فڕۆکەهەڵگرى ئەمریکى ” یو ئێس ئێس حۆرج بوش” بەگەورەترین پارچە چەک ئەژماردەکرێت لە جیهاندا، نازناوى “تۆڵەوەرگرەوەى” لێنراوە، ئەو نازناوەش نازناوى نهێنى “جۆرج بوش” بووە لەکاتێکدا کە فڕۆکەوان بووە لە سوپاى ئەمریکا لە کاتى جەنگى جیهانى دووەمدا.
مێژوو
فڕۆکەهەڵگرى “یو ئێس ئێس جۆرج بوش” بە گوژمى ٦,٢ ملیار دۆلار لە ساڵى ٢٠٠٣ دا دەست کرا بە دروست کردنى، لە ساڵى ٢٠٠٩ کارەکانى تەواو بوو، هەر لەو بەروارەدا خرایە بوارى خزمەتى سەربازییەوە.
پێکهاتەکان
“یو ئێس ئێس جۆرج بوش” بەگەورەترین پارچە چەک ئەژمار دەکرێت لە جیهاندا، کە هەشتا فڕۆکەى هەڵگرتووە، لە فڕۆکەى جەنگى و کۆپتەر لەچەند جۆرێکى جیاواز، لە ناو ئەو فڕۆکانەدا فڕۆکەى جۆرى “ئێف ١٨” کۆپتەرەکانى لە جۆرى “فی ٢٢” و”سی ئێچ ٥٣” ى تیادایە.
درێژییەکەى ٣٣٣ مەترەو هەروەها بیست نهۆم لەسەر ڕووى دەریاوە بەرزە، هەرلەسەر ئەو فڕۆکەهەڵگرە، سەکۆیەکى هەڵسانى فڕۆکە بە درێژى ٢٠٠ مەتر هەیە.
لەناو فڕۆکەهەڵگرەکەدا ٥٧٠٠ دەریاوان وسەرباز کارى تیادا دەکات، هەروەها لەڕێگاى دوو کورەى ئەتۆمییەوە سوتەمەنییەکەى بۆ دابین دەکرێت، ئەمەو سەرەڕاى بوونى چەندین جۆرى چەکى جیاواز بۆ پارێزگاریکردن لە فڕۆکە هەڵگرەکە.
ئەرکەکانى
لە ئایارى ٢٠١١ یەکەم ئەرکى پێسپێردرا کە بریتی بوو لەبەشداریکردن لە مەشقە ساڵانەییەکانى نێوان هەردوو سوپاى دەریاوانى ئەمریکا وبەریتانیا.
لە ئابی ٢٠١١ دا و بەیاوەرى هەردوو ئوستوڵى پینجەم و شەشەم، ڕاسپێردرا بۆ گەشتکردن بۆ دەریاى عەرەبی، لەوێ بۆ ماوەى حەوت مانگ مایەوە، دواتر گەڕایەوە بەندەرەکەى خۆى لە لە وێستگەى دەریایی نۆرفۆلک لە ویلایەتى ڤێرجینیا.
لە ساڵى ٢٠١٤ بەشدارى جەنگى کرد دژ بە ئەفغانستان، لە شوباتى ٢٠١٧ ەوە بنکەى سەرەکى هێرشەکان بووە دژ بە دەوڵەتى ئیسلامى “داعش” لە ئێراق و سوریا.
دواى ڕۆژێک لە ئاهەنگى دەست بەکاربوونى سەرۆکى ئەمریکا “ترامپ” جارێکى دیکە فڕۆکەهەڵگرەکە وێستگەى دەریایی نۆرفۆلکى لە ویلایەتى ڤێرجینیا بەجێهێشت و گەڕایەوە بۆ ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دواتر چووە ناو کەنداوى عەرەبییەوە بۆ ئەوەى بەشدارى شەڕى دژ بە داعش بکاتەوە.
بەپێى ڕاپۆرتە هەواڵییەکانى پێگەى دەیلى بێستى هەواڵگیرى ئەمریکى لە ئایارى ٢٠١٧ دا، ستافە هەواڵگیرى و موشەکییەکانى ئەو فڕۆکەهەڵگرە بۆمب باران کردنى فڕۆکەخانەى شوعەیراتى لە سوریا بەڕێوەبردووە.
ئەو کردە سەربازییە دواى ئەوە هات کە ڕژیمى سوریا لە لە ٤ ى نیسانى ٢٠١٧ دا شارۆچکەى خان شەیخونى لە دەوروبەرى باشورى ئیدلیبى بە چەکى گازى کوشندە بۆمب باران کرد، لەوەڵامى ئەوەدا سەرۆکى ئەمریکا “دۆنالد ترامپ” بڕیارى دەرکرد بە هاویشتنى ٥٩ موشەک لە جۆرى تۆماهۆک ولێدانى فڕۆکەخانەى شوعەیرات، واشنتۆن ڕایگەیاند کە کردە سەربازییەکە وفڕۆکە جەنگییەکان لەو فڕۆکەهەڵگرەوە هەڵفڕیون.
لە تەموزى ٢٠١٧ و دواى ١٧ ساڵ ئەم فڕۆکە هەڵگرە بەرامبەر بە بەندەرى حەیفا لە ئیسرائیل لەنگەرى گرت، بەڵام تائێستا هۆکار وئەو ئەرکەى کە پێی ڕاسپێردرابوو ئاشکرا نەکراوە.
ڕۆژنامەى “یەدیعۆت ئەحرونۆت” ى ئیسرائیلى ڕایگەیاند کە فڕۆکە هەڵگرەکە لە دوورى چوار کیلۆمەتر لە بەندەرى حەیفا لەنگەرى گرتووە چونکە نەیتوانیوە بێتە ناو بەندەرەکەوە بەهۆى گەورەیی فڕۆکەهەڵگرەکەوە.
هەر لەمیانەوى ئەو هەواڵەدا کەناڵى دەیەمى تەلەفزیۆنى ئیسرائیلى ڕایگەیاند کە هۆکارى لەنگەرگرتنى ئەو فڕۆکەهەڵگرە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى کە سەربازەکان ویستویانە سەردانى ئیسرائیل بکەن و یادى سەربەخۆیی وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بکەنەوە.
سەرچاوە: الجزیرة