“لە پەراوێزی دیبەیتەکان له‌سه‌ر کتێبی کورد کێیه؟”
بێگومان کەس ناتوانێت نکوڵی لەوە بکات کە مێژوو‌و و وشیاریی لەسەر مێژوو بەگشتی و مێژووی خۆت وەکوو نەتەوە چ گرینگییەکی لەڕادەبەدەر و چارەنووس سازی هەیە. پێداگریی شێلگیرانەی فریدریک هیگل؛ فەیلەسووفی ئاڵمانی لەسەر ئەوەی کە “مێژوو فەلسەفەیە” ئێمە زیاتر ڕادەکێشن هەتا لەنگەر لە سەر مێژوو بگرین و لەو دەروازەیەوە بچینە ژوورە، پێدەچێت دەروازەیەک بێت بەرە شار یان کیشوە یان تەنان کاکێشانێکی هەردەم نوێ و کاژخەر کە مرۆڤ بۆ ناسین و ناسین و دیسان ناسینی خۆی و گەردوون هەم پێویستی پێی بێت و هەمیش پێی هەڵکشێت و پێش کەوێت.
ڕسته‌یه‌کی باو له ناو کتێبه مێژووییه‌کاندا هه‌یه که به‌دووری ده‌زانم که‌س تا ئێسته نه‌یبیستبێت ئه‌ویش ئه‌مه‌یه که “مێژوو له لایه‌ن براوه‌کان(فاتحان)ه‌وه ده‌نووسرێت”. ئه‌م ڕسته‌یه زۆرتر له لایه‌ن زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ش یان با بڵێین زۆربه‌ی ئه‌و لایه‌نانه‌ش که براوه‌ی مێژوو بوون هه‌ر به کار هێنراوه، بۆیه ده‌ڵێم زۆربه با ڕوون بێت که حوکمه‌که‌م موتڵەق نییه. به‌ڵام له ئێران‌دا و لە کتێبه مێژووییه‌کانیاندا ئه‌م ڕسته‌یه به تایبه‌تی له هه‌مبه‌ر پێشێلکاری و ده‌ستێوه‌ردانه کۆلۆنیالیستییه ده‌ره‌کییه‌کانی به‌ریتانیا، فه‌رانسه، به‌کار ده‌برێت، به‌ڵام هه‌ر به‌وه‌وه نه‌وه‌ستاوه‌ته‌وه و یادگه‌ی مێژوویی فارس به‌وه سواخ دراوه که مێژووی ئێرانی فارسی به‌رده‌وام شێوێندراوه و له لایه‌ن هێزه براوه‌کانه‌وه گێڕانه‌وه‌ی چه‌واشه‌کارانه‌ی بۆ کراوه و ڕاستییه‌کان به‌م شێوه‌یه نین که له مێژوودا هاتوون. ئێسته ئێمه بۆمان هه‌یه له گوتاری مێژوویه‌ک که لانیکه‌م له سه‌د ساڵی ڕابردوودا هه‌موو هه‌وڵێکی ڕه‌ق و نه‌رمی داوه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌گه‌لێکی وه‌کوو کورد، تورکه‌مه‌ن، به‌لووچ، ئازه‌ری و گیله‌ک و مازه‌نی، له ناو زۆنگاوی زمانی فارسی و کولتووری گۆرانی و سه‌ما و ژینگه‌ی فارسییانهدا بتوێنێته‌وه، بپرسین ئایا مێژوی ئه‌م نه‌ته‌وانه که ئه‌و ده‌یگێڕێته‌وه (له بنه‌ڕه‌تدا نایگێڕێته‌وه یان به باری نکۆڵی و ئینکاردا ده‌یگێڕێته‌وه) له لایه‌ن براوه‌کانه‌وه ده‌نووسرێته‌وه یان دۆڕاوه‌کانه‌وه؟ دیاره وه‌کوو ده‌بینین ئه‌و گوزاره باو و به‌ناوبانگه له‌گه‌ڵ ئاوا ئیشکالییه‌ت و پرسیارلێ کردنێکدا تووشی ئالنگاریی ده‌بێت.
واته ئه‌نجامه‌که ده‌بێت به‌مه که نه دۆڕاوی ڕه‌ها هه‌یه و نه براوه‌ی ڕه‌هاش هه‌یه له ساحەی مێژوودا. هه‌ر نه‌ته‌وه و ده‌سته و گرووپ و خێڵێک به‌دڵنیاییه‌وه شتێکی له‌خۆی به‌یادگار هێشتووه‌ته‌وه، ئیتر له قووڵایی ئه‌شکه‌وته نه‌دۆزراوه‌کان بێت یان له دووتوێی ئه‌و پیته نه‌ناسراو و بزمارییانه‌ی له‌سه‌ر سواڵه‌ته کۆنه دۆزراو و نه‌دۆزراوه‌کان بووبێت یان خود داڤینیچی ئاسا له گۆشه‌ی لێڵی نیگارێکی تۆزلێنیشتووی ڕازاویی کۆن. واته هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ک گێڕانه‌وه‌ی خۆی هه‌یه، به‌ڵام مه‌رج نییه هه‌موو گێڕانه‌وه‌یه‌ک ڕاستبوون و ڕه‌سه‌نایه‌تیی له بواره مێژووییه‌که‌یدا یه‌کلا بووبێته‌وه. بۆ نموونه له‌سه‌ر ڕووداوێکی که‌ونینه‌ی وه‌کوو نه‌ورۆز لایه‌ک له دنیا له ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا به‌ڕێوه‌ی ده‌بات به‌ڵام به‌ئاسانی ناتوانین پشتڕاستی که‌ینه‌وه هی کام نه‌ته‌وه و وڵات بووه، ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی ئاماژه‌کان بۆ مێزۆپۆتامیا و ناوچه‌ی دێرینی کورده، ئه‌مانه شتانێکی ته‌واو پسپۆڕانه‌ش نین به‌ڵام بۆ ئێمه‌مانان چ وه‌کوو خوێنه‌ری ئاسایی یان خوێنه‌ری بوارانی دیکه‌ی جگه له مێژوو (ته‌نانه‌ت له ئاستی به‌کالۆریۆس و دوکتۆرا) یان به‌زۆری ئه‌وانه‌ی که مێژوو وه‌کوو وێنه و وێنا ده‌بینن مشتومڕانێکن که ململانێ و کێشمه‌کێشی زۆری ئاکادیمی و مه‌عریفی و زانستیی لێ ده‌که‌وێته‌وه و ئه‌مه‌ش ئاساییه. من ده‌زانم له ئێرانه‌وه تا هیندستان و له‌م لاوه‌ش تا ڕۆمانیا و به‌شێک له ئه‌ورووپا ڕێوڕه‌سمی نه‌ورۆز ده‌گێڕن به‌ڵام وه‌کوو کورد ڕه‌مز و هێماکان له ناو کورد به مه‌شخه‌ڵ و هه‌ڵپه‌ڕکێی جۆراوجۆر و ئاگرکردنه‌وه ،مۆرکی تایبه‌تی خۆی هه‌یه و هه‌موو ساڵێک نه‌ورۆزی کوردستان ده‌بێت به ڕازێنه‌ره‌وه‌ی شاشه‌کانی هه‌موو دنیا ته‌نانه‌ت ئه‌و ئێرانیستانهش که کورد به ڕکابه‌ریی حوکمڕانی و خاوه‌ندارێتیی وڵاتێکی دێرینی وه‌کوو ئێران و بگره به‌شێکی گه‌وره و ستراتیژیک له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌زانن، ناتوانن له توخمه جیاواز و هیما تایبه‌تمه‌نده‌کانی نه‌ورۆز له‌ناو کورددا خۆ ببوێرن. من پێم وایه کورد ڕاسته براوه‌ی مێژوو نه‌بووه به‌ڵام دۆڕاوی ته‌واویش نه‌بووه و، ئێسته له ڕوانگه‌ی دیکه‌وه و به‌هێز و ئیراده‌ی دیکه‌وه کورد گێڕانه‌وه‌ی خۆی ده‌خاته ڕوو.
به‌ڕای من دۆخی کورد هه‌م له ڕووی روانگه‌ی نوخبه‌کانی بۆ مێژوو و شوناسی دێرینی خۆی و هه‌میش بۆ ئه‌و ڕوانگه ڕه‌خنه‌گرانه‌یه‌ی که له‌م نێوانه‌دا هه‌یه هاوکێشه‌ی کورد ده‌خاته سه‌رووی بردنه‌وه و دۆڕانه‌وه و ئه‌مه‌ش ده‌کرێت وه‌کوو گوتارێکی نوێی مێژوویی کورد ناوی لێ ببه‌ین، سه‌ده‌ی له پێشمان سه‌ده‌ی ده‌رکه‌وتنی کورده به هه‌موو دره‌وشانه‌وه و لاوازییه‌کانییه‌وه، به هه‌موو هێزی مه‌عریفی و ململانێ و کایه جیاوازه‌کانییه‌وه. پرسیاری “کورد کێیه؟” پرسیارێکی ڕه‌نگه باپیرانی ئێمه، ئه‌وانه‌ی به‌ر گورزی گێڕانه‌وه‌ی فاشیی “براوه‌کان” که‌وتبوون ئه‌م پرسیاره‌یان له خه‌یاڵ و خه‌ونه‌کانی خۆیاندا هه‌ڵگرتبێت و له ته‌فریس و ته‌تریک و ته‌عریب خۆیان بواردبێت، به‌ڵام ئه‌م سه‌رده‌مه پرسیارێکه له دوو توێی کتێبێک‌دا که به‌شێکی زۆری کۆمه‌ڵگای کوردی له هه‌ر چوار پارچه و به‌تایبه‌تی له باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌خۆیه‌وه خه‌ریک کردووه. من نامه‌وێت لێره لایه‌نگری یان لایه‌نداریی بۆ ئه‌و کتێبه و سۆمه‌ریبوونی کورد (بەپێی ئیدەعای کتێبەکەی مامۆستا سۆران حەمە ڕەش) و ده‌یان مژاری دیکه بخه‌مه ڕوو که له دیبهیهتێک نێوان کاک سۆران حه‌مه ڕه‌ش و د، زراری مامۆستای زانکۆ هاته ئاراوه، نامه‌وێ تێکه‌ڵی ئه‌و شه‌پۆله زه‌رده له هه‌ڵوێستی پۆپۆلیستی و زه‌ردی ئاکادیمی و ناسیۆنالیستیش بم، هه‌مدیس ناشمهێت و له تواناشمدا نییه که پرسی کوردبوونی سۆمه‌رییه‌کان باس بکه‌م به‌ڵام له‌سه‌ر یه‌ک شت دڵنیام ئه‌ویش ئه‌وه‌یه سه‌ردێڕی کتێبه‌که‌ی سۆران حه‌مه ڕه‌ش گێڕانه‌وه‌یه‌ک ده‌خاته ڕوو که به‌رپه‌رچی هه‌موو ئه‌و گێڕانه‌وه لێڵ و مه‌ند و نابهرههمهێنه ده‌داته‌وه که تا ئێسته ڕاسته‌وخۆ ڕووبه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره نه‌بوونه‌ته‌وه، ئێمه وای داده‌نێین سۆران حه‌مه ڕه‌ش وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی به ڕێگه‌یه‌کی هه‌ڵه و نادروست داوه‌ته‌وه (ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی ئه‌و ئاکادیمی و مامۆستایانه‌ی زانکۆ له سۆنگه‌ی پێگه‌ی ئه‌کادیمی و ده‌مارگرژییه‌کی پلهدارانهوه دوو به‌ڵگه و ئارگۆمێنتی دروستیان به‌هێمنی و له‌سه‌رخۆ نه‌خسته ڕوو که بزانین بۆچی سۆران حه‌مه ڕه‌ش له‌م جه‌هله گه‌وره‌یه‌دا ئه‌ژی و ئه‌م هه‌موو لاپه‌ڕانه‌ی ڕه‌ش کردووه‌ته‌وه به دوو کتێبی کوردی و کتێبێک به ئینگلیزی له‌سه‌ر مێژوو و زمانی کوردی).
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گێڕانه‌وه‌که‌ی ئه‌و بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی خه‌وی چه‌ندین ساڵه‌ی مێژوونووسانی ئاکادیمی و مێژووخوێنانی خه‌واڵوو بزڕێت و بێنه ساحه‌ی به‌شداریکردن له مژارێکی چاره‌نووسسازی گرینگی ئاوه‌هادا و له‌سه‌ر پرسیاری “کورد کێیه؟” ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆیان هه‌بێت و چیدیکه به ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ر و ڕه‌نگه و پێده‌چێت قسه‌مان بۆ نه‌که‌ن و ناوی زانستی لێ نه‌نێن. ڕاسته ئه‌گه‌ر و پێده‌چێ و ڕه‌نگه ،تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ر میتۆدێکی زانستییه و من وه‌کوو ڕۆژنامه‌نووس و خوێنه‌رێکی ئاسایی لاپه‌ڕه لێڵ و پێڵهکانی مێژووی نه‌ته‌وه‌ی خۆم به‌م شیمانه و ئه‌گه‌رانه‌وه دەخوێنمەوە و هەر بەم شێوەیەش ده‌ڕوانمه جیهان و گێڕانه‌وه‌کان به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌مه ڕوانگه‌ی زانستییه ده‌شێت ڕوانگه‌گه‌لێکی وه‌کوو ئه‌وانه‌ی د. زرار و هاوڕێ ئه‌کادیمیه‌کانی باسی ده‌که‌ن له‌خۆ بگرێت، خۆ ناکرێت ئه‌گه‌ر و گوماناویبوون و ڕه‌نگه و شیمانه ته‌نها بۆ گوتار و ئاخاوتن و گێڕانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌که‌مان بێت، ئه‌گه‌ر گومان ڕه‌گه‌ز و توخمێکه له پێشبردنی بیرکردنه‌وه و زانستمهندیی که‌واته ده‌بێت هه‌م بۆ من ڕاست بێت و هه‌میش بۆ ئه‌ویدیی به‌رامبه‌رم.
پێم وایه ئه‌مه ئه‌و سه‌فسه‌ته‌یه بوو که به‌شێک له‌وانه‌ی دژی گوتاره‌که‌ی سۆران حه‌مه ڕه‌ش و به ژێست و فیگه‌رێکی زانستی و ئه‌کادیمییه‌وه وه‌ستانه‌وه به‌کاریان هێنا و وایان زانی به‌سه‌ر ترۆپکه‌کانی زانست و ئهکادیمیبووندا سه‌رکه‌وتوون، له حاڵێکدا ئێمه له ناو یه‌ک قه‌یرانی گه‌وره‌دا ده‌ژین، تۆ ده‌ڵێی زانست ئه‌گه‌ر و ئیمکانه‌وه، که‌واته ده‌بێت ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش بده‌یت که سۆمه‌ری کورد بێت یان کورد ئاری بێت یان هه‌ر ئه‌گه‌رێکی دیکه نه‌ک به بیانووی سه‌یری وه‌کوو ئه‌وه‌ی که فیسار مێژووی به‌شێوه‌ی ئه‌کادیمی نه‌خوێندووه که‌واته نابێت باسی مێژوو بکات یان ئه‌م هه‌ڵوێست و خیتابه وه‌کوو ئه‌وه‌یه که هیچ موسڵمانێک که قورئانی له حوجره نه‌خوێندووه ناتوانێت باسی خودا و پێغه‌مبه‌ر بکات. ده‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مه سهلەفیزمی بۆیینباخ له مل نه‌بێت ئیدی چییه؟. سۆران حه‌مه ڕه‌ش ئه‌گه‌ر هه‌موو گێڕانه‌وه‌کانیشی نادروست بن له ده‌رگایه‌کی داوه که به‌شی زۆری خه‌وتووانی ناو ئه‌م کۆشکه کۆنه دیرۆکییه‌ی هه‌ستاندووه و پێم وایه ئه‌مه خۆی یه‌کێک له ده‌سکه‌وته گرینگ و گهورهکانێتی که لانیکه‌م به مێژوونووسانی ئه‌کادیمیی باڵامان ده‌ڵێت مادام ئێوه ناڵێن” کورد کێیه؟” من پێتان ده‌ڵێم، ئاده‌ی پێمان بڵێن کورد کێیه؟