ئاماژەكانی شكستی خەباتی مەدەنی
“لە پەراوێزی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا”
بە شێوەیەكی گشتی لە ئێستادا جیھان بە قۆناغێكی تردا تێدەپەڕێت، نەتەوە و پێكھاتە جیاوازەكان لەسەر ئاستی جیھانی بۆ بەدەستھێنانی ماف و ئازادییەكانیان لەبڕی پەنابردن بۆ داگیركاری و ھێز پشت بە جۆرێكی تری بەشداریكردن دەبەستن كە بریتییە لە خەباتی مەدەنی ئەم جۆرە كۆششە لەدوای نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو و ڕووخانی یەكێتی سۆفیەت و زاڵبوونی بیرۆكەی دیموكراسی لەسەر وڵاتانی جیھان ڕەنگدانەوەی زۆری ھەبووە. زۆرێك پێیانوایە خەباتی مەدەنی بەدیلێكی نوێی شەڕ و و توندوتیژییە بۆ گەیشتن ماف و ئازادی، یاخود دەكرێت بڵێین خەباتی مەدەنی شێوازێكی دیموكراسیانەیە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی و ھەوڵدان بۆ گۆڕانكاری لەكۆمەڵگەدا بە پشت بەستن بە ھێزی جەماوەر، بەشێوەیەكی ناتوندوتیژانە جا لەڕێگەی خۆپیشاندانەوە بێت یاخود ڕێپێوان یان بایكۆت و مانگرتن یان ھەر ئامرازێكی ناتوندوتیژانە كە نەبێتە ھەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی وڵات.
زۆرێك لە وڵاتان توانیویانە لە ڕێگای خەباتی مەدەنیەوە لە سیستەمێكی دەسەڵاتخوازی و دكتاتۆری و نادیموكرتیانەوە ھەنگاو بنێن بەرەو سیستەمێكی دیموكراتیانە، بۆ نموونە ئۆڕۆگوای لە ١٩٨٤ كۆلۆمبیا و فەنزوێلا لە ١٩٨٥ یان ئەم خەباتەی كە ماھاتما غاندی بۆ ھیندستان و نیلسۆن ماندێلا لە ئەفریقای باشوور كردیان. بەڵام ھێشتا زۆرێك لە گەلان بەردەوامن لە خەباتكردن بە بەمەبەستی بەدیھێنانی ئامانجەكانیان جا سەربەخۆیی بێت یان بۆ گەڕاندنەوە ماف بێت یان ھەر شتێك كە نەتەوە ھەست بكات لێی زەوتكراوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئێمە بیزانین ئەوەیە كە ئایا بۆچی بەشێك لە گەلان و پێكھاتەكان تاوەكو ئێستاش پشت بە ھێزی چەكداری دەبەستن لەبڕی خەباتی مەدەنی؟، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە ئاماژە بە ئەزموونی وڵاتی توركیا دەدەین وەك نموونە.
ئەزموونی خەباتی مەدەنی لە تورکیا
وڵاتی توركیا پێگەیەكی باڵای ھەیە لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بەڵام بەردەوام بەھۆی كێشە ناوەخۆییەكان و پرسی پەكەكەدا دەناڵێنێت، ھەر بۆیە كێشەی نێوان توركیا و پەكەكە باشترین نموونەیە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە كە ئایا ئاخۆ پەكەكە بۆچی بەردەوامە لەم خەباتە چەكدارییەكەی كە لە ساڵی١٩٧٨ دەستی پێكرد لەژێر دروشمی ئازادی بۆ كوردستان و بەرخودان ژیانە، بێگومان ڕوون و ئاشكرایە كە توركیا ھەمیشە پێیوایە كورد و پرسی كورد مەترسییەكی گەورەیە بۆ سەرخاكی توركیا و پێویستە ڕێگری لە ھەر بەرەو پێشچوونێكی كورد بگیرێت لە ناوەخۆ و دەرەوەی توركیادا.
تەنانەت تاوەكو بەر لە ساڵانی ٢٠٠٠ قسەكردن بەزمانی كوردی بەھەمووشێوەیەك قەدەغە بوو ھەروەھا ددان بە مافەكانی گەلی كورد دانەدەندرا لە توركیا لەگەڵ ئەوەی كە كورد دووەم گەورترین نەتەوەیە لەتوركیادا. ھەروەھا ڕێگە بەھیچ جۆرە چاڵاكیەكی نەتەوایەتی نەتەوەی كورد نەدەدرا.
بەڵام دوای ساڵانی ٢٠٠٢ بەھۆی فشارەكانی یەكێتی ئەوروپا بۆ سەر توركیا ئەوا سیاسەتی ئەم وڵاتە تا ڕادەیەك نەرمی نواند و گوزارشتی لە ھەندێك لە مافەكانی نەتەوەی كورد كرد لە باكوری كوردستان. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمانە نەبوونە ھۆی كۆتایھێنان بەم خەباتە چەكدارییەی كە ھێزەكانی پەكەكە دەستیان پێكردبوو، توركیا لە ئێستادا ھەوڵدەدات لەڕێگەی پڕۆسەی ئاشتیەوە كۆتایی بە ناكۆكیەكانی بھێنێت لەگەڵ پەكەكەدا بەڵام گەر مێژوو بخوێنینەوە ئەمە یەكەم ھەوڵی توركیا نییە بەڵكو زۆر ھەوڵی تر دراوە بەڵام شكستیان ھێناوە بەشی ھەرە زۆریشی پەیوەندی ھەیە بە پابەندنەبوونی توركیا بە پڕۆسەی ئاشتی .هەڵبەتە کێشە و ناکۆکی تورکیا لەگەڵ کوردەکان مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە هەر لە سەردەمی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی و پاشان دروستبوونی دەوڵەتی توركیا لەسەر دەستی مستەفا كەمال ئەتاتورك تیادا كورد ڕۆڵێكی كارای ھەبوو بەلام تەواوی ئەو بەڵێنانەی لەلایەن ئەتاتورك بەكورد دران پشگوێخران و جێبەجێنەكران، یاخود شۆڕشی دێرسیم كە توركیا بە سەرۆكایەتی ئەتاتورك كۆمەڵكوژییەكی فراوانیان ئەنجامدا بەرامبەر بە كوردەكان لە ناوچەی دێرسیم. بەڵام ئەوەی ئێستا باسی لێوەدەکەین ئاماژە دانە بە هەندێ دۆسییە دوای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، هەر لە چوارچێوەی ئەم بابەتەدا دەکرێت ئاماژە بە چەند دۆسییەیەک بدەین:
- دۆسیەی لەیلا زانا كە یەكەم ئافرەتی كورد بوو لە پەرلەمانی توركیادا بەھۆی قسەكردن بەزمانی كوردی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ زیندانی كردا.
2- پڕۆسەی ئاشتی لە ساڵی٢٠١٣ كە باس و خواسێكی زۆری لەسەر كرا بەڵام شكستی ھێنا و توركیا بەردەوام بوو لە بۆردوومانەكانی بۆ سەر پەكەكە و بەزاندنی سەروەری خاكی كوردستان.
3- دەستگیركردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسداغ لە ساڵی ٢٠١٦ بەبیانووی ھەوڵدان بۆ تێكدانی سەقامگیری توركیا و پاڵپشتی چەكدارانی پەكەكە.
4- گیان لە دەستدانی ژنە چاڵاکوان یۆنجا ئاکنجی لە زیندانەکانی تورکیا، کە بە بیانووی هەبوونی پەیوەندی بە پەکەکە دەستگیرکرابوو.
٥- بوونی نزیکەی (٦٨) گرتووخانە کە تایبەتن بە زیندانیانی سیاسی، و بە هەزار کەس زیندانەکراون.
٦- دەستگیرکردنی دەیان ماموستای زانکۆ و نووسەر و سیاسەتڤان بە تۆمەتی گێرەشێوێنی و هەوڵدان بۆ تێکدانی سەقامگیری و پاڵپشتی کردنی ئۆپۆزسیۆن و پارتە کوردیەکان.
ھەروەھا بەردەوامی سیاسەتەكانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و قۆرغكردنی دەسەڵات، دەرفەتی بۆ هەر جۆرە چاڵاكی و بەشدارییەکی سیاسی و مەدەنی لە ناوەخۆی تورکیا كەمتركردۆتەوە. ئەمانە بە كۆمەڵێ خاڵی نێگەتیف دادەندرێت لەسەر پڕۆسەی سیاسی ئەم وڵاتە و ڕێگری لە ھەر خەباتێك بۆ نەتەوەكانی تر جگە لە تورك, و گوزارشت لە شکستی خەباتی مەدەنی دەکەن لە تورکیا.
چەند سەرنجێك لەسەر پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا لە ساڵی٢٠٢٥:
لە ئێستادا بۆ جارێكی تر توركیا ھەوڵدەدات لەڕێگەی پڕۆسەی ئاشتییەوە كە لە ڕێككەوتی ٢۰٢٥/٢/٢٧ بڵاوی كردەوە كۆتایی بە ململانێكانی بھێنێت لە گەڵ پەكەكەدا، بەڵام ئەم جارەیان پڕۆسەكە جیاوازە لەبەر ئەوەی بانگەوازەكە لەلایەن ھەریەكە لە سەرۆك كۆماری توركیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان- سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان (pkk) عەبدولا ئۆجەلان ئاڕاستەكراوە بۆ چەكدانانی تا ھەتایی پەكەكە. توركیا لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا دركی بەو زیانانە كردووە كە بەھۆی شەڕكردن لەگەڵ پەكەكەدا بەری كەوتووە لە ڕووی ئابوری و سیاسی و سەربازیەوە، یاخود سەبارەت بە چوونەوە ناو یەكێتی ئەورووپا كە لە سەرەتادا وای بۆدەچوو كەدەتوانێت لەڕێگەی چوونە نێو یەكێتی ئەوروپا ئابوری خۆی ببوژێنێتەوە و كۆتایی بە پەكەكە بھێنێت، بەڵام لەئێستادا بەپێچەوانەوە وا بیردەكاتەوە تاوەكو كۆتایی بە كێشەكانی نەھێنێت لەگەڵ پەكەكەدا ئەستەمە ببێتە ئەندامێك لە ئەندامەكانی یەكێتی ئەورووپا.
ھەڵوێستی پەكەكە لەھەمبەر ئەم پڕۆسەیەی كە ھاتۆتە پێش تاوەكو ئێستا روون و ئاشكرانیە، گومانیان لەوە هەیە ئەمە تەڵەیەکی سیاسی ئەردۆغان بێت بەڵام ھەروەك لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەیان بەوەدا كە ئێمە ئامادەین بەڵام دەبێت سەرەتا کۆنگرەیی ناوەخۆیی ئەنجام بدەین و بە ئامادەبوونی عەبدولا ئۆجەلان ئەم كۆنگرەیە سازبكرێت بۆبڕیاری کۆتایی سەبارەت بە ھەڵوەشاندنەوەی پارتی كرێكارانی كوردستان و پرسی چەكدانانی ھێزەكانیان، لە لایەكی ترەوە توركیا تادێت گومانەكانی پەكەكە لە ھەمبەر ئەم پڕۆسەیە زیاتر دەكات ئەمەش دوای ئەوەی كە دوای ڕاگەیاندنی پرسی ئاشتی ئەوا ھێرش و بۆردوومانەكانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر پەكەكە لە قەندیل زیاتربووە. ھەروەھا پەكەكە گومانیان ھەیە لە خەباتی مەدەنی لە ناوەخۆیی توركیادا كە ئەستەمە ڕێگە بدرێت بەم جۆرە خەباتە ئەمەشیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ڕێگریانەی كە لە چەند ساڵی ڕابردوو بەرامبەر بە سەلاحەدین دەمیرتاش و چاڵاکوانانی مەدەنی یان بەرامبەر بە پارتە کوردیەکانی تر کرا لە تورکیا.
چەندان بابەتی تر كە شایەنی ھەڵوەستە لەسەر كردنن لەوانە ئایا دوای چەكدانان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەندامانی پەكەكەدا دەكرێت، یاخود توركیا وەك ھاوڵاتی خۆی قبوڵیان دەكات، ئایا چەكەكان ڕادەستی كێ دەكرێن، توركیا كۆتایی دەھێنێت بە ئۆپراسیۆنەكانی بۆ سەرخاكی كوردستان و بەزاندنی سەروەری ئێراق، جارێكی تر ڕێگە بە خەباتی مەدەنی كوردەكان دەدرێت لە توركیادا، چارەنووسی عەبدولا ئۆجەلان و سەلاحەدین دەمیرتاش زیندان دەبێت یاخود ئازاد دەكرێن، ئەمانە و چەندان بابەتی تر.