2-یه‌كه‌ی شیكردنه‌وه‌و هه‌ماهه‌نگی چاودێریی؛ ئه‌م یه‌كه‌یه پێویستە مه‌سه‌له‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌سه‌ر ئاستی گشتی ببینێ و شرۆڤەی بكات، لە په‌یوه‌ندیدا بێت لەگەڵ لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه چاره‌نووسازه‌كانی وڵات و هەماهەنگی لەنێوان كۆكردنەوە و شرۆڤەی داتاكان لە ناوچەكان و بەشەكانیدا بكات. كاری ئه‌م یه‌كه‌یه بەپێی توانا و مەسەلە چارەنوسسازەكان، پێویستە ئه‌م بوارانه‌ی خواره‌وه له‌خۆبگرێت:-
– بواری یاسایی:- بریتیه له شرۆڤەی چوارچێوه‌ی یاسایی، پاراستنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ دادگاكان و ده‌سه‌ڵاتی دادوەری و چاودێریی بەسەر كارەكانیان و چاودێریی بەسەر چۆنییەتی چارەسەری ناكۆكییەكان.
-به‌ڕێوه‌بردنی پراكتیكی هه‌ڵبژاردن:- بریتیه له په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ كارمه‌ندانی كۆمیسیۆنی گشتی هه‌ڵبژاردن، چاودێریی به‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی پرۆسەی هه‌ڵبژاردن، كۆكردنه‌وه‌ی رێگاچارەكان و بڕیاره‌كانی به‌ڕێوه‌بەرایەتی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵسه‌نگاندنی راستودروستی ناوی ده‌نگده‌ران.
– میدیاكان:- بریتیه له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ میدیاكان و سه‌ندیكا پیشەییەكانی هه‌واڵنێران و چاودێریی بەسەر مامه‌ڵه‌ی میدیاكان به‌درێژایی قۆناغی هه‌ڵبژاردن.
– كەمپینی هه‌ڵبژاردن:- بریتییه له په‌یوه‌ندیكردن بە تیمەكانی كەمپینی كاندیدەكان و پارته سیاسییه‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندنیان و چاودێریی بەسەر مه‌سه‌له‌كانی پەیوەندیدار بە ئازادی كۆبوونه‌وه، په‌یوه‌ندیی بەئەوانیتر، ئازادی ڕاده‌ربڕین. هه‌روه‌ها یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ریی دۆخی ململانێ.
– كه‌مینه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان:- بریتیه له په‌یوه‌ندیكردن به نوێنه‌رانی كه‌مینه نه‌ته‌وەییە‌كان و دامەزراوە حكومی و دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه په‌یوه‌ندیداره‌كان و هه‌ڵسه‌نگاندن و چاودێریكردن به‌سه‌ر به‌شداریی كه‌مینه‌كان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا.
– جێندەر:- بریتییه له په‌یوه‌ندیكردن به دامەزراوە حكومی و رێكخراوە ناحكومییەكان كە پەیوەندیدارن بە ره‌خساندنی چانسی یه‌كسان و هه‌ڵسه‌نگاندن و چاودێریی به‌سه‌ر به‌شداریی ژنان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و ڕووماڵی هەواڵی مه‌سه‌له‌كانی په‌یوه‌ست به ژنان.
– هه‌ماهه‌نگی لەنێوان چاودێران (نوێنەران)ی هه‌رێمایه‌تی:- بریتیه له خستنه‌ڕووی ڕێنمایی و كارنامە و وه‌رگرتن و شرۆڤەی راپۆرتی ناوچه‌كان.
كارمه‌ندانی ئه‌م یه‌كه‌یه، ده‌بێ ئه‌زموونیان له‌م مه‌یدانه‌دا هه‌بێت. بۆنمونه ئه‌زموونی یاساییان هه‌بێت.
هه‌روه‌ها ئه‌م یه‌كه‌یه پێویستیان به‌و كارمه‌ندانه هه‌یه كه له بواری ئاماردا پسپۆڕ بن و بتوانن به‌رپرسیارێتی ئاماده‌كردنی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاماریی، كۆكردنه‌وه‌و تۆمار و شیكردنه‌وه‌ی داتا چه‌ندایه‌تییه‌كان بگرنه‌ئه‌ستۆ.
٣-یه‌كه‌ی كارگێری و راهێنان؛ ئه‌م یه‌كه‌یه پێویستە به‌رپرسیارێتی سەرجەم كاروبارە جێبەجێكارییەكان بگرێته ئه‌ستۆ وه‌ك:- ئاماده‌كردنی بودجه و ژمێرە بانكییەكان، هێنانی هێزی كار، ئاماده‌كردن و نوێكردنه‌وه‌ی بانكێكی زانیاریی په‌یوه‌ندیدار به‌داواكاران. هه‌روه‌ها ئه‌م یه‌كه‌یه ده‌بێ هه‌ماهه‌نگی لەنێوان كۆرسە فێركارییه‌كاندا بكات وه‌ك:- هێنانی ڕاهێنەر و خستنه‌ڕوو و هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی فێركردنی كارمه‌ندان و داواكاران له هه‌موو ئاسته‌كاندا، هاوكاری لەگەڵ “یه‌كه‌ی شیكردنه‌وه‌و هه‌ماهه‌نگی چاودێریی” بكات.
راهێنانی ئه‌ندامانی “یه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتی” و “یه‌كه‌ی شیكردنەوە و هه‌ماهه‌نگی چاودێریی” پێویستە لە ئاستێكی زۆر بەرزدا بێت. ئه‌گه‌ر پسپۆڕان لە ناوخۆدا هه‌بێت، پێویستە سودیان لێ ببینرێت، به‌ڵام به‌ده‌ر لەئەمەش، تیمی چاو‌دێر پێویستە توانای هێنانی پسپۆڕانی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كەوە هەبێت بۆنمونە تیمەكانی چاودێریی لە وڵاتانیترەوە بهێنرێت كه له‌م بوارەدا ئه‌زموونیان هه‌یه، یاخود لەنێو دامه‌زراوه نێوده‌وڵه‌تی یا ناده‌وڵه‌تییه‌كاندا كه له‌م بوارەدا كار ده‌كه‌ن. ئه‌ندامانی “یه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رپه‌رشتی” و “یه‌كه‌ی شیكردنەوە و هه‌ماهه‌نگی چاودێریی” دوای وەرگرتنی راهێنانی پێویست، ده‌توانن له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تی و لۆكاڵی، وانه به‌كارمه‌ندان و چاودێران بڵێنه‌وه.
هـ:- چالاكییه لۆكاڵی و هه‌رێمایه‌تییه‌كان؛ له‌كاتی پێویستدا و تا ئه‌و ئاسته‌ی له توانادایە، تیمی چاو‌دێر پێویستە كۆمه‌ڵێك چاو‌دێر له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایەتی بخه‌نەكار تا له قۆناغی به‌ر له هه‌ڵبژاردن و پرۆسەی ده‌نگدان، هەژماری ده‌نگ و پۆڵێنبه‌ندیی ده‌نگه‌كاندا ئەركی چاودێری ئەنجام بدەن. هەبوونی چاودێری هەرێمایەتی به‌تایبه‌تی له هه‌ڵبژاردنی پارلەمان یاخود هه‌ڵبژاردنی به‌رپرسانی ناوچەیی (بۆنمونە ئەنجومەنی پارێزگاكان-وەرگێڕ) كه كاندیده‌كان له‌سه‌ر ئاستی ناوچەیەك یاخود ناوچەی شاره‌وانییەك دەكەونە كێبركێ، بەگرنگ دادەنرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، هه‌ڵسه‌نگاندنی راستودروستی لیستی ده‌نگده‌ران و ده‌ستوه‌ردان یا ده‌ستوه‌رنه‌دان له هەڵمەتەكانی هه‌ڵبژاردندا لەڕێی ئاماده‌بوونی بەرچاوی چاودێرانەوە، له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌یەك باشتر دێتەدی.
– چاودێرانی هه‌رێمایەتی پێویستە به‌رپرسیارێتی چەسپاندن و پاراستنی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایەنە په‌یوه‌ندیداره‌كانی سنووری چالاكییەكانیان بگرنە ئەستۆ. ئه‌ركه‌كانیان بریتییە له:- چاودێریی به‌سه‌ر مافی پێكهێنانی كۆمه‌ڵه و گرووپ، ئازادیی كۆبوونه‌وه و ئازادی راده‌ربڕین، ڕۆڵی حكومه‌تی ناوچەكە به‌درێژایی ماوەی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن، چۆنییه‌تی كاری سەرپەرشتی به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردن و سه‌رجه‌م كەرتەكانی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، دەسەڵاتی دادوەری و داواكاری گشتی، دامەزراوە سه‌ربازییه‌كان، به‌شداریی و بێلایه‌نی میدیاكان، مه‌سه‌له‌كانی پەیوەندیدار به‌ژنان و كه‌مینه‌كان. بێگومان دوای فێركاری و راهێنانی چاودێران، ده‌توانرێ ئەم چاودێرانە بەكاربهێنرێن بۆ تاوتوێی لیستی ده‌نگده‌ران و چاودێریی به‌سه‌ر قۆناغه‌كانی كار له ناوه‌نده‌كانی تۆماری ده‌نگده‌راندا، لەكاتی پێویستیشدا بۆ چاودێریی به‌سه‌ر دانیشتنەكانی دادگاییەكانی تایبەت بە ناكۆكییه‌كانی هه‌ڵبژاردن.
به‌پێی پێویستی و دەرفەتەكان، دەشێ چاودێرانی هه‌رێمایه‌تی بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك تا چه‌ند مانگێك به‌كاربهێنرێن. وێڕای ئه‌ركی چاودێرێتی، چاودێرانی هه‌رێمایه‌تی ده‌توانن به‌رپرسیارێتی هێنان و فێركاری و سه‌رپه‌رشتی و خستنەگەڕی چاودێرانیتر بگرنه ئه‌ستۆ.
-چاودێران:- پێویستە به‌رپرسیارێتی چاودێریی به‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، هەژمار و پۆڵێنی ئه‌نجامی ده‌نگه‌كان له بنكه‌كانی ده‌نگدان و ناوه‌نده‌كانی پۆڵێنی ده‌نگه‌كان بگرنه‌ئه‌ستۆ.
هه‌روه‌ها چاودێران ده‌توانن به‌شداریی له پۆڵێن و ژماردنی ده‌نگه‌كانی (PVT) بكه‌ن، یاخود له‌كاتێكدا ئه‌م پرۆسەیە ئه‌نجام درا، به‌شداریی له (ژماردنی خێرای ده‌نگه‌كان)دا بكەن لەڕێگەی وەرگرتنی نمونەیەكی دیاریكراو لە ئەنجامەكانی بنكه‌كانی ده‌نگدان.
سەرنج:- (ژماردنی خێرا) لەسەربنەمای وەرگرتنی نمونەیەكی دیاریكراوە لە ئەنجامەكانی بنكەكانی دەنگدان، دەتوانێ زۆر سودمەند بێت بۆ دیاریكردنی ڕاستودروستی ئەنجامەكان، بەتایبەتی لە ململانێی هەڵبژاردنی نیشتیمانیدا كە بەپێی زۆرینە رێژەیەك دیاری دەكرێت. ئەگەرچی وردبینی لە (ژماردنی خێرا)دا كەمترە لە خشتەكانی دەنگدان (PVT). پیادەكردنی ئەم رێبازەش زۆر ئاسانترە و بەدەستهێنانی ئەنجامەكان بەسودوەرگرتن لەم شێوازە زۆر خێراترە لە پرۆسەی (PVT).
وێڕای ئەمانەش پێویستە دڵنیا بین لە دیاریكردنی نمونەی وەرگیراودا. لەسەر ئەم بنەمایەش پێویستە سود لە ڕێنماییەكانی پسپۆڕی ئامار وەربگرین كە ئەزموونی لە بواری داتای كۆمەڵایەتی و دانیشتوانی وڵاتەكەدا هەبێت.
ئامادەکردن: ڕێكخراوی ئاسایش و هاریكاریی له ئه‌وروپا
وەرگێڕانی: د.كارزان محەمەد