ئەم بەیانییە یەکەم هەواڵ نامۆی کوڕم پێیدام، ئەوەبوو کە چارلی کیرک لە یوتا کوژرا. چارلی ئەو بزوێنەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییە بوو کە لاوانی دەکردە ئامانج. بەردەوام لە زانکۆکاندا دیبەیتی دەکرد. چارلی لە ساڵی ١٩٩٣ لە دایک بوە. لە سەردەمی ئۆبامادا پێگەیشتنی سیاسی گەیی. سەردەمی ئۆباما سەردەمێکی زۆر ئاڵۆزە لە مێژوی ئەمریکا. بۆ یەکەمجار کەسێکی ڕەش پێست دەبێتە سەرۆکی وڵاتێک کە مێژوی پڕیەتی لە لەمرۆڤخستنی مرۆڤی ڕەش. ئۆباما خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ زۆر خەڵکی سپی پێست. لە نێویاندا چارلی. حیزبی کۆماریی ئەو ڕۆژگارە وەها لە قەڵەم دەدرا کە بەرەو لە ناوچوون دەچێت. وەک چۆن ئێستا حیزبی دیموکراتەکان وەها لە قەڵەم دەدرێت. چارلی دەبێتە یەکێک لەو کەسانە کە ڕوبەڕوی ژیانی شل دەبێتەوە. ژیانی شل ئەو ژیانەیە کە پۆستمۆدێرنە هێنایە ئاراوە. چارلی ئاڵۆزبوو. دۆستی ئیسرائیل و دوژمنی جولەکە بوو. دوژمنی سەرسەختی ئیسلام بوو. بەڵام خۆی بە کەسێکی دیدنی لە قەڵەم دەدا. بەڵام لە ڕاستیدا گرنگی ئەم ڕوداوی کوشتنە لەوەدایە کە ئایا لێرەوە بەرەو کوێ؟ ترەمپ چەپ تاوانبار دەکات. ئەمە بەشێکە لەو دیاردەی جەمسەرگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و شوناسییەی کە ئەمریکا بە دەستیەوە دەناڵنێت. لە ڕاستیدا جەمسەرگیریی زەمینەسازی توندوتیژییە. چونکە کاتێک جەمسەرگیریی هەیە، گروپە توندڕەوەکانی ناو حیزبەکان یان حیزبە توندڕەوەکان سەرمایەگوزاری لە سەر دەکەن و بەرەو توندڕەوی زیاتری دەبەن.ئەمەش وەها دەکات کە دیموکراسی وەها ببینرێت کە ڕێگەچارەنیە بۆ پرسەکان بۆیە توندوتیژی دەبێتە ڕێگەچارەی دەرچوون لە دۆخەکە.
لە کوردستان زۆر خەسڵەتی ئەم دۆخەمان هەیە. بەڵام ئەوەی باشە کە پرسی کوردستان پرسی ژیاریین نەک شوناسی. بەو مانایە خەڵک داوای نان و خزمەتگوزاریی و پارە دەکات، نەک پرسی تر. بەڵام توندتیژی لە ماوەی ڕابوردودا گەشتە ئاستێکی باڵا، کە لە گەڵ خۆیدا نائومێدی، لاوازبونی زیاتری دیموکراسی وەک ڕێگاچارە، بڕوانەمان بە پرۆسەی سیاسی و زۆر بواری تر کە هەموو هاندەری توندوتیژیین. بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەک لە توندوتیژی بە دوور بێت، دەبێت هیچ هێزێکی سیاسی بانگەشە بۆ توندوتیژی نەکات، حوکمی یاسا هەبێت نەک حکومی هێز، دەنگدان و بەشداری سیاسی مانایەکی هەبێت، جولەیەک هەبێت لە ناو کایەی سیاسی و ئابوریدا بەرەوە باشبون، کایەی سیاسی لە ڕەها گەرایی بە دوور بگیرێت. هیچ خەڵکانێک پەراوێز نەخرێن. نایەکسانی و نا دادپەروەیی ئەزر و ئاسمان نەبێت. میدیا زانیاری بدات، نەک فریو و هان. زۆر بواری تر. بەڵام پاڵنەری سەرەکی توندوتیژی ترسە. ترس مانایەکی بەرفروانی هەیە. ترس ئەو خەسڵەتەیە کە کاریگەری خێرا و دوور مەودای هەیە لە سەر کەسەکان. ئاوەز لاواز دەکات و غەریزەی مانەوە پەمپ دەدات. خەڵکی هەمیشە لە داهاتوو دەترسن. هەمیشەش داهاتوو نەزانراوە. بۆیە ترس کە بەرهەم دێت لە پانتاییەکدا بەرهەم دێت کە بە گشتی نەزانراوە. ئەمەش وەها دەکات کە خەڵکی پێی کاریگەر بن. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە پاڵنەرێکی گەورە هەیە لە دونیای ئەمڕۆدا نابێت نادیدە بگیرێت ئەویش چالاکوانی توندوتیژی یان هاندەری توندوتیژیی پارە پەیدا دەکات. دەبێت ئینفلەوەنسەر، پێگە بۆ خۆی دروست دەکات.
لە کۆتاییدا توندوتیژی وەک شەڕ وەهایە. ئاسان و خۆشە دەستی پێبکەیت. بەڵام پاش ئەوە وەستانەوەی سەختە و باجەکەی سەختە.