کاتێک ترەمپ و شی سەردانی تیانتانیان کرد، هەردوو بەیەکەوە، بە تەنها وێنەیان گرت لە بەردەم پەرستگاکەدا. تیان بە چینی یانی ئاسمان یان بەهەشت؛ تان یانی پەرستگا. پەرستگای ئاسمان سیمبولی دەسەڵات و کۆسمۆلۆجییە، بەو مانایە ناوەندی پەیوەندیکردنی نێوان دەسەڵاتی مرۆڤ و دەسەڵاتی سەرو مرۆییە. ئەمەش بە مانای ناکۆتایی دەسەڵات، گەردونی دەسەڵات لەگەڵ گەورەیی دەسەڵات. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە، وێنەکە و هەروەها دەربڕینی زۆری دیدارەکان ئاماژەیان بە ئەوەدا کە چین و ئەمریکا، یان ترەمپ و شی، وەها خۆیان وێناکرد کە دوو زلهێزن.
ئەمەش دەکرێت بە مانای ئەوەبێت کە بەرەو سەردەمی مەزنە دوو، یان جی دوو (G2) بڕۆین. لە کاتی نانخواردنەکەدا شی پرۆسەی بوژانەوەی چین (china rejuvenation) و مەزنکردنەوەی ئەمریکای (MAGA) بەیەکەوە بەستەوە. کاتێک باسی تەڵەی تیوسەدایدسی کرد، باسی لە پارادایمێکی نوێ کرد؛ دەکرێت ئەم پارادایمە نوێیە سیستەمی جوت زلهێزیی بێت. ئەم دیدە لە ڕاستیدا بەهێزی چین و لاوازی ئەمریکا دەگەیەنێت. وێنەیەکی تر کە جێگای سەرنجە و مانادارە، سەردانی ترەمپ و شی-ییە بۆ تزونغنانهای. 中南海: تزۆنگ بە چینی یانی ناوەڕاست، نان یانی باشور، هەروەها های یانی دەریاچە. ئەم ناوە لێکدراوە تەنها ئاماژەیەکی جوگرافییە، بەڵام جێگاکە ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی چینییە. ئەم جێگایە هەمیشە بە تەواوی بە ڕوی ئەوانیتردا داخراوە. پەکین لە مێژودا ناسراوە بە مۆدێلی شار لە ناو شار، جێگای داخراوی دیواربەند؛ بەڵام ئەم جێگایە لە هەموو زیاتر داخراوە.
بردنی ترەمپ بۆ ئەوێ بۆ پێدانی هەستی گرنگی و تاقانەییە، کە ترەمپ زۆر بە لایەوە گرنگە. بەڵام دیسانەوە بەشێکە لە پرۆسەی تیلەگرتن لە سیستەمی جوت-زلهێز لە دونیادا. بونی چین بە هێزێکی جیهانی و بونی سیستەمی حوکمداریی حیزبی، مۆدێلێکی خراپە. حیزب لە سیستەمی لیبرال و دیموکراسیدا دەبێت خەڵک بڕیار لەسەر بەشداریی و بڕی بەشداریی و چۆنێتی بەشداریی بدات، بەڵام لە سیستەمی چینی وەک سیستەمی هەرێمی کوردستان، لە نێوان حیزب و حوکمەتدا خەڵک بونی نیە. دیارە خەڵکێکی کارتۆنی لە کوردستان بونیان هەیە. وێنەی سێیەم، کۆتایی سەردەمی ژنە وەک بەشێک لە دەسەڵات. پیاوانی زلهەزی نوێ، ژنیان تەنها بۆ ناو نوێنە. لە دیدارەکاندا تاکە ژنێک بونی نیە؛ وەک ترەمپ ووتی ژنان بۆ ئەوەن لە پاشەوە هینیان بگریت.







































































