لە کۆمەڵگە بەرکەوتووەکانی کۆمیونیزم-شیوعییەکان برەوی زیاتر بە دروشم و مۆنۆمێنت و تابلۆ و پەیکەر دەدرێت تا دەگاتە ناو گۆڕینی شوێنە گشتییەکان بەناوی سەرکردە سەربازیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام ئەمە زۆر جار بە پێچەوانەوە دەشکێتەوە و ڕق بەرهەم دەهێنێت. گرنگە بە ڕادەی پێویست زانیاری بە شێوازی جیاواز بدرێتە نەوەی نوێ لەسەر سەروەری و قوربانیدانی خەباتکار و تێکۆشەر و شەهیدان، بەڵام گرنگترە ئەو نەریتە بە خزمەتی گشتی و پڕۆژە و پلانی ستراتیژی بگۆڕێن و ببنە مۆنۆمێنتی هەردەم و هەتاهەتایە لە دڵ و هزر و دەروونی گشتی نەسڕێنەوە. دواجار وێنەی فەرماندەیەک و شەهیدێک لەسەر رێگەیەکی نیوەچڵ و پڕ کەموکوڕی ئەندازەیی چ واتایەکی هەیە؟ دیارە کوردستانیش بەر لێشاوی ئایدۆلۆجی هاوردەی کۆمونیزم کەوتووە و بەو شێوازە نەریتییەی خۆی کاریگەرییەکەی بەرچاو و زەقە. بۆیە زۆر جار هەڵواسینی وێنە و داتاشینی پەیکەر و دروستکردنی وێنە بەرجەستەی هەستێکی ڕاستەقینە نیە.
بۆ کورد وەکو گەلێکی خاوەن مێژوو و سەروەری و پەراوێزخراو، نکۆڵی لێنەکراوە شوێنەوارەکان دەتوانن هاوکاری ناسنامەیەکی خۆجێیی بن، بەڵام یادەوەری بەتەنیا پێگە و پایەکانی دەسەڵات و بەردەوامییەکەی بوونیاد نانێن. کۆمەڵگایەک کە وەبەرهێنانێکی زۆر لە هێماکاندا بکات بەبێ چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی و ڕەگ داکوتاوە لەسەر تیۆر و پەروەردە و چوارچێوە نەتەوەیی و بەردەست کردنی خزمەتگوزارییەکان، رەنگە لە ڕووی هەست و سۆزەوە بخرۆشێت، بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە لەرزۆک و لاواز دەبێت و کۆمەڵگە بەسەر ئێمە و ئەوان و ئەوان و ئێمە دابەش دەکات. روونە لە وڵاتانی پێشکەوتووی وەکو سویسرا و سوید و نەرویج و ژاپۆن پابەندی و خۆشەویستی وڵات لە ئێران و ئێراق و سوریا و تورکیا یەکجار زیاترە، ئەوان زیاتر پابەند و ژینگە پارێزن و بەرپرسیارانەتر مامەڵە دەکەن، لە کاتێکدا حکومەتەکانیان بەوە ناناسرێن جڵەوباڵا و زاڵ و ناوەندیی بن. لە ڕووی بیردۆزیی و تیۆرییەوە، تیۆری ناسیۆنالیزم زیاتر بەرچاومان ڕوون دەکاتەوە، بە تایبەتی ئەوانەی بێنێدیکت ئەندەرسن، کە پێمان دەڵێن و ئەوەمان بیردەخەنەوە نەتەوەکان لە ڕێگەی پەیڕەوی هاوبەشی واتادار و پەیوەندی و هاوبەشییکردنەوە بوونیاد دەنرێن، نەک تەنیا بە مۆنۆمێنت و چیرۆکی هاوبەش، کە گرنگی خۆیانیان هەیە.
کاریگەرترین جێگرەوە بۆ ئەو باق و بریق و دروشم و پەیکەر و ناو گۆڕینی شوێنە ستراتیژییەکان تا دەگات گەڕەک و قوتابخانەکان، پەروەردەیەکی خۆجێیی و ساخلەم و تەندروستە لە ڕێگەی مامۆستایەک خاوەن زانست و شکۆ و بێلایەن و خاک-پەروەر بێت. مەبەست لێرە نەک هەر پەروەردەی فەرمی، بەڵکو پەرەپێدانی پێڕۆی هاوچەرخە، کە بە شێوەیەکی ڕەخنەگرانە وانە بخوێنن و مێژووی کورد بەدەم رەخنە لە خۆگرتنەوە بنووسنەوە. پەروەردەیەک بێت ئاگاداری رابردوو بێت بە باش و نە باشەکانی و لە ئێستادا بژیت و بۆ داهاتووش پلانی هەبێت. بە دیوێکی دیکە تەنیا گێڕانەوەی هاکەزاریی ئازار و مەینەتییەکان تەنیا کۆست و خەم و پەژارە زیاتر دەکات و سەرئەنجام بێمتمانەیی و مەرگ و خەم-هۆگریی و ڕابردووخوازیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لەمەش خراپتر گواستنەوەی کۆستی دەروونییە بۆ نەوەکانی داهاتوو و دووچارکردنیانە بەهەمان بەرکەوتەی دەروونی دایک و باوکان و سەرئەنجام تووشبوون بە خەمۆکی و لاوازی کەسایەتی و نەخۆشی ترۆما. تیۆرە نیشتیمان و نەتەوەسازییەکان زیاتر جەخت لە پێویستی کۆمەڵگە هاوچەرخەکان بۆ پەروەردەیەکی یەکگرتوو و لێبوردەیی کەلەپوری دەکەنەوە. بۆیە دەبێت، وەکو ئامانجەکەیە، قوتابخانە و زانکۆ و بەرهەمهێنانی هزر و گەڵاڵەکردن و ئافراندن بن، نەک توخمێکی لاوەکی، بەڵکو ژێرخانی کەلەپوری بن و رۆڵگێری ناوەندیی بن تا وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو لە جیهانێکی هاوچەرخ و دابەشدا شوێنی خۆی لەدەست نەدات.
گەشەسەندنی ئابووری پایەیەکی هاوتەریبە بۆ نەتەوەسازیی. هەلیکار و ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی ناوخۆیی سەقامگیرییەک دروست دەکەن لە هەموو شتێک زیاتر پابەندی نیشتیمانی و نەتەوەسازیی دەسازێنن. لە تیۆرییەکانی بوونیادنانی دەوڵەتدا- بە تایبەتی ئەوانەی ڕابردوو- دەوڵەتەکان نەک تەنیا لە ڕێگەی ململانێیەوە، بەڵکو لە ڕێگەی ڕێکخستنی سەرچاوەکان و بوونیادنانی توانای کارگێڕیشەوە خۆیانیان پێشخستووە. ئابوورییەکی بەهێز وابەستەیی دەرەکی کەمدەکاتەوە و کاریگەرییەکی ڕاستەقینە بە کەسایەتییە سیاسیەکان دەبەخشێت. بەبێ بنەمایەکی ئابووری، وتاری باق و بریق و تەنانەت ئەرێنی و بابەتیش تەنیا وەکو پرسگەلێکی بێ ڕۆح و نابەرجەستە دەمێننەوە. لە نەتەوەسازی دامەزراوەسازییش زۆر گرنگە بەڕێوەبردن و حوکمڕانی ئەرێنی، زوڵاڵیی، لێپرسینەوە، خزمەتگوزارییە گشتییە کاریگەرەکان، بەدواداچوون و چاودێریی هەبن و ئەوانە کارتێکەری ناوەندیی و گرنگن. دواجار هەر قەوارەیەکی سیاسی، دەوڵەتی و نادەوڵەتی بەو دەرئەنجامانە پێناسە دەکرێت کە رێگری لە قۆرخکاری بکات و دادگەری بەرجەستە بکات. گرنگە قوربانیدانی شەهید، بریندار و خەباتگێڕان لەبەرچاو بگیرێت و پەیکەر و وێنە و تابلۆش ئیشی کۆمەڵگەیە، ئەرکی دامەزراوە گشتییەکان پێشکەشکردنی خزمەتی پێویستە بە خێزانەکانیان بە بێ کاریگەری لەسەر سازانی پیشەیی و کۆمەڵایەتی بۆ نمونە لە رێگەی ئاسانکاریی یاسایی و کارگێڕیی و حکومەتیش دەبێت دادگەری و مافەکانیان بۆ دەستەبەر بکات، بە ئەندازەیەک زیان بە گشتی نەگەیەنێت و لەو پێگەیە دابن کێبڕکێش بکەن. دواجار لە ڕێگەی شێواز و میکانیزمی کارکردن متمانەی گشتی دروست دەبێت.
لە لایەکی دیکە، کاتێک هاووڵاتیان متمانەیان بە دامەزراوەکان هەیە، ناسنامە دەبێتە بەرجەستەی کرداری ئەرێنی ڕۆژانە نەک تەنیا دەربڕینی دروشم و دابەشبوون لەسەریان. کاتێک هاووڵاتی دڵنیابێت ماف ناخورێت و خزمەتی پیشەیی لەبەرچاودەگیرێت، ئەوەندە دروشم و پەیکەر و تابلۆ و وێنە گرنگ نابن تا لە شوێنی گشتییدا پیشانی هاووڵاتیان بدرێن و لە هەمان کات هیچ پاڵنەرێکی ڕاستەقینەیان نەبێت. دیپلۆماسی و پەیوەندی ستراتیژی بوارێکی دیکەیە کە زۆرجار کەمتر تەماشا دەکرێت، بەڵام زۆر جار دەڵێم لە پەیوەندی دیبلۆماسی دەرەکی گرنگتر پەیوەندییە نێوخۆییەکانن؛ ئینجا پەیوەندی نێودەوڵەتییم بۆچیە، کە پەیوەندییە نێوەخۆییەکانم لاواز بن؟
کورد لەبری ئەوەی تەنیا لە ڕێگەی گوتاری قوربانیبوون یان بەرەنگارییەوە خۆیان بخەنە ڕوو، دەتوانن وێنەی خۆیان وەک هاوبەشی متمانەپێکراو و دانوستانکاری ژیر و کۆمەڵگەیەکی خاوەن بەرژەوەندی ڕوون لە چوارچێوەیەکدا دابڕێژنەوە. ڕوانین لە سیاسەت و مامەڵە و پەیوەندییەکان بە چاویلکەی سیاسەتکردنی ڕاستەقینە (ریەل پۆلیتیکس)، حوکمەت و دامەزراوەکان و گشتیش وێڵی هاوکاری ئەم و ئەو نابن و چاوەڕوان نابن پەسنیان بکرێت و بە ئازا یاخود ئاشتیخواز یان شەڕزان تەماشا بکرێن، بەڵکو متمانەی هاووڵاتیانیان لا گرنگتر دەبێت و بەرژەوەندییەکانی ئەوان دەخەنە پێشەوە و ئەوانیش بەهەمان شێوە. دەرکەوت هەرێمی کوردستان وێڕای هەوڵی سنووردار یان. کەمتوانایی دارایی، لە ماوەی نزیکەی چوار دەیەی رابردوو زۆر سەرقاڵی روانینی ئەوی دیکە بووە و تەنیا دەتواندرێت بگوترێت بزاوتێک لە دوای 2010 بەرەو هاووڵاتیان دەستی پێکردووە و لە سەردەمی کابینەی نۆیەم، بە بەرهەم گەیشتووە. ئەوەش لەو دۆخ و کات و ساتە نەبووایە کاریگەری ئەرێنی زیاتری دروست دەکرد.
ئەوەی گرنگە، دواجار، بەرهەمهێنانی کەلەپور- ئەدەب، سینەما و میدیای خۆجێیی، بەو شێوەیە دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەرتر پێگە و ناوی قەوارە و پێکهاتەی سیاسی گشتی و حکوومەت خۆی نوێ بکاتەوە. ئەمە کاریگەریەکی وەها دروست دەکات مۆنۆمێنت و وێنە و تابلۆ ناتوانن کێبکرکێی بکەن. ئەمەش بەو مانایەیە کە ناسنامەی کورد وابەستە نییە بە گێڕانەوەی ئازارەکانەوە؛ دەتوانرێت بەردەوام بە شێوەیەکی دیکە دابڕێژرێنەوە، کە بەهێزتر بن و جێگەی پەسنی زیاتری گشتی بێت. کاری بەرجەستە، خزمەت و ژێرخان و کاری دامەزراوەیی پەیکەر و تابلۆیەک دەنەخشێنن بە داگیرکاریی نالەرزێت و ناکەوێتە ژێر فشاری ئەم و ئەو. شوێنەوارەکان، مۆنۆمێنت و پەیکەرەکان دەبێ بمێننەوە، بەڵام نەک وەکو ئامرازی خۆ بەقوربانیزانین ،چونکە ئەوان کۆتایی مێژوو نین، بەڵکو وەبیرهێنانەوەی کاروباری تەواونەکراون. کاتێک کۆمەڵگایەک لە خاڵی بیرهێنانەوەدا دەوەستێت، یادەوەری دەبێتە جێگرەوەی کردار. کاتێک یادەوەری بیرەوەری تێدەپەڕێنێت و دەبێتە پلان و چارەسەر، بەرهەمەکەی دەبێتە سەرچاوەیەک کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت و پەرەی پێبدرێت و بە شێوەیەکی ستراتیژی کۆمەڵگە پێشبخات. وانەی قووڵتر لە تیۆرییەکانی دەوڵەت و بوونیادنانی نەتەوە تەنیا ئەوە نین، کە وەبیری بهێننەوە دامەزراوەکان گرنگن، بەڵکو پێشینەدان بە بابەتی هەستیاری نەتەوەیی و ئاگایی گشتی و لەتەک ئیشی خزمەتگوزاریی دادگەر و بێ جیاوازی زۆر گرنگن. ئەگەر هێماسازی زاڵ بێت، لە کۆتاییدا سۆزداری توانستی گشتی لەناو دەبات. ئەگەر سیستەم و زانین و ستراتیژی پێشبکەون، ناسنامە بەهێزتر دەبێت، چونکە بنەماکەی کارکردن بووە نەک تەنیا خەیاڵ.
ئەم وتارەی من، بۆ هەموو تاکێکی کورد لە کۆمەڵگە تا دەگاتە سەرکردەکان، بانگەواز نییە بۆ وازهێنان لە یادەوەری یان کەمکردنەوەی بەهای قوربانیدان، بەڵکو پاڵاوتەکردنیان و بەکارهێنانیانە وەکو وزەی کار و خزمەتی زیاتر. دواجار یادەوەرییەک کە تەنیا گریانە، بەردەوام سەیری دواوە دەکات؛ یادەوەرییەک کە نەخرێتە خزمەتی مێژووی داهاتوو، ئێمە بەرەو پێشەوە نابات. داهاتوو بە گەڕانەوە و وەبیرهێنانەوەی رابردوو و خۆبەقوربانییزانین دیاری ناکرێت، بەڵکو بە کاریگەری و ڕێکخستن و پەروەردە و زانستەوە لە ئێستاوە بۆ داهاتووێکی باشتر دیاری دەکرێت.







































































