ڕێکخراوێکى حکومییە، مەبەست لەدروست بوونى بەرەنگاربوونەوەى کۆمپانیا گەورەکانى نەوت وڕێکخستنى پڕۆسەى بەرهەمهێنانى نەوت بووە، ژمارەیک لە وڵاتانى بەرهەمهێن وهەناردەکارى نەوت لەخۆى دەگرێت.
ئەم ڕێکخراوە لە ١٤ ى ئەیلولى ساڵى ١٩٦٠ لە بەغدادى پایتەختى ئێراق، بەدەستپێشخەرى پێنج وڵاتى سەرەکى بەهەمهێنى نەوت: سعودیە، ئێران، ئێراق، کوەیت، فەنزویلا، دامەزرا.
ئەم ڕێکخراوەش بەگەورەترین ڕێکخراوى وڵاتانى تازە پێشکەوتوو ئەژمار دەکرێت ومەبەست لەو ڕێکخراوە ڕووبەڕووبونەوەى کۆمپانیا گەورە نەوتییەکانى جیهان و کۆنتڕۆڵ کردنى نرخەکانى نەوت بووە.
لەکاتى ئێستادا دوانزە وڵات ئەندامن لەم ڕێکخراوەدا و هەریەک لە: جەزائیر، ئەنگۆلا، ئیکوادۆر،ئێران، ئێراق، کوەیت، لیبیا، نەیجیریا، قەتەر، سعودیە، ئیمارات وفەنزویلا لەخۆى دەگرێت، هەریەکە لە گابۆن لە ساڵى ١٩٧٥ و ئەندونوسیا لەساڵى ٢٠٠٩، لەڕێکخراوەکە هاتنە دەرەوە.
لەساڵى ١٩٧٣دا ئەم ڕێکخراوە هێز وهەژمونى دەرکەوت، دواى ئەوەى کە سعودیە وئێران ڕێککەوتن کە نەوت وەک چەکێک لە میانەى جەنگى عەرەب ئیسرائیلدا، لە جەنگى ئۆکتۆبەردا بەکار بهێنن، لەو کاتەشدا نەوت وەک چەکێک بەکارهات لەڕێگاى کەمکردنەوەى بەرهەمهنانى و هەناردەکردنى، هەروەها نەوت هەناردەى ئەو وڵاتانە نەکرا کە پاڵپشتى ئیسرائیلیان دەکرد لە جەنگەکەدا ولەسەروو هەموویانەوە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا.
لەسەرەتاى هەشتاکاندا ڕۆڵى ئۆپیک چڕ ببویەوە لەبوارى پارێزگاریکردن لەنرخى نەوت لەبازاڕەکانى جیهاندا، بەڵام لەساڵى ١٩٨٣ پەیڕەوى سیاسەتێکى نوێی کرد کە بریتی بوو لەدیاریکردنى سەقفێکى دیاریکراو بۆ بەرهەم هێنانى نەوت لەلایەن وڵاتانى ئەندامەوە، لەهەمانکاتدا وڵاتانى ئەندام بۆیان نەبوو پابەندى ئەو بڕیارە نەبن، هەروەها دەستى کرد بەدیاریکردنى بەشى هەر وڵاتێک لەبەرهەمهێنان بەپێى ئەو توانایەى کەئەو وڵاتە هەیبوو.
لەنەوەتەکاندا، نرخەکانى نەوت هەڵکشان وداکشانى زۆرى بەخۆیەوە بینى، لەساڵى ٢٠٠٠ ئۆپیک هەوڵى دا کە ئامڕازێک دابنێت بەمەبەستى کۆنتڕۆڵکردنى نرخى نەوت، لەساڵانى دواتر نرخى نەوت بەرز بویەوە تا سنورى سەد دۆلارى بەزاند، بەتایبەتى لە ساڵى ٢٠٠٧ دا.
بارەگاى ئەم ڕێکخراوە لەساڵى ١٩٦٥ لە ڤییەناى پایتەختى نەمسایە، لەڕووى ستراکچەرەوە سێ دامەزراوەى سەرەکى هەیە کەبریتین لە: ئەنجومەنى وەزیران، ئەنجومەنى پارێزەران، سکرتارییەت.
سەرچاوە:
http://www.aljazeera.net/encyclopedia/organizationsandstructures/2014/12/3/%D9%85%D9%86%D8%B8%D9%85%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D9%88%D9%84-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%B5%D8%AF%D8%B1%D8%A9-%D9%84%D9%84%D8%A8%D8%AA%D8%B1%D9%88%D9%84