مێژووی مرۆڤایەتی لە بنەڕەتدا بریتییە لە زنجیرەیەک ململانێ و جەنگ کە لە پێناو مانەوە، سەپاندنی هەژموون و بەدەستهێنانی دەسەڵاتدا کراون. ئەگەر بە وردی بڕوانینە سرووشتی جەنگەکان و هۆکاری هەڵگیرسانیان لە مێژوودا، دەبینین کە بزوێنەری سەرەکی ململانێکان لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکى ترى مێژوو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. وەک چۆن مرۆڤایەتی لە ڕووی هزرى، کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژییەوە پێشکەوتووە، ئامانجەکانی جەنگیش بە هەمان شێوە ئاڕاستەیان گۆڕیوە. سەردەمێک ئایین و ئایینزا هەوێنى ململانێ و جەنگى نێوان وڵاتان بوو. دواى ئەوە، نەتەوە و پەیوەستێتیى بوو بە ماکى ململانێکان و بنەماى دروستکردنى دەوڵەتانیش. قۆناغى بازرگانى و ئابوورییش هیچ کاتێک لە ئێستا زیاتر مایەى ئەو ململانێ نێودەوڵەتییانە نەبووە.
“قۆناغی یەکەم؛ ئایین وەک بزوێنەری سەرەکیی ململانێکان”
لە سەدەکانی ناوەڕاست و پێشتریشدا، ئایین تاکە سەرچاوەی شەرعییەت بوو بۆ دەسەڵاتداران. پاشاکان و ئیمپراتۆرەکان خۆیان وەکو نوێنەری خودا لەسەر زەوی دەناساند، هەر بۆیە پاساوی سەرەکی بۆ هەڵگیرساندنی هەر جەنگێک یان پەلاماردانی خاکێکی نوێ، بریتی بوو لە (بڵاوکردنەوەی پەیامی خودا) یان (بەرگریکردن لە باوەڕی ڕاستەقینە). لەم قۆناغەدا، دەوڵەتەکان سنووری جوگرافیای دیاریکراویان نەبوو، بەڵکو سنوورەکەیان تا ئەو شوێنە دەڕۆیشت کە ئایینەکەیان تێیدا باڵادەست بوو. جەنگە خاچپەرستییەکانن (١٠٩٥ – ١٢٩١) نمونەى دیارى ئەم قۆناغەى مێژوون. ئەم جەنگانە کە نزیکەی دوو سەدەیان خایاند، لەسەر بانگەوازی پاپای ڤاتیکان و بە ئامانجی گرتنەوەی شاری قودس (ئۆرشەلیم) لە دەستی موسڵمانان، سەدان هەزار کەس لە ئەوروپاوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێکەوتن، نەک لەبەر ئەوەی سوودێکی ئابووریی ڕاستەوخۆیان دەستدەکەوت، بەڵکو باوەڕیان وابوو کە ئەمە ئەرکێکی ئایینییە. ململانێی نێوان ئیمپراتۆریای عوسمانی (وەک نوێنەری ئایینزاى سوننە) و ئیمپراتۆریای سەفەوی (وەک نوێنەری ئایینزاى شیعە) یەکێک لە دیارترین نمونەکانى ترى ئەم شێوازى ململانێیە، بەڵام لە ئاستى هەرێمیدا.
“قۆناغی دووەم؛ سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و جەنگی فراوانخوازی”
دوای پەیماننامەی وێستفالیا لە ساڵی ١٦٤٨، کە کۆتایی بە جەنگە ئایینییەکانی ئەوروپا هێنا، چەمکی (دەوڵەت-نەتەوە) سەریهەڵدا. ئیتر شەرعییەتی دەسەڵات لە ئاسمانەوە گواسترایەوە بۆ ناو گەل و نەتەوە. بەتایبەتی دوای شۆڕشی فەرەنسا (١٧٨٩)، هەستی نەتەوایەتی بوو بە گەورەترین هێزی جووڵێنەری گەلان. لەم قۆناغەدا، وڵاتان لە پێناو مەزنیی نەتەوەکەیان و فراوانکردنی سنووری جوگرافیای نەتەوەکەیان دەجەنگان. لە ئاستی جیهانیدا، سەدەی نۆزدەهەم و نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم، لوتکەی ململانێ نەتەوەییەکان بوون. یەکەم جەنگی جیهانی (١٩١٤-١٩١٨) و دووەم جەنگى جیهانى (١٩٣٩-١٩٤٥) بەرئەنجامی ڕاستەوخۆی هەڵئاوسانی ناسیۆنالیزم و فاشیزم بوون. لەگەڵ کۆتاییهاتنی یەکەم جەنگی جیهانی و ڕووخانی ئیمپراتۆریای عوسمانیدا، مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە گەیشتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. وڵاتانی سەرکەوتوو نەخشەی ناوچەکەیان لەسەر بنەمای دەوڵەتی نەتەوەیی (بۆ عەرەب و تورک) دابەشکرد. ئەگەرچی لە پەیماننامەی سێڤر (١٩٢٠) مافی نەتەوەیی کورد وەک دەوڵەتێک دانی پێدانرا، بەڵام سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی توندی تورکی بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال ئەتاتورک، وایکرد لە پەیماننامەی لۆزان (١٩٢٣) کورد بێبەش بکرێت و دابەشبکرێت بەسەر چوار دەوڵەتی نەتەوەیی نوێدا (تورکیا، ئێراق، ئێران، سووریا).
“قۆناغی سێیەم؛ ئابووری، بازرگانی و تەکنەلۆژیا وەک سەنتەری نوێی ململانێکان”
دوای کۆتایی هاتنی جەنگی سارد لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، جیهان پێینایە قۆناغی (بەجیهانیبوون)ەوە. لەم سەردەمەدا، وڵاتان تێگەیشتن کە داگیرکردنی خاکی وڵاتێک لە ڕووی سەربازییەوە بۆ تاڵانکردنی، تێچووەکەى زۆرترە لە قازانجەکەی. لێرەوە، هۆکاری گەورەی ململانێکان گۆڕا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەکانی وزە، بازاڕەکان، ڕێڕەوە ئاوییەکان، زنجیرەکانی دابینکردن، و تەکنەلۆژیای زیرەک. هێزی ڕاستەقینە لە پارە و داهات و تەکنەلۆژیادایە، نەک لە فراوانیی ڕووبەری خاک. سەردەمی ئێستا سەردەمی کێبڕکێی ئابوورییە.
ململانێی ئەمەریکا و ئێران وەک نموونەی باڵای قۆناغی سێیەم؛ ئەگەر سەیری شەڕی ئێستای نێوان ئەمەریکا-ئیسرائیل و ئێران بکەین، بە ڕوونی دەبینین کە ئەمە نموونەیەکی ململانێی قۆناغی سێیەمە. ڕاستە هەردوولا لە میدیاکانەوە گوتارێکی ئایینی و ئایدۆلۆژی بەکاردەهێنن (ئێران ناوی ئەمریکا دەنێت “شەیتانی گەورە” و بانگەشەی میحوەری موقاوەمەی ئیسلامی دەکات، ئەمەریکاش بانگەشەی پاراستنی دیموکراسی دەکات). بەڵام، لە واقیعدا شەڕەکە لە سەدا سەد شەڕێکی ئابووری و جیۆپۆلەتیکی بازرگانییە. ئەوەش بەم پێوەرانە:
- چەکی شەڕەکە سەربازی نییە. بەڵکو ئابوورییە:- ئەمەریکا بۆ ڕووخاندن یان لاوازکردنی ئێران هێزی سەربازی نانێرێتە ناو خاکی ئێران وەک ئەوەی لە قۆناغەکانی پێشوودا باو بوو. بەڵکو قورستترین گەمارۆی ئابووری دەخاتە سەری، ئێران لە سیستەمی بانکیی جیهانی (SWIFT) دەکاتە دەرەوە، و ڕێگری دەکات لە فرۆشتنی نەوتەکەی.
- کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە بازرگانییەکان:- ئێران جگە لە کۆنترۆڵکردنى گەرووى هورمز و دروستکردنى ئەو قەیرانە ئابوورییە کاریگەرەى لەجیهاندا دروستى کردووە بە هۆى گرانبوونى نرخى نەوتەوە، لە ڕێگەی هێزە وەکالەتییەکانیشییەوە (وەک حوسییەکان لە یەمەن) دەیەوێت کۆنتڕۆڵی دەریای سوور و گەرووی باب ئەلمەندەب بکات. بەمەش هەڕەشەکەى سەر بازرگانیی جیهانی زیاتر و کاریگەرتر دەکات.
- کێبڕکێ لەسەر بازاڕی وزە و هەژموون:- کێشەی ئەمەریکا لەگەڵ ئێراندا پێشێلکردنی مافی مرۆڤ نییە (چونکە ئەمەریکا پەیوەندی باشی لەگەڵ چەندین وڵاتدا هەیە کە مافی مرۆڤیش پێشێل دەکەن)، بەڵکو کێشەکە ئەوەیە ئێران دەیەوێت ببێتە هێزێکی ناوچەیی کە کۆنتڕۆڵی ئابووری و وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات و ببێتە هاوپەیمانی ئابووریی چین و ڕووسیا، ئەمەش ڕاستەوخۆ لێدانە لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ئەمەریکا.
“تێکەڵبوونی پاساوەکان لە سەردەمی مۆدێرندا (دەمامکی ململانێکان)”
خاڵێکی گرنگ کە پێویستە لە بەرچاو بگیرێت ئەوەیە؛ ئەگەرچی لەم سەردەمەدا ئابووری و بازرگانی هۆکاری لۆژیکى و شاراوەی زۆربەی ململانێکانە. بەڵام، دەوڵەتان (بەتایبەتى لە ئاستى هەرێمیدا) لەوەش تێگەیشتوون کە بەکارهێنانى چەمکەکانى قۆناغی یەکەم و دووەم “ئایین و نەتەوە” وەک “دەمامک” بۆ شەرعییەتدان بە شەڕە ئابوورییەکان جێى خۆى دەگرێت.
بۆ نموونە، وڵاتێکی وەک تورکیا کاتێک هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوا یان باشووری کوردستان، پاساوەکەی “پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی” و هەستی شۆڤێنیانەیە. بەڵام، ئامانجە ستراتیژییەکەی دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکانی ئاو، زەوییە کشتوکاڵییەکان و ڕێگریکردنە لەوەی کورد ببێتە قەوارەیەکی سەربەخۆی ئابووری کە بتوانێت نەوت و گازی خۆی بفرۆشێت. هەروەها، ئێران هێزە بەکرێگرتەکانى لە ئێراق و سووریا و یەمەن بە ناوی “بەرگریکردن لە ئایینزاى شیعە و پیرۆزییەکان” کۆدەکاتەوە و دەیانکاتە قوربانی. بەڵام، ئامانجی ڕاستینەى سەرکردەکانی تاران، دروستکردنی (ڕێڕەوێکی وشکانییە) بۆ گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست بە مەبەستی بازرگانی و هەناردەکردنی کاڵا و وزەی ئێرانی.
“دەرەنجام”
لە خوێندنەوەی ئەم ڕەوتە مێژووییەدا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە جەنگ و ململانێ دیاردەیەکی نەگۆڕە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا؛ ئەوەی دەگۆڕێت پاڵنەرەکانییەتی. مرۆڤایەتی لە قۆناغی شەڕکردن بۆ “ئاسمان و خواوەندەکان”ەوە گواستییەوە بۆ شەڕکردن لە پێناو (خاک و نەتەوە)، و لە سەردەمی بەجیهانیبوونیشدا ئاڕاستەکەی گۆڕی بۆ شەڕکردن لەسەر (بازاڕ، تەکنەلۆژیا و سامان). نەتەوەی کورد لە هەر سێ قۆناغەکەدا باجی گەورەی داوە؛ لە قۆناغی ئایینیدا خاکی دابەشکرا، لە قۆناغی نەتەوەییدا ناسنامەکەی سڕدرایەوە و جینۆساید کرا، و لە قۆناغی ئێستاشدا (ئابووری) ڕووبەڕووی گەمارۆ و برسی کردن و پەراوێزخستنی جیۆئابووری دەبێتەوە.
سەرچاوەکان؛
١-بەدلیسی، شەرەفخان (١٩٩٠)، شەرەفنامە: مێژووی ماڵە میرانی کوردستان، وەرگێڕانی بۆ کوردی: هەژار موکریانی، چاپخانەی نەجاح، قاهیرە.
٢-ئەحمەد، د. کەمال مەزهەر (٢٠٠٤)، کوردستان لە ساڵەکانی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، چاپی دووەم، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی، هەولێر.
٣-قاسملوو، د. عەبدولڕەحمان (١٩٧٣)، کوردستان و کورد، وەرگێڕانی: عەبدوڵڵا حەسەن زادە، بڵاوکراوەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران.
٤-هنتنغتون، صامويل (١٩٩٩)، صدام الحضارات وإعادة بناء النظام العالمي، ترجمة: طلعت الشايب، تقديم: صلاح قنصوة، سطور، القاهرة.
٥-أوزتونا، يلماز (١٩٨٨)، تاريخ الدولة العثمانية، ترجمة: عدنان محمود سلمان، مؤسسة فيصل للتمويل، إسطنبول.
٦-النفيسي، د. عبدالله (٢٠٠٠)، إيران والخليج: ديالكتيك الدمج والتهميش، دار قرطاس للنشر، الكويت.
٧-سریعالقلم، محمود (١٣٨٤ – ٢٠٠٥)، ایران و جهانیشدن: چالشها و راهحلها، نشر مرکز تحقیقات استراتژیک، تهران.
٨-علیبابایی، غلامرضا (١٣٧٥ – ١٩٩٦)، تاریخ سیاست خارجی ایران (از شاه اسماعیل صفوی تا پایان جنگ تحمیلی). انتشارات درسا، تهران.






































































