لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، ناوچەکە دەچێتە قۆناغێکی ناسەقامگیری جیددی جیۆپۆلەتیکی و ئابووری کە کاریگەری لەسەر ئابوورییەکانی وڵاتانی دەوروبەر هەیە، هەروەها لەسەر هەرێمی کوردستان کە پەیوەندییەکی بازرگانی نزیکی لەگەڵ ئێران هەیە و بۆ هاوردەکردنی کەلوپەلی سەرەكی.
هێرشە سەربازییەکە بووە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی مەترسییەکانی بۆ سەر بازاڕ بەگشتی و بازاڕی نەوتی جیهانی بەتایبەتی، وڵاتان پێشبینیان لە ئەگەری وەستانی دابینکردنی نەوت یان داخستنی گەرووی هورمز كرد کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دابینکردنی وزەی جیهان تێیدا تێدەپەڕێت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەستبەجێ نرخی نەوت بەرزبێتەوە بەهۆی دابەزینی بەرهەمهێنان و زیادبوونی مەترسی بۆ نەوتی ئێران.
هەرێمی کوردستان بۆ هاوردەکردنی كاڵا بەزۆری پشت بە بازرگانی وشکانی لەگەڵ ئێران دەبەستێت، لەوانە خۆراک، کەرەستەی خاو بۆ پیشەسازییە بچووکەکان، هەروەها کاڵای بەکاربەر کە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییە هاوبەشەکانەوە هاوردە دەکرێن. لەگەڵ پەرەسەندنی شەڕەکاندا، ئەم زنجیرە دابینکردنانە ڕووبەڕووی فشارێکی بەرچاو بوونەتەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە.
لە ئێستادا بازرگانانی هەرێم ڕووبەڕووی نادڵنیایی زیاتر دەبنەوە سەبارەت بە توانای گەرەنتیکردنی باری ئاسایی و نرخی جێگیر. جگە لەوەش هەر پەککەوتنێکی درێژخایەن لە چالاکییە ئابوورییەکان لە ناوخۆی ئێران یان ڕێگاکانی کەشتیوانی لە ڕێگەی کەنداوەوە، دەتوانێت ببێتە هۆی كەمبونەوەی ” بەشێوەیەكی کاتیی” هەندێک کاڵا و بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕی ناوخۆییدا كە بارگرانی لەسەر خێزان و بازرگانییە بچووکەکان دروست بکات.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم هەلومەرجە، هەرێمی کوردستان لەبەردەم بژاردەی کەمکردنەوەی پشتبەستنی بازرگانی بە ئێران دەبێت وەهەنگاونان بۆ بە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەی هاوردە و بەدواداچوون بۆ بەدیلەکانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی. پێدەچێت تورکیا نزیکترین بژاردە بێت لەبەرئەوەی بازاڕی تورکیا ئامادەیییەکی بەهێزی لە ناوچەکەدا هەیە،
بەڵام کێشەکە لەوەدایە کە زۆرجار نرخی كاڵای تورکیا لە چاو هاوتای ئێرانی بۆ زۆرێک لە کەرەستەی خۆراکی و کەرەستەی بیناسازی و کەلوپەلی بەکاربەر بەرزترە بەهۆی جیاوازی دراو و تێچووی بەرهەمهێنان و باجەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە هەر زیادبوونی پشتبەستنێک بە بازاڕی تورکیا بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕاستەوخۆی نرخەكان لەناو شارەکانی هەرێمدا، بەتایبەتی بۆ خۆراک، کەرەستەی بیناسازی، ئامێری ناوماڵ و تەنانەت هەندێک دەرمان.
ئەوروپا لە ڕووی کوالیتی و جۆرەوە بژاردەیەکی باشە ، بەڵام ئاڵۆزترە. هاوردەکردنی كاڵای ئەوروپی پێویستی بە گواستنەوەی کەشتییە لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشووری ئێراق یان تورکیاوە، دواتر گواستنەوەی وشکانی بۆ ناوچەکە، كەدەبێتە هۆی زیادکردنی تێچووی گواستنەوە و بیمە و گومرگ. هەروەها کاتی گەیاندن درێژترە، کە ڕەنگە بۆ کاڵا بەکاربەرە سەرەكییەكان یان ئەوانەی کە قازانجیان کەمە گونجاو نەبێت. لە ئەنجامدا پشتبەستنی بەرفراوان بە ئەوروپا دەتوانێت تێچووی ئاستی بژێوی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بکاتەوە، بەتایبەتی بۆ چینە کەم دەرامەتەكان.
هەروەها بەدیلەکانی تریش هەن، وەک بەرزکردنەوەی هاوردەکردن لە ئوردن یان ئیمارات لە ڕێگەی بەندەرەکانی کەنداو، بەڵام ئەم ڕێگایانە پەیوەستن بە سەقامگیری گشتی ناوچەکە و ترانزێتێکی ئاسان بەسەر خاکی عێراقدا
سەرەڕای ئەم فشارانە، پلانی ئابووریی حكومەتی هەرێم كە ئامانجیان بەرزکردنەوەی خۆڕاگری ئابووری و کەمکردنەوەی فشارەكانی سەر بازاڕە بەڵام ئەم پلانانە هێشتا لە قۆناغی گەشەسەندندان و پێویستیان بە پشتیوانی سیاسی و جێبەجێکاری بەهێز هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەر ئابووری و هاووڵاتیانی لە کاریگەرییەکانی قەیرانی ناوچەیی بپارێزن.
كاریگەری ئەم شەڕە لە هەرێم بە گشتی، پاڵ بە هاووڵاتیان و وەبەرهێنەرانەوە دەنێت بۆ دواخستنی خەرجییەکان و زیادکردنی پاشەکەوتکردن لە بەرامبەر هەڵاوسان وکەمکردنەوەی خواستی بەکاربەران و خاوکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان لە کەرتەکانی وەک خانووبەرە و ئۆتۆمبێل و هاوردە و چەندین كەرتی دیكە.
لە ئەگەری بەردەوامی گرژییەکانی هەرێمایەتی، گرنگیی مامەڵەکردنی حکومەتی هەرێم بەشێوەیەکی ڕێکخراو و خێرا دەبێت بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەکەم: لەسەر ئاستی ڕێوشوێنی بەپەلە، پێویستە ژوورێکی فریاکەوتنی ئابووری دابمەزرێت کە پێکهاتبێت لە وەزارەتەکانی دارایی، بازرگانی، کشتوکاڵ و گواستنەوە، کە ئەرکی چاودێریکردنی جوڵەی کاڵاکانە بە شێوەیەکی ڕۆژانە، هەروەها دەستنیشانکردنی ئەو کاڵایانە کە زۆرترین تووشی كەمبونەوە دەبن، بەتایبەتی خۆراکی سەرەتایی و دەرمان و سووتەمەنی.
دووەم: دەبێت میکانیزمەکانی ڕێکخستنی بازاڕ چالاک بکرێن. نەک لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی نرخ بە تەنها ، بەڵکو لە ڕێگەی ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و کۆنترۆڵکردنی کۆکردنەوەی نایاسایی كاڵا و ڕێگریکردن لە شێوازی کڕین بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێ.
سێیەم: هەمەچەشنکردنی کەناڵەکانی هاوردەکردن بە شێوەیەکی چالاکانە نەک وەک دوا ڕێگە. لەگەڵ کەمکردنەوەی کاتی باجی گومرگی لەسەر کاڵا سەرەکییەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی زیادبوونی تێچووی گواستنەوە ،هەروەها دەتوانرێت ئاسانکاری قەرز بۆ بازرگانانی هاوردەکار دابین بکرێت بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات جیاوازی تێچوونەکە هەڵبگرن بەبێ ئەوەی بە تەواوی بگوازرێتەوە بۆ بەکاربەر.
چوارەم: پاڵپشتیکردنی چینە کەمداهاتەکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەکاراترین چارەسەر ئاراستەکردنی پاڵپشتی نەختینە یان کۆدی خۆراکە بۆ ئەم چینە
پێنجەم: خێراکردنی پلانی جێگرەوەی هاوردەکردن بە پشتگیریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی لە ماوەی مامناوەنددا. دەتوانرێت هاندان بۆ باج و قەرزی نەرم پێشکەش بە پڕۆژەکانی پرۆسێسکردنی خۆراک، پەلەوەر، شیرەمەنی، کەرەستەی بیناسازی و هەندێک پیشەسازی سووک بکرێت.
شەشەم: چاکسازی لە بەڕێوەبردنی نەختینەیی و دڵنیابوون لەوەی مووچەی کەرتی گشتی لەکاتی خۆیدا خەرج دەکرێت بۆ ئەوەی دووربن لە گرژبوونی ناوخۆیی کە دۆخەکە خراپتر دەکات.
بە کورتی، لە ڕووی ئابوورییەوە دەتوانرێت توندی ئەم شەڕەو فشارەكانی لەسەر بازاری هەرێم كەم بکرێتەوە لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی دروستی قەیرانەکان و هەمەچەشنکردنی هاوبەشە بازرگانییەکان. لە هەمان کاتدا دەرفەتێک دەڕەخسێنێت بۆ ڕێکخستنەوەی ئەولەویەتەکانی ئابووری پێش ئەوەی شۆکی دەرەکی بگۆڕێت بۆ بارگرانییەکی درێژخایەنی ناوخۆیی لەسەر هەرێم.



































































