دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمامی ئێراق، پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی ئێراق و دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، لە ئێستادا بە یەکێک لە قورسترین و ئاڵۆزترین پرسە سیاسییە گەرمەکان دادەنرێت، فراوانبوونی ململانێی کوتلە سیاسییەکان لە ناوخۆ لە لایەک و لەلایەکی تریشەوە ئەوەی پرۆسەکەی ئەوەندەی تر ئاڵۆز کردووە کاریگەری و ململانێی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە کە ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ ڕۆڵی یەکلایکەرەوە دەبینێت لەو بابەتەدا، ئاشکرایە ئێران و ئەمەریکا دوو کارەکتەری سەرەکین لە یارییەکەدا، هەرچەندە ڕۆڵی تورکیا و سعودیە لاوەکین، ئەوەی بۆ ئەمەریکا گرنگە لەم پرسەدا؛ سەقامگیری و هاوسەنگی ئەمنی و بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی وزەیە لە ناوچەکەدا. سەبارەت بە ئێران دەیەوێت هەژموونی پێشتری خۆی بگەڕێنێتەوە بەتایبەتی لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل، کەواتە بەهێزی و بەرژەوەندی هێزە نزیکەکانی ئێران و کاریگەرییان فاکتەرێکی تری پێکهێنانی پرۆسەکەیە، کە ئێران خوازیاریەتی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکانی بپارێزێت لە ڕێگای هێزە (پرۆکسیەکانی) لە ئێراق.
ئەوەی خاڵی گرنگ و سەرەکیە، کاندیدی سەرۆک وەزیران لەسەر بنەمای زۆرترین کورسی و ئەنجامی هەڵبژاردن دیاری ناکرێت، بەڵکو پێویستە ئەوە لەبەر چاو بگرین کە زۆربەی جار دانانی سەرۆک وەزیران بە هەماهەنگی بووە بەدەر لە ژمارەی کورسی و ئەنجامی هەڵبژاردن و کوتلەی بەهێزی پەرلەمان، ڕاستە ژمارەی کورسییەکان تەحەکوم بە پرۆسەکە دەکەن، بە جۆرێکی تر لە کۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان کاندید پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگەکانە کە دەکاتە ٢١٠ کورسی،کەواتە ئەوەی پرۆسەکە یەکلا دەکاتەوە بڕیاری یەکگرتووی چوارچێوەی هەماهەنگیە کە لە ئێستادا ئەوەی دەبینرێ هەمان سیناریۆکانی پێشووە دوبارە دەبێتەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٠ ئەیاد عهلاوی لە پرۆسەکە پەراوێز خراو. لە سالی ٢٠٢١ سەدر کە خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانی بوو بە ھەمان شێوە لە پرۆسەکە دوور خرایەوە.
کەواتە ژمارەی کورسی دەور نابینێت، ئەوەی زۆرترین دەور دەگێڕێت ملکەچی و گوێڕایەڵی کاندیدەکەیە بۆ مەرجەعیەتی شیعە و پراکتیزەکردن و کارکردن بۆ خواستی هێزە شیعەکانی لایەنگری ئێران و بەرەی مقاوەمە، بە تایبەتی کە ڕۆڵی “مالیکی و عامری و قەیس خهزعهلی” و هێزە نزیکەکانیان دژی کاندید کردنەوەی “محهمهد شیاع سودانی”ن بەھۆکاری دژایەتیکردنی دۆسیەی حەشدی شەعبی و مەلەفە ئەمنیەکان لەڕابردوودا کە زیاتر بە لایەنگری پاراستنی بەرژەوەندی ئەمەریکا ناسراوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کورد و سونەکان پەیوەندییەکانیان ئاڵۆزی تێکەوت لەم ساڵانەی دوایدا لەگەڵ ناوبراو، کەواتە سیناریۆی دروستبوونی حکومەت خۆی دەبینێتەوە لە پێکهێنانی هاوپەیمانیەکی فراوانی لایەنە یەکگرتووەکانی شیعە کە ئەستەمە ڕۆڵ و کاریگەری مەزهەب و تایەفی لەم پرۆسەیەدا بسڕێتەوە، کەواتە ڕاستە هاوپەیمانی گەشەپێدان و پەرەپێدان زۆرترین کورسی هەیە بە سەرۆکایەتی “محهمهد سودانی”، بەڵام وەرگرتنەوەی کورسی سەرۆک وەزیران بۆ جاری دووەم زەحمەتە، بەدەر لەوەش وەکو عورفێکی لێھاتووە کە کاندیدی سەرۆک وەزیران زۆربەی جارەکان کاندید کەسایەتییەکی جیاواز بووە کە خاوەنی حیزب و کورسی زۆری ئەنجوومەنی نوێنەران نەبووە.
لە لیستی کاندیدانی ئیتاری تەنسیقی؛ قاسم ئەعرەجی، حەمید شەتری و ئەسعەد عیدامی، بە کاندیدی بەهێز و نزیک لە کورسی سەرۆک وەزیران دادەنرێن، کە پەسەند کراوی چوارچێوەی هەماهەنگین و بە کەسانی میانڕەو نزیک لە خواست و بەرژەوەندییەکانیان دەناسرێن. کەواتە دووبارە ڕۆڵی ئێران گەورە و کاریگەرترە لە ئەمەریکا بە پێچەوانەی پێشبینیەکانی ڕابردوو، کە گوایە ئێران لاواز بووە و کاریگەری کەمبۆتەوە بە پێچەوانەوەی ئەوەوە ئەمەریکا زیاتر وەکو پرسێکی ناوخۆیی سەیری بابەتەکە دەکات و ناچێتە ناو زۆربەی وردەکاریەکان، ڕۆلی ئێران لەم پرسەدا یەکلاکەرەوە دەبینرێت چونکە پرسەکە ھەستیارو ستراتیژیە سەبارەت بە ئایندەیان. لە کۆتاییدا؛ پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی ئێراق پرۆسەیەکی تەواو ئاڵۆزە، کە تەنها بە میکانیزمی دەستووری و ژمارەی کورسییە پەرلەمانییەکان یەکلایی ناکرێتەوە، بەڵکو کاریگەری چەندین فاکتەری ناوخۆیی و دەرەکی لەخۆدەگرێت. عورفی سیاسی و ڕۆڵی چوارچێوەی هەماهەنگی لە دیاریکردنی کاندیدەکاندا کاریگەرتر دەبینرێت، کە ئەمەش مێژوویەکی درێژی هەیە لە سیستمی سیاسی ئێراقی پاش ساڵی ٢٠٠٣دا. هەروەها کاریگەری هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی ئێران و ئەمەریکا، بەردەوام بە فاکتەرێکی بنەڕەتی لەم پرۆسەیەدا دەمێنێتەوە، کە ڕەنگدانەوەی ستراتیژی گەورەتری ئەم هێزانەیە لە ناوچەکەدا.



































































