، بەڵکو لە ئێراقیش، واتە لە کوردستانی ئێراق و تورکیا و سووریا و سەرجەم ئەو شوێنانەی ئەو نەتەوەیەی تێدایە کە ڕۆلێکی سەرەکییان هەبووە لە بەرگریکردن لەم ناوچەیە و لەڕاستیشدا هێشتا بەشدارە لە سەرجەم بزووتنەوە ئازادیخوازە عەرەبییەکان، لەپێش هەموشیانەوە شۆڕشی فەڵەستینی.
دواتر و بەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەرەیەکی کوردستانیی تورکی پێکهێنا، ئەوەیش لەکاتێکدا کوردەکانی تورکیا پێڕەو و سیاسەتەکانی موستەفا کەمال (ئەتاتورک)ـیان بەسەردا سەپێنرابوو، بەڵام دەبێت جەخت لەوە بکرێتەوە کە ئەم پارتە لە ڕۆژی 27ـی نۆڤەمبەری ساڵی 1978ـدا دەستی بە چالاکییە سەربازییەکانی کرد لەڕێی کۆمەڵێک لەو قوتابییە مارکسییانەی لە سووریا بوون و یاسا و ڕێسای خۆیان دانابوو بۆیان لە ناوچەی (بەقاع)ـی لوبنان بە هاوکاریی سووریا، ئەوەیش بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ڕژێمی حافز ئەسەد دەسەڵاتی بەسەر ئەو ناوچەیەی لوبناندا هەبوو، هەژموونیشی بەسەر باقیی ناوچەکانی لوبنان و تەنانەت بەیروتی پایتەختیش فراوان کردبوو.
ئەم پارتە، کە دەگوترێت پەیوەندی هەبووە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرکردەی گەورەی کوردستان، یەکەم کۆنگرەی خۆی لە ساڵی 1981 لە سووریا و کۆنگرەی دووەمیشی لە ساڵی 1984ـدا هەر لەو وڵاتە ئەنجام دا.
پارتەکە پشتیوانیی لوبنان، کوردەکانی عێراق، یۆنان، یەکێتیی سۆڤییەتی پێشوو و سەرجەم وڵاتانی سۆسیالیستی بەدەست هێنا، لەکاتێکدا لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، یەکێتیی ئەوروپا و بێگومان تورکیا و ئێران و ئوسترالیا و بەشێک لە وڵاتانی دیکەوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندرا.
لە ڕاستیدا، دوای سەرجەم ئەو پێشهاتانەی ئەم ناوچەیە لە ماوەی ساڵانی دوای بەهاری عەرەبی بەخۆیەوەی بینی، ڕاپەڕینێکی نەتەوەیی کوردی هاتە ئاراوە لە وڵاتانی تورکیا و سووریا، بێگومان لە ئێران و ئێراق و سەرجەم ئەو شوێنانەیش کوردیان تێدایە. ژمارەی کوردەکان لە وڵاتی تورکیا نزیکەی بیست ملیۆن کەسە و لەکۆی (81) پارێزگا بەسەر (21) پارێزگادا دابەش دەبن و %80ـی دانیشتووانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا و %12ـی کۆی دانیشتووان پێکدەهێنن. ئاشکراشە کە “موستەفا کەمال” ئەتاتورک زمانی تورکی بەسەر کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان سەپاند تا ساڵی 1991 قسەکردن بە زمانی کوردی لە کوردان قەدەخە کرابوو.
لە یادەوەرییەکانی “جەواهر لال نەهرۆ” هاتووە؛ کە ژمارەی کوردە کوژراوەکان لە تورکیا و وڵاتانی دیکە گەیشتۆتە ملیۆنێک و نیو، لەکاتێکدا کۆی ژمارەی کوردەکان 45 ملیۆن کەسە و بەشێوەیەکی کرداریش شۆڕشەکانی کورد بەهیچ شێوەیەک نەوەستاوە. ژمارەی کوردەکان لە تورکیا 20 ملیۆن، لە ئێران 20 ملیۆن، لە ئێراق 5.5 ملیۆن، لە سووریا 3.6 ملیۆن، لە ئەڵمانیا ملیۆنێک و نیو و لە 190 هەزار کەسە.
وەک دەزانین؛ کوردەکان لە ساڵی 1946ـدا کۆماری “مەهاباد”ـیان بە سەرکردایەتیی (قازی محەممەد و مەلا مستەفای بارزانی) بە پشتیوانیی جۆزێف ستالینی سەرۆکی پێشووی یەکێتیی سۆڤییەت دامەزراند. تەمەنی ئەم کۆمارە تەنیا 11 مانگ بوو، دوای ڕووخانیشی قازی محەممەد لەسێدارە درا، مەلا مستەفای بارزانیش، باوکی مەسعود بارزانی، لەگەڵ بەشێک لە ئەفسەرەکانیدا پەنای بردە بەر ڕووسیای سۆڤییەت و بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر لەوێ مایەوە، لەکاتێکدا هەوڵەکانی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی لەسەر ئێراق مایەوە و ئێران و تورکیا دژی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە بوون کە لەئێستادا لەسەر ئەرزی واقیعدا دروست بووە و ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا دانی پێدا دەنێن.
ئەوەیش بەو واتایە دێت کە ئەو دۆخەی ئێستا لە ئارادایە و ماوەیەکی زۆر درێژە دەکێشێت، تا ئەو کاتەی ئەم ڕژێمەی ئێران، ڕژێمی ئایینی، بمێنێتەوە و، تا ئەو کاتەی “ڕەجەب تەییب ئەردۆگان” بەردەوام بێت لە فەرمانڕەواییی تورکیا و، تا ئەو کاتەی هاوکێشەی هەرێمی لە بنچینەوە گۆڕانکاریی بەسەردا نەیەت. ئەو کێشە ڕاستەقینەیەی “گەلی کورد” ڕووبەڕووی دەبێتەوە کێشەی ئێران و تورکیایە؛ چونکە بەشێوەیەکی گشتی گەلی عەرەب پشتیوانی مافی ئەم نەتەوە برایەیە لەوەی سەربەخۆییی نیشتیمانی و نەتەوەیی بەدەست بێنێت و دەوڵەتی خۆی دابمەزرێنێت هاوشێوەی ئەو برا عەرەبانەی سەرجەم ئەو وڵاتە عەرەبییە جیاجیایانەیان پێک هێناوە و، لەبەر ئەوەی “یەکێتیخواز”ـەکانی ناویان دەخوازن ببنە یەک دەوڵەت.
نووسین: ساڵح قەلاب، وەزیری پێشووی ڕۆشنبیری شانشینی ئەردەن
وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا