ناسنامەی دھۆک:
یەکێکە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان لە کوردستانی باشووری داگیرکراو و بەزۆر لکێنراو بە ئێراقەوە. لە ناو ئەم شارە دا نەتەوەی ئاشوریش نیشتەجێن. لە کۆندا یەکێک لە ناوچە بازرگانیەکانی ئاشوریەکان بووە و کەوتبووە ناو سنوری دەسەڵاتی ئاشوریەکان. خەڵکەکەی سەر بە ئایینی ئیسلام، مەسیحی و یەزیدین.
بەھۆی جوانی سروشتەکەی, بە بوکی کوردستان و شاری جوانیی بەناوبانگە. وا دەر ئەکەوێت کە شارەکە مێژوویەکی نوێی ھەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی حەفتاکان لە سەدەی ڕابردوو, کە وردە وردە سیمای شار لەخۆ دەگرێت, بەڵام لەڕاستیدا ئەم شارە یەکێكە لە کۆنترین ئەو جێگایانەی کە مرۆڤی تێدا نیشتەجێ بووە و چەند شارستانییەتێکی بەخۆیەوە بینیوە.
مێژووی ئەم شوێنە دەگەڕێتەوە بۆ ٨٠٠٠ ساڵ یان ١٢٠٠٠ ساڵ پێش مەسیح. جگە لەوەش, ئەشکەوتی جارستین (واتە چوار ستوون) کە دەکەوێـتە دەربەندی دھۆکەوە, لەلایەن ھەندێک لە مێژوونووسان و لێکۆڵەران سەلمێنراوە کە یەکێکە لە کۆنترین ئەو ئەشکەوتانەی کە مرۆڤ بەشێوەیەکی ئاسایی, تێیدا ژیاوە. ھەروەھا لەو ناوچەیە ھەندێ ئاسەوار دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەتی کوردی میتانییەکان. ھەروەھا ئەشکەوتی “ھەڵامەتا” لە شندۆخا کە دەکەوێتە باشووری ناوەندی پارێزگای دھۆکەوە, مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتی کوردی میدیا. زۆرێک لەم ئەشکەوت و ئاسەوارە دێرینانە لە دھۆک و سنووری پارێزگاکە بوونیان ھەیە و ئەوە دەسەلمێنن کە مێژووی سەرەتای شارستانیەتی مرۆڤ لەم ناوچەیە ھەبووە.
ناوی دھۆک:
لە بارەی ناوی دھۆک بۆچوونی جیاواز ھەیە، بەڵام ئەوەی کە لە ھەموویان بەناوبانگترە ئەوەیە کە (دھۆک) بە مانای (گوندی بچوک) دێت. ناوی ئاشوری شارەکە (نوھەدرا)یە. بۆچوونەکانی تر ئەوەیە کە دھۆک لە دوو+ھۆک ھاتووە, ھۆک واتە بار. ئەمەش بەھۆی ئەوەی کە دھۆک ھەر لە دێر زەمانەوە, ڕێگای کاروانی بازرگانییەکان بووە کە زیاتر گەنم و جۆیان پێدا بار کراوە و ئەوانیش گومرگیان کردووە.
ھەندێکیش ناوی دھۆک بۆ دوو شاخی گەورە دەگێڕنەوە لە شارەکەدا. یانیش لە دوو ڕووبارەوە ھاتووە کە یەکیان ڕووباری “دھۆک” و ئەوی تریان ڕوباری “ھیشکەڕووە” واتە ڕووباری وشک, چونکە بە ھاوینان ئاوەکەی وشک دەکات.
ھەڵکەوتەی جوگرافی:
دەکەوێتە بەشی باکووری کوردستانی باشوورەوە. سنووری لەگەڵ ھەر سێ پارچەکەی تری کوردستان ھەیە. لە باکوورەوە لەگەڵ باکووری کوردستان و وڵاتی تورکیا ھاو سنوورە. لە رۆژھەڵاتەوە لەگەڵ رۆژھەڵاتی کوردستان و وڵاتی ئێران ھاوسنوورە. لە رۆژئاوا لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان و وڵاتی سوریا ھاوسنوورە. لە باشوورەوە لەگەڵ عێراق ھاوسنوورە. ناوچەیەکی شاخاوی سەختە.
ناوچەیەکی گرنگی ھەرێمی کوردستانە بەھۆی دەروازەی بازرگانی فەرمی کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێودەوڵەتی بەردەوامی ھەیە لەگەڵ وڵاتی تورکیادا. دەروازەیەکی گرنگە بە ڕووی جیھانی دەرەوەدا و بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا.
کەشو ھەوا:
٥٦٥ مەتر لە ئاستی دەریا بەرزە.
کەشوھەوایەکی فێنک و لەباری ھەیە, شوێنێکی دڵگیر و ھەوارگەیە, پلەی گەرمی نزمە.
ڕووبەر:
١٥,٠٧٤ کیلۆمەتر چوارگۆشەيه.
١,٢٣٢,٥٤٣ کەس سەرجەمی سنوورەکەی لە ساڵی ٢٠١٢.