لەم خاڵانەی خوارەوەدا، بە شێوەیەکی گشتگیر، لەبارەی گرنگی و ڕەهەندە قووڵەکانی زمانی دایک (زگماک) دەدوێین:-
١- زمانی دایک، لە قووڵترین و بنەڕەتیترین واتای فیکری و مەعریفیدا، هەرگیز تەنیا کۆمەڵێک وشە و ڕستەی ڕووت نییە بۆ گەیاندنی پەیامێکی سادە، بەڵکو ئەو فەزا سەرەتاییەیە کە بوونی مرۆڤی تێدا دەڕسکێت و شێوە دەگرێت. زمان هەڵگری دوو ڕەهەندی دانەبڕاوە کە تەونی بوونی ئێمە پێکدەهێنن: یەکەمیان ڕەهەندی بوونناسی، کە پەیوەستە بە شێوازی بوون و هەبوونی ئێمە لە جیهاندا، و دووەمیان ڕەهەندی مەعریفەناسی، کە بریتییە لە چۆنیەتیی ناسین و تێگەیشتنمان لەو جیهانە. ئەم دوو ڕەهەندە لە پێکهاتەیەکی دیالێکتیکی و ئاڵۆزدا یەکتر تەواو دەکەن و دەبنە بناغەی دروستبوونی «ئاگایی» مرۆیی. زمانی دایک ئەو کەرەستە سەرەتایی و خاوەیە کە مرۆڤ لەڕێیەوە جیهان دەناسێت، خۆی تێیدا دەدۆزێتەوە و یەکەمین پەیوەندیی لەگەڵ «ئەویتر»ـدا ساز دەکات. ئەو زمانەی مرۆڤ یەکەمجار لە باوەشی دایکیدا فێری دەبێت، تەنیا ئامرازێک نییە، بەڵکو دەبێتە بەشێک لە پێکهاتەی دەروونی، ناسنامەی کەسی، کۆمەڵایەتی و كولتوورییەکەی.
٢- لە ڕوانگەی دیاردەناسییەوە، بەتایبەت لای بیرمەندانی وەک (ئێدمۆند هوسێرڵ و مۆریس میرلۆ-پۆنتی)، زمانی دایک «فەزای یەکەمی دەرکەوتنی هەقیقەت-ـە؛ واتە یەکەمین شانۆیە کە ڕاستییەکان خۆیانی تێدا نمایش دەکەن. ئەم فەزایە، میرلۆ پۆنتی لە کتێبی «فینۆمینۆلۆژیای تێگەیشتن-Phenomenology of Perception»ـدا باسی کردوە، شوێنی یەکگرتنەوەی جەستە و ڕۆحە؛ ئەو شوێنە ئەفسووناوییەیە کە تێیدا هەستە پەرتەوازەکانی مرۆڤ “بینین، بیستن، بەرکەوتن” لە دۆخی خاوییەوە دەگۆڕێن بۆ «واتا» و واتاکانیش دەبنەوە بە «هەست». ئەمە ئەو پڕۆسە چڕ و ئاڵۆزەیە کە تێیدا مرۆڤ دەتوانێت جیهان وەک دیاردەیەکی واتادار ببینێت و تێی بگات، نەک وەک کۆمەڵێک بابەتی بێ پەیوەندی. منداڵ لە ساتی لەدایکبوونییەوە لەناو ئەم فەزا زمانییەدا نوقم دەبێت؛ گوێی لە لایەلایەی دایکی دەبێت کە پڕە لە سۆز و مێژووی نەگێڕدراوە، چیرۆکی ئەفسانەیی باپیری دەبیستێت کە سنووری نێوان ڕاستی و خەیاڵ تێکدەدات و، لەگەڵ دەنگ و ئاوازی سرووشتی دەوروبەریدا “خشپەی گەڵا، خوڕەی ئاو، زیکەی با” تێکەڵ دەبێت. هەموو ئەمانە تەنیا دەنگ نین، بەڵکو یەکەمین ئەزموونەکانی تێگەیشتنن لە بوون و یەکەمین هەنگاون بۆ بوونیادنانی جیهانبینییەکی تایبەت کە ڕەنگ و بۆنی ئەو زمانە دیاریکراوەی گرتووە.
٣- بۆ نەتەوەیەک کە بە درێژایی مێژوو لەژێر هەڕەشەی سڕینەوەی فیزیکی و چاندیدا بووە و خاکی نیشتمانەکەی بووەتە گۆڕەپانی ململانێی هێزە دەرەکییەکان، زمانی دایک ڕۆڵێکی بوونناسانەی دیکە وەردەگرێت کە لە ڕۆڵی ئاسایی خۆی تێدەپەڕێنێت. زمانی کوردی بۆ تاکی کورد تەنیا «ماڵی بوون» نییە وەک مارتن هایدگەر دەیگوت، بەڵکو بووەتە «دوا ماڵ و دوا قەڵای بەرەنگاریی». کاتێک خاک، سنوور، ئاڵا و دەسەڵاتی سیاسی دەبنە بابەتی وتوێژ و دانوستان و زۆرجار لەدەست دەچن یان دابەش دەکرێن، زمان دەبێتە ئەو تاکە خاکە سرک، جێگیر و نەگیراوەی کە ناتوانرێت داگیر بکرێت مەگەر خودی خاوەنەکەی وازی لێ بهێنێت. ئەم زمانە دەبێتە ئەو پەناگە ڕۆحییەی کە مرۆڤی کورد لە گەردەلوولی ناسنامە سڕینەوە و تواندنەوەی كولتوورییدا خۆی تێدا دەپارێزێت. «ئەویتر»ـی باڵادەست، کە هەمیشە هەوڵی داوە لە ڕێگەی سیستەمێکی پەروەردەیی، ڕاگەیاندن و بیرۆکراسییەوە زمان و كولتووری خۆی بسەپێنێت، باش دەزانێت کە کلیلی شکاندنی ئیرادەی کورد، شکاندنی زمانەکەیەتی. قەدەغەکردنی زمان، گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان، و بچووککردنەوەی زمانەکە بۆ ئاستی فۆلکلۆر، هەمووی تاکتیکی ئەم شەڕە بوونناسانەیەن.
٤- لێرەدا دەمەوێت ئەزموونێکی تایبەتی خۆم بگێڕمەوە کە تێڕوانینی منی بۆ زمان بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گۆڕی. نزیکەی شەش ساڵێک پێش ئێستا و لە وەرزی بەهاردا، لە چایخانەی جمهوری لە سلێمانی دانیشتبووم و سەرقاڵی چای خواردنەوە بووم. پیاوێکی قۆزی سەرسپی لە تەنیشتمەوە دانیشت و کەوتینە دەمەتەقێیەکی تێکەڵەوە. دیاربوو مرۆڤێکی خوێنەوار بوو؛ وتی مامۆستای بایۆلۆجیم و ئێستا خانەنشینم. لە گفتوگۆکەماندا کە گەیشتە سەر باسی زمان، ئەو مامۆستایە ڕستەیەکی کورت و قووڵی وت کە تا ئەمڕۆش لە مێشکمدا دەزرنگێتەوە. وتی: «زمان ئێسقانی هەیە». ئەم دەربڕینە سادەیە، وێنەیەکی بێهاوتای بۆ سرووشتی ڕاستەقینەی زمانی کوردی کێشا. ئێسقان، هێمای ئەو پێکهاتە ناوەکییە ڕەق و پتەوەیە کە بوونی ئێمە ڕادەگرێت؛ شتێکە کە لە دەرەوە نابینرێت، بەڵام بنچینەی هەموو جووڵە و وەستانێکە. زمانی کوردیش هەمان ئەو «ئێسقان»ـەیە بۆ شوناسی نەتەوەیی. لە کاتێکدا جەستەی نیشتمان (خاک و جوگرافیا) بەردەوام لەژێر هەڕەشەی دابەشبوون و داگیرکاریدا بووە، و گۆشتی جەستەکە “شارستانیەت و كولتوور” ڕووبەڕووی تواندنەوە و شێواندن بووەتەوە، زمان وەک ئێسقانە پتەوەکە ماوەتەوە و ناسنامەی کوردی لە داڕمان پاراستووە. مامۆستاکە درێژەی بە قسەکانیدا و وتی: «دەبێ ئەو ئێسقانە بگیرێنینە قوڕگی داگیرکەرانی زمانەکەمان». ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕینی زمان لە دۆخی بەرگریی ناکاراوە بۆ دۆخی هێرشبردنێکی مەعریفی. واتە، چیتر زمان تەنیا پەناگەیەک نییە خۆمانی تێدا بشارینەوە، بەڵکو دەبێتە ئەو چەکە ڕەقەی کە دەتوانێت ببێتە مایەی خنکاندنی ئەو سیستەمە فیکرییەی کە هەوڵی سڕینەوەی دەدات. ئەم دیدە، زمان لە ئاستی ماڵی بوونـەوە بەرز دەکاتەوە بۆ ئاستی چەکی بوون؛ کەرەستەیەک بۆ مانەوە و سەپاندنی ئیرادەی ژیان لە بەرامبەر مەرگێکی كولتووریی سەپێنراودا.
٥- لێرەوە، تاکی کورد بە شێوەیەکی ئاگایانە یان نائاگایانە، لە کردەی قسەکردن بە زمانی دایکی، لە نووسین و خوێندنەوەی، لە گۆرانی وتن و چیرۆک گێڕانەوەیدا، کردارێکی بەرگریی سیاسی و هزری ئەنجام دەدات. هەر وشەیەکی کوردی کە دەردەبڕدرێت، وەک بەردێکە لە قەڵایەکی بەرگرییدا دادەنرێت و ڕاگەیاندنی بوونی «خۆ»یە لە بەرامبەر هەوڵی سڕینەوەی «ئەویتر»ـدا. ئەم زمانە ئەو شوێنەیە کە تێیدا کورد دەتوانێت «خۆی» بێت، بەبێ ترس و بەبێ سانسۆر، و ئەو جیهانە بوونیاد بنێتەوە کە لێی زەوت کراوە. ئەمە ئەو دیاردەیەیە کە فرانتز فانۆن لە کتێبی «پێستی ڕەش و ماسکە سپییەکان-Black Skin, White Masks »ـدا باسی دەکات، کاتێک دەڵێت زمانی داگیرکەر، دەروونی داگیرکراو دەشێوێنێت و زمانی دایک دەبێتە ئامرازی شۆڕشی دەروونی و ڕزگاربوون لە کۆیلایەتیی فیکری. بۆ کورد، زمانی کوردی ئەو چەکە بێدەنگەیە کە شوناسی پێ دەپارێزێت و مێژووی پێ دەنووسێتەوە.
٦- دەکرێت بڵێین؛ زمانی دایک «هێرمینۆتیکای سرووشتی»ـی مرۆڤە بۆ تێگەیشتن لە جیهان. فەیلەسوفێکی دیاری ئەڵمانی و خاوەنی کتێبی «ڕاستی و میتۆد-Truth and Method»، پێی وایە کە هەر تێگەیشتنێک پێشوەختە لەناو «ئاسۆی زمان»ـدا ڕوودەدات. بەڵام زمانی دایک ئەو بنەما هێرمینۆتیکییە سەرەتاییەیە کە هەموو تێگەیشتنەکانی دواتر، تەنانەت تێگەیشتن لە زمانە بیانییەکانیش، لەسەری بوونیاد دەنرێن. ئەمە وا دەکات کە زمانی دایک نەک تەنیا ئامرازی تێگەیشتن بێت، بەڵکو ببێتە خودی پێڤاژۆی تێگەیشتن و مەرجی ئەگەری هەر تێگەیشتنێکی دیکە. کاتێک ئێمە زمانێکی بیانی فێر دەبین، هەمیشە بە شێوەیەکی ئاگایانە یان نائاگایانە، هەوڵ دەدەین چەمکە نوێیەکان بەراورد بکەین بەو چەمک و وێنایانەی کە لە زمانی دایکماندا هەن. ئەمە بەڵگەیەکی ڕوون و حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی کە چوارچێوەی سەرەکیی تێگەیشتنی ئێمە لە زمانی دایکمانەوە سەرچاوە دەگرێت و جیهانی ئێمە لە بنەڕەتدا لە ڕێگەی ئەو زمانەوە داڕێژراوە.
٧- لە دیدی مارتن هایدگەردا، زمان «ماڵی بوون»ـە. مرۆڤ لەناو ئەم ماڵەدا نیشتەجێیە و لەڕێیەوە پەیوەندی لەگەڵ بووندا دروست دەکات و پاسەوانیی دەکات. زمانی دایک یەکەمین و بنەڕەتیترین ماڵی مرۆڤە؛ ئەو پەناگەیەیە کە مرۆڤ تێیدا هەست بە ئارامی و بوونی خۆی دەکات. هەر وشەیەک لەم زمانەدا دەروازەیەکە بە ڕووی لایەنێکی بووندا. بۆ نموونە، کاتێک کوردێک وشەی «خۆزگە» بەکاردەهێنێت، تەنیا ئارەزوویەک دەرنابڕێت، بەڵکو پەیوەندییەکی قووڵی مەعریفی لەگەڵ کات (تێپەڕینی بێگەڕانەوەی)، چارەنووس (ئەو شتەی کە لە دەرەوەی ویستی ئێمەیە) و نەبوون (ئەو ئەگەرانەی کە نەهاتوونەتە دی) نمایش دەکات. ئەم وشەیە هەڵگری بارێکی مێژوویی، كولتووری و بوونناسانەیە کە لە هیچ زمانێکی تردا بە هەمان قووڵی و بە هەمان بارگەی سۆزدارییەوە نادۆزرێتەوە. هەروەها چەمکەکانی وەک «ماندووبوون، هەناسەساردی، ڕەنج و تاسە و…» لە زمانی کوردیدا، تەنیا وشە نین، بەڵکو هەر یەکەیان جیهانێکی تایبەت لە ئەزموونی ژیانی کوردی هەڵگرتووە کە تێکەڵە لە کار، خەبات، چاوەڕوانی و خۆشەویستی. تێگەیشتن لەم وشانە، تێگەیشتنە لە خودی ژیانی کورد.
٨- زمانی دایک کۆدی جینەتیکی كولتووریی نەتەوەیەکە. ئەم کۆدە تەنیا زانیاری و شێوازی بیرکردنەوە ناگوێزێتەوە، بەڵکو هەڵگری شێوازی هەستکردن، چێژوەرگرتن و جوانیناسییشە. بۆیە کاتێک زمانێک دەمرێت یان دەپوکێتەوە، تەنیا سیستەمێکی پەیوەندی لەناو ناچێت، بەڵکو شێوازێکی تایبەت لە بوون، تێگەیشتن و هەستکردن بە جیهان لەناودەچێت. فەیلەسوفی ئەڵمانی هانا ئارێنت هۆشداریمان پێدەدات و دەڵێت: «پێویست ناکات نەتەوەیەک بە شێوەی فیزیکی لەناو ببەیت، هەر ئەوەندەی کە زمانی لەبیر ببەیتەوە، ئەو نەتەوەیە لەناو دەچێت». ئەمە ئەو مەترسییە گەورەیەیە کە ڕووبەڕووی زۆرێک لە زمانە بێ دایک و باوکەکانی جیهان، لەوانەش زمانی کوردی، ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە و پاراستنی دەکاتە ئەرکێکی بوونناسانە. هەر حیکایەتێکی فۆلکلۆری، هەر بەیت و لاوکێک، هەر قسەیەکی نەستەق، ئەرشیفێکی زیندووی ئەم نەستە کۆییەیە کە ئەگەر زمانەکە نەمێنێت، بۆ هەمیشە دەنگی نامێنێت.
٩- ئەم زمانە هەروەها لە ڕێگەی پێشگر و پاشگرە چالاکەکانییەوە، توانایەکی بێسنووری لە دروستکردنی چەمکی نوێدا هەیە. بۆ نموونە، پێشگری «خۆ» لە وشەکانی وەک «خۆناسین» (گەشتی مەعریفی بەرەو ناوەوەی خود)، «خۆڕاگری» (هێزی ناوەکی بۆ بەرەنگاربوونەوە)، «خۆبەخشین» (بەخشینی خود لەپێناو بەهایەکی باڵاتردا)، دەربڕی چەمکێکی قووڵی وردە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان خود و کردار. ئەم توانایە لە وشەسازی و چەمکسازیدا، زمانی کوردی دەکاتە زمانێکی دینامیکی و داهێنەر کە دەتوانێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا خۆی بگونجێنێت و چەمکی نوێ بۆ دیاردە نوێیەکانی زانست و تەکنۆلۆژیا و فەلسەفە دابتاشێت، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ وەرگرتنی وشەی بیانی ببات. توانای دروستکردنی وشەی وەک «گەردوون، هەژمار، ڕایەڵە، بۆشایی و بەستێن» و سەدان وشەی تر، نیشانەی زیندوویەتی و توانای ئەم زمانەیە بۆ گەشەکردن.
١٠- لە کۆتاییدا، وەک بینیمان، زمانی کوردی وەک زمانی دایکی نەتەوەی کورد، تەنیا ئامرازێک نییە بۆ پەیوەندی، بەڵکو سیستەمێکی تەواوی مەعریفی و فیکرییە کە تێیدا مێژوو، كولتوور، دابونەریت و هونەر تێکەڵ دەبن و جیهانبینییەکی تایبەت دروست دەکەن. ئەم زمانە، وەک دوا قەڵا و دوا ماڵ، بووەتە چارەنووسی ئێمە. پاراستنی، پاراستنی ئەم جیهانبینییە و ئەم شێوازە ناوازەیە لە بوون. لە جیهانێکدا کە بەهۆی جیهانگیرییەوە بەرەو یەکشێوەیی كولتووری و زمانەوانی هەنگاو دەنێت، مانەوەی زمانە جیاوازەکان، بەتایبەت زمانی دایک، دەبێتە گەرەنتیی مانەوەی فرەیی، جیاوازی و دەوڵەمەندیی مرۆڤایەتی. هەر وشەیەک کە لە زمانی دایکدا دەمرێت، کونجێک لە جیهانی مەعریفە تاریک دەکات و هەر زمانێک کە لەناو دەچێت، ڕەنگێک لە تابلۆی گەورە و فرەڕەنگی مرۆڤایەتی دەسڕێتەوە. بۆیە، خەبات بۆ پاراستن و بەهێزکردنی زمانی دایک، تەنیا ئەرکێکی نەتەوەیی نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقی و بوونناسانەیە؛ خەباتە بۆ پاراستنی خودی مرۆڤبوون لە قووڵترین مانا فەلسەفییەکانیدا. ئەو زمانەی کە پێی دەدوێین، ئەو خاکەیە کە تێیدا دەژین و ئەو ئاسمانەیە کە لە ژێریدا خەون دەبینین؛ لەدەستدانی، لەدەستدانی هەموو شتێکە. پاراستنی زمانی کوردی، پاراستنی یادەوەریی ئەوانەیە کە لەپێناویدا گیانیان بەخشی، و سپاردنی ئەم میراتە گرانبەهایەیە بە نەوەکانی داهاتوو، تا ئەوانیش بتوانن لەناو ماڵی بوونی خۆیاندا بژین و جیهان بە چاوی خۆیان ببینن.





































































