کارمن بۆڵۆسا؛ دوو ڕەوتی ئەدەبی لە ئەمەریکای لاتین هەیە، کە وا لە خوێنەری ئاسایی دەکات، پێیوابێت دژبەیەکن؛ ڕەوتی فانتازیای “ئەدۆڵفۆ پیۆی کاتاری” و باشترینی کۆرتازەر و ڕیاڵیزمی ڤارگاس یۆسا و تیریسا دی ڵابارا. ئەم ڕەوتانە پێمان دەڵێت، بەشی باشووری ئەمەریکای لاتین سەر بە فانتازیان و بەشی باکووری ئەمەریکای لاتینیش سەر بە ڕیاڵیستین. بەڕای من، تۆ تێکەڵەی هەردوو ڕەوتەکەی. گەر لۆژیکانە بڕوانین، دەبینین تۆ لە چیلی “لە باشوور”، لە مەکسیک “لە باکوور” ژیاویت. ئایا تۆ دژی ئەمەی، یان بەدڵتە؟
ڕۆبەرتۆ پۆڵانیۆ؛ گرنگی بە دابەشکارییەک مەدە، کە نابێت بە جددی وەربگیرێت. من پێموابوو ڕیاڵیزمییەکان لە باشوورەوە هاتوون و فەنتازیاکانیش لە بەشەکانی ناوەڕاست و باکووری ئەمەریکای لاتین. لە سەدەی بیستەم، ئەدەبی ئەمەریکای لاتین بەدوای پاڵنەڕەکانی هەڵگەڕانەوە و بەگژداچوونەوە بوو، دەکرێت لە سەدەی بیست و یەکیشدا تا ماوەیەک هەر بەردەوامی بەم کارەی بدات. بەشێوەیەکی گشتی، مرۆڤ یان لاسایی ئەوانەی پێش خۆی دەکاتەوە، یان ڕەتیان دەکاتەوە؛ گرنگییەکی ئەوتۆش بە گەنجینە بچووکەکان نادەن، وەختە کوێر ببن لە ئاستیدا. ژمارەیەکی کەمی نووسەرمان هەیە توانیوویانە ڕێگای فەنتازیا بدۆزنەوە، یان هەر نیمانە، چونکە دواکەوتنی ئابووری و چەند هۆکارێکی تریش، ڕێگە بە گەشەسەندنی جۆرەکانی تری ئەدەب و هونەر نادەن. بێگومان ئەمە بە مانای ئەوە نایەت ئەدەبەکەمان پڕە لە کاری گەورە، بەڵکوو بەتەواوی پێچەوانەکەیەتی. لەسەرەتادا نووسەر بەدوای ئەوەیە ملکەچی ئەم پێشهات و چاوەڕوانیانە ببێت، بەڵام لەڕأاستیدا واقیعەکە کار لەسەر نەزۆککردنی دەرئەنجامی کۆتایی دەکات. لەڕاستیدا پێموایە تەنیا دوو وڵات توانیویانە خۆیان لەم چارەنووسە دەرباز بکەن، ئەوانیش مەکسیک و ئەرجەنتینە. سەبارەت بە نووسینەکانی منیش، نازانم، وای بۆ دەچم واقیعی بێـت. دەمەوێـت وەکوو فیلیپ ک. دیک، ببم بە نووسەری فەنتازیا، ئەمە لەکاتێکدایە تا زیاتر گەورەتر بم دیکم بەلاوە ڕیالیستی ترە.
کارمن بۆڵۆسا؛ لە ڕۆمان و چیرۆکەکانتدا، یاخوود لە قەسیدەکانیشتدا، خوێنەر درک بە ئازادی و پیرۆزکردن دەکات. من ناڵێم تۆ لە شێوەی کۆد دەنووسیت، بەڵام دەکرێـت بڵێین کیمیاگەری گێڕانەوەت خۆی لە نووساندنی ڕق بە خۆشەویستی دەکات. هونەرمەندی کیمیاگەر چۆن ڕوودەدات و کار دەکات؟
ڕۆبەرتۆ پۆڵانیۆ؛ وێڕای ئەوەی خەڵکی وای دەبینن کە لە وردبوونەوە زیادەڕۆی دەکەم “کە خۆشی هەروام”، سوورم لەسەر ئەوەی تاکە شت کە گرنگی پێبدەم، نووسین بێت؛ لەڕووی شێواوە و ئاواز و ناوەڕۆکەوە.
بەشێوەیەک لە شێوەکان هەموو ئەدەبێک سیاسییە. بە واتایەک، یەکەم؛ لێدوانە لەسەر سیاسەت. دووەم؛ لە چوارچێوەی بەرنامەی سیاسی ئەدەب ڕۆڵ دەبینێت.
کارمن بۆڵۆسا؛ بەردەوام نووسەران بە پرسیارێک بێزار دەکەن، بەڵام لەبەرئەوەی هەمیشە ئاڕاستەی کەسانی دیکەم کردووە و بووە بە خوویەکی هەمیشەییم، ناتوانم لە تۆشی نەکەم؛ تا چەند کتێبەکانت سەربووردەن؟ تا چەندێک ڕەنگدانەوەی ژیانی پۆڵانیۆیە؟
ڕۆبەرتۆ پۆڵانیۆ؛ وێنەیەکی خودییە؟ زۆر نا. وێنەی خودی پێویستی بە جۆرێکی دیاریکراوی ئەنایە، ئارەزووی دووبارە و دووبارە تێڕامانە لە خۆت، بایەخێکی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە هەیت و بوویت. مێژووی ئەدەب پڕە لە لە سەربووردە، هەندێکی زۆر باشن، بەڵام وێنەی خودی دەیەوێت زۆر خراپ بیت؛ لەنێویشیدا وێنەی خودی لە شیعردا، لە سەرەتادا لە سێکسـی ئەدەبی شیاو بۆ وێنەی خودی لە پەخشاندا دەردەکەوێ. ئایا کارەکەم سەربووردەیە؟ مەبەستم ئەوەیە چۆن دەکرێ وانەبێ؟ هەموو کارێک بەجۆرێک لە جۆرەکان سەربووردەیە. ئێستا تۆ لە ئەلیادە بڕوانە، باس لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوو وڵات و دوو سوپا دەکا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا چارەنووسی ئەخیلیس و بریام و هیکتۆر و هەموو کەسایەتییەکان دەخوێنینەوە. هەموو ئەم دەنگە تاکانە، بوون بەدەنگی نووسەر.
چەند کتێبێکم لە یادە، کە هەرگیز لە یادگەم کۆچ ناکەن؛ یەکێکیان ئەو کتێبە بوو لە تەمەنی شازە بۆ نۆزدە ساڵی لە کتێبخانەیەک، کە پێیاندەگەوت کتێبخانەی شووشەیی لە مەکسیکۆ دزیم. کتێبێکی تریش لە چیلی بوو، کە ئەو کات تەمەنم بیست ساڵ بوو و لە سەروبەندی کودەتا کڕیم. کتێبخانەیەکی سەرنجڕاکێش لە مەکسیکۆ هەبوو، دەکەوتە ئاڵامیدا. دیوار و سەقفەکەی هەمووی لە شووشە دروستکرابوو. کاتێک لە دەرەوە تەماشات دەکرد، دەتگوت دزین لێرە زۆر ئەستەمە، بەڵام پاش ماوەیەک هەوڵمدا. یەکەم کتێب کە بەدەستەکانم گرتم، کتێبێکی بچووکی پییەر لویسـی شاعیری سەدەی نۆزدە بوو. یادم نییە ئاخۆ “ئەفرۆدیت بوو، یاخود “گۆرانییەکانی بلیتیس” بوو، بەڵام باش بیرمە پەڕەکانی وەکوو پەڕەکانی ئینجیل نەرم بوو. بیرمە ئەو کات تەمەنم شازدە ساڵ بوو، ئەو وەختەش لویس بووبوو بە ئیلهام بەخشم. دواتر کتێبێکی ماکس پیربۆم بە ناوی “دووڕووییەکی بەختەوەر” دزی. ئەو کات نووسەرە مەکسیکییەکان لە ڕاهێناندا بوون و هێشتا مابوویان.
لەو سەردەمە تەمومژاوییە و ئەو دزییە نهێنیانە، ژماریەک کتێبی شیعریم لە یادە، بەڵام ئەوەی منی لە دۆزەخ ڕزگار کرد، ڕۆمانێک بوو؛ ئەو ڕۆمانەش هی ئەلبێر کامۆ بوو. هەموو شتێکی ئەو ڕۆمانەم لە یادە. سەرباری ئەوەی خوێندمەوە، یاخود هەزمم کرد، لە مەکسیکۆ سیتیی، کە بە تیشکی سەوز و زەردی خۆر بەیانیانی دەکاتەوە، گەمارۆ دراو بە ژاوەژاو، بێ پارە لەسەر کورسییەکی ئالامادا دانیشتبووم و هەموو ڕۆژەکەم لەبەردەست بوو، بە واتایەکی تر هەموو ژیانم لەبەردەست بوو، کامۆ هات و سەرتاپا هەموو شتێکی گۆڕی. چاپی ئەو کتێبەم باش لە یادە؛ وشەی کتێبەکان گەورە بوو، دەتگوت کتێبی پۆلی یەکی سەرەتاییە، بەرگەکەی قوماشێک بوو کە ناونیشانەکەی بەشێوەیەکی ترسناک نووسرابوو. کتێبێک بوو دزینی ئەستەم بوو، نەمدەزانی لەژێر چاکەتەکەم بیشارمەوە، یان لەژێر قایشەکەم، ئاخر هەرچییەکەم بکردایە لەژێر جلەکانی قوتابخانەمەوە دەردەکەوت و ئاشکرا دەبووم. دواتر لەژێر چاوی هەموو کارمەندەکانی کتێبخانە شووشەییەکە هەڵمگرت، لە چیرۆکێکی ئێدگارد ئاڵان پۆو فێری بووم و باشترین ڕێگەی دزیکردن بوو. پاش ئەوەی کتێبەکەم دزی و خوێندمەوە، لە خوێنەرێکی بە ئاگاوە بووم بە خوێنەرێکی زیادەڕۆ، لە کتێب دزێکەوە بووم بە ڕفێنەری. ڕۆژانی دڵپاکیم بوو، هەوڵمدەدا چاڵە شاراوەکان بدۆزمەوە. دەمویست هەموو شتێک بخوێنمەوە.
پیشەم وەکوو ڕفێنەری کتێب، پشوو درێژ و پڕ بەرهەم بوو، بەڵام هەموو شتێک تا سەر نییە و ئاشکرا بووم. ئەمە لە کتێبخانە شووشەییەکە ڕووینەدا، بەڵکوو لە کتێبخانەی ژێرزەمینەکە ڕوویدا؛ کتێبخانەی ژێرزەمینەکە دەکەوێتە ئەفینیدا، نوێترین کتێبەکانی بۆینس ئایرس و بەرشەلۆنەیان دەهێنا. دەتگوت شمشێری کتێبخانەکە خراوەتە سەر ملی من. هەڕەشیان لێکردم لە ژێرزەمینەکە تێر و پڕم لێ بدەن و دەربەدەری وڵاتم بکەن. پاش وتووێژێکی درێژ، لە کۆتایدا ڕێگەیان پێدام بڕۆم، بەڵام پێش ئەوەی بڕۆم دەبوایە هەموو کتێبەکان بهێنمەوە، لەنێویشیدا کتێبەکەی کامۆ، کە ئەسڵەن هەر لەوێش نەمدزیبوو. ماوەیەکی کورت پاش ئەو ڕووداوە گەشتم کرد بەرەو چیلی، بەڕێککەوت لە مەکسیک چاوم بە ڕۆڵفۆ و ئەریولا کەوت. لە چیلیش بە ڕێککەوت چاوم بە نیکانۆر بارا و ئینریک لین کەوت. بەڵام ئەوەی کە چاوم پێیکەوت ڕۆدریگۆ لیرا بوو، بۆنی گازی فرمێسک ڕێژی لێدەهات. دواتر کودەتا ڕوویدا، منیش کاتەکانم لە کتێبخانەکانی سانتیاگۆ بەسەر دەبرد. بەپێچەوانەی کتێبخانەکانی مەکسیک، کتێبخانەکانی سانتیاگۆ کارمەندی لێ نەبوو، تەنیا یەک کەس بەڕێوەی دەبرد، ئەویش خاوەنەکەی بوو.
لە ماوەی سەردانییەکانم بۆ کتێبخانەکان، چاوی کتێبفرۆشەکەم لە یادە؛ هەندێکجار وەکوو چاوی پیاوێکی لە قەنارە دراو وابوو، هەندێکجاریش خەوەنووچکەی بوو، ئێستا درک بەوە دەکەم هیچ یەکێک لەوانە نەبوو و شتێکی تر بوو. لە سانتیاگۆ کتێب هەزران بوو، بۆیە دەمکڕی و نەمدەدزی. لە کۆتا کتێبخانە کە سەردانم کرد، لەو دەمەی سەرقاڵ بووم بە سەیرکردنی کتێبە کۆنەکانی فەڕەنسا، کتێب فرۆشەکە لەپڕ لێم نزیک بووەوە، پیاوێکی لاوازی باڵابەرزی چل ساڵە بوو، لێمی پرسی؛ ئاخۆ پێموایە شتێکی باشە پێشنیاری نووسەرێک بۆ کەسێک کە بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرچووە بکا؟ فرۆشیارەکە لە سووچێکدا ڕاوەستابوو، کراسێکی سپی لەبەر بو، قۆڵی کراسەکەی تا ئانیشکی هەڵکردبوو، سێوی ئادەمەکەی ئەوەندە دیاربوو، کە هەرکات قسەی بکردبایە دەجووڵایەوە. پێمگوت باش دیار نییە، لێمپرسی مەبەستی کام پیاوانی حووکمدراوە؟ فرۆشیارەکە سەیری کردم و گوتی؛ من شایەنی ئەوە نیم حووکم بدەم، بەڵام گەر من نەیکەم کەسێکی تر هەر دەیکا.
لێمی پرسی؛ چ کتێبێک دەدەی بە پیاوێکی حووکمدراو؟
گوتم؛ نازانم.
فرۆشیارەکە؛ منیش نازانم، پێموایە ئەم نەزانینەش خراپە. پیاوانی بەدبەخت چ کتێبێک دەخوێننەوە؟ حەزیان لە چ کتێبێکە؟ پێتوایە شێوەی ژووری پیاوێکی حووکمدراو چۆنە؟
گوتم؛ نازانم.
گوتی؛ هێشتا گەنجی، بۆیە سەیر نەبوو بەلامەوە. وەکوو کیشوەری قوتبی باشوورە، باکووریش نا، بەڵکوو باشوور.
لەو دەمەدا کۆتا ڕۆژەکانی ئارسەر گۆردۆن بیمم هاتەوە یاد، ئارسەر یەکێک بوو لە کەسایەتییەکانی ڕۆمانی ئێدگار ئالان پۆو، بەڵام بڕیارمدا هیچ نەڵێم.
فرۆشیارەکە گوتی؛ دەی با بزانین کام پیاو ئەوەندە بوێرە ئەم کتێبە هەڵدەداتە کۆشی پیاوێکی حووکمدراو؟
دواتر کتێبێکی باشی هێنا و هەڵیدایە سەر بەستەیەک کتێب. پارەی کتێبەکەم پێدا و ڕۆشتم، کاتێک دەچوومە دەرەوە، فرۆشیارەکە پێکەنی و بیستم دەیگوت؛ چ ئیفلیجێک دەتوانێت ئەو کارە بکا. دواتر شتێکی تریشی گوت، بەڵام گوێم لێ نەبوو.
سەرچاوە؛ الجریدة الجزیرة، المنصة
دیدارساز؛ کارمن بۆڵۆسا
وەرگێڕانی؛ مەدینە ئەحمەد








































































