مەحوی دەبێژێ؛
با حەقیشبێ، لەبۆ مەنصوور -انا الحق-حەق نیە
شێتیە، مەجنوون ئەگەر بێ، نازی لەیلایی بکات
سەرەتا دەبێ بزانین کە مەحوی دەبێ بە چاوی دڵ بخوێنرێتەوە نەک چاوی سەر، دەقی ڕەسەن کێشی دێت و مەحویش سەر بەو ڕەسەنایەتییەیە.
ئەلف:- حەللاج لە شیعری مەحوی و عاریفان و شاعیرانی پێش ئەویشدا سیمبولە، هەر یەکەیان بەجۆرێک ڕەهەندە جیاوازەکانی ژیانی وەک قارەمانێکی ئیشق و مەعریفە و وەک ڕێبەرێکی خوێناوی دەخەنە ڕوو، کە هەمووان کۆکن ئەم عاریفە لە کۆتاییدا ئەوین گەیاندیە سەر دار، بێ ئەوەی ئاماژە بە ڕەهەندی سیاسی ئەم ڕووداوە بدەن، چونکە پرسی سیاسی لە دەرەوەی کڵێشەی هونەریدا بە بێ پەنجە لەسەر دانان دەمێنێتەوە.
بێ:- هەڵبەت لەوانەیە زێدەڕۆیی نەبێ گەر بڵێین ڕووداوی لە داردانی حەللاج بەو شێوە سەیرە تەنها ڕووداوە کە لە پاش عیسای مەسیح ڕوو دەدات و دەبێتەوە بە سیمبولی نێو ئەدەبیات. دواجار هەرایەک و فەزایەک ئەو لەجیهانی مەعریفەیا ناویەتەوە، هیچی کەمتر نەبوو لەو پێغەمبەرە نەسرانیەی کە ڕێڕەوێ مێژووی گۆڕی، تازە مەسیح لەلایەن خوداوە ڕاسپێراوە و قورئانیش ڕەتی دەکاتەوە کە لە دار درابێ و شوێنکەوتەی بە ملیۆنەها هەیە، لێ حەللاج ئەگەر پاڵپشتێکی هەبێ، جگە لەسینەی ئاشقان و دڵی عاریفان چتێکی دیکە نیە.
جیم:- حەللاج لای مەحوی سیمبولە، سیمبوولی هەق بوون و هەق وێژی و تەجەللی هەق، بۆیە ڕاڤەی ئەو بەیتەی سەرەوە بەچەند خاڵ دەخەینە ڕوو، ئەوەیشی بۆتانی دەنوسم، هەڵگۆزراوی سینەی خۆمە و پشتم بە هیچ سەرچاوەیەکی ئەدەبی نەبەستووە.
یەکەم:- سەرەتای بەیتەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە حەللاج هەقە، ئەمە ڕوونە و نکۆڵی تێدا نییە، واتە مەحویی پێی وایە کە ئەو زاتە لەسەر هەقە و خاوەن هەقە و ئەمەش وای لێناکات کە درێغی بکا لەوەی بیکاتە سیمبولیکی شیعریی خۆی. پاشان مەحوی لە دەیان جێگەی تردا باس لە هەقبوون و هەقوێژی حەللاج دەکات و دەڵێت:-
«هەتا حەق ناصیرە، هەر حەقمە مەنظوور/ وەکوو مەنصوور ئەگەر بمکەن بە دارا».
یان دەڵێت:-
«بە حەق هەر حەق، بە ناحەق ناحەقم گووتووە لە ڕۆژێ بووم/ وەکوو مەنصوور، ئەگەر بیشم کوژن، ناکەم لە حەق لادەم».
لە بەیتی دووەمیدا دەڵێت: وەکوو حوسەینی مەنصوور بشکوژرێم لە سەر هەقی خۆمم و دەسبەرداری نابم، دیارە دیارترین هەقێ کە مەحوی لەسەری بمێنێتەوە بریتیە لە ئیشق و مانەوە لە سەر دینی ئاشقان، کە وەک خۆی دەیڵێ یا ڕێگای بولبوولە، یان ڕێی پەروانە.
«یەکێ پەروانە هەمدەردە، یەکێ بولبوول کە هەم فەردە».
دووەم:- مەحوی لێرە دەیەوێ ڕەهەندێکی دیکەی حەللاجمان بۆ بخاتە ڕوو کە لە دیوی شێوازی هەقگۆیی و هەقناسی حەللاجدا دەر دەکەوێ و ئەوەی کە هۆی چییە هەندێک حەللاجیان خستۆتە بەر تانەو تەشەر؟ ئەو ڕەهەندەش بریتییە لە هەژمارکردنی دینی حەللاج بەدینی ئاشقانە، نەک دینی زاهیدانە و شەریعەت_مەدارانە، چونکە لە دینی زاهیدانەدا کەشفی ڕاز و چاو نەترسی زۆر بە کەمی جێی باسە و ڕەنگە بڵێم هەر بوونی نییە، تەنها خواپەرستیەک هەیە کە لە ئەوجی ئەو خواپەرستیەدا ترسان لە خودا شەپۆل دەدات، بەڵام لێرە خوێن دەڕژێ، بە شێوەی دلێرانە قوربانی و بەرخودان هەیە کە حەللاج خۆی چاونەترسانە دەڵێت: «اقتلونی یا ثقاتی، ان فی قتلی حیاتی».
سێیەم:- مەحوی لە بەیتی یەکەمدا کە ئاماژەم پێدا چ بەزاهیر و چ بە باتن تەپکەی ناوەتەوە، بە تایبەت لەبۆ ئەوانەی کە بە ئاسانی دەکەونە ناو ڕوواڵەتی دەقەوەو ناتوانن ڕۆچنە ناو عەتیقەی ماناکانیەوە، مەحوی دەیەوێ بێژێ: حەللاج ناهەقیەکی هەبێ لەوەیا نییە کە هەقی نییە بڵێ: انا الحق، انا الحق گوتنەکەی بەجێیە، بەڵام لەوەدایە کە دەیەوێ ناز بکات، واتە پرسەکە پەیوەستە بە نازەوە، مەحوی پێی وایە نازکردن کاری مەعشووقە، نە ئاشق، لەوەشدا چ مەنسوور یان هەر عارفێکی دی نا هەقە و شیاوی ویی نییە، ئەمەش بەقەد ئەوەی یاریکردنە بە ڕەهەندە جووانەکانی ئیشق شتێکی دی نییە. مەحوی دەڵێت ئاشق لە دبۆی نییە نازی مەعشووقانە بکات و ئەوەی بە وی نابڕێ، چوونکە شێتیە مەجنوون ئەگەر بێت و نازی لەیلایی بکات. واتە نازکردن، کاری لەیلایە و نازکێشان کاری مەجنوون. بە گشتی عاریفان هەم ئەزموونی نازکێشانیان هەبووە هەم نازکردن وەک بەستامی کاتێ کە دەڵێت: «ئەی یار ئەمن مورادم و تۆ مورید!» ، بەڵام بە گشتی جێی ستایش نییە و ئەگەر عارفێکیش ناز بکات وەک مەولانا دەڵێ ئەوە هێشتا پێ نەگەشتووە «گر ناز کنی خامی،».
چوارەم:- ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە مەحوی لە نێوان شێتییەک کە هی مەجنوونە و جارێکی تر بە شێت هەژمارکردنەووی مەجنووندا سەرنجێکی زۆر قووڵی داوە و ڕێڕەوی ئاشقانە دەخاتە ڕوو کە لە خەسڵەتەکانی ڕێبازی ئاشقانە، مەجنوون کە خۆی شێتە ئیدی شێتی چ مەعنیەکی بۆ ئەو دەمێنێتەوە جگە لە جەختکردنەوە لەسەر شێتی عاریفانە!؟ کەواتە نەخێر باسەکە باسی هەق و ناهەقی نییە، بەقەد ئەوەی باسی مەسلەکە و ڕێڕەو.
پێنجەم:- مەحوی لە بنچینەیا دوو جۆر، یان دوو دەستە لە ئاشقان باس دەکات کە دوو ڕێگایان هەیە، یەکیان ڕێگای ئاشقانی هەقوێژ، کە ئیشقیان بەزۆری هەقیقییە و حەللاج لە جوملەی ئەوانە و جێگایان سەری دارە، یەکێکی تریان ئاشقانی چاوی لەیل، کە ئیشقیان مەجازییە. لە تێکست و تێڕوانینی مەحویا ئاشقانی ئیشقی مەجازی شێتن و بەشیان بەرد باران کردنە، هەرچی ئاشقانی ئیشقی هەقیقیش هەیە بەشیان سەری دارە، یەکەمیان حەللاج سیمبوولیەتی و دووەمیشیان قەیسی عامیری، بەڵام لە هەردوو حاڵەکەدا بەشی ئاشق هەر نەفرەتە و ئازار و میحنەت، جا یان دارە، یان بەردە، بەگوتەی خودی مەحوی: «بەشی ئاشق یان بەردە یان دار» .. یان «بەشی ئاشق درا هەم بەرد و هەم دار». مەحوی وێڕای ئەوەش ئاماژەیەکی قووڵی داوە بۆ ئەم مەبەستە و دەڵێ خێرە حەللاج کە بەشی دارە و کاری نازکێشانە، کەچی هاتووە ناز دەکات و مەودای جیاوازیەکەی نەهێشتووە؟! هەروەها تانە دەدات لە حەللاج بەوەی کە ناهەقیەکی هەیە، ئەویش ئەوەیە دێت و ناز دەکات. مەحوی دەیەوێ دەست بۆ ئەو دیووە قووڵەی ئیشق ببات کە دەکەوێتە نێوان ئاشق و مەعشووقەوە، کە کاری ئاشق ڕەنگ زەردی و فیغان و دەربەدەری و خۆڕاگرییە، کاری مەعشووقیش ناز و عیشووەو خۆویستییە، «تا تۆ طەڕەبت هەبێ منیش طەڵەبم هەیە»(مەولانا)، «هەتا تۆ جوان بیت و شەنگ، منیش بێڕەنگم و دڵتەنگ»(مەحوی).
شەشەم:- مەحوی لەم تێڕوانینەی خۆیدا لەبۆ حەللاج کۆمەڵێکی زۆر لە ئەگەر و پرس و تێڕوانین شەن و کەو دەکات و وەڵام دەداتەوە کە تەواوی عاریفان و شاعیرانی پێشتری خۆیی پێوە سەرقاڵ بوون، لەوانە: ئەو جیاوازیەی کە لە نێوان شەمس و مەولانا هەیە لەمەڕ حەللاج، مەولانا حەللاج وەک سیمبولیک دەزانێ و پەسن و ستایشی وی دەباتە کەلکەلانی فەلەکێ و دەیکاتە سیمبوولیکی هەرە باڵای ئیشق و هەموو هەنگاوو کارەکانی ئاڕاستەدەکات و دەردی دڵی خۆیی پێ شرۆڤە دەکات، لەجێیەکدا دەڵێت: «ئەو پیاوە بەر لەوەی بمرێ مردووی ئیشق بوو»، لەجێیەکی دیکەیا دەڵێت: «ئەو پیاوە کە کاری ئیشارەت گوتن بوو بەدەستی خەڵکێ چوویە سەردار، دەی کوا حەللاج! وا من هێند ئیشارات و ئەسرارم تووندە، ئەگەر زیندووبێتەوە ئەو ئەمن لەدار دەدات»، دیارە مەحەکی هەقبوون لای مەولانا تووندی ئیشارەتە، کە ئیشارەت چەند تووند تر، شەریعەت هێند نەرم تر و ڕواڵەتی تر. لەجێیەکی ترا مەولانا دەڵێت:- حەللاج حاڵی لەگەڵ هەق تەعالا وەکو ئەو ئاسنە وابوو کە لەگەڵ ئاگر بەجۆرێک نەرم بوو بوو دەیگووت:- انا النار. وەلێ سەیر لەوەدایە شەمسی تەورێزی کە ڕێبەر و ڕێدەری مەولانایە دانی خێرێ بە حەللاجدا نانێ، شەمس دانی خێر بە کێدا دێنێ، تا بە حەللاجی دا بێینێ، شەمس دەبێژێ:- «ئەوە چی دەگووت ئە پیاوە کە دەیگووت: انا الحق؟! ئەگەر حەق هەیە انا کوانێ و ئەگەریش انا هەیە حەق کوانێ؟» ڕەنگە سەیرتر ئەمەبێ مەولانایەک کە بێ شەمس ئاو ناخواتەوە چۆنە وا ئێستاکە لەگەڵ وی لەمەڕ پیاوێک دوو دیدگای تەواو جیاوازیان هەیە؟
حافیز و سەعدیش «دوو عاریفەکەی شیراز» بەهەمان شێوە لەسەر حەللاج ڕایان جیاوازە، حافیز لەجێگەیەک دا دەڵێت: «حەللاج کە سەری دار بەهۆی ویەوە قیمەت و حوورمەتی پەیدا کرد، لێ جورم و تاوانی ئەوەبوو کە ئەسراری دەگووت و دەمی خۆی نەدەگرت». بەڕای من حافیزیش تانە لە حەللاج دەدات نە لەبەر ئەوەی حەللاج بە هەق نازانێ، بەڵکە لەبەر ئەوەی کە حەللاج ئاداب و ڕسوومی تێک داوە (لێرەدا مەحوی و حافز یەک دەگرنەوە). ئەدۆنیس: «دەڵێ ئیشق ڕسووم تێک دەدات», نیتشێ دەڵێت: «ئیشق شێتییەکە لۆژیکی خۆیی هەیە». بە پێی سلووکی کۆتایی نیچە بڕوانین بۆ حەللاج دەردەکەوێ کە هەردووکیان لەو شێتیە پەیامیان یەکدەگرێتەوە کە ڕێکاری سادەی ژیان بە مانیەکی ئاسایی نایەتە دەست. حافیز هەروا دەسبەرداری حەللاج نابێ، بەڵکو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ڕێی حەللاج جیاوازە و نابێ شرۆڤەی فیقهی لەبۆ بکرێ، حافیز دەڵێت:- «ئەوەی کە دەتانەوێ لە بارەی حەللاجەوە بیزانن، شێوەی ئەو پرسانە لای شافیعییەوە دەست ناکەوێ، واتە پرسێک کە شافیعی وەڵامی دەداتەوە پرسی حەلاج نییە و بە پێچەوانەشەوە.
«حلاج بر سر دار، این نکتە خوش سرآید
از شافعی نپرسند، امثال این مسائل».
جا بۆیە مەحوی لێرە بە ئەرکێکی گرنگ هەستاوە کە لە یەک کاتدا هەم هەق و ڕێڕەوی هەقبوونی حەللاجی خستۆتە ڕوو، هەم ڕەهەندەکانی ڕێگای ئاشقانی شێت و ئاشقانی هەقگۆشی بەیان کردووە، هەم جیاوازی نێوان هەریەک لە دینی ئاشقانە و زاهیدانە و بەرژەوەندییانەی خستۆتە ڕوو، کە حەللاج نە لەوەی دووەمەو نە لەوەی سێیەم.



































































