“وەستانێک لەسەر زنجیرە تابلۆی گوڵەکان”
پێگەی ژنان لە بواری هونەردا بۆ چەندین سەدە لە ژێر کاریگەری پێکهاتە نێرسالارییەکاندا بووە کە نەک هەر “بوونی” ئافرەتی لەو بوارەدا سنووردار کردووە، بەڵکو شێوازی دەرکەوتنی ژنانی هونەرمەندی بە ڕوانگەیەکی پیاوانەوە نرخاندووە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش لە دەسپێکی سەدەی بیستەم و هاوکات لەگەڵ پێشکەوتنە بەربڵاوەکانی هونەری مۆدێرن، ژمارەیەک هونەرمەندی ژن توانیان زمانی هونەریی تایبەت بە خۆیان بدۆزنەوە و ڕێبازێکی نوێ بۆ نواندنەوەی جیهانی دەوروبەریان چێبکەن. لەم قۆناغەدا؛ “جۆرجیا ئۆکیف” وەک یەکێک لە کاریگەرترین نیگارکێشانی مۆدێرنیزمی ئەمریکی ناسراوە. بەرهەمەکانی جۆرجیا کە زیاتر گوڵی گەورە گەورە و دیمەنە سرووشتییەکانی باشووری ئەمریکا و هەروەها فۆرمی ئەبسترەکتی وەرگیراو لە سرووشتن؛ سنووری نێوان نیشاندانەوەی ئۆبژێکتیڤ و ئەزموونی دەروونی هونەرمەند، بە شێوەیەکی ناوازە کاڵ دەکاتەوە. لێکۆڵینەوە لەسەر بەرهەمەکانی ئۆکیف نەک هەر ڕێگە بە شیکاری زمانە ویژواڵە ناوازەکەی جۆرجیا دەدات، بەڵکو دەتوانێت ببێتە هۆی تێگەیشتنێکی قووڵتر لە پەیوەندی نێوان سرووشت، جەستە و شوناسی ژنانە لە ناو هونەری مۆدێرندا.
“پاشخانی مێژوویی و دروستبوونی ڕوانگەی هونەری”
لە بنەماڵەی ئۆکیف دا؛ پەروەدەی ژنان نەریتێکی لەمێژینە بوو، دایکی جۆرجیا بۆخۆی ژنێکی خوێندەوار بوو و دوواتر تەواوی کچەکانیشی هەر یەک لە بوارێکدا پێگەیشتن و بوونە پسپۆڕ. ژیانی هونەریی جۆرجیا ئۆکیف لە چوارچێوەیەکی مێژووییدا دەستی پێکرد کە هاوتەریب بوو لەگەڵ پێشکەوتنی زمان و شێوازی دیدەیی(Visual) هونەر. لە سەرەتای سەدەی بیستەم زۆریەک لە هونەرمەندانی ڕۆژاوا وەک کاردانەوەیەک لە هەمبەر نەریتە کلاسیکەکانی سەدەی نۆزدە، بە دووای ڕێگایەکدا دەگەڕان بۆ دەربڕینی ئەزموونی بابەتیی و تێڕوانینی تاکەکەسی خۆیان بۆ جیهان. لەم ساڵانەدا و کاتێک ئۆکیف سەرقاڵی ڕاهێنانی هونەری بوو کەوتە ناو ئەو ڕەوتە، بە تایبەت کاتێک لەگەڵ تیۆرییە فێرکارییەکانی “ئارتور وێسلی داو” ئاشنا بوو، وردەوردە بەرەو رێبازێک هەنگاوی نا کە تیایدا توخمە سەرەکییەکانی تابلۆ -وەک هێڵ، ڕووبەر و ڕەنگ- وەک ئامرازی سەربەخۆی دەربڕینی هونەریی هەژمار دەکران. “داو” ڕای وابوو کە دوائامانجی هونەر، دەربڕینی ئایدیا و هەستی ناخی هونەرمەندە کە بە باشترین شێوە بە هارمۆنیای هێڵ و ڕەنگ و نۆتان (ستایلێکی ژاپۆنی بۆ پرۆسێسکردنی ڕووناکی و تاریکی) دەردەکەوێت و دێتە سەر کەنڤاس. ئەو ڕێبازە وایکرد جۆرجیا لە نوواندنەوەی واقیع دوور کەوێتەوە و بەرەو جۆرێک لە دەربڕینی دیدەیی بڕوات کە لە جیاتی پشتبەستن بە نوواندنەوەی سرووشت، جەخت بکاتەوە سەر ئەزموونی هەستکردن و تێگەیشتنی کەسیی هونەرمەند. لەناو ئەم پرۆسەیەدا، ناسینی فۆتۆگرافەر و تیۆریسییەنی هونەری مۆدێرنیزمی ئەمەریکا ” ئالفرێد ستایگلێتس” هێندەیتر لە جێگیر کردنی پێگەی جۆرجیا لە ناو گۆڕەپانی هونەریی ئەمەریکادا ڕۆڵی هەبوو. ستایگلێتس بە پشتگیری لە هونەری مۆدێرن و هەروەها ڕێکخستنی پێشانگا بۆ جۆرجیا، زەمینەیەکی دروست کرد بۆ ئەوەی بەرهەمەکانی ئەو ژنە هونەرمەندە بکەوێتە بەر پەسن یان ڕەخنەی بینەران و ڕەخنەگران. بەڵام ئەوەی کە کارەکانی ئۆکیف لە زۆریەک لە هاوچەرخانی جیا دەکاتەوە، هەوڵی دروستکردنی جۆرێکە لە پەیوەندی نێوان ئەزموونی کەسی، دەرکی سرووشت و ڕیکخستنی فۆرمالی توخمەکانی وێنە، هەر ئەم بابەتە بوو هۆی چێبوونی یەکێک لە تایبەتترین شێوازە دیدەییەکانی هونەری نیگارکێشی مۆدێرنی ئەمەریکا.
“تایبەتمەندییە دیدارییەکان و ڕێکخستنەوەی فۆڕم لە بەرهەمەکانی جۆرجیا ئۆکیف”
لە شیکردنەوەی بەرهەمەکانی ئۆکیف، پێکهاتەی فۆڕمەکان گرینگییەکی بنەڕەتی هەیە؛ چونکە بەشێکی گرینگی دەربڕینی هونەریی جۆرجیا لە ڕێکخستنەوەی فۆڕمەکانەوە بەدی دێت. یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکان لە نیگارەکانی جۆرجیادا؛ سادە کردنەوەی فۆڕمەکان و لابردنی وردەکارییەکانە، ئەم شێوازە ڕیگە دەدات توخمە سەرەکییەکانی نیگارەکە، بە ڕوونی و هێزێکی زیاترەوە لەسەر کەنڤاس دەرکەون. ئەم سادەکردنەوەیە بە تایبەت لە سیمبولە سرووشتییەکانی وەک گوڵ و دیمەنی ناو سرووشت دەبیندرێت، تا ڕادەیەک کە ئەم سۆبژێکتانە وردەوردە لە ئەبستراکت نزیک دەبنەوە. لە ڕوانگەی “داڕشتن”-ەوە تابلۆکانی جۆرجیا پێکهاتەیەکی هاوسەنگن لە ڕووبەری بەرینی ڕەنگاوڕەنگ و هێڵی چەماو. ئەم ڕێکخستنە وردە لە داڕشتنی توخمەکانی ناو تابلۆ وادەکات نیگای بەردەنگ لەناو تابلۆکەدا بگەڕێت و لە یەک شوێن نەوەستێت و لە هەمان کات جۆرێک ریتمی هونەری لەم پێکهاتەیەدا دروست بکات. ڕەنگ لە بەرهەمەکانی جۆرجیا ئۆکیف، ڕۆڵی پێناسەکردن و گواستنەوەی واقیعی دیمەنەکانی نییە بەڵکو وەک فاکتەرێکی دەربڕین دەور دەبینێت، بە جۆرێک کە پلە جیاوازەکانی ڕەنگ، تۆنالیتەی ڕەنگەکان و کۆنتراستی نێوانیان، دەبێتە هۆی چێبوونی ئەزموونی دەروونی جیاواز. بەم پێیە دەکرێ تابلۆکانی ئۆکیف وەک هەوڵێک بۆ گۆڕینی ئەزموونی بینینی سرووشت بۆ جۆرێک پێکهاتەی دیداریی دابنێین کە تێیدا پەیوەندی نێوان فۆڕم و ڕەنگ و قەبارە، بناغەی بنەڕەتی دەربڕینی هونەریی پێک دەهێنن.
“شیکاری هێمای گوڵ لە بەرهەمەکانی ئۆکیف”
لە سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا، کاتێک ئۆکیف زنجیرە تابلۆکانی لەسەر تەوەری “گوڵ” نمایش کرد، وەک یەکێک لە باشترین نیگارکێشانی مێژووی هونەریی ئەمریکی ناوی دەرکرد. ئۆکیف لەم زنجیرە بەرهەمەدا، گوڵەکان لە قەبارەی گەورەدا دەکێشێتەوە و فۆکس دەخاتە سەر پێکهاتەی ناوەوەی گوڵەکان و بەم شێوەیە؛ ئەزموونێکی نوێ لە بینینی سرووشت بۆ بینەر دروست دەکات. لە زۆربەی ئەو تابلۆیانەدا وێنەی گوڵەکە نزیک بە تەواوی ڕووبەری کەنڤاسەکەی داگیرکردووە. بەم شێوەیە گوڵ لە بەرهەمەکانی ئۆکیف، لە بابەتێکی سرووشتی سادە تێدەپەڕێت و دەبێتە فاکتەرێک بۆ تێڕامانی زیاتر و ئەزموونی جیاواز لە دەرکی سرووشت. لەم تابلۆیانەدا بەکارهێنانی ڕەنگ و فۆڕم ڕؤلیکی گرنگی لە پێکهاتەی دیدەیی (Visual) بەرەهەمەکەدا هەیە. ئۆکیف بە بەکارهێنانی ڕووبەری ڕەنگیی نەرم و پلەبەندیی ناسکی نێوان ڕەنگەکان و هەروەها هێڵی چەماو، کەشێکی ئارام و جێگیر لە تابلۆکانیدا دروست دەکات و ئەمەش وادەکات وردە وردە سەرنجی بینەر بەرەو ناوەندی فۆڕمی گوڵەکە بڕوات و جۆرێک لە پەیوەندی نزیک لە نێوان نیگای بینەر و پێکهاتەی ناوەوەی سابژێکتەکەدا دروست بێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە زۆریەک لە توێژەرانی بواری هونەر ڕایان وایە ئەم تابلۆیانە تەنیا نیشاندانی سرووشت نین، بەڵکو لێکدانەوەیەکی کەسییە بۆ ئەزموونی بینراوی هونەرمەند.
“لێکدانەوە جێندێرییەکان بۆ زنجیرە تابڵۆی گوڵ”
هەروەک باسکرا، زنجیرە بەرهەمی گوڵەکان هەر لە سەرەتای پیشاندانیانەوە بوونە تەوەری سەرەکی گوتاریی ڕەخنەیی هونەری مۆدێرن و ڕێگەیان بۆ لێکدانەوەی جۆراوجۆر خۆش کرد، لە ناو ئەم خوێندنەوانەدا بەشێک لە ڕەخنەگران بە تایبەت لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا، بە ڕوانگەیەکی سیمبولیکەوە، ئەم نیگارە گەورانەیان وەک جۆرێک لە مێتافۆر یان هێمای پەیوەست بە جەستەی مێینە لێکدەدایەوە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە پێکهاتەی فۆڕمیی گوڵەکان، گرنگیی بەشە ناوەندییەکان و شێوازی گەورەکردنەوەیان، دەشێ وەبیرهێنەری جەستەی ژنانە یان شوناسی مێینە بن. سەرەڕای ئەمەش ئەو شرۆڤانە هەمیشە هەڵوێستی خودی ئۆکیفی بەدووی خۆیدا هێناوە، ئۆکیف ئەم جۆرە خوێندنەوانەی بە دەرئەنجامی پڕۆجێکشنی دەروونی بینەر دەزانی و پێداگر بوو لەسەر ئەوەی دوائامانجی لەم وێنەرییە، ڕاکێشانی سەرنجی بینەرە بۆ جوانی و پێکهاتەی ناسکی گوڵەکان. ئۆکیف پێی وابوو لە ژیانی ڕۆژانەدا مرۆڤ کەمتر لە سرووشت و گەردوون ورد دەبێتەوە، جۆرجیا دەڵێت: ” کەس گوڵێک وەک خۆی نابینێت؛ ئێمە دەرفەتی بینینیمان نییە، بینین کاتی پێویستە. ئەگەر من گوڵەکە هەر وەک خۆی بنەخشێنم، ئەوەی من دەیبینم، ئەوانی تر نایبینن. بۆیە گوڵەکە وەک خۆی بەڵام گەورە و بارز دەکێشمەوە بۆ ئەوەی هەمووان سەرسام بکەم.” لەم ڕوانگەوە دەکرێت قەبارەی گوڵەکان وەک هەوڵێک بۆ ناچارکردنی بینەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی وردتر و چڕتر لەگەڵ ئۆبژەدا سەیر بکرێت.
“دیمەنەکانی نیۆمێکزیکۆ و پەیوەندی لەگەڵ سرووشت”
بەشێکی بەرچاو لە گۆڕانکاریی چەمکیی و زمانیی لەناو بەرهەمەکانی جۆرجیا ئۆکیف، ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە نیشتەجێبوونیەوە لە نیۆمێکزیکۆ لە باشووری ڕۆژاوای ئەمەریکاوە هەیە. بینینی ئەو دیمەنە بەرفراوانانە، ئێسکی ئاژەڵ، پێکهاتەی جیۆلۆژی زەوی و فۆڕمە مینیماڵەکانی سرووشت بووە هۆی دروستبوونی قۆناغێکی نوێ لە ڕێبازە هونەریەکەی ئەو هونەرمەندەدا. لە ڕاستیدا گۆڕینی شوێن بۆ جۆرجیا بە جۆرێک گۆڕانکاری بوو لە شێوازی تێگەیشتن و نیشاندانەوەی فەزا تا ڕادەیەک کە سرووشت لە بەرهەمەکانی ئەم قۆناغەی ئۆکیف، لە ئاستی دیمەنێکی بینراو تێدەپەڕێت و دەبێتە گۆڕەپانێک بۆ بۆ بیرکردنەوە لە پەیوەندی نێوان فۆرم و فەزا .
لەم پۆلە بەرهەمەدا؛ رێکخستنی فاکتەرەکان لەسەر بنەمای مینیمال کردنی فۆڕمەکان و تەکەزکردنە سەر پێکهاتە بنەڕەتییەکانی سرووشتن. هێڵی ئاسۆیی دوورو درێژ، فەزای کراوە و ڕێژەی وردی نێوان ڕووبەر و باڕست ، جۆرێک هاوسەنگی و ڕاوەستانی دروست کردووە. لە هەمان کاتدا، کۆنتراستی نێوان فۆڕمی ڕەق و نەرم، هەروەها شێوازی دانانی هێماکان لەسەر کەنڤاس دەرخەری جۆرێک تێگەیشتنن لە سرووشت کە لە سنووری ئەبستراکت نزیک دەبنەوە. ڕەنگەکانیش لەچاو بەرهەمەکانی پێشووی ئۆکیف، سنووردارترن و زیاتر لە پێناو هارمۆنیای گشتی بەرهەمەکەن. بە گشتی لێکۆڵینەوەیەک لەسەر بەرهەمەکانی ئۆکیف دەریدەخات ئۆکیف توانیویەتی بە زمانی هونەریی تایبەتی خۆی، پێگەیەکی جیاواز لە ناو مێژووی هونەری مۆدێرن دا دەستەبەر بکات، شێوازی جۆرجیا لە مینیمال کردنی فۆڕمەکان و گەورەکردنەوەی قەبارەی ئۆبژەکان و جەخت لەسەر پەیوەندی ڕەنگ، فەزا و پێکهاتەی گشتی، جۆرێک دەربڕینی هونەری دروست کرد کە لە یەک کاتدا تایبەتمەندیی رێئالیش و ئەبسترکتیشی هەبێت.
سەرچاوەکان؛
https://sharifimehr.blogfa.com/post/80 *
* Robinson, Roxana. Georgia O’Keeffe: A Life. Hanover: University Press of New England, 2004.
* Lisle, Laurie. Portrait of an Artist: A Biography of Georgia O’Keeffe. Albuquerque: University of New Mexico Press, 1986.
ئامادەکردن : حەمیدە حەسەن







































































