سەردەمی ئێستای ئابووریی جیهانی بە قۆناغی وەرچەرخانێکی گەورە و دینامیکی دادەنرێت، کە تێیدا تێڕوانینە کلاسیکییەکان بۆ هێزی پیشەسازی گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە. پێشتر وا وێنەدەكرا کە کۆمپانیا زەبەلاحەکان و کارگە گەورەکان تەنیا بزوێنەری گەشەی ئابووری بن، بەڵام بیرمەندان و ئابووریناسانی هاوچەرخ ئاماژە بەوە دەکەن کە جومگەی سەرەکی و بڕبڕەی پشتی ئابووریی وڵاتان گۆڕاوە بۆ لای پیشەسازییە بچووکە نوێ و داهێنەرەکان.
ئەم پڕۆژە بچووک و مامناوەندانە نەک تەنیا وەک سەرچاوەی ڕەخساندنی هەلی کار و ڕەنگاوڕەنگکردنی داهات سەیر دەکرێن، بەڵکو بوونەتە دابینکەری سەرەکی و بێدەنگی کەرەستە, تەکنەلۆجیا و پێکهاتە بنەڕەتییەکان بۆ پیشەسازییە گەورەکانی جیهان. هەروەها ئەم پڕۆژانە دادپەروەری لە دابەشبوونی ساماندا دروست دەکەن و ڕێگری لە قۆرخکاریی کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەکەن. کاتێک دەوڵەتێک ژینگەیەکی لەبار بۆ گەشەی کارسازی دابین دەکات، زنجیرەی بەهای نیشتمانی بەهێز دەکات.
بیرمەندانی وەک “جۆزێف شومپیتەر” بە تیۆری “وێرانکاریی داهێنەرانە” بنەمایەکی گرنگ بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە دەخەنە ڕوو. ئەو پێی وایە داهێنانە بچووکەکان بنەمای کۆنی بازاڕ تێکدەشکێنن و سیستەمێکی نوێ و کارامەتر بنیات دەنێن.
لەم سۆنگەیەوە، ئابووریناسانی سەردەم دووپاتی دەکەنەوە کە کۆمپانیا بچووکە تەکنەلۆجی و پیشەسازییەکان، بەهۆی نەرمی و خێراییان لە بڕیارداندا، زۆر چاوکراوەترن لە هەمبەر گۆڕانکارییەکانی بازاڕدا بە بەراورد بە کۆمپانیا فرەنەتەوەییە قورس و خاوەکان.
نووسەری ناودار “مایکل پۆرتەر” لە تیۆری “کۆبوونەوە پیشەسازییەکان”دا ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن تۆڕێک لە کۆمپانیا بچووکە پسپۆڕەکان لە دەوری یەکتر کۆدەبنەوە و ژینگەیەک دروست دەکەن کە پیشەسازییە گەورەکان بەبێ ئەوان ناتوانن بەردەوام بن.
بیرمەندی ئابووری “جێفری ساکس” ئاماژە بەوە دەکات کە گەشەسەندنی بەردەوامی وڵاتانی پێشەنگ لەم سەردەمەدا بەستراوەتەوە بە توانای گواستنەوەی زانیاری بۆ بەرهەم، ئەمەش دەستکەوتێکە کە تەنیا لە ڕێگەی داینامیکیەتی پڕۆژە بچووکەکانەوە بەدی دێت، چونکە ئەوان ئامادەن سەرکێشیی دارایی بکەن لە پێناو تاقیکردنەوەی بیرۆکە نوێیەکاندا، کاتێک کۆمپانیا گەورەکان لە ترسی زیانی پشکەکانیان لە بۆرسەدا ناتوانن ئەو سەرکێشییە بکەن.
لەسەر ئاستی جێبەجێکردنی پراکتیکی، باشترین و ڕوونترین نموونەی زیندوو لە جیهاندا، مۆدێلی وڵاتی ئەڵمانیایە کە پێی دەوترێت “پاڵەوانە شاراوەکان”. ئەم زاراوەیە کە لەلایەن بیرمەند “هێرمان سایمۆن”ەوە داهێنراوە، ئاماژە بەو کۆمپانیا بچووک و مامناوەندانە دەکات کە لە شارۆچکە دوورەدەستەکاندا کار دەکەن، ناویان لە میدیاکاندا نییە، بەڵام لە ڕاستیدا سەرکردەی بازاڕی جیهانین لە بەرهەمهێنانی پارچەیەکی دیاریکراودا. بۆ نموونە، کۆمپانیا گەورەکانی بواری ئۆتۆمبێل وەک مارسیدس، بی ئێم دەبلیو، یان فۆلکسواگن، ناتوانن ئۆتۆمبێلەکانیان بەبێ ئەو بزوێنەرە بچووکانە، سیستەمی لێخوڕینی هۆشمەند، یان تەنانەت واشەر و پێکهاتە وردانە دروست بکەن کە لەلایەن ئەم پڕۆژە خێزانی و بچووکانەوە دابین دەکرێن.
جگە لە ئەڵمانیا، پیشەسازیی نیمچەگەیەنەرەکان و چیپە ئەلیکترۆنییەکان لە تایوان و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا نموونەیەکی تری جیهانیی هاوچەرخە. کۆمپانیا گەورەکانی وەک ئەپڵ، مایکرۆسۆفت، یان کۆمپانیاکانی دروستکردنی فڕۆکە وەک بۆینگ، بۆ دابینکردنی چیپە پێشکەوتووەکانیان پشت بە تۆڕێکی فرەوان لە تاقیگە و پیشەسازییە بچووکە داهێنەرەکان بەستن کە لە بواری نانۆتەکنەلۆجیادا کار دەکەن.
لە ناوچە پیشەسازییەکانی وەک “ژێجیانگ” و “گوانگدۆنگ”، سیستەمێک هەیە کە پێی دەوترێت “یەک گوند، یەک بەرهەم”. لێرەدا هەزاران کارگەی زۆر بچووک و خێزانی هەن کە تەنیا پسپۆڕن لە دروستکردنی یەک پارچەی زۆر ورد؛ بۆ نموونە تەنیا دوگمەی جلوبەرگ، تەنیا سیستمی سووڕانی مایکرۆفۆن، یان تەنیا هاوێنەی کامێرا بچووکەکان.
ناوچە پیشەسازییەکانی ئیتاڵیا بە یەکێک لە سەرکەوتووترین نموونەکان دادەنرێت؛ بۆ نموونە، لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێلە وەرزشییەکاندا (وەک فێراری و دۆکاتی)، یان لە پیشەسازیی پێڵاو و جلی گرانبەهادا (وەک براندە جیهانییەکان)، کارگە بچووکەکان کارگێڕی دیزاین، چەرم، یان تاقیکردنەوەی میکانیکی ورد دەگرنە ئەستۆ. ئەم کۆمپانیا زەبەلاحانە تەنیا ئەرکی براندینگ و مۆنتاژی کۆتایی دەکەن، لە کاتێکدا داهێنانە ڕاستەقینەکە لەو کارگە بچووکانەوە دێت.
بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سوود لەم مۆدێلە جیهانییە وەربگرێت و پیشەسازییە بچووکەکان بکاتە داینەمۆی پاڵپشتی پیشەسازییە گەورەکان (وەک کەرتی نەوت و غاز، پترۆکیمیایی، چیمەنتۆ، و پیشەسازییە خۆراکییەکان)، پێویستی بە گۆڕانکاریی جەوهەری هەیە لە سیستەمی کارگێڕی و دارایی خۆیدا.
هەرێمی کوردستان پشت بە کەرتی نەوت دەبەستێت، بەڵام زۆربەی کەرەستە و پێداویستییەکانی کۆمپانیا زەبەلاحە بیانییەکان لە دەرەوە هاوردە دەکرێن. پێویستە یاسایەک دابڕێژرێت کە کۆمپانیا گەورەکانی نەوت ناچار بکات بەشێکی دیاریکراو لە کەرەستە سەرەتاییەکان، بەشەکانی یەدەگ، و خزمەتگوزارییە تەکنیکییەکان لە کارگە بچووکە ناوخۆییەکان بکڕن. ئەمە بازاڕێکی مسۆگەر بۆ پڕۆژە بچووکەکان دروست دەکات.
حکومەت دەتوانێت زەوی و ژێرخانی ئامادە (کارەبای بەردەوام، ئاو، ئینتەرنێتی خێرا) لە شێوەی “کۆمەڵگەی پیشەسازی” دابین بکات. لەم ناوچەیانەدا، کارگە بچووکەکان لە دەوری کارگە گەورەکان کۆدەکرێنەوە؛ بۆ نموونە دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازیی بچووک لە دەوری کارگەکانی چیمەنتۆ یان پاڵاوگەکانی نەوت، بۆ ئەوەی کێشەی گواستنەوە و تێچوو کەمبێتەوە و گۆڕینەوەی زانیاری ئاسان بێت.
کاراکردنی “سندوقی پاڵپشتی پڕۆژە بچووکەکان” و مۆدێلی “قەرزی هاوبەش”. گەورەترین ڕێگر لەبەردەم کارگەیەکی بچووک بۆ کڕینی ئامێری پێشکەوتوو دەتوانێت لە ڕێگەی بانکە ئەهلییەکانەوە، سیستەمی “قەرزی گەرەنتیی کڕیار” دابمەزرێنێت. واتە ئەگەر کارگەیەکی بچووک گرێبەستی هەبێت کە کەرەستە بۆ کۆمپانیایەکی گەورە (وەک کۆمپانیاکانی کەرتی خۆراک یان نیشتەجێبوون) دابین بکات، بانکەکە بە ئاسانی و بە گەرەنتی ئەو گرێبەستە قەرزی پێبدات بۆ کڕینی ئامێری نوێ.
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین، پیشەسازییە بچووکە نوێیەکان چیتریش پاشکۆی ئابووری نین، بەڵکو ئەوان بزوێنەری سەرەکین کە تەواوی پیشەسازییە گەورەکانی جیهان لەسەر دەستی ئەوان ڕاوەستاون و پێشکەوتنی داهاتووی مرۆڤایەتی لە ژێر ڕەحمەتی داهێنانەکانی ئەواندا دەبێت.







































































