“پێشەکی”
لە ڕێککەوتی ١٢/٧/٢٠٢٥، بوو دووەم جار جەنگ و پێکدادان لە نێوان پێکهاتەی دروزەکانی سوریا لەگەڵ چەکدارانی دەستەی تەحریری شام ڕوویدا. جاری یەکەم لە مانگی دووەمی ٢٠٢٥ بوو، ئەم جارە بە هۆی داواکاریی دروزە نیشتەجێبووەکانی ئیسرائیل، کە هاوسنوورن لەگەڵ دروزەکانی سوریا و لە یەک پێکهاتەن، هەروەها بە هۆی باڵادەستی ئاسمانی ئیسرائیل لە ناوچەکە لە دوای رووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و بەتایبەتیش لە دوای جەنگی دوازدە رۆژە لەگەڵ ئێران، تەلئەڤیڤی هاندا کە هێرش بکاتە سەر هێزەکانی سەر بە دەستەی تەحریری شام و ناچار بە پاشەکێشەیان لە سوەیدا کرد، ئەم پاشەکێشەیە دواجار وەک رێککەوتنێكی نەنووسراو لە نێوان ئیسرائیل و دەسەڵاتی دیمەشق، لێکدانەوەی بۆ کرا کە لێکەوتەی بریتیبوو لە رێککەوتنی نێوان دەسەڵاتی دیمەشق و پێكهاتەی دروز لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی سوەیدا. لەم گوتارەدا تیشک دەخەینە سەر کێشەزای دروزەکان لە سوریا و لێکەوتەکانی.
“دروزەکان کێن؟”
ئەمە پرسیارێكی سادەیە بەڵام وەڵامەکەی قورسە. دروزەکان کە بە “موەحیدون”یش ناسراون، لە ئێستادا خۆیان سەر بە ئایینی ئیسلام پێناسە ناکەن. ئەگەرچی لە بنەڕەتەوە سەر بە ئایینزای شیعەی ئیسمائیلی بوون، بەڵام دواتر تێکەڵ بە ئایینەکانیتر و کولتووریتر بوون و ئێستا وەک ئایینێکی سەربەخۆ مامەڵە دەکەن. لە ساڵی ١٩٥٩، کاتێک کە نەبرەی پان-عەرەبیزم بەرزبووە و جەمال عەبدوڵناسر وەک فیگەریی نەتەوەیی عەرەبەکان هەژماردەکرا و هەوڵیدەدا هەر کەسێک کە بە زمانی عەرەبی قسە بکات پەلکێشی ناو ناسیۆنالیستی عەرەبی بکات، بۆیە بۆ چارەسەری پرسی دروزەکان داوای لە زانکۆی ئەلئەزهەر کرد کە فتوایەک سەبارەت بە ئایینی دروزەکان دەربکات، لەم فەتوایەدا دروزەکان بە بەشێک لە موسڵمانەکان و ئایینی ئیسلام هەژمار کران و خوێنڕێشتنیان حەرام کرا. دووبارە لە ساڵی ١٩٨٣، ئەلئەزهەر پێداگریی لەسەر فەتواکەی خۆیکردەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم فەتوایانەش، خودی لێژنەی فەتوای سوریا دروز و عەلەوییەکانی بە موسڵمان هەژمارکرد. لە ساڵی ٢٠٠٥، مەلیک عەبدوڵا، بن ئەزیزی، مەلیکی سعودیا، لوتکەیەکی سەبارەت بە جیهانی ئسیلام لە مەکە گرێدا، لە بەیاننامەی کۆتایی ئەم لوتکەیەدا چوار ئایینزا بە ئسیلام ناسێنران کە بریتیی بوون لە شیعە “جەعفەری و زەیدی”، سووننە، ئەبازی و زاهیری؛ کە نابێ تەکفیر بکرێن و خوێن رشتنیان حەرام کرا، ئەمە ئەهلی تەسەوف و ئەشعەرییەکانیشی دەگرتەوە، ئەگەرچی بەیاننامەکە دروزییەکان، عەلەوییەکان و قادانییەکانی بێبەشکردبوو کە ئەمەش ناڕەزایەتی کۆمەڵێک سەرکردە و رێکخراوە عەرەبییەکان لێکەوتەوە. دواتر لە ساڵی ٢٠١٤، وەلید جونبەڵات سەرکردەی دروزییەکان/موەحدین لە لوبنان، داوای کرد کە دروزەکان بگەڕێنەوە سەر بنەماکانی ئایینی ئیسلام. ئەگەرچی خودی ئەم داواکارییەی جونبەڵاتیش زۆرتر رەهەندیکی سیاسیی هەبوو، بە هۆی نزیکبوونەوەی حزبەکەی لەگەڵ حزبوڵای لوبنان.
لە گشت حاڵەتیکدا ئێستا دروزەکان پێکهاتەیەکی سەرەکین لە لوبنان، سوریا و ئیسرائیل پێکدێنن. لە سوریا دروزەکان زۆرتر لە ناوچە شاخاوییەکانی باشوری رۆژئاوای ئەم وڵاتە کە هاوسنووری ئیسرائیل و ئەردەنن دەژین، جەبەل ئەلدروز “جەبەل ئەلشەمس” ناوچەی سەرەکی نیشتەجێبوونی دروزەکانە کە سەرووی نەوەد گوند لەخۆ دەگرێت. ئەمەو سەرەرای نیشتەجیبوونیان لە ناوچەکانی باشور و رۆژهەڵاتی دیمەشق. دروزەکان سێیەم، گەورە ئایینی سوریا پێکدێنن. ژمارەی دانیشتوانی دروزەکان لە سوریا دیار نییە، بەڵام هەندێ سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ٣٪ دانیشتووانی سوریا پێکدێنن.
“هۆکارەکانی دووبارە هەڵگیرساندنی پێکدادان”
دەکرێ لێردا ئاماژە بە کۆمەڵێک هۆکاری دووبارە هەڵگیرسانەوەی شەڕ و پێکدادان لە زێدی دروزەکان بکەین:-
یەکەم:- دوای ڕووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، دروزەکان، چەکدارانی دەستەی تەحریری شامیان وەک مەترسییەک بۆ سەر مانەوەی خۆیان هەژمارکرد، بەتایبەتیش دوای ئەوەی کە ئەم دەستەیە کۆمەڵێک چەکداریی بیانی لەخۆ گرتبوو کە دژی هەر جۆرە بیڕوباوڕێکن ئەگەر هاوتا نەبێت لەگەڵ بیروباوەری خۆیان؛ تەنانەت ئەگەر موسڵمانیش بن. ئەمە وایکرد کە دروزەکان بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودخۆە نوێیە بکەن.
دووەم:- ناوچەکانی نیشتەجێبووی دروزەکان هاوسنوورن لەگەڵ ناوچەی هاتووچۆی بەدوییەکان کە بە دەشتەکی هەژماردەکرێن. بەشێک لەم بەدوویانە چەکدارانی سەر بە دەستەی تەحریری شامن و سەرکردایەتی دەستەی تەحریری شام، ئەم بەدویانە بەکاردێنن بۆ ئەوەی کە بتوانن کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی سوەیدا بکەن. بەڵام ئەم سیاسەتە دەکرێ دووجار بە زیانی دەسەڵاتی دیمەشق بشکێتەوە و ئەگەری هەیە ئەگەر دەسەڵاتی دیمەشق بەرژەوەندیی ئەم هۆزە بەدویانە رەچاو نەکات کە گشتیان چەکدارن، دواجار ئەم بەدویانە لە دژی دەسەڵاتی دیمەشق هەڵگەڕێنەوە.
سێیەم:- رۆڵی ئیسرائیل، ئیسرائیل لە دوای نەمانی رژێمی بەشار ئەسەد و هاتنە سەر دەسەڵاتی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام، ترسی لەوە هەبوو کە ئەم چەکدارە تووندڕەوانە مەترسی بۆسەر ئیسرائیل دروست بکەن، بۆیە ئیسرائیل یەکسەر دەستی بە بۆرمانکردنی گشت ئەو جبەخانە سەربازیانە کرد کە لە دوای روخانی رژێمی ئەسەد بەجێمابوون تا نەکەونە دەست چەکدارانی دەستەی تەحریری شام. دواتر ئیسرائیل بەرزاییەکانی جوڵانی بە قووڵایی پێنج کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی سوریا داگیرکرد و ئێستا هێزەکانی ئیسرائیل لێی جێگربوونە. زیاد لەمەش ئیسرائیل بە بیانۆی پاراستنی دروزەکان رێگەی نەداوە کە تا ئێستا چەکدارەکانی دەستەی تەحریری شام، کۆنتروڵی پارێزگای سوەیدا بکەن. ئەمەش کێشەی بۆ دەسەڵاتی دیمەشق دروستکردبوو کە هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی گشت سوریا دەدات. شەڕ و پێکدادانی نێوان بەدویەکان و دروزەکان ئەم دەرفەتەی بۆ دەسەڵاتی دیمەشق رەخساند کە بە بیانۆی بەرقەرارکردنی ئاسایش هێزەکانی بەرەو سوەیدا رەوانە بکات، بەڵام ئەم هێزانە دواتر دەستیانکرد بە سوکایەتی کردن بە دروزەکان، کوشتنیان و ردێن تراشینیان و بەکارهێنانی وەشە ”خەنازیر-بەراز” بۆ ئەم دروزانە، بەرازیش لە ئایینی ئیسلام حەرامە، ئەمەش بەو واتایە دەهات کە کوشتنی ئەم دروزانە حەڵال کراوە. ئەم هاتنە ژوورەوەی هێزەکانی دەستەی تەحریری شام، تەلئەڤیڤی نیگەران کرد کە مەبادا ئەم هیزانە لە سنوورەکانی ئیسرائیل نزیکببنەوە و لە دوارۆژدا مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل دروست بکەن، بۆیە ئیسرائیل دەستکرد بە بۆردمانکردنی کۆشکی سەرۆکایەتی، کۆشکی وەزراەتی بەرگری و ئەو ناوچانەی کە لە سوەیدا چەکدرانی دەستەی تەحریری شام تێدا جێگر ببوون.
هاتنی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ ناو پێکدادانی نێوان دروزەکانی لەلایەک و چەکداری بدوییەکان و هێزەکانی دەستەی تەحریری شام لەلایەکیترەوە، کە بووە هۆی بەهێزبوونی پێگەی دروزەکان و لاوازبوونی دەسەڵاتی دیمەش، ئەحەمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریای ناچارکرد کە ملکەجی داواکارییەکانی ئیسرائیل بێت و پاشەکشە بە هێزەکانی بکات و جۆرە رێککەوتنێک بە ناوبژیوانی ئەمریکا لەگەڵ دروزەکان/ئیسرائیل واژوو بکات. ئەگەرچی لە مانگی ٣ی ٢٠٢٥، نوێنەری دروزەکان و ئەحمەد شەرع رێکەوتنێکی ١٢ خاڵیان واژووکرد، کە یەکێک لە بەندەکانی باس لە دۆسێی هاتنەوەی پۆلیس و دەزگاکانی ئاسایش بۆ پارێزگای سوەیدای دەکرد ئەویش بە هاوکاری دانیشتوانی دروزی سوەیدا، بەڵام ئەم رێککەوتنە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
“لێکەوتەکانی ئەم پێکدادانە”
ئەم پێکدادانە لەسەر ئاستی ناوخۆیی سوریا و هەرێمایەتی کۆمەڵێک لێکەوتەی دەبێت کە لێرەدا ئاماژە بە چەند لێکەوتەیەک دەدەین:-
یەکەم:- ڕاستە دوای یەک هەفتە لە پێکدادانەکانی نێوان دروزەکان و بەدوییەکان کە بووە هۆی دەستوەردانی ئیسرائیل لە دۆخەکە، بە پێی رێکەوتنێکی نێوان دەسەڵاتی دیمەشق و دروزەکان پێکدادانەکان وەستاون، بەڵام دۆسێی دروزەکان ئەگەری هەیە کە ببێتە هۆکارێک بۆ نەخشەکێشکردنی داهاتووی سیاسیی سوریا بە جۆرێک کە سوریاییەکی فیدرالی یاخود لامەرکەزیی بێت. چونکە لە ئێستادا هێزەکانی دەستەی تەحریری شام، مەترسین بۆ سەر کوردەکان، عەلەوییەکان و دروزەکان. ئەم پێکهاتانەش داوای سوریاییەکی لامەرکەزیی دەکەن نەک سوریایەکی ناوەندگەرای بەهێز، ئەم داواکارییەش لەگەڵ داواکاریی ئیسرائیل یەک دەگرێتەوە کە سوریایەکی ناناوەندگەرای بێهێزیی دەوێت نەک سوریاییەکی بەهێزی لە رووی سەربازییەوە و ناوەندگەرا بێت.
دووەم:- دەستێوەردانی هەرێمایەتی لە سوریا. لە دوای ئەم پێکدادانە دەستێوەردانی هەرێمایەتی لە سوریا زۆرتر دەبێت. تورکیا کە خۆی بە دەوڵەتی خاوەن هەژموون لە سوریا دەزانێت بەلام بە بێ یامەتیدانی وڵاتانی عەرەبی وەک عەرەبستان، قەتەر و ئیمارات کە لە ئێستادا تێجچووە داراییەکانی دەسەڵاتی دیمەشق لە ئەستۆیان گرتووە، ناتوانێت بە تەنیا سوریا بەڕێوە ببات، لەلایەکیترەوە، ئیسرائیل بۆ پاراستنی سنوورەکانی و بە بیانۆی پاڵپشتیکردن لە پێکهاتەکان دەستورەدانی سەربازیی لە سوریا ئەنجامدەدات. هەرچی تایبەتە بە ئێران، ئەگەرچی لە ئێستادا دەستڕۆیی ئیران لە سوریا بوونی نەماوە، بەڵام دەکرێ نەمانی ئەم دەستڕۆییە کاتی بێت و لە ئەگەری ئاڵۆزتر بوونی دۆخی سوریا، تاران بە بیانۆی پاراستنی مەزارگە شیعەکان و پاڵپشتیکردن لە عەلەوییەکان دەستوەردان لە کاروباری سوریا بکات. ئەمەو سەرەڕای چاودێریکردنی بارودۆخی سوریا لەلایەن ئەمریکاوە کە لە ئێستادا تۆماس باراک وەک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترامپ لەسەر دۆسێی سوریا کار دەکات.
سێیەم:- ئەگەر دەسەڵاتدارانی دیمەش ملکەجی داوکااریی پێکهاتە ئایینی و سیاسییەکانی سوریا نەبن، ئەستەمە بتوانن بەدەوامی بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن و ئەگەر بەریەک هەڵوەشاندنەوەی سوریا لە رووی سیاسییەوە ئەگەرەکی کراوەیە. واتە ئەگەر تەنانەت لە رووی جوگرافیاییەوە سوریا دابەش نەبێت بەڵام هاوشێوەی رووداوەکانی دوای بەهاری عەرەبی ئەگەری سەرهەڵدانی چەندین ناوەندی دەسەڵات لە سوریا بوونی هەیە کە دەکرێ دەسەڵاتەکان لە دیمەشق، ناوچە کوردییەکان، ناوچە عەلەوییەکان، ناوچە دروزییەکان سەر هەڵبدەن، ئەمە و سەرەڕای ئەگەری سەرهەڵدانی چەندین ناوچەی ژێر کۆنتروڵی چەکدارەکان کە سەر بە هێچ یەک لەو دەسەڵاتانە نەبن کە لە سەرەوە باسمانکرد.
“پوختە”
شەر و پێکدادانی نێوان بەدویەکان و چەکدرانای دەستەی تەحریری شام لەگەڵ و پێکهاتەی دروزەکان و ئیسرائیل، دەرخەری ئەم راستییەیە کە ئاسۆی سەقامگیریی لە سوریای داهاتوو ئاسۆیەکی تاڕماوییە. ئەگەری هەیە سوریا ببێتە دەروازی گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و هاتنەدی بیرۆکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ. لە ئێستادا دەسەڵاتی دیمەشق لە رووی سیاسییەوە تووشی گەورەترین ئالنگاریی بووەتەوە ئەویش بریتییە لەوەی کە چۆن مافە سیاسیی و مەدەنییەکانی پێکهاتەکان دابین بکات. بەڵام دابینکردنی ئەم مافانە لەگەڵ روانگەی دەسەڵاتی دیمەشق کە جیهانبینییەکی تووندڕویی ئایینی و ناوەندگەرای بەهێز پێک ناکۆکن.