خۆماڵیکردن (Localization)؛ بریتییە لە پرۆسەی گونجاندن و دەستکاریکردنی بەرهەمێک بۆ ئەوەی لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕێکی دیاریکراودا بگونجێت، کە لە ڕێگەی زمان، کولتوور، پێشبینییەکان، ستانداردە ناوخۆییەکان و مەرجە یاساییەکانەوە دەناسرێتەوە. خۆماڵیکردن دەکرێت بۆ هەر جۆرە کاڵا یان خزمەتگوزارییەک بێت کە چەندین بەکارهێنەری جیاواز بە باکگراوندی كولتووری جیاوە دەکاتە ئامانج. زۆرجار زاراوەی “Localization” بە کورتکراوەی(L10N) دەنوسرێت، کە تیایدا ژمارە ١٠ گوزارشت لە ژمارەی پیتەکانی نێوان پیتی (L)ی سەرەتا و پیتی (N)ی کۆتایی وشەکە دەکات. هەندێک جار چەمکی خۆماڵیکردن و وەرگێڕان تێکەڵ دەکرێن یان وەک یەک وشە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بەڵام خۆماڵیکردن زۆر لە وەرگێڕانی سادەی دەقەکە بۆ زمانە ناوخۆییەکە تێپەڕ دەبێت. لە کاتی خۆماڵیکردنی بەرهەمێکدا، پێویستە دامەزراوەکە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرسی بەرفراوان ببێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بێت کە بەرهەمەکە بە شێوەیەکی گونجاو بۆ ئەو بازاڕەی کە ئامانجیەتی ئامادە کراوە، تەنانەت ئەگەر بەرهەمەکە لە لایەن براندێکی جیهانی ناسراویشەوە بەرهەم هێنرابێت. بەرهەمێکی خۆماڵیکراو دەبێت وا دەربکەوێت کە هەر لە بنەڕەتەوە بە تایبەت بۆ ئەو کولتوورە ناوخۆییە بەرهەم هێنراوە. پێویستە ڕەچاوی هەموو ئەو وردەکارییانە بکات کە كولتوورێک لە یەکێکی تر جیا دەکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش، پرۆسەی خۆماڵیکردن دەبێت چەندین هۆکار لەبەرچاو بگرێت لەوانە:-
زمان؛ کاتێک زمانی سەرەکی بەکارهێنەرانی بازاڕە ئامانجەکە جیاوازە لە زمانە ڕەسەنەکە، ئەوا پێویستە هەموو دەقەکە وەربگێڕدرێتە سەر ئەو زمانە. وەرگێڕانەکە پێویستە ڕەچاوی كولتووری ناوخۆیی(ناوچەیی) بکات، لە هەمان کاتدا مانای دەقە ڕەسەنەکەش بپارێزێت. ئەم وەرگێڕانە، کە بەشێکی گەورەیە لە خۆماڵیکردن، دەکرێت هەندێکجار ئاسانکاری تێدا بکرێت بە بەکارهێنانی (ئامێرەکانی وەرگێڕان)، هەرچەندە پێویستە دەستکاری کۆتایی بکرێت بە مەبەستی دڵنیابونەوە لە ڕستەسازی و ئیدیۆمەکان. کاتێک بەرهەمێک خۆماڵیدەکرێت بۆ بازاڕێک کە هەمان زمانی دەقە ڕەسەنەکەی هەیە، هێشتا پێویستی بە دەستکاری کۆتایی هەیە بۆ مەبەستی ڕەچاوکردنی كولتووری،بۆ نمونە گۆڕینی پیتی Z بۆ S لە ئینگلیزی بەریتانیدا.
پیشاندان؛ پێویستە ڕووکاری بەکارهێنەر، بەڵگەنامەکان، کەرەستەکانی بازاڕکردن و نووسراوی سەر بەرهەمەکان بە شێوەیەک بەرهەم بهێنرێن کە لەگەڵ زمان، نەریت و پێشبینییەکانی ئەو کەسانەدا بگونجێت کە دەکرێنە ئامانج. بۆ نموونە، زمانەکانی وەک عەرەبی، فارسی، عیبری و ئۆردو لە ڕاستەوە بۆ چەپ دەخوێندرێنەوە نەک لە چەپەوە بۆ ڕاست، هەروەها وشە ئەڵمانییەکان زۆرجار پێویستییان بە شوێنی زۆر زیاترە بە بەراورد بە وشە ئینگلیزییەکان، کە ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر چۆنیەتی پیشاندانی دەقەکە.
وێنە و ڕەنگەکان؛ ئایکۆن، هێما و ڕەنگەکان دەکرێت لە کولتوورێکەوە بۆ یەکێکی تر واتای جیاوازیان هەبێت. ئەوەی لە وڵاتێکدا ئاسایی و باوە، ڕەنگە لە وڵاتێکی تردا سوکایەتی بێت. بۆ نموونە، ئیمۆجی بەرزکردنەوەی پەنجە گەورە لە ئەفغانستان، ئێران، ئێراق و نێجیریا بە ئاماژەیەکی نەشیاو دادەنرێت، سەرەڕای ئەوەی لە شوێنەکانی تری جیهان شتێکی ئاسایی و قبوڵکراوە. ڕەنگەکانیش دەکرێت گرنگیی خۆیان هەبێت. بۆ نموونە لە زۆرێک لە کولتوورەکاندا ڕەنگی ڕەش بە پرسە و ماتەمینییەوە دەبەسترێتەوە، لە کاتێکدا لە هەندێک لە كولتوورە ئاسیاییەکاندا ڕەنگی سپی بۆ ماتەمینی دەپۆشرێت. هەروەها دەبێت وێنەی فۆتۆگرافی و جۆرەکانی تری وێنەش ڕەچاو بکرێن، بۆ نموونە، ڕەنگە خەڵکی تایلەند هەمان ئەو کاردانەوەیەیان بۆ مۆنۆمێنتی لینکۆڵن نەبێت کە خەڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەیانە.
دراو، پێوانە و ستانداردەکان؛ لە پڕۆسەی خۆماڵیکردندا، پێویستە ڕەچاوی ئەو پێوەرە جیاوازانە بکرێت کە پەیوەندییان بە کۆمەڵگەی ئامانجەوە هەیە. بۆ نموونە هەندێک لە وڵاتە جیاوازەکان تەنانەت ئەگەر بە هەمان زمانیش قسە بکەن، زۆرجار شێوازی تایبەت بە خۆیان هەیە بۆ نووسینی بەروار و پێوانەکردنی مەوداکان. هەروەها ڕەنگە دراوی جیاواز بەکاربهێنن یان ڕێگەی تایبەت بە خۆیان هەبێت بۆ پرۆسەی پارەدان. تەنانەت شێوازی نووسینی ژمارەی تەلەفۆنەکانیش دەکرێت جیاواز بێت.
داواکارییە یاسایی و ڕێکخراوەییەکان؛ لەگەڵ زیادبوونی گرنگیی پاراستنی تایبەتمەندی و ئاسایش، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای جۆراوجۆر دەبنەوە، وەک “پەیڕەوی گشتیی پاراستنی داتا”ی یەکێتیی ئەورووپا کە بە GDPR ناسراوە، یاسای گشتیی پاراستنی داتای بەرازیل (LGPD) و هەروەها پڕۆژە یاسای پاراستنی داتای کەسیی هیندستان (PDPB). بۆ دڵنیابون لە پابەندبوون بە ڕێسا کارپێکراوەکان، پێویستە پرۆسەی خۆماڵیکردن چەندین نیگەرانیی تایبەت بە ئاسایش و تایبەتمەندی چارەسەر بکات، لەوانە چۆنیەتی بەکارهێنانی کوکییەکانی وێبگەڕ، شوێنی هەڵگرتنی داتاکان، ماوەی ڕێپێدراو بۆ پاراستنی داتاکان و ئەو مافانەی کە بەکارهێنەران هەیانە دەربارەی تایبەتمەندی و دەستگەیشتنیان بە داتاکان.
بەڵگەنامەکردن و پشتگیریی کڕیار؛ بەڵگەنامەکانی بەرهەم و سەرچاوەکانی پشتگیری دەبێت بۆ زمانی کۆمەڵگەی ئامانج بگۆڕدرێن و خۆماڵی بکرێن، تاوەکو کڕیاران بتوانن لە کاتی پێویستدا لەو هاوکارییە سودمەند بن کە پێویستیانە و بە گشتی ئەمانە دەگرێتەوە:-
- بنکەی زانیارییەکان.
- ڕێبەری بەڕێوەبردن.
- پرسیارە باوەکان.
- ڤیدیۆی ڕاهێنانەکان.
- چاتبۆتەکان و سەرچاوەکانی تر.
هەروەها پێویستە دامەزراوەکە دڵنیایی بدات لەوەی کە کارمەندی پێویستی بۆ بەشی پشتگیری دابین کردووە، تاوەکو لە هەر کات و شوێنێکدا بێت هاوکاری پێشکەش بە کڕیاران بکەن. جگە لە هەموو ئەو هۆکارانەی کە پێشتر ئاماژەیان پێکرا، دەبێت ڕێکخراوەکان ڕەچاوی هەندێک وردەکاری دیکە بکەن وەک کاتە جیاوازەکانی جیهان (Time zones)، پشووە نیشتمانییەکان، ڕۆڵی ڕەگەزەکان، ئاماژە جوگرافییەکان، و هەروەها چۆنیەتی وەرگێڕانی ناوەکان و براندینگ بۆ سەر زمان و کولتووری مەبەست.
“بە جیهانیکردن، بە نێودەوڵەتیکردن، خۆماڵیکردن، وەرگێڕان”
خۆماڵیکردن زۆربەی کات بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتری بە جیهانیکردن (جیهانگیری) کە بە نێودەوڵەتیکردن و وەرگێڕانیش لەخۆ دەگرێت. جیهانگیری، بە نێودەوڵەتیکردن، خۆماڵیکردن و وەرگێڕان، پێکەوە پێکهاتەیەک پێکدەهێنن بۆ گەیاندنی بەرهەمێک بە بازاڕێکی فراوانتر بە شێوەیەکی کارا. بە نێودەوڵەتیکردن و خۆماڵیکرد دوو چەمکی تەواو جیاوازن، ڕێک وەک چۆن خۆماڵیکردن و وەرگێڕان لە یەکتر جیاوازن.
بە جیهانیکردن؛ پڕۆسەی فراوانکردنی مەودای بەرهەمەکانی کۆمپانیا یان دامەزراوەیەکە بۆ دەرەوەی هەرێم، زمان یان کولتوورێکی دیاریکراو، بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمانە بگات بە بازاڕێکی فراوانتر.
بە نێودەوڵەتیکردن؛ پڕۆسەی دیزاینکردن و دروستکردنی بەرهەمێک بە شێوەیەک کە بتوانرێت بە کەمترین هەوڵ بۆ چەندین کولتوور و زمان بگونجێندرێت. بۆ نموونە، بەرهەمێکی سۆفتوێر بە شێوەیەک پەرەپێبدرێت کە بتوانێت جیاوازیی ڕێساکانی زمان، فۆرماتی بەروار و کات، و ڕێنماییەکانی فۆرماتکردن وەربگرێت.
خۆماڵیکردن؛ پڕۆسەی گونجاندن و تایبەتمەندکردنی بەرهەمێکی بە نێودەوڵەتیکراو بۆ یەک یان زیاتر لە بازاڕە ئامانجەکان. خۆماڵیکردن تەنها زمان ناگرێتەوە، بەڵکو کولتوور، چاوەڕوانییەکان، ستانداردە ناوخۆییەکان و داواکارییە یاساییەکانیش لەبەرچاو دەگرێت. جگە لە وەرگێڕانی زمان، خۆماڵیکردن دڵنیایی دەدات کە هەموو دەق و وێنەکان بە شێوەیەک پیشان بدرێن کە بۆ بینەری ئامانج گونجاو بێت.
وەرگێڕان؛ پڕۆسەی وەرگێڕانی هەموو دەقە خوێندرەوەکان بۆ زمانی بینەری ئامانج. ئەمەش پێکهاتەکانی ڕوکاری بەکارهێنەر، ناونیشانی بەرهەم، و بەڵگەنامە یارمەتیدەرەکان دەگرێتەوە.
لە کۆتاییدا، خۆماڵیکردن (Localization) تەنها بریتی نییە لە وەرگێڕانی وشە و دەق لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر، بەڵکو پرۆسەیەکی فراوان و گرنگە کە هەموو لایەنە زمانی، كولتووری، تەکنیکی، یاسایی و بازرگانییەکانی بەرهەمێک دەگرێتەوە. لە جیهانی ئەمڕۆدا کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە خێرایی فراوان دەبن و کۆمپانیاکان هەوڵ دەدەن بازاڕەکانیان بەرەو وڵات و کولتوورە جیاوازەکان بەرن، خۆماڵیکردن بووەتە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی سەرکەوتن. هیچ بەرهەمێک ناتوانێت تەنها بە پشتبەستن بە زمانێکی جیهانی یان بەرهەمێکی گشتی، دڵی هەموو بەکارهێنەران بەدەستبهێنێت، چونکە هەر کۆمەڵگەیەک زمان، بیرکردنەوە، نەریت و پێویستیی تایبەت بە خۆی هەیە.
سەرچاوە؛ TechTarget
وهرگێڕانی؛ لاولاو مستهفا







































































