“ئاماژە”
پاش ٤٧ ساڵ بەسەر شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران کە هەندێک بە شۆڕشی ئیسلامی و هەندێکی دیکە بە شۆڕشی گەلانی ئێران ناوی دەهێنن، ئێستە ئەم سیستەمە سیاسییە لە لێواری کەوتن و هەڵوەشاندنەوەدایە. ئەم هەڵوەشاندنەوەیەش بەر لەوەی شتێکی دەسکرد و دەرەکی بێت، تێکچوونی کۆی ئەو جومگەکانی ئەو سیستەمەیە کە لە ماوەی ئەم ٤٧ ساڵەدا هەمان ئەو ڕێچکەیەی پێوان کە ڕژێمانێکی دیکتاتۆر و دەستوەشێن پێوایان. ناوی ئەم سیستەمە بە مەرگ و کوشتن و سەرکوتکردنەوە گرێ دراوە، هەر کە سەرەتاکانی شۆڕشدا و کوشتنەکانی”خاوەران” و کوردستان و دەیان قڕانکردنی دیکە ڕژێم هەوڵی دا ڕووخساری “مەرگدۆستی” خۆی مەکیاج بکات و بۆ کوشتن و لەناوبردنی تاک و کۆمەڵ و نکۆڵیکردنی هەر جۆرە ئازادییەک “گێڕانەوە” و وێنە بۆ مێژوو و بۆ بەردەنگ و بیسەر وبینەر دروست بکات و لەمەشدا تاڕادەیەک سەرکەوتوو بووە. کۆی ئەو کارەسات و سەرەنگرێبوونە کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئینسانی و کلتوورییەی کە بەهۆی ئەم دەسەڵاتەوە هاتووەتە ئاراوە وای کردووە ئێمە زیاتر لەگەڵ بابەت و دەستەواژەی مەرگ و کارەسات و گێڕانەوە بوەستین و لە خۆمان بپرسین؛ ئایا دەکرێت لە پاش کارەسات هەستینەوە؟ “مێژوو مۆتەکەیەکە کە هەوڵ دەدەم لێی وەخەبەر بێم” بەڵام ئەگەر وەخەبەرهاتن نەپۆڕێت، ئایا دەکرێت لە ناو وێرانەدا بووەستین و بۆ برینەکان وەفادار بمێنینەوە؟ لەم نووسینەدا نووسەر دەپەرژێتە سەر ڕۆڵی ڕادیکاڵی هونەر لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قڕان و کوشت و بڕە کۆییەکاندا؛ هونەرێک کە بەپێچەوانەی مێدیاکان، بەدوای ڕوونکردنەوە یان خۆمانیکردنەوەی ڕەنج نییە، بەڵکوو لەگەڵ “بێدەنگبوون” و “کەوەڵاڵبوون-لکنت”، دەبێتە لەمپەر لەبەردەم ئەوەی کە کارەسات ئاسایی ببێتەوە. لە هەڵەبجەوە تا شەقامەکانی ڕێبەندانی ئێران پرسیار ئەمەیە؛ چۆناوچۆن هونەر دەتوانێت لەباتی نواندنەوەی مەرگ، ونبوونی لاشەکان و دەنگە خنکێندراوەکان بکاتە هاوار؟
“مێژوو مۆتەکەیەکە کە هەوڵ دەدەم لێی وەخەبەر بێم”
جەیمز جۆیس، ئولیس
کارەساتی کوشتنی بەکۆمەڵ، بەر لەوەی ڕووداوێکی مێژوویی بێت، قەڵشتێکە لە زمان و تێگەیشتندا. ئەو جێگایەی کە ژمارەکان شوێنی ڕووخسارەکان دەگرنەوە، و گێڕانەوەکان شوێنی لاشەکان، و یادگە بەخێرایی دەبێت بە ئامرازی سیاسەت. لە ئاوەها دۆخێکدا، پرسیارکردن لە ڕۆڵی هونەر تەنها پرسیارێکی ڕۆتینی و بەتەنهاش ئەخلاقی نییە؛ بەڵکوو پرسیارێکە لەبارەی ئەگەری وتن، بینین و یادهێنانەوە. ئەم پرسیارە لەو ڕووەوە بنەماییە کە پیشان دەدات ئایا هێشتا دەکرێت قسە بکرێت، ببینرێت و بەیاد بهێنرێتەوە، بە بێ ئەوەی کە ملکەچی لۆژیکی ئاساییکردنەوە و کۆنترۆڵکردن بین. هونەر بەپێچەوانەی میدیا یان مێژووی فەرمی، بڕیار نییە کارەسات “ڕوون بکاتەوە”، ڕوونکردنەوە بەزۆری شێوەیەک لە کۆنترۆڵکردنە؛ شێوازێک بۆ داخستنی ئەو شتەی لە بنەمادا کراوە و بریندارە. ئەوەی کە کارەسات دەکات بە بابەتێکی مەترسیدار، ڕێک هەر ئەم پوتاسییەلەیەتی بۆ ئاساییبوونەوە؛ واتە بوون بە هەواڵ، وێنەی چەندپاتەوەبوو، خشتە یان ڕەمزێک کە بۆ مەسەرفکردن بشێت. هونەر ئەگەر هێشتا شتێکی لە خۆی هەبێت، دەبێت لە هەمبەر ئەم ئاساییکردنەوەیە بەرگری بکات؛ نەک بە زێدەڕۆییکردن یان کەڵەکەکردنی وێنەکان، بەڵکوو لە ڕێگەی تێکدان، و شکاندنی ڕیتمی ئاسایی گێڕانەوە، و هەروەها ڕاگرتنی بەردەنگ لە دۆخی نائارامیدا. هەر بەم ئاراستەیەدا، پرسی بینینیش گرنگی خۆی پەیدا دەکات. کارەسات تەنها زمان تێک نادات؛ بەڵکوو دەلاقە و چوارچێوەی بینینیش ڕێک دەخات؛ چ شتێک شیاوی نواندنە و چ شتێک دەبێت لە دەرەوەی ئەم بازنەیە بمێنێتەوە، کام یەک لە مەرگەکان دەبینرێن و کامانەیان دەبێت بسڕدرێنەوە. زۆرێک لە وێنەکان و گێرانەوەکان نەک بۆ ئاشکراکردن، بەڵکوو بۆ کەویکردن و خۆمانیکردنی ڕەنج بەرهەم دێن. هونەر دەتوانێت لەباتی زیادکردنی وێنە، قەڵشتێک لە دەلاقەکەدا دروست بکات؛ چرکەساتێک کە ڕوانین بەسەر ئاساییبوونەوە و خووپێوەگرتندا باز دەدات و تێدەگات چ شتێک بە دەستی ئەنقەست پشتگوێ خراوە و نەدیو کراوە. هەندێ جار نەبینین و نەدیوکردنی وشیارانە، سیاسیترە لە بینینی ئاوسکراو و زێدەڕۆیانە. بەم مانایە هونەری پاش کارەسات زۆرتر لەوەی کە نواندنەوە بێت، شایەتیدانە؛ بەڵام نەک شایەتیدان بە مانا یاساییەکەی، یان هەڵە و ڕاستکردن و سەلمێنەرانەکەی، بەڵکوو شایەتیدان بەمانای پاراستنی شوێنپیی زام و برین. هونەرێک کە هەوڵ دەدات هەموو شتێک پیشان بدات، بەزۆری دەکەوێتە داوی جوانیناسیی ڕەنجەوە؛ ڕەنجێک کە دەبینرێت، ستایش دەکرێت، و دواتر فەرامۆش دەکرێت. لە بەرامبەردا، خۆی شێوەیەکە لە سیاسەت؛ سیاسەتێک کە فەرمان دەرناکات و هێور ناکاتەوە، تەنها بەردەوامی بە پرسیار دەبەخشێت.
پرسی یادگەش لەگەڵ کارەساتدا بەتەواوەتی دەگۆڕێت. دەسەڵات، کارەسات تۆمار دەکات تاکوو لە مەترسی بەتاڵی بکاتەوە. ئارشیڤەکان لێوانلێو دەبن، بەڵگەکان بڵاو دەبنەوە، بەڵام هەر ئەم تۆمارکردنە بەرفراوانە دەتوانێت شێوەیەکی پێشکەوتوو لە سڕینەوە بێت. هەموو شتێک تۆمار دەکرێت، جگە لەو شتەی کە تۆمارهەڵنەگرە؛ قەڵشت، نەبوون، ئەو دەنگانەی هەرگیز بە فەرمی دانیان پێدا نەنرا. هونەر دەتوانێت لە بەرامبەر ئەم لۆژیکەدا، ببێت بە دژە-ئارشیڤ؛ نەک لە ڕێگەی زیادکردنی بەڵگەوە بەڵکوو بە ئاشکراکردنی بۆشاییەکانی بەڵگە و بیرخستنەوەی ئەمەی کە مێژوو بەشێوەیەکی بەردەوام شتێک بەجێ دێڵێت. لێرەدا شیوەن پرسێکی سەرەکییە. کارەسات بەشێوەیەکی بەردەوام خواستی بۆ شیوەن هەیە، بەڵام شیوەنێک کە بەخێرایی دەبێت بە ڕێوڕەسم، مۆنۆمێنت یان دروشم، بەزۆری زیاتر لەوەی کە یادهێنەر بێت، داپۆشەرە. ئەم شیوەنە، دۆسییەکە دادەخات، کات هەوسار دەکات، و بوار دەدات “ژیانی ئاسایی” دەست پێ بکرێتەوە. هونەر دەتوانێت شێوەیەکی دیکە لە شیوەن بەدیبهێنێت؛ شیوەنێک کە داناخرێت و لە هەمبەر سێبووری و هێوربوونەوەدا ملکەچ نابێت. شیوەنێک کە لەباتی هێورکردنەوە، دەپرسێت؛ و لەباتی کۆتاییهێنان، هەڵپەساردن دەئافرێنێت و هەنووکەی بەردەوام کارەسات زیندوو ڕادەگرێت. کاتیش لە کارەساتدا بەتەواوەتی گۆڕانی بەسەردا دێت. ڕابردوو بە ئاسانی ناخوێندرێتەوە و لاپەڕەکانی هەڵنادرێتەوە و داهاتووشە بەڵێنێکی پێ نییە. کارەسات هەنووکە زامێک دروست دەکات کە کۆتایی بۆ نییە؛ کات ڕادەگرێت و گێڕانەوەی پێشکەوتن پەک دەخات. هونەر، لەڕێگەی زیندووڕاگرتنی ئەم هەنووکە بەردەوامەوە، لە هەمبەر ئوستوورەی تێپەڕین و ساڕێژبوونەوەدا دەوەستێتەوە. ڕاوەستان لەم سەردەمە شکاوەدا، خۆی کردەیەکی سیاسییە و بەردەنگ لە دۆخی هەڵپەسێردراویدا ڕادەگرێت. لە کوشتارە بەکۆمەڵەکاندا، پرسەکە تەنها مەرگ نییە؛ بەڵکوو سڕینەوەی دەنگە. زۆرێک لە قوربانییەکان تەنانەت لە پاش مەرگیش لە گێڕانەوەکاندا نەبوو و غایب دەمێننەوە. ئەوەی دەمێنێتەوە بەحەتم دەنگ نییە؛ لاشەیە(جەستە). لاشەیەک کە نە پاڵەوانە و نە قوربانییەکی وێناکراو، بەڵکوو لاشەیەکە کە تەنها و تەنها بەجێ ماوە. هونەر ئەگەر بەرپرسیارێتییەکی هەبێت، نەک قسەکردن لەباتی ئەوان، بەڵکوو ئاشکراکردنی هەر ئەم غەیبەت و هەر ئەم پاشماوەیەیە. هەندێ جار بێدەنگییەکی ورد لە هەزار وێنەی ڕوون سیاسیترە. لەم ڕوانگەیەوە هونەر نە هەتوانە و نە دادگا، نە بەیانییەیە. هونەر زیاتر وەکوو شوێنێکە بۆ راوەستان؛ ڕاوەستان لە وێرانەدا. بە بێ پەلەکردن بۆ تێپەڕین، بە بێ بانگەشەی ساڕێژبوون. ئەم ڕاوەستانە، بەردەنگیش پەلکێشی ئالنگارییەکە دەکات. بینەری کارەسات، ئەگەر هێور بێتەوە، ئەگەر ڕەنج مەسرەف بکات و دەرخواردی بدرێت و تێپەڕێت، لە لۆژیکی سڕینەوەدا بووە بە شەریک. بەرپرسیارێتی و ئەرکی ئەو مانەوەیە بە بێئارامی؛ وەڵامدانەوەیەک کە وەڵامی کۆتایی بۆ نییە. هونەر ئەم دۆخە دوادەخات و لەم ڕێگەیەوە، شیوەن زیندوو ڕادەگرێت، کات هەڵدەقڵیشێنێت، زمان بە برینداری بەڵام چالاک دەهێڵێتەوە.
هونەر، لەم بەرجەوەنەدا، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ مرۆڤبوون دروست دەکات. وەفاداری بۆ ئەو شتەی ساڕیژهەڵنەگرە، نەک تەنها بابەتێکی ئەخلاقی، بەڵکوو سیاسی و بوونناسانەشە. نەک بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی پاک، بەڵکوو بۆ ئەوەیە کە فەرامۆشی و تێپەڕین بە ئاسانی ڕوو نەدەن. ئەم ڕاوەستانە، ئەم تێنەپەڕینە، خۆی شێوەیەکی ڕادیکاڵی بەرخۆدان و خۆڕاگرییە؛ بەرخۆدان لەهەمبەر دەسەڵاتێک کە بەشێوەیەکی بەردەوام خوازیاری تێپەڕین، فەرامۆشی و گەڕانەوەیە بۆ “دۆخی باو”. ئاوەها تێگەیشتنێک لە هونەر، بە بێ ئەوەی ناوێک بهێنێت، لەو ئاسۆیانە نزیک دەبێتەوە کە لە فەلسەفەی هاوچەرخدا بیچمبەندی کراون؛ لە لایەکەوە ئەندێشەیەک کە لەسەر نەپۆڕانی باسکردنی تەواوەتی کارەسات داکۆکی دەکات و هونەر لە پێگەی شینگێڕیی ناتەواو و پاراستنی غیاب دادەنێت؛ شوێنێک کە زمان زامدارە و هەر مانایەک دوادەکەوێت و درەنگ دادەگات. لە لایەکی دیکەوە، شیکارییەک کە کارەسات بە بەرهەمهێنانی دۆخێکەوە گرێ دەدات کە تێیدا مرۆڤ دادەبەزێتە سەر ژیانی ڕووت و هەناسەکێشان؛ ئەو جێگایەی کە کوشتن دادەگات، بە بێ ئەوەی کە ناوی تاوانی لێ بنرێت و شایەتەکانیش هەمیشە ناتەواو و نیوەچڵن. لە خاڵی لێکدانی ئەم دوو ئاسۆیەدا، کە دەکرێت بە ناوی ژاک دریدا و جۆرج ئاگامبێنەوە بناسرێت-هونەر نە ئەگەری ڕزگاربوونە و نە لە ڕاستیشدا بەڵێنی ئاشتییە. هونەر ئەگەری خیانەتنەکردن دەخاتە بەردەم؛ خیانەتنەکردن بە مردووەکان، خاینەتنەکردن بە زمان، و خیانەتنەکردن بە زامی مێژوو. هونەر بە ڕاوەستان لە ناو وێرانە، بە پاراستنی بێدەنگی و شکست و ناتەواوی، دەرفەت بە بەردەنگ و مێژوو دەدات کە لەگەڵ غیاب و نەبووندا ڕووبەڕوو ببنەوە، لەگەڵ زامدا چاو لە چاو بن و بە بیری بهێننەوە بە بێ ئەوەی بەسەریدا باز بدەن و تێپەڕن.
“کارەسات بۆ کوردان”
لە ئەزموونی مێژوویی کوشتن و قڕانکردنی کوردەکاندا، کارەسات لە مەرگ و هەروەها لە شێوەی مەرگدا چڕ دەبێتەوە. بەکارهێنانی چەکە کیمیاییەکان، لە هەڵەبجەوە تا سەردەشت و ناوچەکانی دیکە-مەرگێکی بەدیهێنا کە تەنانەت ئەگەر و ئیمکانی گێڕانەوەشی ژەهرخوارد و هەناسەبڕ دەکرد. لاشە کەوتووەکان و جەستە پەرتبووەکان بەهۆی تەقینەوەوە نەبوون، لەشەکان لە خنکان، سووتانی نەدیتراو و هەڵوەشانەوەی وردەوردەدا دادەڕزان؛ وەکوو بڵێی خودی هەوا، کە دەبوو مەرج و پێویستیی ژیان بێت، خۆی بووبوو بە ئامرازی کوشتن و لەناوبردن. ئەم جۆرە مەرگە زمانیش دەکات بە ئامانج؛ چۆنچۆنی دەتوانین باس لە بۆنێک بکەین کە نابینرێت، لە دەردێک کە نە زامی هەیە و نە وێنەیەکی ڕوون؟ هەر بۆیە، کارەساتی کیمیایی کورد تەنها تاوانێکی جەنگی نەبوو و نییە؛ بەڵکوو لێدانە لە ئەگەری شایەتیدان. “کوشتنی بەکۆمەڵی مانگی ڕیبەندان”یش لە سەرانسەری ئێراندا، ئەگەرچی لە شێوەیەکی دیکەدا، بەڵام هەمان لۆژیک دووبارە دەکاتەوە؛ کۆمەڵێک مەرگی بەلێشاوی خێرا، پەرتەوازە و لە هەمان کاتدا کەڵەکەکراو؛ ئەو جەستە و لاشانەی کە بەر لەوەی ناوێکیان لەسەر دابنرێت، دەسڕدرێنەوە؛ و گێڕانەوەیەک کە بەر لە دەستپێکردنی، سەرکوت دەبێت. لێرەشدا کارەسات تەنها لە ژمارەی کوژراواندا نییە، لە شکانی زنجیرەی گێڕانەوە، لە بێهازکردنی زمان بۆ شایەتیدانە. هونەر، ئەگەر بیەوێت لەم جۆر ئەزموونانە، ئەزموونگەلی سامناک نزیک کەوێتەوە، ناچارە لە نواندنەوەی راستەوخۆ پاشەکشێ بکات؛ نەک بە هۆی کەم و کورتی بەڵکوو ڕێک بەهۆی وشیارییەوە. لەم پاشەکشێیەدا هونەر بەرەو ئەو فۆرمانە دەڕوات کە خنکان، هەڵپەسێران، کەوەلاڵی و لەگۆکەوتنی زمان لەگەڵ خۆیان هەڵدەگرن؛ ئەو فۆرمانەی کە خۆیان لە نۆژەنکردنەوەی ڕەنج دەبوێرن. چونکە هەر نۆژەنکردنەوەیەک مەترسیی جوانکاری و بەمەسرەفیکردنی کارەساتی لە خۆیدا هەڵگرتووە. ئەم خۆبواردنە، سڕینەوە و لادانی ڕەنج نییە، لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ بەرخۆدان لە هەمبەر فەرامۆشیدا؛ بۆ ئەوەی کە زام، چ لە هەڵەبجە و سەردەشت و چ لە شەقامەکانی ڕێبەندان، لە یادگەی مێژوودا دانەخرێت.
پەراوێزەکان؛
1-Derrida, Jacques. The Work of Mourning. Translated by Pascale-Anne Brault and Michael Naas. Chicago؛ University of Chicago Press, 2001.
2 . Agamben Giorgio. Remnants of Auschwitz؛ The Witness and the Archive. Translated by Daniel Heller-Roazen. New York؛ Zone Books, 1999.
سەرچاوە؛ رادیو زمانە
نووسین: عەلی ئاشووری
وەرگێڕان؛ ئاراس ڕٶژهەڵاتی





































































