دەنگەدەنگێکی سەیر لەسەر ئەو دەسپێشخەرییە هاتۆتە ئاراوە، کە لەگەڵ ڕێزی زۆرمدا بۆ شەخسی ئەو کەسانەی لەڕوانگەی ئۆپۆزیسیۆن و ڕۆڵەکەیەوە لەم بابەتە دەڕوانن، ئەم وتارە وەڵامدانەوەی کەس نیە، بەڵکو تێڕوانینی شەخسی خۆمە و دەیخەمە ڕوو. گرفتی سەرەکیی ئەم دەنگە ئەوەیە کە نوقمی چەقبەستوویی ئەقڵییەتێکی ئوسوڵگەرایە (فەندەمێنتاڵ). لەمەش خراپتر ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا دووچاری بەدحاڵیبوونێکی قورس بوە سەبارەت بە مانا و ڕۆڵی خودی حیزبی ئۆپۆزیسیۆن. ئەم هەڵوێستانە پێیان وایە مادام یەکگرتوو ئۆپۆزیسیۆنە ئیدی ئیشی ئەو نیە “سوڵحی عەشایەری”، نێوان حیزبە حاکمەکان بکات. ئەمەش بۆ خۆی بەدحاڵیبوونێکی قووڵ و هاوکاتیش بۆچوونێکی ساویلکەی بیدائیی ئوسوڵگەرایە. گرفتەکەشی ئەوەیە ئووسڵگەرایە لە بابەتێکدا کە لە بنەڕەتدا تێەنەگەیشتوە. سەرەتا دەپرسین ئایا یەکگرتوو هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنە؟ وەڵامەکەی بەڵێ لەم قۆناغەدا ئۆپۆزیسیۆنە بەڵام ئالوودە بوە بە گوتاری ڕەوتە پۆپۆلیسیتە ئەنارشیستەکان، چ وەک ڕۆشنبیر وتاک و چ وەک ڕێکخراو و حیزب. چونکە ئۆپۆزیسیۆن ئەو حیزب و لایەنانە نیە کە دەسەڵات ڕەت دەکەنەوە و بەشداری تێدا ناکەن، بەڵکو زۆر بەسادەیی ئۆپۆزیسیۆن ئەو حیزب و لایەنانەیە کە هەڵبژاردنیان نەبرۆتەوە، یان لەگەڵ ڕەوتی حکومەتی پێکهێنراودا گرفتی سیاسیی و فیکرییان هەیە. واتا حیزب نیە بۆ ئەوە دابمەزرێت کە ئۆپۆزیسیۆن بێت، بەڵکو بۆ ئەوە دادەمەزرێت دەسەڵات بگرێتە دەست.
ئەم بەدحاڵیببونە سەرچاوەکەی کۆنترە لە دەرکەوتنە حیزبییەکەی، بەڵام لەکایەی سیاسییدا ڕۆشنبیرە نەخوێندەوارەکانی گۆڕان هێنایان و بەپاڵپشتیی ڕۆشنبیرە پۆپۆلیستە نەهیلیستە فەتواچییەکانی ڕەهەند، کرایە ڕاستییەکی ڕەها و وەکو هەر خورافەیەک بوو بە وێردی سەر زاری گەورە و بچووک. دواتریش بوو بەو ئاوەی گەورە ڕشتی و منداڵ پێیان لێ هەڵدەخلیسکاند، هەر حیزبێکی تازەش مەحکووم بوو بەوەیە لەسەر حوکمەکانی ئەو پەندە کوردییە کار بکات و دیلی ئەو خورافە بێبنەمایە بێت. واتا ئۆپۆزیسیۆنبوونی هەر حیزبێک و بەشداریینەکردنی لە حکوومەتدا، بەرهەمی چەقبەستوویی دۆگمای ئوسوڵگەرا نیە، بەڵکو زادەی ئەو سیاقەیە کە لە هەڵبژاردنەوە هاتۆتە ئاراوە. ئیدی لێرەوە دەکرێت حیزبێک کە هەڵبژاردنی نەبردوە جارێک ببێتە ئۆپۆزیسیۆن و هەر هەمان حیزبیش لە سیاقێکی دیکە لەگەڵ ئەوەی براوەی یەکەمی هەڵبژاردنیش نیە، بەشداریی لە حکوومەتی ئیئتیلافیدا بکات. لێرەوە ئەو ڕاستییەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە ئەو حیزب و کەسانەی لەدەرەوەی ئەم هاوکێشە سیاسیی و حیزبییەدا، بوونەتە هەڵگری هەڵوێستێکی ئەقائیدی چەقبەستووی دژ بە دەسەڵاتدارێتیی، نەک هیچ پەیوەندییەکیان بە ئۆپۆزیسیۆنەوە نیە، بگرە نزیکترین لە ئەنارشیزمێکی نەهیلیست کە ڕۆڵێکی یەکجار ترسناکیان لە وێرانکردنی کایە جیاجیاکانی سیاسەت و فیکر و میدیادا هەبوە.
هەر حیزبێک کە دادەمەزرێت بەو ئیدیعایەوە دادەمەزرێت کە بۆ خزمەتی خەڵک هاتۆتە ئاراوە. هەربۆیە پێوەری دروستی هەڵسەنگاندنی هەر هەڵوێست و بڕیارێکی ڕاستگۆییە لەگەڵ ئەو ئیدیعا بنەڕەتییەدا. واتا ئەگەر بەرژەوەندی وڵات و خەڵک پێویستی کرد، دەچێتە حکومەتەوە ئەمەش زۆر لە وڵاتان لە کاتی جەنگدا کردویانە. ئەگەریش بەرژەوەندی وڵات و خەڵک بخوازێت تەنانەت خۆشی هەڵبوەشێنێتەوە دەبێت بیکات. لێرەوە ئەگەر بەرژەوەندی وڵات و خەڵک پێویستی بە دەستپێشخەریی دەربازبوون لەبونبەست و نزیککردنەوەی لایەنەکان کرد بۆ پێکەوە کارکردن و ڕێگرتن لە کارەساتی زیاتر، ئەوا ئەو هێزە ئۆپۆزیسیۆنەی ئەم کارەی لەتوانادا بێت و نەیکات، خیانەتی بە ئیدیعاکەی خۆی سەبارەت بەخزمەتی خەڵک و وڵات کردوە. حیزب و سەرکردەی سیاسی ئەوەی وایان لێدەکات بەشداری کاری سیاسی بکەن، هەستکردنە بە مەسئوولییەت بەرامبەر بە نیشتمان و خەڵک، لێرەدا چەمکێکی دیکەی زۆر گرنگ هەیە کە لە ئەدەبییاتی ئێمە بەتەواوەتی غائیبە، ئەویش چەمکی ئەرکی سیاسییە. لەم ڕوانگەیەوە، هەر هەوڵ و دەسپێشخەرییەک بۆ ڕێگرتن لە کارەسات لە کاتێکدا هەڕەشەی دابەشبوونی کوردستان لەئارادایە، نەک هەر سەمەرە نیە وەک ئوسوڵگەرا ئەنارشیستە پۆپۆلیستەکان ئیدیعای دەکەن، بەڵکو ئەوپەڕی هەستکردنە بە مەسئوولییەت و چوونەژێرباری بەرپرسیارێتی ئەرکە سیاسیی و نیشتمانیی و ئەخلاقییە سەرەکییەکەیە. ئەگەرچی من هاوڕێی بەشی زۆری سەرۆک حیزبەکانی کوردستانم و ڕاستەوخۆ ڕای ڕاشکاوی خۆمیان بۆ دەخەمە ڕوو، بەڵام لێرەشدا بەپێویستی دەزانم داوا لە هەموو حیزبەکانی دیکەی کوردستان بکەم بەهەمان ڕووحی مەسئوولییەتی مامۆستا سەلاحەدینەوە پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکەی بکەن و بەشداریی کاراشیان هەبێت لە سەرخستنیدا.
ئەمە ئەرکی ئەخلاقیی و نیشتمانیی هەموومانە، ڕووی داوای سەرەکییشم لە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدارە: سازشکردن بۆ یەکتر لەپێناو سازان و پێکەوەبوون و بەرژەوەندی گەل و نیشتمان هاوکێشەیەکە هەمووان تێیدا براوەن، لەبەرابەریشدا یەکترشکاندن و سازشکردن بۆ داگیرکەران و دوژمنانی کورد، هەموومان تێیدا دۆڕاو دەبین. لەمەش خراپتر ئەوەیە کە ئەڵتەرناتیڤی پێکەوەبوون و کاراکردنی پەرلەمان و پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، تەنها نەهامەتیی لە ناوەوە و ڕیسواییمان لە دەرەوە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بۆ زیاد دەکات. ئەنجامە حەتمییەکەشی سەرگرتنی پیلانی دابەشکردنی کوردستان دەبێت.








































































