لە یۆنانی کۆندا، چەندین نوسخە و گێڕانەوەی جیاوازی بەرهەمێک یان ڕووداوێک یان کەسایەتییەک بەشێوەی جیاواز لە ئارادا بووە؛ هەر نووسەرێک یان دانەرێک لە ڕوانگەی خۆیەوە ئەو بەسەرهاتە یان ڕووداوەی گێڕاوەتەوە، وێڕای لێکچوونەکانی لەگەڵ ئەوانەی پێشوودا جیاوازیی بەرچاویشی هەبووە و ئەمە لە یۆنان‌دا نەریت بووە و دواتر لە ئەوروپاش درێژە بە هەمان نەریت دراوە. لێرەدا ئاماژە بە هەندێك بەرهەم لەناو یۆنانییەکاندا دەدەین کە سەر بەم میراتە گەردوونییەی گێڕانەوەی مرۆڤایەتین.
هەموو لە ڕێگەی هۆمەرەوە بەر کەسایەتی و بەسەرهاتی «هێلین» لە ئەلیادەدا کەوتین کە وەدووی پاریس دەکەوێت و جەنگێکی گەورەی لەسەر هەڵدەگیرسێت. لە گێڕانەوەکەی هۆمەردا هێلین سەرچاوە و هۆکاری شەڕەکەیە و وەکو ژنێکی جوانی هه‌وەسباز و ناپاک وێنا دەکرێت. دواتر لە لایەن ستیسخۆرۆس‌ـەوە سەربوردەی هێلین لە بەرهەمێکدا بەناوی «پالینود» دەنووسرێتەوە له‌وێدا ده‌رده‌كه‌وێت کە هێلین هەرگیز نەڕۆیشتووە بۆ تەروادە و لە جیاتی ئەو تارماییەک ڕۆیشتووە، هەر بۆیە لە گێڕانەوەکەیدا هێلین بێگوناهـ و مەعسومە. دواتر ئەم گێڕانەوە و چیرۆكه ئورپیدس هەڵیدەگرێتەوە و بەشێوەی خۆی لە بەرهەمێکدا بەناوی «هێلن» دەینووسێتەوە و جگە لەوەش بەرهەمێکی تر بۆ هێلین تەرخان دەکات بەناوی «ژنانی تەروادە» کە باسی ژنانی بە دیلگیراو دەکات لە دوای جەنگەکە. دواتر هەرکام لە ئیزۆکرات و گۆرگیاس هێلین دەکەن بە مژاری یەکێک لە بەرهەمەکانیان و بەشێوەی جیاواز دەپەڕژێنە سەری. لە سەردەمی ڕۆماشدا ئۆڤید وەکو فیگەری ئەدەبیی هێلین بەکار دەبات و نامەی ئاشقانە لە نێوان پاریس و هێلیندا دەنووسێت. بە کورتی ئاماژە بە چەند بەرهەمێکی تر دەدەین بەبێ ئەوەی باس لە چییەتی جیاوازییەکانییان بكەین:-
یه‌كه‌م:- سەربوردە یان ئوستورەی ئۆرێستس لەلایەن هەرکام لە ئاخیلوس، ئۆرپیدس و سۆفۆکلیسەوە بەشێوەی جیاواز هەمان بەسەرهات نووسراوەتەوه.
دووه‌م:- ئەنتیگۆنە هەرکام لە سۆفۆکلیس، ئاخیلۆس، ئۆرپیدس و ئایۆنی خیۆسی بەشێوەی خۆیان نووسیویانەتەوە. دواتریش لە سەردەمی ڕۆما و پاشان لە سەدەکانی ناوەڕاستدا دەنووسرێتەوە، بەڵام جیاوازییەکی ئەوتۆی گۆڕانسازییان تێدا نییە، تاوەکو هیگڵ ئەنتیگۆنە لەناو فەلسەفەی خۆیدا ڕاڤە دەکات و ئەوکات چاوەکان بەشێوەیەکی تر دەکەوێتە سەری. لە درێژەدا هۆڵدەرلین کە هاوسەردەمی هیگڵە لە ژێر كاریگەریی هیگڵدا ئەنتیگۆنە بۆ ئەڵمانی وەردەگێڕێت و بە فەلسەفەی هیگڵ بارگاویی دەکات. دواتر لە سەدەی بیستدا برێخت لە ڕێگەی وەرگێڕانەکەی هۆڵدەرلینەوە ئیقتیباس لە نوسخەکەی سۆفۆکلیس دەکات بۆ ڕەخنەکردنی نازیزم.
سێیه‌م:- بەسەرهات و چارەنووسی “هێراکلیس” لەلای هەمووان ئەگەر لە ڕێگەی هۆمەریشەوە نەبووبێت لە ڕێگەی سینەماوە پێی ئاشناین، پاڵەوانێکی نیوەخوا نیوەمرۆڤ. جگە لە هۆمەر هەرکام لە هێزیۆد، پیندار، سۆفۆکلیس، ئۆرپیدس، ئاپۆلۆنیەسی رۆدسی، ئۆڤید و سێنێکاوە بەشێوەی جیاواز نووسراوەتەوە. هەروەها لەلای دانتێ و شکسپیر و گۆتەش دەردەکەوێتەوە.
چواره‌م:- بەسەرهاتی ئیفیژنی لەلایەن هەرکام لە ئاخیلۆس، ئۆرپیدس، سۆفۆکلیس‌ـەوە دەنووسرێتەوە. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا جیڤانی بۆکاچیۆ و ڕاسین بۆی دەگەڕێنەوە. دواتریش هەرکام لە گۆتە و شیلەر بۆی دەگەڕێنەوە.
پێنجه‌م:- گەڕانەوەی ئۆدیسە سەرەتا هۆمەر دەینووسێتەوە و دواتر هەرکام لە سۆفۆکلیس، ئۆرپیدس دەینووسنەوە و دواتر بە کورتی لە سەردەمی ڕۆمادا ئۆڤید بۆی دەگەڕێتەوە. لە سەردەمی مۆدێرنیشدا هەرکام لە جیمس جۆیس، نیکۆس کازانتزاکیس و مارگرێت ئەتوود دەینووسنەوە بە شێوەی جیاواز.
شه‌شه‌م:- ئۆدیپۆسی پاشا سەرەتا بە کورتی لەلای هۆمەر دەردەکەوێت، بەڵام دواتر بە تێروتەسەلیی لەلایەن ئاخیلۆس، سۆفۆکلیس و ئۆرپیدس دەنووسرێتەوە، لە سەردەمی ڕۆمادا لەلایەن سێنێکاوە نووسراوەتەوە. لە سەردەمی مۆدێرندا هەرکام لە هۆڵدەرلین، ژان کۆکتۆ، ئاندرێ ژید، تی ئێس ئیلیۆت بۆی دەگەڕێنەوە.
بێگومان لەناو ئەدەبی زارەکیی کوردییدا هەمان دیاردە لە ئارادا بووە و هەر چیرۆکێک یان سەربوردەیەک چەندین گێڕانەوەی جیاوازی هەبووە و ئەمەش خۆی ڕیشەی بۆ سەردەمی فرەخوایی دەگەڕێتەوە کە لە میزۆپۆتامیا و میسردا بە فراوانیی بینراوە. لە گێڕانه‌وه میللییەكەیدا حیكایەتی شیرین و فەرهاد وەك سەربوردە و چیرۆك لە مێژووی گەلانیتردا هاوتای زۆرە و زۆربەی میللەتان دەوڵەمەندن بە چەندان حیكایەتی لەوجۆرە، كولتوور و فەرهەنگی ئێمەی كوردیش خاڵیی نییە لەو جۆرە حیكایەتانە كه ده‌ماوده‌م گواستراوه‌ته‌وه و له شێوه‌ی داستان و لاوك و به‌یت و حه‌یراندا خوێنراوه. شیرین و فەرهاد یان مەم و زین دەتوانم بڵێم سەر بە ڕه‌چەڵەك و ڕەگەزی ئەو چیرۆك و حیكایەت و تێكستانەن كە لە زۆرێك لە وڵاتان و زمان و كولتوورەكاندا هەن و تائێستاش لەسەریان دروستدەكرێتەوە. لەبنەڕەتدا شیرین و فەرهاد لەگێڕانەوە میللی و كوردییەكەدا زیاد لە نوسخەیەكی هەیە و بە چەندین شێوە گێڕدراوەتەوە و نووسراوەتەوە، چەندین نوسخەی میللی و داستانیی لێ دروستكراوە، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی مۆدێرن و له فۆرمی ڕۆماندا و به ڕوئیایه‌كی تره‌وه بنووسرێته‌وه بۆ یه‌كه‌مجاره له ڕۆمانه‌كه‌ی زه‌رده‌شت نوره‌دیندا به‌ریده‌كه‌وم. لێرەوە شیرین و فەرهادەكەی زەردەشت نورەدین دەتوانین لە خێزانی تێكستەكانی وەك گۆتە و ئۆدیب پاشا پۆلێنی بكەین، بە تەنیا لەبەر ئەوە نا كە سەر بە دونیای ئەو تێكستانەیە كە زیاد لە چەند نوسخەیەكیان لەسەر دروستكراوەتەوە، بەڵكو لەبەرئەوەشە كە سەر بە دونیای ئەوتێكستانەیە كە بە بنەما دەگیرێن و ململانێ و به‌ربه‌ره‌كانێی نوسخه‌كانی تر ده‌كات.
شیرین و فەرهادەكەی زەردەشت نوره‌دین، لەوه‌دا له چەشنی تێكستی فاوستی گۆتەیە، كه هەلی بەبنەماگرتنی لە نوسخە ئەسڵییەكە زیاترە، فاوستی گۆتەش لەپێش گۆتە و لە دوای ئەویش چەندین نووسەری دی فاوستیان نووسیوە. نمونەی ئەوانە شانۆنامەیەكە بە ناوی:- “فاوست وەكو دەیبینم” لە نووسینی پۆڵ ڤالێری. شانۆنامەی:- “تراژیدیای دكتۆر فاوستس” لە نووسینی كریستۆڤەر مارلۆ. ڕۆمانی:- “دكتۆر فاوستۆس” لە نووسینی تۆماس مان. یان بۆ نمونە چەندین نووسەری تر لە پێش(سۆفۆكلیس) ئۆدیپیان نووسیوە، بەڵام لەناو ئەمانەدا زیاتر فاوستەكەی گۆتە و ئۆدیپەكەی (سۆفۆكلیس) وەك بنەما وەردەگیرێت. ئەم شیرین و فەرهادەی زەردەشت نورەدین كە نوسخەیەكی دی تایبەت بەخۆی دروستكردووە، باوەڕم وایە لە داهاتوودا ململانێی نوسخەكانی تر دەكات، وەكو نوسخەیەكی تۆكمە و دەوڵەمەنتر بە بنەما دەگیرێت، لێرەوەیە كە ڕۆمانەكە دەبێتە نوسخەی بەربەراكانێ و ململانێ له‌گه‌ڵ نوسخه‌كانی تردا. بەڵام ئەوەشمان لە یاد نەچێت ململانێی نوسخه‌ی تازه به مانای سڕینه‌وه‌ی نوسخه‌ی كۆن نایه‌ت، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه مه‌به‌ست له‌وه‌یه ئه‌م حیكایه‌ته سه‌رله‌نوێ به‌جۆرێكی تر و له شوێنێكی تره‌وه ده‌ستده‌كاته‌وه به ژیان، واتا نوسخە تازەكە، كه لە ژانرێكی شاری و گەشەكردووی وەك ڕۆماندا دێته‌وه‌بوون، بۆ نەفیكردن و ئاواكردنی نوسخە كۆنەكە نییە، بەڵكو هێنانەوەی لە فۆرمێكی نوێ‌دا زۆرجار بۆ نواندنەوە و نیشاندانی قەیرانە مۆدێرنەكانە.
ئاراستە ئەدەبییە زاڵەكەی ئەم تێكستەی زەردەشت بۆ لاوازكردنی هێڵی مێژوو نییە، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ردوو هێڵه‌كه هاوته‌ریب شانبه‌شانی یه‌ك ده‌ڕۆن. مێژوو لەم ڕۆمانەدا نەبۆتە كۆلاجكردن و تەقلیدیانە دەمدانی ڕووداوەكان نییە بەدوای یەكدا، واتا هێڵە مێژووییەكەی ڕۆمانی شیرین و فەرهاد و گەڕانەوەی بۆ ڕیشەی كورد، مانادانەوە نییە بە ژیانی ڕابردوو، هێندەی ڕاستكردنەوە و دەستكاریكردنی ئەو مێژووەیە. ئەمە وادەكات بڵێین ئەم تێكستە لە باری مێژووییشەوە كردەی نوسخەسازییە، بەو مانایەی نووسەر دێت نوسخەیەكی دی نەك هەر لە داستانی شیرین و فەرهاد، بەڵكو نوسخەیەكی دی لە مێژووی كورد دروستدەكات. خوڵقاندنی نوسخه‌یه‌كی دی بۆ هەڵاتنە لەو حەتمییەت و تاك چیرۆكییەی “هێرۆدۆت”، به‌مه‌ش كۆی هێڵی مێژوویی ڕۆمانه‌كه خۆلادانه له گێڕانه‌وه‌كه‌ی هێرۆدۆت، چونكه هێشتا گێڕانەوەكه‌ی هێرۆدۆت له‌گه‌ڵ هه‌موو گرفته‌كانیدا له‌ناو زۆر نووسه‌ر و زۆر میلله‌تی تردا وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی ده‌قیق كاری پێده‌كرێت و یەكێك لە ڕوانگە زاڵەكانە، كێشەی گێڕانەوەی زاڵیش ئەوەیە، تاكڕەهەندیی دروستدەكات و دەرفەت بە حیكایەتەكانی تر نادات بە ئازادیی بژین. به‌ڵام جوانی و سەركەوتنی ئەم ڕۆمانەی زه‌رده‌شت لەوەدایە كە بەو حیكایەتانە ڕازیی نابێت، كە لایەندارییانە مێژوونووسانی بێگانە بە قازانجی خۆیان نووسیویانەتەوە، تێكستەكە بەم دیوەدا قەیرانی مێژوونووسی قووڵتردەكاتەوە. جوانیی ئەم نوسخەسازییە لەوەدایە كە دێت بەرەیەكی دی لەمێژوودا دەكاتەوە، بەرەیەك كە لەسەر حسابی نەفیكردنی بوون و پێشێلكردنی مافی نەتەوەكانیتر نییە، ئەمەش وادەكات نەبێتە تێكستێكی فاشیستی.
گه‌رچی هەندێك تێكست و بەرهەمی ئەدەبیی هەیە كە تا ڕادەیەك چێژ لێ وەرگرتنی ڕاستەقینە لێیان، بەندە بە شارەزابوون لە مێژووەكە، ئه‌م قسه‌یه تاكو هه‌ندێك بۆ ڕۆمانی مێژوویی ڕاسته، بەڵام ڕۆمانی شیرین و فەرهادەكەی زەردەشت نورەدین لەگەڵ ئەوەی ڕۆمانێكی مێژووییە، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا هێڵە بەرزە ئەدەبییەكەی خۆی پاراستووە و توانیویەتی ئەو تێگەیشتنە كلاسیك و ئەرەستۆییە تێپەڕێنێت كە دەڵێت:- “بناغەی شیعر داستانە”، كە مەبەست لە پەیوەندیی نێوان مێژوو و چیرۆكە. لەم تێكستەی نووسەردا ئێمە ئەدەب دەخوێنینەوە نەك مێژوو، چونكە توانیویەتی ئەو هێڵە ئەدەبییە بپارێزێت و بە تۆخیی كاری لەسەر بكات. یەكێك لە خاڵە سەركەوتووەكانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە وەكو حیكایەت سەربەخۆییەكی دەرەمێژوویی بۆخۆی دەستەبەركردووە و خوێنەر دەتوانێت بەبێ ئاگاداربوون لەو مێژووە بیخوێنێتەوە و چێژی لێ ببینێت و تێیبگات. گەڕانەوە بۆ ئەمجۆرە چیرۆكانە و مامەڵەكردن لەگەڵیاندا لە فۆرمێكی مۆدێرن و ئازادی وەك ڕۆماندا، وادەكات ئەم مێژووە و ئەو حیكایەتانەی نووسەر بۆی دەگەڕێتەوە و كاریان له‌سه‌ر ده‌كات دابڕاو و نامۆ نەبێت بە ئێمە، بەپێچەوانەوە زۆریش هاوكارمان بێت و یارمەتیدەربێت بۆ تێگەیشتنمان لە مێژووەكە. ژانرێكی مۆدێرنی وه‌ك ڕۆمان فۆرمی نیشاندان و ده‌رخستن و ئازادبوونه، ڕۆمان ژانری ڕزگارییه، واتا گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕۆمان بۆ چیرۆك و داستانی كۆن بۆ ئه‌وه‌نییه مێژوو بگێڕێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌یه هه‌رچی له‌و میراته‌دا سه‌ر به دونیای گێڕانه‌وه‌یه، نه‌بێته چیرۆك و داستانی قۆناغێكی به‌سه‌رچوو. بۆیه ئه‌م ڕۆمانه‌ی زه‌رده‌شت چه‌نده كارێكی مێژوویی بێت چێژه‌كانی خوێنه‌ر و ئازادییه‌كانی ده‌قه‌كه سنووردار ناكات، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا دروستكردنی نوسخەیەكی تر لە چیرۆكی:- “شیرین و فەرهاد” له فۆرمی ڕۆماندا، ئیمكانی دەرچوون و نا چەقبەستنی تێكستە لە مێژوودا.
نووسخەسازیی جۆرێكە لە وەبەرهێنان لەتێكستدا، نوسخەسازیی و لەبەرگرتنەوە له ئه‌ده‌بدا دەبێت بە داهێنان، بەڵام لە كایه‌كی وه‌ك سیاسەتدا ئه‌م یارییه گه‌مه‌یه‌كی ئازاد نامێنێته‌وه و دەبێتە دیكتاتۆرییەت. لەبەر ئەوەی لە سیاسەتدا باوك لەكوڕدا خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە- كوڕ باوك بەرهەم دێنێتەوە، وەك ئەوەی دەسەڵات لە باوكەوە درێژدەبێتەوە بۆ نەوەكان. ته‌نانه‌ت نوسخەسازیی لەتێكستدا وەك كاركردنی سینەما نییە، واتا نووسه‌ر وه‌ك دەرهێنەری سینه‌ما تێكست ناگوازێتەوە سەرشاشە و ببێتە كۆپیكار. گەرچی لە سینەمادا هێڵێك هەیە لادەرە و كتومت چیرۆكەكە نانوێنێتەوە، بۆ نمونە فیلمەكەی پازۆلینی:- “ئینجیل بە گێڕانەوەی مەتا”. لەسەر ئەو فیلمە پازۆلینی ڕووبەڕووی ڕەخنەیەكی زۆر دەبێتەوە و پێیدەڵێن تۆ ئینجیلت شێواندووە. لە ڕاستیدا پازۆلینی ئینجیلی نەشێواندووە، بەڵكو نووسخەیەكی تری لێ دروستكردووە، كە ئه‌م نوسخه‌یه لەلایەن پەیڕەوانی مەسیحەوە قەبووڵ نەكراوە، وەك پازۆلینی خۆی دەڵێت:- دەبوایە جیا لە موعجیزەكانی ناو ئینجیل جۆرێك لە موعجیزەی ترم دابهێنایە. لە ڕاستیدا ده‌توانین تایپێكی تر له نوسخه‌سازیی له ژانره‌كانی تریشدا ده‌ستنیشان بكه‌ین، بۆ نمونه له فیكر و فه‌لسه‌فه‌دا، سپینۆزا یەكێكە لەو باوەڕدارانەی لەناو ئایینی جوودا جۆرێكیتر لە خوداپه‌رستی و ئایینداریی و بڕواداریی دادەهێنێت كە داهێنراوی خۆیەتی و لەلایەن جووەكانەوە قەبووڵ نەكراوە. بەهەمانشێوە “گیدی بۆر” لە كتێبی “كۆمەڵگای نمایشدا” تاكو سنوورێك یارییەكی هاوشێوە لەگەڵ دەقەكانی ماركسدا دەكات.
“نوسخەسازیی مۆدێرن”
زۆرجار نیشانەی داهێنانی تێكست لە دونیای ئێمەدا بەوە لێكدراوەتەوە كە تێكست دەبێت لە بۆشاییدا بێتە بوون، دابڕاو بێت و لە هیچ سەرچاوەكی پێشخۆی ئاو نەخواتەوە. تێكست لە ئەدەبیاتی ئێمەدا ئەوەیە كە هیچ ڕەبتێك و پەیوەندییەكی ناوەكی و دەرەكی نییە بە پێشخۆی و دوای خۆیەوە. گرنگی نوسخەسازی و لەبەرگرتنەوە لەوەدایە، بۆ نمونە كافكا دێت دەروازەیەكمان بۆ دەكاتەوە، ئێمە دێین فراوانتری دەكەین و گۆشەنیگای جیاوازتری پێدەبەخشین و حیكایه‌تی تری له‌سه‌ر دروستده‌كه‌ین، به‌ڵام لای ئێمه ئه‌مه به دزیكردنی ئه‌ده‌بیی لێكدراوه‌ته‌وه. كه لە ڕاستیدا ئه‌و یارییه‌ی كه‌سی نوسخه‌ساز ده‌یكات ده‌رگای زۆر به‌سه‌ر دونیای داهێنان و تێكستدا ده‌كاته‌وه. لێره‌دا تێكست لە دونیایەكی نهێنی دەچێت كە یەكجار نادۆزرێتەوە، بەڵكو هەمیشە لەبەردەم دۆزینەوەدایە. لە كۆشكێكی بێ‌شومار دەرگا دەچێت، هەركەسێك كە دێت دەرگایەك دەكاتەوە و نهێنی تازەمان پێ ئاشنا دەكات، لە شارێكی نهێنی دەچێت لای هەر نووسەرە و دەمووچاوێكی دەردەكەوێت. نووسخه‌سازیی بەشێکی دانەبڕاوی میراتی مرۆڤایەتییە، کە خۆی لە گێڕانەوەی جیاوازی بەرهەمێک لە نوسخە جۆراوجۆرەکانیدا دەبینێتەوە. نوسخه‌سازیی نابێته هۆی كۆتایی یان له‌ده‌ست ده‌رچوونی دونیای بابه‌ته‌كان، به‌ڵكو مه‌به‌ست لێی كرانه‌وه و نیشاندانی ئیمكانی تره له‌ناو بابه‌ته‌كاندا.
بەرهەمهێنانی نوسخەی نوێ شتێك نییە تایبەت بێت بە بەرهەمهێنانی نوسخەی كتێبی مێژوویی و كلاسیك. بەپێچەوانەوە ئەم گەمەیە لە نووسیندا دەپەڕێتەوە بۆ تێكستی مۆدێرنیش. لە دونیای ئه‌مڕۆدا ئەم گەمەی لەبەرگرتنەوەیە بۆ ئەوەی تۆمەتی دزیی نەدرێتە پاڵ و وەك گەمەیەكی ڕەوا و داهێنەرانە تەماشابكرێت. لە جیهانێكی وەك خۆرئاوا پاڵپشتی تیۆریی بۆ دروستدەكرێت و ڕەخنەی “ئەدەبی بەراوردكاریی” دەبێتە یەكەم بابەتی تیۆری ئەدەبیی كە ڕەوایەتی بەوكارە دەدات و وەك دزیی نا وەك ستایلێك و ژێستێكی داهێنەرانە دەیبینێت. تیۆری “ئه‌ده‌بی به‌راوردكاریی” له سیاقی مێژوویی خۆیدا هه‌ر بۆ ئه‌وه له‌دایكبووه ڕێگریی بكات له تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه له‌پێناو ئه‌وه‌ی هه‌وڵی داهێنان به‌دناونه‌كرێت و به‌رته‌سك نه‌كرێته‌وه. واتا ئیشی ئه‌م زانسته ئه‌وه‌یه له تێكستدا به‌دوای كارلێك و كاریگه‌ریی سرووشتی و به‌دوای دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و ڕیشه‌یه بكه‌وێت كه هه‌موو ئه‌ده‌بیاتێكی مه‌زن له ئه‌ویتردا هه‌یه‌تی و ئه‌و ڕاستییه‌مان پیشانبدات كه له سه‌رچاوه‌ی تر ئاو ده‌خواته‌وه. واتا ئه‌م تیۆرییه ئه‌ده‌بییه ئیشی ئه‌وه‌یه پێمان بڵێت تێكست له بۆشاییدا و به‌بێ ڕیشه له‌وانیتردا نایه‌ته بوون، پرۆسه‌ی دروستبوونی تێكست جگه له‌وه‌ی هه‌موو دیارده كۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییه‌كان ڕۆڵی تێدا ده‌بینن، خودی پرۆسه‌كه جۆرێك ده‌قئاوێزانییه و تێكست به‌ناو تێپه‌ڕین به زنجیره‌یه‌ك ده‌قی تردا دێته بوون و دروستده‌بێت. گرفتی ئاماده‌نه‌بوونی تیۆری ڕه‌خنه‌یی ئه‌وه‌یه تێكست چاره‌نووسێكی غه‌مگینی ده‌بێت و ڕوبه‌ڕووی تۆمه‌تی ناڕه‌وا ده‌كرێته‌وه، هه‌ر ئه‌وه‌ی “به‌ختیار عه‌لی” ناوی لێناوه “چاره‌نووسه غه‌مگینه‌كانی تێكست”. له كۆمه‌ڵگا دواكه‌وتووه‌كانی وه‌ك ئێمه‌دا، به‌هۆی نا ئاماده‌بوونی تیۆرییه ئه‌ده‌بیی و ڕه‌خنه‌ییه‌كان نووسه‌ران و تێكسته داهێنه‌ره‌كان قوربانیی گه‌وره‌ن. ئەوەی زۆرجار بە دزیی یان كۆپیی بە نەشاره‌زایانە لەناو کورددا ناودەبرێت و به‌تایبه‌ت له ساڵانی ڕابوردوودا نووسه‌رێكی وه‌ك “به‌ختیار عه‌لی” پێ تۆمه‌تبار ده‌كرا، جگه له‌وه‌ی ده‌ر‌خه‌ری جه‌هل و نه‌زانیی تاقمێك بوو هیچی دی نه‌بوو.
یەكێك لەو نووسەرە دیارانە لە دونیای ئێمەدا، كە زۆر سەركەوتووانە و تازەگەرانە ئەم یاریی نوسخه‌سازییه دەكات و لە دونیای ئێمەدا یەكەم دامەزرێنەری ئەمجۆرە گه‌مه‌یه، بەختیار عەلییە. به‌ختیار عه‌لی ده‌روازه‌یه‌كی گه‌وره‌یه به‌سه‌ر ئه‌و شێوازه ئیشكردنه‌دا. لێره‌دا ئێمە دەتوانین ئاماژە بە چەند كارێكی بدەین لەوانە ڕۆمانی:- داگیركردنی تاریكی، تێكستێكی كافكاییە. ڕۆمانی بەندەر فەیلی تێكستێكە لە چەشنی ڕۆمانی “١٩٠٠” ئەلیساندرۆ باریكۆ. ڕۆمانی دەریاس و لاشەكان تێكستێكی هاملێتییە. شانۆنامەی بۆدۆزەخ ئەی بێگوناهان. تێكستێكی كافكاییە. بەختیار عەلی له ڕۆشنبیریی ئێمەدا لەو نووسەرانەیە لە هەركام لە كایەكان ئیشی كردبێت نوسخەی تایبەت بەخۆی لێ بەرهەمهێناوە، ته‌نانه‌ت له كایه‌ی فیكریشدا كه قسه له بیریارێك یان فه‌یله‌سوفێكی وه‌ك ژیژه‌ك ده‌كات، نایه‌ت نوسخه‌یه‌كی چه‌واشه‌كارانه و گه‌مژانه‌ی لێ دروستبكات و بیچوێنێت به سه‌ید قوتب.
نوسخه‌ساز‌ی كارێكی ئیبداعییه، درێژكردنه‌وه و كاوێژكردنه‌وه نییه، ئه‌وه‌ی له‌م گه‌مه‌یه‌دا تێكستێك ده‌كات به كارێكی جیاواز، ئه‌وه‌یه له هه‌ر هه‌ڵگرتنه‌وه‌یه‌ك نوسخه‌یه‌كی دی ساز بكه‌ین، بۆیه ته‌نیا ئه‌وانه ده‌توانن ئه‌و یارییه به سه‌ركه‌وتوویی بكه‌ن، كه توانایان به‌سه‌ریدا ده‌شكێت و گه‌مه‌ی هونه‌ره‌كه شاره‌زان. كه‌واتا گه‌ر بمانه‌وێت ئه‌م گه‌مه‌ی نوسخه‌سازییه جارێكی دی له قۆناغێكی مێژوویی‌دا دووباره بكه‌ینه‌وه، ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه بزانین كه هه‌موو گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك بۆ مێژوو ده‌بێت به هه‌ڵگرتنه‌وه و نوێكردنه‌وه و ده‌ستكاریكردنی ئه‌و حیكایه‌ته كۆنانه و هێنانه‌وه‌یان بێت به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز. وه‌ك ئه‌وه‌ی زه‌رده‌شت نوره‌دین، له ڕۆمانی “شیرین و فه‌رهاد”دا كردوویه‌تی، گه‌رنا ئه‌م گه‌مه‌یه شكست ده‌خوات و نابێت به تێكستی نوسخه‌سازیی و ناتوانێت ململانێی نوسخه‌كانی دی بكات.