“هۆکار و چارەسەرەکان”
ململانێ چەکداری و قەیرانەکان تەحەدای جددی بۆ سیستەمی پەروەردە لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی دروست دەکەن. لەناوچوونی ژێرخانی ئابووری، پچڕانی زنجیرەی دابینکردن، فشاری دەروونی و نائەمنی بە شێوەیەکی بەرفراوان پرۆسەی پەروەردەی ئاسایی و ناوپولەکان تێکدەدەن. لەم جۆرە بارودۆخەدا پەروەردەی زیرەک وەک چارەسەرێکی ستراتیژی بۆ بەردەوامبوونی فێربوون سەرهەڵدەدات. لەن بابەتەدا بە بەکارهێنانی ڕێبازێکی شیکاری و بە پشتبەستن بە داتاکانی ئەم دواییە، بەدواداچوون بۆ ئەو هۆکارانە دەکات کە کاریگەرییان لەسەر بڵاوکردنەوەی پەروەردەی زیرەک هەیە لەسەر ئاستی جیهانی و لە هەرێمی کوردستان. ئەنجامی نمونەکان دەریدەخەن کە جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی پەروەردەی زیرەک پێویستی بە گرنگیدان بە ژێرخانەکانی پەروەدەیی، سەرمایەی مرۆیی، پشتیوانی ڕێکخراوەیی، هۆکارە دەروونییەکان و سیاسەتە ئابوورییەکان هەیە لە یەک کاتدا. هەروەها ئەزموونی حکومەتی هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گرنگ دەخاتە ڕوو کە چۆن پەروەردە دەتوانێت خۆی لەگەڵ بارودۆخی شەڕ و قەیرانەکاندا بگونجێنێت لە ژینگەیەکی نیمچە سەربەخۆ و چالاکدا. لە دەیان ساڵی ڕابردوودا پەروەردە بووەتە یەکێک لە پێکهاتە گرنگەکانی گەشەسەندنی مرۆیی و کۆمەڵایەتی. بەڵام هەمیشە شەڕ و ململانێی چەکداری یەکێک بووە لە هۆکارە گرنگەکانی پەکخستنی سیستەمی پەروەردە. ململانێکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت شەڕی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران و گرژییە ناوچەییەکانی پەیوەندیدار، نیشانی داوە کە پەروەردەی ناو خوێندنگە و زانکۆکان لە دۆخە قەیراناوییەکاندا بە شێوەیەکی جددی لاواز و ناکارامە دەردەکەوێت و لەوانیە هەر بە یەکجاریش بوونی نەمێنێت تا ئەو کاتەی کە شەڕ یا ململانێکان بە کۆتا دێن و ئەگەر ئەو کاتەش بینا و قوتابخانەیەک مابێت کە شیاو بێت بۆ خوێندن و پەروەردە.
لەم جۆرە بارودۆخانەدا تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و پەروەردەی زیرەک وەک چارەسەرێکی گرنگ دەردەکەون و دەبن بە جێگرەوەیەکی کاریگەر و گرنگ. پەروەردەی زیرەک بەکارهێنانی ئەمانە لەخۆدەگرێت:-
- فێربوونی ئەلیکترۆنی (E- Learning).
- زیرەکی دەستکرد (AI) و فێربوونی پراکتیکی و گونجاو.
- پلاتفۆرمە پەروەردەییە ئۆنلاینەکان.
- شیکاری داتا پەروەردەییەکان.
کە هەر هەموو ئەمانە دەتوانن دەستڕاگەیشتنمان بە خوێندن لە دۆخە سەختەکاندا مسۆگەر بکەن. لە هەرێمی کوردستان بەهۆی تایبەتمەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییە ناوازەکانی و هەروەها بەهۆی نزیکی لە ناوچە جێناکۆکەکان، ژینگەیەکی نمونەییە بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی پەروەردەی زیرەک لە کاتی جەنگدا دەرەخسێنێت جگە لەوەش، لێووردبوونەوە و دیراسەکردنی هۆکارە جیهانییەکان یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە کاریگەرییە نێودەوڵەتی و هاوکاتەکانی و کەڵک وەرگرتن وەک نمونە و ئەزموون بۆ ژیگە لۆکاڵییەکاندا. جێگیرکردنی پەروەردەی زیرەک لە ژێر کاریگەری کۆمەڵێک هۆکاری فرەڕەهەنددایە. مۆدێلی قبوڵکردنی تەکنەلۆژیا (TAM) وسەرکەوتنی سیستەمی زانیاری ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاسانکاری بەکارهێنان، سوودمەندی، ژێرخانی و پشتگیری ڕێکخراوەیی گرنگترین هۆکارن بۆ پێشوازیکردن و وەرگرتنی تەکنەلۆژیا. هەروەها لە ژینگە قەیراناوی و پڕ لە ئاڵنگارییەکانیشدا، هۆکارە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان ڕۆڵی نێوەندگیری دەگێڕن. لە ژینگەیەکی جیهانیدا، ئەو وڵاتانەی ژێرخان و سەرچاوەی مرۆیی بەهێز و لێهاتوو و کارامە و ڕاهێنراویان هەیە، سەرکەوتنی بەرزتریان و باشتریان هەیە لە پەروەردەی زیرەکدا. لە بەرامبەردا لە ناوچە جەنگی و گەشەنەسەندووەکانی تر، ئاستەنگەکان بریتین لە کەمی ئامێرەکان و ئامرازەکان، سنوورداربوونی ئینتەرنێت و لاوازی ڕاهێنانی مامۆستایان و ستاف.
هۆکارەکانی ژێرخانی:- لە ئاستی جیهانی و لە زۆرێک لە وڵاتانی پێشکەوتوو: دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێتی خێرا بە شێوەیەکی بەرفراوان، ئامێری دیجیتاڵی هەمەچەشن لە قوتابخانە و زانکۆکان و پلاتفۆرمی پەروەردەیی پێشکەوتوو بوونی هەیە و لە بەردەستدایە.کە ئەم هۆپێناو و مەرجانە ڕێگەخۆشدەکەن بۆ بڵاوکردنەوەی شیاو و لەباری پەروەردەی زیرەکدا. لە هەرێمی کوردستانیش، گەشەپێدانی ژێرخانی تەکنەلۆژی لەم ساڵانەی دواییدا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام هێشتا ئەم سنووردارکردنانەی خوارەوە هەن و پیوسیتە کاری زیاتر و بەردەوامی لە سەر بکرێت: ناسەقامگیری ئینتەرنێت لە هەندێک بواردا، نەبوونی ئامێر و سەرچاوەی خوێندنی دیجیتاڵی تەواو لە هەموو قوتابخانە حکومییەکان و سنوورداری زیاتر لە ناوچە گوندنشینەکاندا. لە بارودۆخی جەنگدا ئەم سنووردارکردنانە خراپتر دەبن و پێویستیان بە چارەسەری نەرم و داهێنەرانە پێشوەختە بەرنامەبۆ داڕێژراو و خێرا هەیە.
سەرمایەی مرۆیی و لێهاتوویی دیجیتاڵی:- لە ئاستی جیهانیدا، مامۆستایان و خوێندکارانی وڵاتانی پێشکەوتوو دەستیان بە کارامەیی دیجیتاڵی گونجاو دەگات بە ئاسانی و ڕاهێنانی پیشەیی بەردەوام بەرهەمهێنانی تەکنەلۆژیا زیاد دەکات. لە هەرێمدا، هەندێكجار زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا دەستڕاگەیشتنیان بە کەرەستە و لێهاتوویی پێویست نییە، قوتابخانە حکومییەکان و ناوچە گوندنشینەکان ڕووبەڕووی نەبوونی ڕاهێنانی تایبەتمەند دەبنەوە بۆ مامۆستایان و تەنانەت قوتابیانیش و توانای خوێندکاران بۆ بەکارهێنانی ئامرازە دیجیتاڵییەکان سنووردارە، هەرچەندە کاری زۆر باشی لە سەر کراوە و بەردەوام کاری بۆ دەکرێت و پێویستە بۆ ئاستی ستانداردی جیهانی بەرز بکرێتەوە. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە توانای مامۆستایان و خوێندکاران بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا کاریگەری ڕاستەوخۆ و بەهێزی لەسەر سەرکەوتنی خوێندنی زیرەک هەیە کە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئەزموونی باشێ لێ وەرگیراوە و بەکارهاتووە و دەرەنجامی باشی هەبوە.
هۆکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی:- شەڕ کاریگەری قووڵی لەسەر تەندروستی دەروونی قوتابیان و مامۆستایان هەیە؛ دڵەڕاوکێ و ترس بەهۆی نائەمنی، کەمبوونەوەی تەرکیز و پاڵنەر و فشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان و لە هەرێمی کوردستانیش نزیکی لە ناوچە جەنگییەکان و ئەزموونی ئاوارەبوونی دانیشتووان ئەم هۆکارانە خراپتر دەکەن. لەسەر ئاستی جیهانی ئەم کاریگەریانە بەپێی توندی قەیرانەکە و خۆڕاگری کۆمەڵگاکان دەگۆڕێت.
هۆکارە ئابوورییەکان:– زۆرجار شەڕەکان دەبنە هۆی کەمکردنەوەی بودجەی پەروەردە، زیادبوونی هەژاری و نایەکسانی لە دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی دیجیتاڵی و فشار لەسەر خێزانەکان بۆ ئەوەی بتوانن کەلوپەل و ئینتەرنێت بکڕن. لە هەرێمی کوردستانیش ئابووری بە ڕادەیەکی زۆر وابەستەی داهاتی نەوتە و هەڵاوسانی نرخی جیهانی کاریگەری لەسەر بودجەی پەروەردە و وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیادا هەیە. ئەم سنووردارکردنانەبە تایبەتی نەناردن یا دواخستنی مووچە و بودجەی هەرێم لە لایەن حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەتوانێت هەڕەشە لە زۆربەی بوارەکانی ژیان و گوزەران و بەتایبەتی بەردەوامی و کوالیتی خوێندنی زیرەک بکەن.
هۆکارەکانی تایبەت بە بەڕێوەبردن و سیاسەتگوزاری:- سەرکەوتن لە زیرەککردنی پەروەردە پێویستی بە بەڕێوەبردنی کارا و داڕشتنی سیاسەتی وردی وەک داڕشتنی سیاسەتی پەروەردەیی گونجاو بۆ بارودۆخی قەیراناوی، پشتیوانی حکومەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبردنی سەرچاوە و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە ناوخۆییەکان هەیە و لە هەرێمی کوردستان لە پاڵ پاڵپشتی بەهیزی حکومەت و لایەن پەیوەندیدارەکان و سیاسەتگوزاری و دانانی مەرج و ڕێنمایی و ئاسانکاری پێویست، هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و پێشکەشکردنی ڕاهێنانی تایبەتمەند بۆ مامۆستایان و ستاف و کلیلی سەرکەوتنن.
تەکنەلۆژیا و داهێنانی پێشکەوتوو:– تەکنەلۆژیا نوێیەکان فێربوونی کەسی و زیادکردنی بەشداریکردن چالاک دەکەن؛ زیرەکی دەستکرد بۆ گونجاندنی ناوەڕۆک لەگەڵ ئاستی زانیاری خوێندکاران، ئینتەرنێتی شتەکان IOT)) بۆ بەڕێوەبردنی ژینگەکانی فێربوون و پلاتفۆرمی مەجازی بۆ ئەو پۆل و کڵاسانەی کە هاوکاتن یاخود خەزنکراون. لە ناو هەرێمی کوردستانیش بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایانە هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە، بەڵام توانایەکی زۆری هەیە بۆ باشترکردنی کوالیتی پەروەردە.
“بەراوردکردنی ژینگەی جیهانی وهەرێمی کوردستان”
| فاکتەر | ژینگەی جیهانی | ژینگەی کوردستان |
| ژێرخان | بەهێز و بەرفراوان | مامناوەند، سنووردار لە ناوچە گوندنشینەکان |
| کارامەیی دیجیتاڵی | بەرز | مامناوەند، پێویستی بە ڕاهێنانی زیاترە |
| پشتیوانی حکومەت | بەهێز و سەقامگیر | سنووردار و وابەستەی بودجەی نەوت و سەقامگیری |
| دەستڕاگەیشتن بە تەکنەلۆژیا | بەرفراوان | سنووردار و نایەکسان |
| هۆکارە دەروونییەکان | لە ژێر کۆنترۆڵدا | توندتر بەهۆی شەڕ و ئاوارەبوون و کۆچکردنی دانیشتووان |
زۆرینەی توێژینەوەکان دەریدەخەن کە تێکەڵەیەک لە هۆکارە ژێرخانی، مرۆیی، دەروونی و ئابوورییەکان سەرکەوتنی پەروەردە و فێرکردنی زیرەکمان بۆ دیاری دەکەن. ئەزموونی جیهانی دەریدەخات ئەو وڵاتانەی ژێرخانی بەهێز و سەرمایەی مرۆیی بەتوانایان هەیە، باشتر توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکانیان هەیە بە تایبەتی جەنگ. لە وڵاتانی جیهانی سێیەمیشەوە ئاستەنگەکان زیاتر لە بواری ژێرخانی و سەرچاوە مرۆییەکاندایە، بەڵام بە پلانی ورد و هاوکاری نێودەوڵەتی و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای سەردەم، دەکرێت پەروەردەی زیرەک بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکرێت. قەیرانەکان هەمیشە بزوێنەرێک بوونە بۆ داهێنان لە بواری پەروەردەدا و شەڕی ئێستاش دەتوانێت گۆڕانکاری پێکهاتەیی لە سیستەمی پەروەردەی جیهانیدا دروست بکات. زیرەککردنی پەروەردە لە کاتی جەنگدا، پێویستییەکی ستراتیژییە. سەرکەوتن لەم بوارەش پەیوەستە بە هۆکارەکانی وەک ژێرخانی تەکنەلۆژی، کارامەیی دیجیتاڵی، پشتیوانی دامەزراوەیی، داڕشتنی سیاسەتی ئابووری و خۆڕاگری دەروونی. لە هەرێمی کوردستان بە سەرنجدان بەو ئاستەنگانەی کە هەن، پێویستی وەبەرهێنان لە ژێرخانی ئابووری و ڕاهێنانی مامۆستایان و هاوکاری نێودەوڵەتی زیاتر هەست پێدەکرێت کە مەرجی سەرەکی سەقامگیری و یەکگرتوویی و ڕاهێنانی بەردەوام و بەهێزبوونە لە بەرێوەبردنی قەیرانەکان و پلانی ستراتیژی و سیاسەتگوزاری پشتبەستوو بە زانست و توێژینەوەدا.







































































