ڕێککەوتنێکى ئەمنى نهینى نیوان تورکیا وسوریایە ولە ساڵى ١٩٨٨ لەنێوانیاندا واژۆکرا، ئەم ڕێککەوتنە بە خاڵى وەرچەرخانى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات ئەژمار دەکرێت، چونکە لەدواى ڕێککەوتننامەى ئەدەنە، پەیوەندى نائارامى نێوان هەردوولا گۆڕا بە پەیوەندییەکى ستراتیژى ودەیەها ڕێککەوتننامەى دیکە لە سەرجەم بوارە جیاوازەکاندا لە نیوان تورکیا و سوریا واژۆکرا، دواى سەرهەڵدانى شۆڕشی سوریا، هێزە نەیارەکان ئەو ڕێککەوتننامەیەیان کردە بەڵگەیەک بەوەى کە پێویستە تورکیا ناوچەیەکى ئارام لە باکورى سوریا دروست بکات.
پێشینەى مێژووى
دەرئەنجامەکانى جەنگى جیهانى یەکەم، ڕێککەوتنى تورکیا وفەرەنساى لێکەوتەوە، چونکە فەرەنسا سوریاى ئینتداب کردبوو – بە پێی ئەو ڕێککەوتنە هەردوولا لەسەر وێناکردنى سنورى تورکیا و سوریا ڕێککەوتبوون، بەو هۆیەوە بەشێک لەزەوییەکانى پشتێنەى باکورى سوریا تاساڵى ١٩٣٩ لەو وڵاتە داماڵرا، لەو کاتەوە تا نەوەدەکانى سەدەى بیستەم پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و سوریا نائارامى بەخۆیەوە بینى، ئەو نائارامییەش بەردەوام لە هەڵکشان و داکشاندا بوو بەپێی ڕێژەى مەترسییەکان، هەر لەو کاتەدا سوریا چووە ناو هاوپەیمانییەتییەکى تایبەت بەهۆى دەرئەنجامەکانى جەنگى ساردى نیوان هەردوو بلۆکى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، سنورى تورکیا وسوریا لەو کاتانەدا یەکێک بوو لەسنوورە گەرمەکانى ئەو جەنگە.
بۆ ماوەیەکى دوور ودریژ ناکۆکییەکانى نیوان تورکیا وسوریا لەسەر پرسەکانى: سنوور، ئاو، کوردەکان، داهاتووى ئێراق، پەیوەندییەکانى نێوانیان لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا وئیسڕائیل، سیاسەتەکانیان لە ناوچەکەدا، چڕ بووبویەوە.
بەڵام هۆکارى سەرەکى ناکۆکى نیوان هەردوو لا لەوەدا خۆى دەبینییەوە کە حکومەتى سوریا ڕێگەى دەدا بە پارتى کرێکارانى کوردستان کە خاکەکەى بەکاربهێنێت بەمەبەستى ئەنجام دانى هێرشی چەکدارى لە دژى تورکیا بەتایبەتى دواى ئەوەى لە ساڵى ١٩٨٤ دەستیان دابویە خەباتى چەکدارى، لەو کاتەدا عبدالله ئۆجەلان، سەرۆکى پارتى کرێکارانى کوردستان لە دیمەشقی پایتەختى سوریا دەژیا، هەروەها لەخاکى سوریادا چەندین بنکەى مەشقی سەربازى پارتى کرێکارانى کوردستان هەبوون.
لەسەرەتاى ساڵى ١٩٩٦ دا – لە کاتى سەرۆکایەتى سولەیمان دیمیریل وسەرۆک وەزیرانى مەسعود یەڵماز- حکومەتى تورکیا بەتوندى ئاگادارى حکومەتى سوریاى کردەوە – کەلەو کاتەدا حافز ئەسەد سەرۆک کۆمار بوو- بەوەى کە پێویستە دەست هەڵگریت لە یارمەتیدانى پارتى کرێکارانى کوردستان ئەگەر نا ئەوا حکومەتى تورکیا “ناچارە بەوەى ڕێکارى گونجاو بگرێتەبەر بەمەبەستى پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیی تورکیا”.
لە تشرینى یەکەمى ١٩٩٨دا ناکۆکییەکان گەیشتبوونە لوتکە، پاش ئەوەى کە تورکیا هێزێکى سەربازى گەورەى لەسەر سنور لەگەڵ سوریا کۆکردەوە وڕایگەیاند ئەگەر سوریا بەردەوام بیت لە مۆڵگەدانى ئۆجەلان ئەوا هێرش دەکاتە سەر ناوچەکانى باکورى سوریا.
بەهۆى نێوەندگیرى هەریەک لە کۆمکارى وڵاتانى عەرەبی و میسر و ئێرانەوە، هەردوولا ڕێککەوتنى ئەدەنەیان واژۆکرد لە بەروارى ٢٠ ى تشرینى یەکەمى ١٩٩٨، ئەو ڕیککەوتننامەیەش بوو بە خاڵى وەرچەرخانى پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و سوریا.
گرنگترین خالەکانى ناوەرۆکى ڕێککەوتنەکە
بەپێی ئەوەى لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوکراوەتەوە، ڕێککەوتننامەى ئەدەنەو هەرچوار هاوپێچەکانى ئەم خاڵە گرنگانەیان لەخۆ گرتووە.
– هاریکارى تەواوى سوریا بۆ تورکیا لەبوارى “بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر” لەسەر سنوورى هەردوولا، ڕاگرتنى سەرجەم هاریکارییەکانى بۆ پارتى کرێکارانى کوردستان، دەرکردنى ئۆجەلان لە خاکى سوریا، داخستنى سەربازگەکانى لە سوریا ولوبنان، بەرگرتن لە هاتنەناوەوەى چەکدارەکانیان بۆ تورکیا.
– تورکیا مافى هەیە کەداواى قەرەبووى ماددى ومرۆیی بکاتەوە لە سوریا ئەگەر سوریا پابەند نەبێت بەوەى کە یارمەتییەکانى بۆ پارتى کرێکارانى کوردستان ڕابگریت.
– تورکیا مافی هەیە کە شوێن تیرۆریستەکان بکەوێت تا قووڵایی پێنج کیلۆمەتر لەناو خاکى سوریا وهەروەها مافی خۆیەتى کە هەموو ڕێکارێکى پێویست بگریتەبەر بەمەبەستى بەرگریکردن لە ئاسایشى نەتەوەیی خۆى.
– دواى ڕێککەوتنەکە سەرجەم ناکۆکییە سنورییەکانى نێوان هەردوولا بە کۆتایی پێهاتوو ئەژمار دەکرێت، بەبێ ئەوەى هیچ کام لەو دوو لایەنە بۆى هەبێت کە داواى قەرەبوو بکاتەوە.
ژمارەیەک لەچاودێران خاڵى کۆتایی بەوە لێک دەدەنەوە کە دەست هەڵگرتنى یەکجارەکى سوریایە لە لیواى ئەسکەندەرون کە تورکیا بە پارێزگاى هیتاى ناوى دەبات، بۆیە هەر دواى ڕێککەوتنەکە حکومەتى سوریا سەرجەم ئەو ڕاگەیاندن و نەخشانەى سڕییەوە کە تیایدا لیواى ئەسکەندەرون بەبەشێک لە خاکى سوریا ئەژماردەکات.
شۆڕشى سوریا وکاریگەرییەکانى
دواى ڕیککەوتننامەکە پەیوەندى نێوان هەردوو وڵات گۆڕانکارى ڕیشەیی بەسەردا هات، تاگەیشتە ئەو ئاستەى کە ئەنجومەنێکى باڵاى “هاریکارى ستراتیژى” دابمەزرێت، دواتر دەیان ڕێککەوتن لە بوارەکانى: ئابورى، ڕاگەیاندن، کلتورى، پەروەردەیی، سیاسی، واژۆ بکرێت، هەروەها سەردانى بەرپرسە باڵاکانى هەردوولا لەبەرزترین ئاستدا یەکێک بوو لە دەرئەنجامەکانى ئەو ڕێککەوتنە.
لە ١٦ ى ئەیلولى ٢٠٠٩ هەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر دامەزراندنى” ئەنجومەنى هاریکارى ستراتیژى تورکى – سورى” کەهەر دواى دامەزراندنى ٣٠ ڕێککەوتن و ١٠ پرۆتۆکۆل و کونوسى لێکگەیشتن لەسەرجەم بوارەکانى: ئابورى، ئەمنى، بەرگرى، تەندروستى، گواستنەوە واژۆکرا، هەروەها هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر هەڵگرتنى فیزەى نێوان هەردوو وڵات.
لە ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠٠٩ دا وەزارەتى ناوخۆى تورکیا رایگەیاند کە ژمارەى ئەو تیرۆریستانەى کە حکومەتى سوریا ڕادەستى حکومەتى تورکیاى کردووە لە ساڵى ٢٠٠٣ ەوە ١٢٣ کەس بوون ولەناویشیادا ٧٧ کەسیان سەر بە پارتى کرێکارانى کوردستان بووە، هەروەها دڵنیاى دا لەوەى کە ڕێککەوتننامەى ئەدەنە بەردەوامەو کار دەکەن لە پێناو فراوانکردنى تا سەرجەم بوارەکانى ئەمنى و بەرەنگاربوونەوە تیرۆر بگریتە خۆى.
دواى سەرهەڵدانى شۆڕشی سوریا لە ساڵى ٢٠١١، جارێکى دیکە پەیوەندییەکانى نێوان تورکیا و سوریا نائارامى بەخۆیەوە بینى ئەوەش پاش ئەوەى کە حکومەتى تورکیا پشتگیرى گەلى سوریاى کرد بە پاساوى ئەوە کە حکومەتى سوریا گوێی بە ئامۆژگارییەکانى حکومەتى تورکیا نەداوە، لە تەموزى ٢٠١٢دا حکومەتى تورکیا بە سەرۆکایەتى ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سوریاى ئاگادارکردەوە لە “مەترسییەکانى پشتگیرى گروپە تیرۆریستییەکان” کە ئاماژەیە بۆ ئەو گروپانەى کەسەر بە پارتى کرێکارانى کوردستانن.
دواتر ئەنقەرە سوریاى تاوانبارکرد بە هاریکاریکردنى پارتى یەکێتى دیموکرات کە تورکیا بە باڵى سورى پارتى کرێکارانى کوردستانى دادەنێت، هەروەها تاوانباریکرد بە ڕادەستکردنى ناوچە کوردییەکانى سنورى نێوان تورکیا وسوریا بە یەکینەکانى پاراستنى گەل کەسەر بە پارتى یەکیتى دیموکراتە، هەروەها رایگەیاند کە تورکیا مافی خۆیەتى هەر ڕیکاریک بگرێتەبەر بەمەبەستى پاراستنى ئاسایشى نەتەوەیی خۆى، لەو نێوندەشدا مافی خۆیەتى کە بەدواى یاخیبووە کوردەکانى تورکیا بکەوێت لەناو خاکى سوریادا ئەگەر پێویستى کرد.
ئەنەس عەبدە سەرۆکى هاوپەیمانى نیشتمانى هێزە شۆڕشگێڕ ونەیارەکان لە سوریا لە ١١ ى ئایارى ٢٠١٦ لە ویلایەتى بیلاچیکى تورکى ڕایگەیاند کە پرۆتۆکۆلى ئەدەنە زەمینەى سازکردووە بۆ ئەوەى تورکیا ناوچەیەکى ئارام لە باکورى سوریا دروست بکات، هەروەها ئەگەر کاریکى وا ئەنجام بدرێت ئەوا تورکیا سنورى خۆى دەپارێزێت و ئاوارەکان دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانى خۆیان.
چاودیران پێیان وایە کە قەڵغانى فورات بریتییە لەو ڕێکارەى کە تورکیا لە چوارچێوەى ڕێککەوتننامەى ئەدەنەو هاوپیچە نهێنییەکانیدا پێی هەڵساوە لە سوریا.
سەرچاوە: الجزیرة