بریتییە لە پڕۆسەى نیشتەجێکردنێکى فراوان لەو خاکەى کەداگیر دەکرێت، ئەوەش بەپاساوى ئاوەدانکردنەوە وبەهێزکردنى پێگەى دەوڵەت لەو ناوچانەدا، هەروەها دەشێت چەندین پاڵنەرى دیکە وەک ئایدۆلۆجى یان ئایینى یان نەتەوایەتى لەپشت پڕۆسەى نیشتەجێکردنەوە بێت.
شارستانیەتە کۆنەکان ئەم پڕۆسەیەیان بەخۆیانەوە بینیوە، بەتایبەتى لەدواى کۆتایی هاتنى ململانێى نێوان ئیمپراتۆریەتەکان لەسەر دەسەڵات، جا ئەو ململانێیە لە نێو خۆیاندا بوایە، یان پاش داگیکردنى ناوچەکانى دیکە بهاتایە لەگەڵ ئەو ئیمپراتۆریەتانەى کەلەگەڵیدا جەنگاون، بۆ نموونە شارى مەرسیلیا لە باشورى فەرەنسا، شارى کۆلن لە ئەڵمانیا کە لەدەورى لانکەیەکى سەربازى ڕۆمانییەکان دروست بوو، شارى قرتاجیە کە فینیقییەکان دروستیان کرد، لەسەردەمى مۆدێرنەشدا فەرەنسا شارى سیملۆى لە سینیگال و بەرازافیلی لەکۆنگۆ دروست کرد.
سیاسەتى نیشتەجێکردن لەسەدەى ١٩ و٢٠ بەشێوەیەکى بەرچاو گەشەى کرد، بەتایبەتى کەچەندین بابەتى دیکە بێجکە لەداگیرکردن بوونە پاڵنەر وەک گەڕان بەدواى بازاڕى نوێ وسەرچاوەى نوێی بەرهەمهێنان، هەروەها بڵاوەکردنەوەى بیروباوەڕى ئاینى وکلتورى داگیرکەران یەکێکى دیکە لەپاڵنەرە هەرە گرنگەکانى ئەم پڕۆسەیە بوون.
لە یاساى نێو دەوڵەتیدا سیاسەتى نیشتەجێکردن بەستراوەتەوە بە جوڵەى ئیمپریالیزمەوە وکەتیایدا پێناسەى ئیمپریالیزم کراوە بەوەى ئەو سیاسەتەیە کەهەندێک لەوڵاتانى پێشکەوتوو بەرامبەر بەوڵاتانى دواکەوتوو پەیڕەوى دەکەن ومەبەست لێى پاشکۆیەتیکردن وبەستنەوەى ئەو وڵاتانەیە بە خۆیانەوە.
کوردستان لەسەردەمى حوکمڕانى سەرانى ئێراق ڕووبەڕووى پڕۆسەى سیاسەتى نیشتەجێکردن بۆتەوە، بەتایبەتى لەو ناوچە کوردیانەى کە گرنگى ستراتیژییان هەیە بەهۆى دەوڵەمەندیان بە کانزاکانى ژێر زەوى وەک: کەرکوک، دیالە، موسل، خانەقین، بەردەوام حکومەتەکانى عێراق هەوڵیان داوە کە مۆرکى کوردى ئەو ناوچانە بسڕنەوە. لەدواى نوسینەوەى دەستورى عێراق لە ٢٠٠٥ دا وپەسەند کردنى لەلایەن گەلانى ئێراقەوە، هەروەها بەپێی دەقی ژمارە ١٤٠ ى دەستور دەبوایە کێشەى ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى دەسەڵاتى هەرێم تا کۆتایی ساڵى ٢٠٠٧ چارەسەر بکرایە، بەڵام ئەم پڕۆسەیە چەندین بەربەستى بۆ دروست کراوە وتائێستا بەهەڵپەسێراوەیی ماوەتەوە، لەکاتێکدا هەروەک چۆن ” جەلال تالەبانى” سەرۆک کۆمارى پێشوى عێراق وسکرتێرى پێشوى یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەڵێت: کلیلى چارەسەرى کێشەى کورد لە ئێراق لەچارەسەرى کێشەى کەرکوکەوە دەست پێدەکات.
هەروەها بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد لەشۆڕشە یەک لەدوا یەکەکانى کورد لە کوردستانى باشور لە شەستەکان وحەفتاکانى سەدەى بیست وسەرکردایەتى ئەو شۆڕشە، بەردەوام پرسی چارەسەرى کێشەى کەرکوکى بەگەورەترین ومەزنترین پرسی نەتەوایەتى سەیرکردووە.