شارى کفرى لە قۆناغە جیاوازەکانى مێژوودا سێ جار جێگۆڕکێیى کردووە. جێکەوتەى یەکەمى کفرى بریتییە لە “کفرى کۆن”. گردێکى گەورەیە و دەکەوێتە باشوورى ڕۆژئاواى کفرى ئێستا بە دوورى “٨کیلۆمەتر”. “کلۆدیۆس جیمس ڕیچ” کە لەسەدەى نۆزدەدا سەردانى ئەم جێگایەى کردووە؛ بەرزى ئەم گردەى بە “٧٥ پێ” واتا “٢٢ مەتر” داناوە. درێژەى گردەکە لە باکورەوە بۆ باشوور ٢٩٠ مەتر، پانییەکەیشى لە ڕۆژهەڵاتییەوە بۆ ڕۆژئاوا کەمترە لەو ئەندازەیە. جێکەوتەى دووەمى کفرى بریتییە لە “دەهۆڵخانە-قەرەئۆغڵان”. نزیکەى “یەک” کیلۆمەتر لە شوێنى ئێستاى شارى کفرییەوە دوورە و ئەکەوێتە دیوى باکورى ڕۆژهەڵاتییەوە. تا ئێستاش شوێنەوارەکەى ماوەتەوە. لەم شوێنەدا دراوى سەردەمى ئەشکانى “پەرثى” و ساسانى و مۆرێکى سەردەمى ڕۆمانى و یەکێکى ترى ساسانى دۆزراوەتەوە. ژیانى دانیشتوانى کفرى لەم شوێنەیدا بۆ ماوەیەکى زۆر بەردەوام بووە و هەتا سەردەمى “ئیسلام”ى خایاندووە. بەپێى وتەى چەند شایەدحاڵێک کە لەم دواییانەدا “١٩٩٥ز” چەند کەسانێک چوونەتە شوێنەوارى ئەو شارە و هەندێک پارچەى شوێنەوارى دۆزراوەتەوە و فرۆشراوە؛ لەو پارچانە دراوى سەردەمى “ئومەوییەکان” بووە کە لەدیوێکى نووسراوە “عبدالملک بن مروان”. ئەمەش ئەوە دەخاتەڕوو کە مێژووى ژیان لەو شارەدا هەتا سەردەمى ئومەوییەکان بەردەوام بووە. شوێنکەوتەى سێیەمى کفرى “کە دەکاتە شوێنى نیشتەجێ بوونى دانیشتوانەکەى لە ئێستادا”، دیار نییە لە کەیەوە ئاوەدان کراوەتەوە. دەوترێت بۆ سەردەمى عەباسییەکان دەگەڕێتەوە. چونکە “نێیبور”ى گەڕیدە لە گەشتنامەکەیدا پێى وایە لەلایەن یەکێک لە خەلیفەکانى شارى “سامەڕا”وە ئاوەدان کراوەتەوە. کە، لێرەدا سەردەمەکەى بۆ کاتى “خیلافەتى عەباسییەکان ٧٥٠ز-١٥١٧ز” دەگەڕێتەوە. “سوهێل خورشید” باوەڕى وایە ئاوەدانکردنەوەى ئەم شارە لەم شوێنەیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى دەرکەوتنى ئایینى یارسانى لەسەدەى سیانزەیەمى زایینیدا. یەکێک لە ئاماژەکانى ناوى کفرى لەڕەسەندا ئەوەیە کە لە وشەى “تەروو-کفر”ەوە وەرگیرابێت. کە، بە زارى “گۆران” بەماناى جۆرە ڕوەکێکە و لەکفریدا بە زۆرى دەڕوێت. ئەم زارەش بەشێکە لە ئایینى یارسانى. ئەمەش بۆچوونەکە پشتڕاست دەکاتەوە.
“شوێن و پێگەى کفرى”
کفرى دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتى باشوورى پارێزگاى کەرکوک و ڕۆژئاواى ئیدارەى گەرمیانەوە لە هەرێمى کوردستان. دەکەوێتە دەستى ڕاستى چەمى کفرى و لەدامێنى شاخى باوەشاسوار بوودنیادنراوە. ئەم شارە لەڕووى ئەسترۆنومییەوە لەسەر هێڵى درێژى “٤٥=٥٧=٤٤٥” لەبەشى باکوور و هێڵى پانى “٢٠=٤١=٣٤٥” لەبەشى ڕۆژهەڵاتە و “٢٣٠م” لەئاستى دەریاوە بەرزە. قەزاکە لەڕووى کارگێڕییەوە پێکدێت لە ناحیەکانى “ناوەند، سەرقەڵا، ئاوەسپی، نەوجول و کۆکس” رووبەری قەزاکە بریتیە “١٥،٢٨٧٨” کم٢ دەکاتە ڕێژەی “ ٥٠,٦% “ى رووبەری ئیدارەی گەرمیان. هاوسنوورە لەگەڵ هەندێک لەناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان “دووزخورماتوو دەکەوێتە ڕۆژئاواییەوە، جەبارە و قەرەتەپە دەکەونە باشووری شارەکەوە، شاری کەلار دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتییەوە و ناحییەکانى سەنگاو و قادرکەرەم بە دێهاتەکانیانەوە دەکەونە باکوورییەوە. پێکهاتەی دانیشتوانەکەی کە نزیکەی ٣٠ هەزار کەس تێپەر ناکات پێکهاتووە لەکورد و تورکمان. زۆرینەیان پەیڕەوی ڕێبازی سوننەى ئایینی ئیسلام دەکەن و ژمارەیەکی کەم لە پەیڕەوانی مەزهەبى شیعە و کاکەییەکان لەکفری بوونیان هەیە. لەکفریدا کۆمەڵێک شوێنەوارى مێژوویى بوونیان هەیە کە بەشێکیان تا ئێستاش ماونەتەوە. ئەم شوێنەوارانە ئەگەرچى تا ئێستا کنەو پشکنینیان تیادا نەکراوە، بەڵام دەتوانرێت لەرێگاى سەرچاوە بەردەستەکان و بەڵگەنامە و یاداشتى گەڕیدە و کوردناسەکانەوە، مێژووى بەشێکیان ساغ بکرێتەوە. چونکە، تا ئێستاشى پێوە بێت بەهۆى نەبوونى کنە و پشکنین و هەندێکجار بەهۆى زانیارى هەڵەى دووبارە بووەوە، مێژووى ئەم شوێنەوارانەش شێوێندراوە و لە نووسین و کتێبە مێژووییەکانیشدا بە دروست باس نەکراوە.
“سەراى کفرى”
بینای سەرای کفرى یەکێکە لە گرنگترین شوێنە مێژووییەکان لە ئێراقدا، بەتایبەتی لە سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی و ئینتیدابى بەریتانیدا. شوێنەکە هێمای دەسەڵات و حوکمڕانی بووە، بەو پێیەی فەرمانگەی کارگێڕی و ناوەندەکانی بڕیاردانی تێدابووە. وشەى “سەراى” لەبنەڕەتدا تورکییە و بەماناى کۆشک یان ئەو بینایە دێت کە کۆمەڵگاى فەرمانگە کارگێڕییەکانى دەوڵەتى تیادا جێدەبێتەوە. سرووشتى بارودۆخى سەربازى، کۆمەڵایەتى و ئابوورى سەردەمى عوسمانییەکان واى خواستووە کە پلان و ئەندازەى شارەکان بەجۆرێک بێت دیوى سەربازى و بەرگریکردن لەبەرچاو بگیرێت. بۆیە لەزۆربەى شارە دێرینەکانى ئێراقدا قوللەى سەربازى و شوراى دەورى شار و سەراى حوکمڕانى درووستکراون. کە، سەراى بارەگاى حوکمداری بووە و زۆرجاریش نزیک بە بازاڕ و گەڕەک و گۆڕەپانەکانى شارەکە بووە. سەراى کفرى بەیەکێک لە هێماکانى شارەکە دادەنرێت. ئەگەرچى زۆرینەى بیروڕاکان و بەشێک لەسەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن کە مێژووى درووستکردنى سەرا بۆ کۆتاییەکانى دەسەڵاتى عوسمانى و سەرەتاى هاتنى ئینگلیزەکان دەگەڕێتەوە “١٩١٨-١٩١٩”؛ لەوانە، “مستەفا نەریمان” دەڵێت: ساڵى ١٩١٩ ئینگلیزەکان سەرایەکى دوو نهۆمییان لە ڕۆژئاواى شارەوە بە بەرد و قسڵ درووستکرد و بانیشیان بە ئاسن و بورغو قایم کرد. بەڵام، بۆچوونى تریش هەیە.
ساڵى ١٨٨٨ “مانسێل”ى شوێنەوارناس کە هاتووەتە کفرى ئاماژەى بەوە کردووە کە لەکفریدا سەرایەکى حکومى هەبووە بە بەرد درووستکراوە. وتوشیەتى کە قائیمقامى شارەکە لەو سەرایەدا کاروبارەکانى ڕاپەڕاندووە. ئەمە یەکێک لە ئاماژە دەرخەرەکانى ئەوەیە کە بوونى سەراى لەکفریدا بۆ کاتێکى دوورتر دەگەرێتەوە. بەراورد بە زانیارى سەرچاوەکانیش کە باس لە بوونى “سەرا” لە شارە گرنگەکانى سەردەمى عوسمانیدا دەکەن؛ مێژووى درووستکردنى سەراى کفرى لەسەردەمى ئینگلیزەکان کۆنترە. سەراى کفرى تا سەرەتاى ساڵانى حەفتاى سەدەى پێشوویش زۆربەى دامودەزگاکانى کفرى تیادا بووە وەک: قائیمقامیەت، دادگا، موڵکداریى، ئاسایش و..هتد. دواى ئەوە؛ وردە، وردە دەزگاکانى میرى لە سەراى هاتنە دەرەوە و چۆڵ کرا. ئەمە کاریگەرى لەسەر هەیکەل و شێوەى باڵەخانەکەش بەجێهێشت و بەرەو کەلاوە بوون ڕۆیشت. ساڵى “٢٠٢٣”بڕیارى نۆژەنکردنەوەى درا و لەئێستادا وەک باڵەخانەیەکى شوێنەواری، شارستانى و مێژوویى لەکفریدا هەیە.
سەراى کفرى لەسەر ڕووبەرى “٢٨٠٤مەترى دووجا”ى زەوى درووستکراوە کە ڕووبەرى بیناکە بریتییە لە “٦٠٢ مەترى دووجا”. لەدوو نهۆم پێک دێت. نهۆمى خوارەوە پێکدێت لە “٨” ژوور کە لەبەردو گەچ و قسڵ درووستکراون؛ لەگەڵ پاشکۆیەک کە هەمان پێکهاتە لەدرووستکردنیدا بەکارهاتووە. هەر لە نهۆمى خوارەوە دوو ژوور بۆ تەویلەخانەى ئەسپ و وڵاخ درووستکراوە لەگەڵ ژوورێک بۆ پێشوازى ئەو میوانانەى سەردانى “سەرا”یان کردووە. ئەم دوو تەویلە و پێشوازییە سەرەتاکانى درووستکردنى سەراى بەکارهاتووە و لەئێستادا کەلاوەن. لەنهۆمى سەرەوەى سەراى “٨” ژووری تر هەیە کە بەهەمان نەخشەسازى ژوورەکانى نهۆمى خوارەوە درووستکراون. حەوشە و گۆڕەپانێکى گەورەش لەخوارەوە بوونى هەیە. بەگشتى لەدرووستکردنى سەراى کفریدا دوو شێوازى بیناسازى بەکارهاتووە. پاشکۆکە بشێوازى گومەز و کەوانەى کەمەرەیى درووستکراون و لەنەخشەسازى درووستکردنى ژوورەکانیشدا سەقفى راستى و ئاسن بەکارهاتووە. بۆ ڕووکارى بیناکەش بە بەردى فەرش بەکارهێنراوە.
“کۆشکى مەجید پاشاى بابان”
لەسەدەى نۆزدەیەمى زایینییەوە کفرى لەڕووى ئابوورى و ڕۆشنبیرى و شارستانییەوە لەجاران زیاتر بوژانەوەى بەخۆوە بینیوە. دەیان بنەماڵە لە سلێمانى و کەرکوک و موسڵەوە هاتوونەتە ئەم شارە و تیایدا جێگیر بوون. بنەماڵەى بابانەکان لەدواى ڕووخانى میرنشینى بابانەوە “١٨٥٠ز” لقێک لە ئەوان لەسلێمانییەوە ڕوو لەکفرى دەکەن و تیایدا نیشتەجێ دەبن وەک کوڕانى “عەبدولقادر پاشاى بابان” وەک “مەجید پاشا” و “ئیسماعیل بەگ”ى براى. لەدواى جێگیربوونى ئەم لقەى بنەماڵەى بابانەکانەوە بەشێکى شارەکەیان بەسەردا دابەشکرا و دەستیان بە درووستکردنى کۆمەڵێک کۆشک و تەلار و بازاڕ کرد. گەڕەکێکى شاریش بەناوى “ئیسماعیل بەگ”ەوە درووستکرا. کۆشکى مەجید پاشاى بابان یەکێک لەو باڵەخانە دیارانەیە کە بابانەکان درووستیان کرد. سەرچاوەى درووست لەسەر کاتى درووستکردنەکەى بەردەست نییە. بەڵام، مێژووى بونیادنانەکەى بە مێژووى هاتن و جێگیربوونى بابانەکانەوە بۆ شارەکە، گرێدراوە. ساڵى ١٨٦٥-١٨٧٠ کاتى دەستکردن بە درووستکردن و تەواوبوونى ئەم کۆشکەیە کە ئێستا بەشێکە لەشوێنەوارە دیارەکانى شارەکە. “کۆشکى مەجید پاشاى بابان” لەدوو نهۆم پێکهاتووە لەگەڵ حەوشەیەکى گەورە و دەکەوێتە گەڕەکى “ئیسماعیل بەگ” ەوە. لەنهۆمى خوارەوەیدا جگە لەچەند ژوورێک، داڵانێک “هەیوان”ى گەورەى تیادا درووستکراوە بەمەبەستى پێشوازى لەمیوانان. لەنهۆمى سەرەوەشدا، چەند ژوورێک بەرامبەر یەک درووستکراون کە هەیوانێکى تر بەیەکەوەیان دەبەستێتەوە. دیوارى هەیوان و ژوورەکانى کۆشکەکە بە نەخش و نیگارێکى تایبەت نەخشێنراون کە نمونەى بەرزى هونەر و نیگارسازى سەردەمى خۆیەتى. ئەم کۆشکە لەدواى تەواوبوونى و دواى کۆتاییهاتنى دەسەڵاتى میرنشینى بابان لەسلێمانى، بووەتە دیوانى میرایەتى بابان. شوێنى کۆبوونەوە و ڕوولێکردنى دەیان کەسایەتى سیاسى، سەربازى، کۆمەڵایەتى و ڕۆشنبیرى بووە. لەنمونەى: مەدحەت پاشاى والى عوسمانى لەئێراق، مەلیک فەیسەڵى دووەمى پاشاى ئێراق و کۆمەڵێکى تر. هەروەها شێخ ڕەزاى تاڵەبانى شاعیریش شیعرە بەناوبانگەکەى بۆ سلێمانى لەم کۆشکەدا هۆنیوەتەوە کە وتویەتى:
لەبیرم دێ سولەیمانى کە دارولمولکى بابان بوو نە مەحکومى عەجەم نە سوخرەکێشى ئالى عوسمان بوو
جگە لەوە، ئەم شوێنە وەک دیوەخانێک بوو کە ئێواران ڕۆشنبیران و ناودارانى شار ئەچوون لەوێ یەکتریان ئەبینى و قاوەى تاڵیان دەخواردەوە و دەنگوباسیان بۆ یەکتر دەگێڕایەوە.
“قەیسەریى کفرى”
درووستکردن و ئاوەدانکردنى کفرى لەم شوێنەى ئێستایدا لەدواى خاپووربوونى جێکەوتەى دووەمى شارەکە بووە؛ لەگەڵ درووستکردنى شارەکەدا، بازاڕیش بەشێک بووە لەپێکهاتەى شار. لەسەردەمى حوکمڕانێتى عوسمانییەکاندا، پێگەى کفرى بەهێزتر بووە. جێگایەکى ستراتیژى هەبووە لەبازرگانیى ناوچەکەدا، چونکە هەڵکەوتەى ئەم شارە کەوتبووە نێوان هەردوو دەوڵەتى سەفەوى و عوسمانییەوە. سەرەڕاى ئەمەش، کفرى تاکە شارى ئاوەدانى ناوچەکە بووە و دوو هێڵى سەرەکیى هاتوچۆى بەسەردا تێپەڕیوە: هێڵى “سلێمانى-بەغداد” و هێڵى “موسڵ-کەرکووک-بەغداد”، بۆیە لەو سەردەمەدا جموجۆڵى بازرگانى لەشارەکەدا هەبووە، ئەو جموجۆڵە بازرگانییە و سەرەڕێبوونەى شارەکە بوونى بازاڕى گەورەى خواستووە. بازاڕى کۆنى کفرى “قەیسەرى” دەکەوێتە ناوەڕاستى شارەکەوە و لەتەنیشت مزگەوتى گەورەى شار. ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانى شارى موسڵمانان کە بازاڕ و بەشە گرنگەکانى شاریان لەچواردەورى مزگەوت درووست دەکرد. بەڵام، مێژووى بوونیادنانى قەیسەرییەکە بەدروستى ساغ نەبووەتەوە. مستەفا نەریمان بۆچوونى وایە کە قەیسەرییەکەى کفرى ساڵى ١٨٥٠ز درووستکراوە و لەو سەردەمەشدا “٢٠٠” دوکانى لەخۆگرتووە. هەندێک لەو گەشتیارانەشى هاتوونەتە کفرى لەسەردەمە جیاوازەکاندا باسى بوونى بازاڕیان لەکفریدا کردووە. گێلبێرت جیرارد ئەفسەرى بەریتانى لە “کانوونى دووەمى ١٨٨٢ز” ڕووى کردووەتە کفرى و تیایدا ماوەتەوە. لەوەسفى شارەکەدا دەڵێت:”کفرى ٣٠٠٠ ماڵە، دیوارەکانى بەشێکیان ڕووخاون، بازاڕێکى سەرداپۆشراوى مام ناوەندى هەیە”. ئەو بازاڕە سەرداپۆشراوە ئاماژەیە بۆ “بازاڕى قەیسەرى”.
فرانسیس ریچارد مانسێل شوێنەوارناس و کارمەندى هەواڵگرى بەریتانى لە “ئایارى ١٨٨٨ز”دا هاتووەتە کفرى و وتویەتى: قەزاکە خاوەنى بازاڕێکى بچوکى سەرداپۆشراو بووە، توانراوە بڕى گونجاو لە پێداویستییەکان بۆ خەڵک دابین بکات.. بەڵام، بەیەکلاکردنەوە و بەراوردکردنى سەرچاوەکان و شوێنەوارى ئێستاى قەیسەرى کفرى وا دەردەکەوێت کە بوونى بازاڕى کفرى لەگەڵ بەشارۆچکەبوونیدا بووە، بەڵام بازاڕى وەک قەیسەرى دەگەڕێتەوە بۆ دەیەى کۆتایى سەدەى ١٩ى زایینى و تەواوبوونیشى لە دەیەى یەکەمى سەدەى ٢٠ى زاییندا بووە. لە “پێنج” ژمارەى ساڵنامەى ویلایەتى موسڵدا ئاماژە بە ژمارە و پێکهاتەکانى بازاڕى کفرى کراوەو لەو پێنج ژمارەیەدا تەنها لەدوایین ژمارەدا کە تایبەتە بەساڵى “١٣٣٠ک-١٩١٢ز” ئاماژە بە بازاڕەکانى شار دەکات وەک ئەوەى لەپێناسەکەدا هاتووە: بە گەچ و بەرد بەتەواوى بونیاد نراوە، بە گومەتەکان سەرگیراوە و ڕێکیشن” بەڵام لە “چوار” ژمارەى پێشتردا تەنها ئاماژە بە ژمارەى پێکهاتەکانى بازاڕەکە کراوە. قەیسەریى کفرى بەشێوەیەکى گشتى شێوەیەکى لاکێشەیى ناڕێکى هەیە. بەڵام، لەشێوەى دەرەوەیدا ڕوون نییە چونکە لەم ساڵانەى دواییدا بەهۆکارى سرووشتى و مرۆیى بەشێکى گەورەى لێ ڕووخاوە و سیماى خۆى لەدەستداوە. لەناوەوە بازاڕەکە پێکهاتووە لە “٤” قەیسەرى: “قەیسەرى گەورە، قەیسەرى کوردەکان، قەیسەرى بەرگدروەکان و قەیسەرى دارتاشەکان” هەروەها “٦” خانیشى لەخۆگرتووە. دووکانەکانى بەشێوەیەکى گشتى لەڕووى بیناسازییەوە بەیەک شێواز درووستکرون. بەپێى نەخشەى شارى کفرى ساڵى “١٩١٢ز” کۆى دوکانەکانى ئەم بازاڕە “١٦٨” دوکان بووە کە بەسەر هەر چوار قەیسەرییەکەدا دابەشبوون.
ئەم قەیسەرییە کە ئێستا یەکێکە لەشوێنەوارە دێرینەکانى کفرى بەشێکى گەورەى لێ ڕووخاوە. بەڵام، لەسەردەمە جیاوازەکانى حوکمڕانیى ئێراقدا کاتى عوسمانى، پاشایەتی، کۆمارى و دواتریش هەتا دواى ڕاپەڕینى ١٩٩١ى باشوورى کوردستان بەشێک بووە لە هێماکانى ئاوەدانى ناوچەکە. هەرچەندە لە ناوەراستى سەدەى ڕابردوەوە بەهۆى کردنەوەى هەردوو ڕێگاى بەغداد-خورماتوو-کەرکوک و بەغداد-کەلار-سلێمانى پێگە و ڕۆڵى قەیسەرى کفرى وەک جاران نەما. بەڵام، پێکهاتەکەى وەک خۆى مابوەوە. لەدواى ئەو کاتەوە تا ئێستا وردە وردە دوکانەکانى چۆڵ بوون و پێکهاتەکەیشى وەک پێشتر نەما و بەرەو کەلاوەبوون چوو. لەئێستاشدا چاوەڕوانى ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەیە؛ ئەگەر وەک ناوەندێکى بازرگانیش نەبێت، وەک پێگەیەکى شوێنەوارى-گەشتیارى ڕۆڵى دەبێت.
سەرچاوەکان؛
١-نیبور”١٩٦٥”، رحلة نیبور الى العراق فی القرن الثامن عشر، ترجمة: الدکتور محمود حسین الامین، دار الجمهوریة للنشر و الطبع-بغداد.
٢-عزیز، سهیل خورشید “٢٠٠٢”، صفحات من تاریخ منطقة کفرى، الطبعة الاولى، مرکز تەما للطباعة و النشر-السلیمانیة.
٣-عبدالله، د.ایناس سعدى “٢٠١٤”، تاریخ العراق الحدیث ١٢٥٨-١٩١٨، الطبعة الاولى، دار و مکتبة عدنان-بغداد.
٤-رزق، عاصم محمد “٢٠٠٠”، معجم مصطلحات العمارة و الفنون الاسلامیة، مکتبة مدبولى-القاهرة.
٥-باقر،طە و سفر، فؤاد “١٩٦٥”، المرشد الى موطن الاثار و الحضارة، الرحلة الرابعة بغداد-کرکوک-السلیمانیة، أصدرتها مدیریة الفنون و الثقافة الشعبیة فی وزارة الثقافة و الارشاد، بغداد.
٦-نەریمان، مصطفى “١٩٩٤”، بیرەوەرییەکانى ژیانم، دار الحریة للطباعة-بغداد.
٧-عزیز، سهیل خورشید “شەماڵ” و سالار، محمدسۆران غازى “٢٠٢٢”، قەیسەریى کفرى، چاپى یەکەم، چاپخانەى یاد.
٨-برادۆستى، زیدان رشید و احمد، هونەر فخرالدین “٢٠١٧”، بازاڕى کۆنى شارى کفرى، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین.
٩-جرارد، مانتێگیۆ گێلبێرت “٢٠٢١”، یادداشتەکانى سەفەرێک بەنێو کوردستاندا زستانى ١٨٨١-١٨٨٢، وەرگێڕان: کەمال حەسەنپوور، چاپى یەکەم، سنە.
١٠-عبدالله، هاوسەر ابراهیم کاکە، عبدالله، احمد عزیز، على، خالد ولى “٢٠١٩”، شیکردنەوەیەکی جوگرافی بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزار لە قەزای کفری، گۆڤارى زانکۆى گەرمیان، ژمارەى تایبەت بە “٥”ەمین کۆنفرانسى زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکان.