گەلی کورد لەکوردستانی باشور دوای ١٣ ساڵ حکومڕانی بەبێ بەغداد و لەحکومەڕانی یەکی نیمچە سەربەخۆدا بەئارەزومەندانە دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لەساڵی ٢٠٠٣ دا لەگەڵ حكومهتی ناوەندی یەکی گرتەوە لەگرێبەستێکی کۆمەڵایەتی دا کە ئەویش دەستوری هەمیشەیی ئێراقی ساڵی ٢٠٠٥ بوو.
دەستورەکە لە١٤٤ مادە پێک هاتوە و بەگشتی زۆربەی مافەکانی گهلی کوردی سەلماندوە و بەتایبەت لە ٢٣ مادەدا مافەکان بەئاشکرا باسکراون وە لەدیباجەی دەستورەکەدا هاتوە کە ئێمەی گەلانی ئێراق بەئارەزومەندانە ئەم دەستورەمان نوسی یەوە و یەکگرتویی و یەک پارچەیی خاکی ئێراق پەیوەستە بە جێبەجێ کردنی ئەم دەستورەوە بەپێچەوانەوە ئەولایهنه بەرپسیارە کەدەستور جێ بەجێ ناکات.
ئایا حکومەت و پەڕلەمان و دادگای فیدراڵی ئینقیلابیان کردوە بەسەر دەستورداو جێبەجێ یان نەکردوە و بەرپرسارن یان حکومەت و پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان و گەلەکەی پەشیمان بونەتەوە و دژی دەستورن هەڵگەڕاونەتەوە؟
ئایا کێ بەرپرسیارە لە جێبەجێ کردنی دەستور؟ هەرێمی کوردستان یا حکومەتی فیدراڵی؟
دوای حەڤدە ساڵ لەپەسەندکردنی دەستوری هەمیشەی ئێراق کەدەبوایە حکومەت و پەڕلەمانی ئێراق ئەم دەستورەیان جێبەجێ بکردایە ومافی گەلانی ئێراق بەگشتی و کورد بەتایبەتی یان جێبەجێ بکردایە بەڵام ئەوەی لەبەرژەوەندی کوردە نەک مادەیەک بەڵکو تەنها یەک بڕگەیان لەدەستور جێبەجێ نەکردوە.
لەو سەرپێچیانەی کە حکومەت و پەڕلەمانی ئێراق دژی گهلی کورد لە دەستور کردویانە بەهەمان عەقڵیەتی شۆڤێنی ڕژێمی پێشوو کاریان کردوە ،ئەمانەی لای خوارەوەیە:
یەکەم: ئەنجومەنی فیدراڵی بۆپارێزگاری لەمافی هەرێمەکان وپارێزگاکان.
دووەم: مادەی ١٤٠ ی تایبەت بە نیوەی خاکی باشوری کوردستان.
سێیەم: مادەی ١١١ و١١٢ی تایبەت بەنەوت وگاز.
چوارەم: دەستە سەربەخۆکان بەتایبەت دەستەی کۆکردنەوە و دابەشکردنەوەی داهاتەکان بەشێوەیەکی داد پەروەرانە.
پێنجەم: پشکی کورد لەئاڵای ئێراق.
شەشەم: زمانی کوردی لەسەر دراو.
حەوتەم: پشکی کورد لەسوپای ئێراق.
هەشتەم: سەرژمێری گشتی بۆ ئەوەی ژمارەی ڕاستەقینەی کورد دەربکەوێت.
نۆیەم: یاسای نەوت وگازی فیدراڵی.
دەیەم: یاسای دابەشکردنی داهاتە نەوتیەکان.
یانزەیەم: یاسای ڕێکخستنەوەی پەیکەری وەزارەتی نەوتی فیدراڵی.
ئەم سەرپێچیە دەستوریانەو دەیانی تر.
بۆچی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئینقلابە بەسەر دەستوردا؟
داگای فیدراڵی بەپێی مادەی ٩٣ ئەرکی شیکردنەوەی مادە دەستوریەکانی هەیە بەشێویەکی دادپەروەرانە و بەپێی ناوەڕۆکی مادەکانی دەستورمافی ئەوەی نییە لایەنگری بکات بۆ هیچ لایەک.
لەخوارەوە شیکاریەک بۆ ناوەڕۆکی ئەو مادانە دەکەین کە دادگاکە پشتی پێ بەستوە بۆ بەتاڵ کردنەوەی یاسای نەوت وگازی هەرێمی کوردستانی ژمارە ٢٢ ی ساڵی ٢٠٠٧ کەبەم شێوەیهیە:
یەکەم ـ مادەی ١١٠: مەبەستی لەناوهێنانی ئەم مادە بۆئەوەیە بڵێت بازرگانی دەرەکی دەسەڵاتی ڕەهای ناوەندە و بۆهەرێم نییە بازرگانی بە نەوتەوە بکات .
بەڵام ئەم مادە بەسەرنەوتدا جێبەجێ نابێت چونکە دۆسیهی نەوت لەهەموو سامانەکانی تر جیاکراوەتەوە و مادەی تایبەتی بۆ دانراوە ئەگەر مادەی ١١١و١١٢ ی دەستور نەبوایە ئەوا دادگاکە ڕاستی دەکرد بەڵام بەبوونی ئەم دوومادە بابەتەکە دەگۆڕێت چونکە قاعیدەیەکی قانونی هەیە دەڵێت ” الخاص یقد العام” واتە کاتێک بابەتێک لەگشتی جیادەکرێتەوە و تایبەت دەکرێت ئەوکاتە تایبەتەکە دەکەوێتە پێش گشتی یەکەوە و تایبەتەکە جێ بەجێ دەبێت کەواتە مادەی ١١٠ دەبێتەگشتی و بەسەر نەوتدا جێبەجێ نابێت. دادگاکە بەمەبەست ئەم مادەیهی هێناوە.
دووەم ـ مادەی ١١١: ی دەستور ناوەڕۆکی ئەم مادەیه دەڵێت نەوت وگاز موڵکی هەموو گەلانی ئێراقە لە هەرێمەکان وپارێزگاکانی نەبەستراوە بەهەرێم. ئەم مادە چەند بۆ ناوەند ڕاستە خۆی بەخاوەنی نەوت بزانێت هێندەش بۆ هەرێمی کوردستانیش ڕاستە چونکە ناوەڕۆکی مادەکە هیچ لایەکی نەسەپاندوە بەسەرلاکەی تردا.
دادگا ناتوانێت ئەم ماددە دژی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت.
سێیەم ـ مادەی ١١٢: ناوەڕۆکی ئەم مادە لەبڕگەی یەکەم دا دەڵێت حکومەتی ناوەندی لەگەڵ هەرێمەکان و پارێزگاکان نەوت وگاز بەڕێوەببەن وە پێویستە بە دەرچواندنی یاسای نەوت وگازی فیدراڵی ئەم بەڕێوەبردنە بەڕێوەببەن،وەهەروەها دابەشکردنی داهاتی نەوت بەشێوەی دادپەروەرانە دابەش بکرێت بەیاسا ،دەبوایە حکومەت وپەرلەمانی ئێراق یاسای داهاتە نەوتی یەکانیان دەربچواندایە ئەمەشیان نەکرد.
هەرلەم بڕگەدا دەڵێت ئەوناوچانەی بەدەستی ڕژێمی پێشوو کاولکراون دەبێت بەبڕێکی دیاری کراو و بۆماوەیەکی دیاری کراو بودجەیەک دابین بکرێت کە ئەمە هەرێم بەگشتی و سلێمانی بەتایبەتی دەگرێتەوە چونکە ئەنفال و کیمیاباران لەم ناوچە زیاتر کرا ئەمەش نەکرا.
بڕگەی دووەم مادەی ١١٢ دەڵێت ناوەندو هەرێم پێکەوە پرۆسەی وەبەرهێنان ئەنجام دەدەن لەبواری نەوت ئەمەش نەکراوە.
چوارەم ـ مادەی ١١٥: ناوەڕۆکی ئەم مادە دەڵێت لەکاتی دروست بوونی کێشە لەنێوان هەرێمەکان و ناوەند یاسای هەرێمەکان جێبەجێ دەکرێت نەک ناوەند بەمەرجێک لەدەسەڵاتەکانی مادەی ١١٠ نەبێت.
نەوت وگاز لەچوارچێوەی مادەی ١١٠ نییە و وە ناوەندیش یاسای نەوت و گازی نوێی نییە و سەرپێچی دەستوری کردوەو کار بە یاسای سەردەمی ڕژێمی پێشووی ئێراق ( بەعس ) دەکات کەپێچەوانەی دەستورە. بەڵام هەرێم یاسای نەوت و گازی خۆی هەیە.
پێنجەم ـ مادەی ١٢١: لەبڕگەی یەکەمی ئەم مادەدا هاتوە کە هەرێمەکان مافی پیادەکردنی دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێ کردن، دادوەری یان هەیە و هەرێم بەپشت بەستن بەم مادە یاسای نەوت وگازی هەرێمی کوردستانی دەرکردوه مافی خۆیەتی نەوت وگاز بەرهەم بهێنێت.
شەشەم ـ مادەی ١٣٠: دادگا پشتی بەم ماددە بەستوە کەدەڵێت ئەو یاسایانەی پێش ڕووخانی بەعس بەرکاربوون و دوای ڕووخانیش بەرکارن دەستورین بەڵام دەستور لێرەدا پەڕلەمان و حکومەتی ئێراقی پابەندو ناچار کردوە بەپێی مادەی ١١٢بڕگەی یەکەم یاسای نەوت و گازی فیدراڵی دەربکات بەڵام حکومەت و پەڕلەمانی ئێراق یاسای نەوت وگازی فیدراڵیان دەرنەکردوە و کار بەیاساکەی بەعس دەکەن و دادگاش چاو پۆشی لێكردوه و پشتیوانیان دەکات و لەدژی هەرێم بەئاشکرا بەکاری دەهێنێت.
ئایا هەرێمی کوردستان لەخۆیەوە یاسای نەوت وگازی دەرکرد و نەوتی بەرهەم هێنا یان لەپەرچەکردار و ناچاری بوو؟
هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەسەندکردنی دەستورەکە کەوتە هەوڵی دەرچواندنی یاسای نەوت وگازی فیدراڵی و چەندین پرۆژە یاسا نوسران بەڵام ناوەند بەوپرۆژە یاساییانه ڕازیبوون کە کوردی وەک هاوبەشی ڕاستەقینە نەدەناسی و پێچەوانەی دەستور بوو کورد وەک ڕاوێژکارو هاوکار هاتبوو لە پرۆژە یاساکە نەک وەک هاوبەشی ڕاستەقینە ،هەربۆیە کورد دوای هەوڵێکی زۆر لەجێبەجێکردنی مادەکانی دەستور بەگشتی و نەوت وغاز بەتایبەتی نەگەشتە ئەنجام و نائومێد بوو لەبەغداد و بەمافی خۆی زانی کە مافە دەستوریەکەی خۆی پیادە بکات و یاسای نەوت وگازی هەرێمی کوردستان ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ دەربکات.
ئەنجام:
دەبوایە دادگای فیدراڵی پشتگیری هەرێمی کوردستانی بکردایە و حکومەت و پەڕلەمانی ئێراقی ناچار بکردایە لەجێبەجێ کردنی دەستور بەگشتی و نەوت وگاز بەتایبەتی و دواتر ئەوبەرپرسانە ڕاپێچی بەردەم دادگاکان بکرایەن کەدەستوریان جێبەجێ نەکردوە و یەکڕیزی گەلانی ئێراقیان تێکداوە و دژی دەستور بوون وئەبن .
لەڕاستیدا ئەگەرحکومەت و پەڕلەمانی ئێراق مادەکانی دەستوریان جێبەجێ بکردایە ئێستا دۆخی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد نەدەگەیشتە ئەم ئاڵۆزیەی ئێستا ئەوە حکومەت و پەڕلەمانی ئێراقە بەرپرسیارن لەم دۆخە و هەرئەوانیش دەتوانن بە جێبەجێ کردنی دەستور چارەسەری بکەن و هەموو مافەکانی کورد بەنەوت وگازەوە بدەن بە هەرێمی کوردستان کۆتایی بەهەموو کێشەکان بهێنن.
لەکۆتایدا گەیشتینە ئەوڕاستیەیی کە حکومەت و پەڕەمانی ئێراق هەرلە سەرەتاوە دەستوریان جێبەجێ نەکردو ئینقیلابیان کردو دواتریش دادگای فیدراڵی ئەوئینقیلابەی کردە بڕیار.
ئەم بڕیارە بەسەرهەرێمدا جێبەجێ نابێت چونکە ناوەڕۆکەکەی پێچەوانەی دەستورە و لەدژی هەرێمە و لەبەرژەوەندی ئێراقە.
هیوادارم هیچ لایەک لەهەرێم نەچێتە ژێرباری ڕادەست کردنی دۆسیهی نەوت بە بەغداد.
چارەسەر ئەوەیە حکومەت متمانە بۆخۆی بگەڕێنێتەوە لای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و داهاتەکان بەڕاستی و بەتەواوی ڕادەستی سندوقی داهاتە نەوتیەکانی هەرێمی کوردستان بکات و بیخاتە ژێرچاودێری پەڕلەمانی کوردستانەوە و دواتر هەم دەسەڵات لەهەرێم هەم خەڵکی کوردستان پێکەوە ڕوبەڕووی ئینقیلابەکانی ناوەند ببنەوە.