ئه‌نترۆپۆلۆژیست و فه‌یله‌سووفی قوتابخانه‌ی بوونیادگه‌ری، “كلۆد لیڤی شتراوس” ده‌ڵێت “پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی هه‌رگیز له كه‌سێك ناچێت به‌سه‌ر په‌یژه‌یه‌كدا سه‌ربكه‌وێت، به هه‌ر جووڵه‌یه‌ك له جووڵه‌كانی پلیكانه‌یه‌كی دیكه‌ی په‌یژه‌كه ببڕێ و به‌ره‌و سه‌ره‌وه بڕوات. به‌ڵكو له قورمارچییه‌ك ده‌چێت كه خاوه‌نی به‌ختێكی دابه‌شبووه به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك له یاری زاردا، له هه‌ر جارێك زاره‌كه‌ی فڕێده‌دات و به‌سه‌ر مێزه‌كه‌یدا په‌رش و بڵاو ده‌بێت، هه‌ر جارێك ئه‌نجامێكی جیاواز ده‌دات به ده‌سته‌وه، كه له زۆر جاری فڕێدانی زاره‌كه‌دا براوه ده‌بێت، به زۆرینه و به‌رده‌وام ئه‌گه‌ری دۆڕاندنی هه‌یه و سه‌ركه‌وتن و بردنه‌وه‌ی ته‌نها بڕێك كات و ساته. به‌ڵام كه یارییه‌كه بۆی ده‌بێته مێژوو، هه‌موو نمره‌كانی بردنه‌وه‌ی ده‌بنه پێكهاته‌یه‌كی ڕێككه‌وت”. به‌و مانایه‌یی پێشكه‌وتنی مرۆڤایه‌تی تاكه یه‌ك پێشكه‌وتن و یه‌ك ئاراسته نییه، به‌ڵكو ده‌رئه‌نجامی كۆمه‌ڵێك ورده پێشكه‌وتنی لابه‌لایه و له كۆ-دا پێشكه‌وتنێكی به ڕێككه‌وته. هه‌مان ده‌ربڕین بۆ بابه‌تی ژن و ڕیشه ئوستووره‌یه‌یه‌كه‌ی دروسته، چونكه پرسه‌كانی ژن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ژن وه‌ك كه‌سێتی و وه‌ك مێ، وه‌ك پرسی تووندوتیژی وه‌ك یه‌كسانی جێنده‌ری، وه‌ك ململانێی نێر و مێیی، بووه‌ته كاڵا و پرسێكی بازرگانی ڕێكخراو كۆمپانیا و ڕه‌و‌ت و بزووتنه‌وه‌كان، هه‌تا تاكه كه‌سیش له دانیشتن و پێكه‌وه بوونی له‌گه‌ڵ ژن/مێیه‌كدا كه ئه‌و سه‌رنجڕاكێشان و هێنانه ژێر باری ئه‌وی دیكه‌ی مێ/ژن-ه، كاتێكه پیاو ده‌دوێت به ئامانج و مه‌به‌ستی خستنه دا‌و و ڕاوكردنی ئه‌وی دیكه‌ی مێ-دا. پرسی ژن له ئێستادا و له ئاركیتایپه‌كانی مێینه‌دا؛ پرسێكی ئاڵۆز و پڕ هه‌وراز و نشێو نیه، به‌ڵكو پرسێكی ئوستووره‌ییه و تێگه‌یشتنه له‌و ڕیشه دێرینه‌ی ژن له‌ناو خێڵ و تیره و كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كان، زاڵبوونی گوتاری پیاو و نێرخوداكانه وه‌ك ئه‌قڵییه‌تی خێڵ و ئایین و كۆمه‌ڵگه، تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه له‌و پرسه ته‌نها خوێندنه‌وه‌ی ئاركیتایپه‌كانی مێینه‌یه و چركه‌ساتی دروستبوونی ململانێی نێرخودا و مێ خووداكانه له ئوستووره‌دا.
“ژن و ئوستووره” كتێبێكی گرنگه بۆ تێگه‌یشتن له‌و ڕیشه ئوستووره‌ییه و ئاركیتایپه‌كانی مێینه، كه زیاتر له (10) توێژینه‌وه‌ی ورد و متمانه‌پێكراو پێكهاتووه و سه‌ره‌تا بۆ ئه‌وانه‌ی وشه‌ی ئوستووره لایان لێڵ و ناڕوونه و هه‌م تێكه‌ڵی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌فسانه، ڕوونكراوه‌ته‌وه هه‌م بۆ ئه‌وانه‌یشی به‌بێ خوێندنه‌وه ئاگاداربوون له ئوستووره له زیره‌كی ده‌ستكرد و ده‌پرسن و به گه‌ڕانێكی خێرای ناو فه‌رهه‌نگ و گوگڵ، وه‌رگێڕانی بۆ ده‌كه‌ن و دواتر پێیان وایه ئوستووره و ئه‌فسانه كێشه‌ی فۆڕم و ناوه‌ڕۆكه، كۆمه‌كی داماوی و ده‌ستكورتی و مه‌عریفه كورتی و دونیابینییان ده‌كات بۆ باشتر تێگه‌یشتن و مامه‌ڵه و ته‌وزیفكردنی بۆ ناو نووسین و پۆستی فه‌یسبووك و په‌یچ. چونكه ئوستووره‌كان كرداری داهێنه‌رانه‌ی خۆیان ده‌خه‌نه‌ڕوو، نیشانده‌ری پیرۆزبوونن یان ده‌توانین بڵێین ئه‌و‌په‌ڕی سرووشتی بوونی خۆیان ئاشكرا ده‌كه‌ن، ئوستووره چیرۆكێكی پیرۆز و هاوكات حه‌كایه‌تێكی ڕاسته‌قینه‌یه چونكه هه‌میشه په‌یوه‌ندی هه‌یه به واقیع و فاكته‌كانه‌وه، ئه‌و ئووستووره‌یه‌یی كه پێمان ده‌ڵێت چۆن گه‌ردوون په‌یدابووه “ڕاسته‌قینه‌یه” و چونكه بوونی گه‌ردوون خۆی ئه‌م ڕوانگه‌یه ده‌سته‌به‌رده‌كات، ئوستووره‌ی سه‌رچاوه‌ی مه‌رگیش هه‌ر به‌هه‌مان ڕاده ڕاسته‌قینه‌یه، چونكه مردن و ڕووكردنه مه‌رگی مرۆڤ ده‌سه‌لمێنێ.
ئه‌م كتێبه به‌ته‌نیا له‌سه‌ر ئاركیتایپه‌كانی ژن ناوه‌ستێت له میزۆپۆتامیا، به‌ڵكو وه‌ستان و ڕامانه له ژنانی مرۆڤی زاگرۆس نشین و میزۆپۆتامیا و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش، له پێش سه‌رده‌می به‌ردینه‌ی نوێ “نیۆلینیك” یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێت “سه‌رده‌می به‌رهه‌مهێنان” ژن له‌سه‌رده‌می كۆچه‌ری و ڕاوچییه‌تیدا پیرۆز بووه، چونكه له‌سه‌رده‌می كۆچه‌ریدا ته‌مه‌نی مرۆڤ زۆر نه‌بووه و تا ته‌مه‌نی (30 بۆ 35) ساڵی ده‌ژیا، ئه‌گه‌ر زۆر ته‌مه‌ن درێژ بوایه تا (40) ساڵی و دواتر كۆچی دوایی ده‌كرد، مرۆڤ بۆ پێداویستی ژیان هێنده كه‌مبووه ته‌نها ئافره‌ت توانیویه‌تی مرۆڤ له تیاچوون بپارێزێت و توانای زاوزێی زۆر بووه و توانیویه‌تی منداڵ بخاته‌وه، هه‌ر ئه‌م توانایه‌یی ژن كه پیاو توانای نه‌بووه، وایكردووه ژن پیرۆز بێت و ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام بێت هه‌تا دوای چاخی سه‌هۆڵبه‌ندان و تا ئه‌وكاته‌ی مرۆڤ نیشته‌جێبووه. ژیانی نیشته‌جێبوون چونكه له‌سه‌ر كێڵانی زه‌وی و دروستكردنی خانووبه‌ره و پاراستنی گوند و هه‌رێمه‌كه‌كان له‌دوای نه‌یارانه‌وه دامه‌زرابوو، پێویستی به بیر و مه‌چه‌كی پیاوانه بوو، بۆیه له ژیانی كۆچه‌ریدا ژن ڕۆڵێكی باڵای هه‌بووه و پیرۆز بووه و له ژیانی نیشته‌جێبووندا پیاو ڕۆڵێكی باڵای هه‌بووه و گوتاری زاڵی پیاو وایكردووه پیاو به سه‌رده‌ست ببینرێت و له قازانجی بشكێته‌وه، كه پێشتر له شێوه‌ژیانی كۆچه‌ریدا جیهانبینی له‌سه‌ر پیرۆزی دایك(ژن) دامه‌زراوه. له سه‌رده‌می نیشته‌جێبوون و زۆربوونی مرۆڤدا هۆز و خێڵ په‌ره‌یان سه‌ند و ئیتر ترسی له‌ناوچوونیان نه‌مابوو، له‌م سه‌رده‌مه‌دا شارستانییه‌تێك سه‌رهه‌ڵده‌دات كه له‌سه‌ر هێزی پیاوانه وه‌ستاوه وه‌ك كێڵانی زه‌وی، دروستكردنی خانووبه‌ره، پاراستنی گوند و باخ و مه‌زراكان پێویستی به هێزی پیاوانه بوو، لێره‌وه پیاو و هزری پیاوانه پیرۆزكرا و نه‌ریت و ئه‌خلاق و ئایین به‌پێی ئه‌م پێوه‌ره نوێیه سه‌ری هه‌ڵدا و یه‌كه‌مین بڵێسه‌كانی دینداری پیاوانه له‌م سه‌رده‌مه‌وه بوو.
كتێبه‌كه هه‌موو ئه‌و مێخودایانه تاوتوێ ئه‌كات كه تایبه‌تن به پیت و به‌ره‌كه‌تبوونی زه‌وی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ و مێدیتریانه، ئه‌وروپای به‌ر له‌مێژوو، یۆنان و ڕۆم و ئه‌سكه‌نده‌نافیا، ئه‌فریقا و میسر و هیند و چین، ژاپۆن و ئه‌مریكا. “ئارنۆڵد توینبی” ئوستووره‌ناس ده‌ڵێت” دایك كۆنترین بابه‌ت و سوبێكتی هونه‌ری مرۆڤه” به‌و مانایه‌یی زۆرینه‌ی ئه‌و ئاسه‌وارانه‌ی له شوێنه‌واره كۆنه‌كاندا دۆزراونه‌ته‌وه په‌یكه‌ری گڵ یان له به‌رد دروستكرا و یان هه‌ر شتێكی دیكه بووبێت، به شێوه‌ی جه‌سته‌ی ژنانه بووه و داتاشراون. ئه‌نترۆپۆلیژسته‌كانیش پێیان وایه كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تایی دایك سالاری بووه، به‌هۆی هێرش و په‌لاماری ڕه‌وه‌ند و پیاوانگه‌ڕه باوك سالاره‌كان گۆراوه. گه‌ڕانه‌وه و تێگه‌یشتن له ئاركیتایپی مێینه ڕاستی ئه‌وه ده‌رده‌خات ئه‌مرۆكه هه‌تا ڕه‌وتی فیمینیزمیش به هه‌موو جۆر و شێوازه‌كانیه‌وه وه‌ك جۆرێكی دیكه‌ی بازرگانی به‌كارده‌هێنێت، خۆ هه‌رچه‌نده ئوستووره‌ناسی له هه‌موو شوێنێكی دونیادا كه‌سایه‌تی ژنی به‌كارهێناوه كه هه‌ڵبه‌ت زۆرینه‌یان ئه‌رێنی نه‌بوون و پێچه‌وانه‌كه‌ی بووه، ئه‌مڕۆكه باوترین شێوه‌ی بیركردنه‌وه له ژن و ژنایه‌تی په‌یوه‌ندی به‌و هه‌ست و سۆزانه‌وه نییه كه له‌وه‌و پێش له هه‌ندێك بوونه‌وه‌ری ئوستووره‌یی وه‌ك ژنه جادووگه‌ر و په‌ری ده‌ریا و ژنه خوێنمژه‌كانه‌وه پێك ده‌هات و دروست ده‌بوو، جگه له‌وه‌ش ئه‌مرۆكه مافی یه‌كسان كۆڵه‌كه‌ی سه‌ره‌كی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی ته‌ندروسته، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا هه‌ندێك ڕه‌هه‌ندی ژنایه‌تی هه‌ن كه هه‌رچه‌ند له گوتاری گشتیدا به‌دی ناكرێن به‌ڵام كۆمه‌ڵێك هه‌ستی ناخۆشی وه‌ك ترس و قێز و بێزیش به‌دی ده‌هێنن و یه‌كێك له‌وانه “خوێنی سوڕی مانگانه”یه ئه‌وه‌ش “جه‌یمز فرێزه‌ر” له كتێبه ناوازه‌كه‌یدا “چڵێ زێڕین” به وردی و لای زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه سه‌ره‌تاییه‌كان خوێنی سوڕی مانگانه‌ی ئافره‌ت چ نه‌فره‌تی و قێزكردنه‌وه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌كه‌دا به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێ و هه‌ندێ له كۆمه‌ڵگه‌كان ڕێگه ناده‌ن ئه‌و ئافره‌ته هه‌تا شه‌ش مانگ و ساڵ تێكه‌ڵاویان ببێت، هیچ كه‌سێكیش نان و خۆراكی ده‌ستی ناخوات. بۆیه ئه‌مڕۆكه‌یش هه‌ندێك له فیمینسته‌كان له‌ژێر ناو و كاری هونه‌ری و چالاكیدا دیسان هه‌مان ئه‌و تێگه‌یشته به‌د و نا په‌سه‌نده‌یان هه‌یه بۆ ژن و دووباره ده‌چنه‌وه خزمه‌ت ئه‌قڵییه‌ته خێڵه‌كییه‌كه، بۆیه فیمینیزم وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌نده فیمینیسته‌كانیش ڕوانینێكی دژبه‌رانه‌یان هه‌یه سه‌باره‌ت به ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ئه‌مڕۆكه له دونیای هونه‌ردا؛ هونه‌ر چیدیكه به‌ره‌نگاری كێشه‌كانی ژن نابێته‌وه به‌ڵكو خه‌ریكی سێكسواڵیته و تێگه‌یشتنی كۆمه‌ڵایه‌تییه سه‌باره‌ت به ژن هونه‌ر خه‌ریكی ئه‌و بابه‌تانه‌یه كه هێشتا مرۆڤ ته‌را ده‌كه‌ن و ده‌یتۆرێنن.
به‌شێكی دیكه‌ی گرنگی توێژینه‌وه‌كانی ناو كتێبه‌كه؛ ده‌رباره‌ی كوردستانه و ئه‌وه ڕۆشن ده‌كاته‌وه كه چۆن له چاخی به‌ردینی نوێوه تاوه‌كو ئێستا هێماكانی “مار و خواژنی دایك و كشتوكاڵ” سێ بنه‌ڕه‌تی سه‌ره‌كی كولتووری كورد بووه و له‌نێو ئه‌وانه‌شدا ئه‌فسانه‌ی شاماران كه ڕه‌نگه دروستترینی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌كه بێت، له‌ناو كتێبه‌كه‌دا؛ چونكه توێژه‌ر به شێوه‌ی مه‌یدانی و زاره‌كی ساخیكردووه‌ته‌وه و وه‌ری گرتووه، توێژینه‌وه‌كان ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌روونشیكارییانه‌ی “كارل یۆنگ”مان بۆ ده‌خاته ڕوو، كه چۆن “ئه‌نیمۆس و ئه‌نیما” و ژنی ناو نائاگایی پیاو و، پیاوی ناو نائاگایی ژن كارده‌كات و چونكه “یۆنگ” به‌و ده‌رئه‌نجامه گه‌یشتبوو ئوستووره و ئایینی ناو فه‌رهه‌نگه‌كان كۆمه‌ڵێك بابه‌تی هاوبه‌ش له‌خۆ ده‌گرن بۆ نمونه وێنه‌ی دایك، باوك، ژن، مێرد، ئه‌ویندار، گه‌مژه، شه‌یتان، سێبه‌ر، پاڵه‌وان، ڕزگارگه‌ر و زۆر شتی دیكه، ئه‌و چیرۆكانه‌ی له‌و بوونه‌وه‌رانه‌وه هۆنراونه‌ته‌وه وه‌ك خوا و خواژن و نیوه مردوو، پاڵه‌وان و شه‌یتان، سه‌رجه‌م ئوستووره و ئایینه‌كانی مرۆڤایه‌تی پێكده‌هێنن. “یۆنگ”یش تووندترین ڕه‌خنه ئاراسته‌ی ئه‌و ژنانه ده‌كات كه “وه‌ك مێ خۆیان نانوێنن” و وێنه‌ی ئه‌نیمۆس له نائاگاییاندا هه‌یه.
ئاركیتایپه‌كانی مێینه له‌ناو ئوستووره‌دا ده‌ستپێكی دایك بوون، دایك بۆخۆی به دایكی ده‌مێنێته‌وه و بۆ ئه‌وانی دیكه دوو جه‌مسه‌ره، یه‌كه‌میان؛ دایكی مه‌زن هه‌ڵگری هێزی په‌روه‌رده كردن، پاراستن و داكۆكیكارێكی بێ سنووره و دووه‌میان؛ دایكێكی ترسناك و تۆقێنه‌ره نیشانه‌ی ترس و خنكان و مه‌رگ و په‌ككه‌وتن و گرفتارییه، بۆیه ئاركیتایپی دایك هه‌م گیان ده‌به‌خشێت و هه‌م گیانی هه‌موو تاكێك ده‌سه‌نێته‌وه، له ئوستووره‌كاندا دایك نایه‌وێ هه‌رگیز ده‌ست له منداڵه‌كانی بكێشێته‌وه و هه‌میشه ده‌یه‌وێت به منداڵی بیانهێڵێته‌وه بۆیه “یۆنگ” زیاتر له دایك ورد ده‌بێته‌وه و پێی وایه دایك ئه‌و هێزه كۆیله‌سازه‌یه هه‌موومان ده‌بێ له ده‌ستی ڕابكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤێكی ته‌واو بین. خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كه گرنگی و بایه‌خی وردی مه‌عریفی هه‌یه، كه تێگه‌یشتنی هه‌ر خوێنه‌ر و نووسه‌رێك ده‌رباره‌ی ئه‌و پرسه ده‌گۆڕێت و ڕوانگه‌یه‌كی دیكه‌ی ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ر و دواندن ده‌رباره‌ی پرسه‌كانی ژن.
“تێبینی”
• ئه‌و پاراگرافه‌ی “شتراوس” له‌ناو كتێبی “نه‌ژاد و مێژوو” دایه به‌ناونیشانی “ئایدیاكانی پێشكه‌وتن” كه له فه‌ڕه‌نسییه‌وه “نه‌جاتی عه‌بدوڵڵا” وه‌ریگڕاوه، به‌ڵام من گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ ده‌قه ئینگلیزییه‌گه‌ی ئه‌و پاراگرافه، چونكه ئه‌وه‌ی ناوبراو به ده‌قیقی واتای دروستی نه ئه‌دا و ناونیشانی وتاره‌كه به ئینگلیزی “Idea of progress”
• كتێیی “ژن و ئوستووره” كۆمه‌ڵێك توێژینه‌وه‌یه و له‌لایه‌ن “نه‌سیم غوڵامی” هه‌ڵبژێردراون و ده‌زگای خانی چاپی كردووه.



































































