وڵاتی سەنگافورە یەکێکە لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی دنیا لە ڕووی پەروەردە و فێرکردنەوە، کە بەماوەیەکی زۆر کەم ئەم وڵاتە توانی بگاتە لوتکە لە ڕووی خوێندن و پەروەردەوە. هەڵبەت گەیشتنی سەنگافورە بەم ئاستە، ماندو بوون و هەوڵی جدی ویستووە، کە پەروەردەکاران و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە بەدڵسۆزیەکی زۆرەوە کاریان کردووە تا توانیویانە پڕۆگرامێکی پێشکەوتوو گونجاو لەگەڵ بارودۆخی ئێستای جیهان و ئەو وڵاتە پێشکەش بە هاوڵاتیانیان بکەن و وڵاتەکەیان بگەیەننە لوتکەی پێشکەوتن، چونکە پەروەردە بنەمای پێشکەوتنە بۆیە هەر وڵاتێك کەرتی پەروەردەی لە پێشینەی کارەکانی دانابێت ئەوا ئەو وڵاتە لەسەرجەم سێکتەرەکانی دیکەشدا پێشکەوتوو دەبێت بە پێچەوانەشەوە ڕاستە. لەم بابەتەدا گەشت دەکەین بۆ سەنگافورە و زانیاری لەسەر هەندێك لە شێوازە پەروەردەییەکانی قوتابخانەکانی ئەم وڵاتە دەخەینە ڕوو.
“پوختەیەك لەسەر وڵاتی سەنگافورە”
سەنگافورە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە گەرووی مالاکا لە نێوان زەریای هیندی و زەریای هێمن. ئەم وڵاتە بچووکترین وڵاتی سەربەخۆی ئاسیایە و لە یەك دوورگەی سەرەکی و ٦٠ دوورگەی بچووك پێکهاتووە و سەنگافورەش پایتەختی وڵاتەکەیە و حکومەتەکەی کۆمارییە. کۆی ڕووبەری سەنگافورە بە دوورگە بچووکەکانییەوە ٦٢٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. بەپێی دوایین سەرژمێری کە لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەنجامدراوە، کۆی ژمارەی دانیشتووانی سەنگافورە ٤،١٢٠،٠٠٠ کەسە، لەو ژمارەیە ٣،٢٦٣،٢٠٩ کەس دانیشتووی هەمیشەیی ئەم وڵاتەن و ئەوانی دیکە دانیشتووی ناهەمیشەیین. زمانە فەرمییەکانی سەنگافورە بریتین لە زمانەکانی مالیزی، چینی، تامیل و ئینگلیزی. زمانی مالیزیایی زمانی ناوخۆیی ئەم دوورگەیە و ئینگلیزی زمانی ئیداری و حکومی سەنگافورەیە. گرنگی ستراتیژی ئەم وڵاتە بچووکە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵکەوتەی لە دەمی گەرووی مالاکا. هەڵکەوتەی جوگرافیای ئەم وڵاتە بەجۆرێکە، کە دەکەوێتە ناوەندی دەریا و ڕێڕەوی ئاسمانی زەریای هێمن و هیندستان. سەنگافورە پێشەنگی هەناردەکردن و هاوردەکردنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە و ئابوورییەکی خزمەتگوزاری ئاڕاستەکراوی هەیە. کۆی گشتی بەرهەمی نیشتمانی (GNP)3ی ئەم وڵاتە لە ساڵی 2005 یەکسان بووە بە 120 ملیار دۆلاری ئەمریکی و پشکی پەروەردە 3.8%ی ئەم بەرهەمەیە. هەرچەندە گەشەی ئابووری سەنگافورە بەردەوام لە خاوبوونەوەدا بووە، جگە لەو دابەزینەی کە لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ١٩٩٨ هەیبووە، بەڵام لە ماوەی ساڵانی دیکەدا گەشەیەکی بەرەو سەرەوەی نیشانداوە. ئەم گەشەکردنە بەردەوامە بەرەو سەرەوە ئاماژەیە بۆ ئابوورییەکی تەندروست و بەهێز و بە تەواوی حکومەت نەبێت لەگەڵ خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتی و مەدەنییە سەرنجڕاکێشەکان، کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر خۆشگوزەرانی خەڵك و ئابووری وڵات هەبووە. خەڵکی سەنگافورە داهاتی سەرتاسەری بەرزە، بەجۆرێك لە ڕیزبەندی سەرەوەی پۆلێنبەندی جیهانیدان (٣٢ هەزار و ٩٠٠ دۆلار لە ساڵێکدا تێکڕای داهاتی هەر کەسێك).
لە هەڵسەنگاندنێکی گشتیدا دەتوانرێت بڵێین سەنگافورە دۆخێکی ئابووری لەباری هەیە و لەم ڕووەوە پێگەیەکی گرنگی هەیە لە نێوان وڵاتانی تازەپێگەیشتودا. گەشەی ئابووری ئەم وڵاتە و لە ئەنجامدا پێویستی وڵات بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و توانای کێبڕکێ، کەشێکی گونجاوی بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ و پێشکەوتوو لەم وڵاتەدا ڕەخساندووە. سەنگافورە بە یەکێك لە ئابوورییە پێشکەوتووەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و تەنانەت جیهانیش دادەنرێت. بەشی سەرەکی ئەم سەرکەوتنە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاهێنانی توانای مرۆیی و شارەزایان لەم حکومەتە شارەدا. بۆیە لێکۆڵینەوە لەو سیستەمە پەروەردەییەی، کە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە لە سەنگافورە داڕێژراوە و بەڕێوەدەبرێت و جێبەجێکراوە وامان لێدەکات زیاتر دەربارەی هۆکارەکانی گەشەی خێرای ئابووری ئەم وڵاتە بچووکە بزانین.
“سیاسەتە پەروەردەییەکانی سەنگافورە”
سیاسەتە پەروەردەییەکانی سەنگافورە لەسەر گەشەسەندنی توانا مرۆییەکانە و هەوڵ دەدەن خوێندکاران ئاشنا بکەن بە پێداویستییە کولتووری و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات و ڕاهێنانی هێزی کاری پێویست بۆ دابینکردنی ئەو پێداویستیانە لە ڕێگەی فێرکردنی کارامەیی تایبەتەوە. سیستەمی پەروەردەی سەنگافورە زیاتر لەسەر بنەمای پەروەردەی ئەخلاقی و ڕاهێنانی جەستەیی دامەزراوە، چاندنی بیری داهێنەرانە و ڕەخنەگرانە و سەربەخۆیە. سیاسەتی پەروەردەیی سەنگافورە داوا دەکات هەموو خوێندکارێك فێری زمانی ئینگلیزی و زمانی دایکی بێت. ئەم پراکتیزەیە وا دەکات خوێندکار شارەزایی تەواو لە زمانی ئینگلیزیدا هەبێت کە زمانی بازرگانی و زانست و تەکنەلۆژیایە. سیستەمی پەروەردەی سەنگافورە هێندە کارا و بەرهەمدارە کە خوێندکاران دەتوانن دوای تەواوکردنی خوێندن دەستبەجێ بچنە بازاڕی کارەوە یان بە ئاگادارییەوە درێژە بە خوێندن بدەن و کارامەیی پسپۆڕی باڵا بەدەستبهێنن.
“ئامانجە پەروەردەییەکانی سەنگافورە لە قوتابخانەکاندا”
یەکێك لە گرنگترین ئامانجە پەروەردەییەکانی سەنگافورە دابینکردنی پەروەردەیەکی گشتگیرە بۆ هەموو هاووڵاتییەك. لەم ڕووەوە وەزارەتى پەروەردە بە دابینکردنى سیستەمێکى خوێندنى ئازاد و نەرم و نیان لە هەوڵى ئەوەدایە خوێندکاران بە پێداویستییەکانى کۆمەڵگا ئاشنا بکات و بە شێوەیەك ڕاهێنانیان پێبکات، کە بتوانن لە داهاتوودا بەشدار بن لە چارەسەرکردنى کێشەکانى کۆمەڵگاکەیان. بۆیە بەم ئاراستەیە و بەمەبەستی ڕێزگرتن لە قوتابیانی داهێنەر، قوتابخانەی سەربەخۆ و ئازاد دامەزراون، هەروەها وەزارەتی پەروەردە بەرنامەی تایبەتی بۆ خوێندکارانی بەهرەمەند لەبەرچاو گرتووە، که بریتین لە بەرنامەی پەروەردەی تایبه ت بۆ به بەهرەمەندەکان وەك: دابینکردنی خولی ئارەزومەندانە له بواری هونەر، مۆسیقا، زمان، ڕاهێنانی توێژینەوە، ئەنجامدانی چالاکی زانستی بە بەکارهێنانی تاقیگەی ناوەندی، هەروەها ئەو خوێندکارانەی کە باشترین نمرەکانیان هەیە لە بوارەکانی زانستە مرۆییەکان و بیرکاری و زانستە ئەزموونییەکان، یان خاوەن داهێنانن و داهێنانیان هەیە لە بوارەکانی زانست و تەکنەلۆژیا و هونەردا هەوڵەکانیان بەرز دەنرخێنرێن.
“پێکهاتەی سیستەمی پەروەردەی سەنگافورە”
لە سیستەمی خوێندنی سەنگافورەدا، خوێندکاران چوار ساڵ وەك قۆناغێکی بنەڕەتی لە ئاستی سەرەتاییدا بەسەر دەبەن، واتە لە ساڵی یەکەمەوە تا ساڵی شەشەم. پێویستە سەرجەم خوێندکارانی خولی بنەڕەتی پرۆگرامی هاوبەشی زمانی ئینگلیزی و زمانی دایکی و زانستە ئەزموونییەکان و بیرکارییان هەبێت، هەروەها هەندێك وانەی تری وەك: موزیك، هونەری کۆفه ، پەروەردەی تەندروستی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەی زانستی فیزیا ( فیزیا و کیمیا) بە قوتابیان دەوترێتەوە. جگە لەمانە فێرکردنی ئەخلاق یارمەتی خوێندکاران دەدات باشتر لە بەها ئەخلاقییەکان و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان تێبگەن. لەکۆتایی ساڵی شەشەمدا قوتابیان لە قۆناغی سەرەتاییەوە تاقیکردنەوەی کۆتایی ئەنجام دەدەن کە پێی دەوترێت تاقیکردنەوەی دەرچوون و بەپێی ئەو نمرەیەی بەدەستی دەهێنن و ئەو بەهرەیەی لە بابەتێکی دیاریکراودا هەیانە، دەتوانن کۆرسی ئامادەیی دڵخوازی خۆیان هەڵبژێرن.
ئاستی ئامادەییی نزیکەی چوار بۆ پێنج ساڵە و کاتەکەی بەندە بە بەهرەی خوێندکارەوە. خولی تایبەت پێشکەش بە سەرجەم خوێندکاران دەکرێت بۆ ئامادەکردنی خوێندکاران بۆ تاقیکردنەوەی وەرگرتنی زانکۆ، کە لە کۆتایی چوار ساڵدا ئەنجام دەدرێت. ئەوانەی لەم تاقیکردنەوە دەردەچن دەچنە ساڵی پێنجەم. پرۆگرامی پەروەردەیی بۆ خولی تایبەت و ئاسایی بریتییە لە ئەدەبی ئینگلیزی و ئینگلیزی، زمانی دایکی، بیرکاری، زانست، مێژوو، جوگرافیا، هونەر و پیشەسازی، دیزاین و تەکنەلۆژیا، ئابووری، ئابووری، ماڵداری، پەروەردەی ئەخلاقی، پەروەردەی وەرزشی و مۆسیقا. دوای تەواوکردنی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ئاستی ناوەندی، خوێندکاران دەتوانن بۆ ماوەی دوو ساڵ لە خوێندنگاکانی ئامادەکاری بەردەوام بن لە خوێندن یان چوونە ناو خولی سێ ساڵەی پێش زانکۆ لە دامەزراوە ناوەندەکان.
“فەلسەفە و ئامانجەکانی پەروەردەی زانستی لە سەنگافورە”
مەبەست لە خوێندنی زانستی لە سەنگافورە پەروەردەکردنی ئەو کەسانەیە، کە ئاشنان بە زانست و تەکنەلۆجیا. لە ڕێبازە نوێیەکانی پەروەردەی زانستیدا، زیادکردنی زانیاری زانستی و تێگەیشتن لە دیاردەکانی پەیوەست بە زانست لە پێشینەی کارەکانیان دانراوە، بەڵام لەبەرئەوەی فراوانبوونی زانستی خوێندکار لەهەموو بوارە زانستییەکاندا بەگوێرەی بوارە مەعریفیەکان و تەمەنیان سنووردارە، هەربۆیە توانای بەدەستهێنانی زانیاری، دروستکردن یان پرۆسێسکردنی گرنگییەکی تایبەتی هەیە. بۆ ئەوەی هەموو خوێندکاران ڕێبازی پەروەردەیی هاوشێوەیان هەبێت، مەنهەج و ئەو پڕۆگرامانە کۆکراونەتەوە کە جەخت لەسەر پەرەپێدانی تواناکانی بیرکردنەوە، لێهاتوویی پرۆسێس، هەڵوێست، و تواناکانی بڕیاردان و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەنەوە. لە کۆمەڵگایەکی شارستانی و پێشکەوتوودا، بۆ ئەوەی لەو ڕاستییە تێبگەین کە زانست و تەکنەلۆجیا ژیانی مرۆڤەکان لە قاڵب دەدەن، پێویستە لە پەروەردەی زانستیدا تێڕوانینی ئەرێنی مرۆڤەکان بەرامبەر بە خۆیان و کۆمەڵگا بەرزبکرێنەوە، بۆیە لە مەنهەجی خوێندنی زانستی لە سەنگافورە هەوڵ دەدرێ بۆ ئاشناکردنی خوێندکاران بە بوارە زانستییەکان لە لایەك و بۆ دابینکردنی مەرجی خوێندن و فێربوونی زیاتر لە داهاتوو و لە ئاستە باڵاکانی فێربوون و لە لایەکی ترەوە لە ڕێگەی وشیارکردنەوە و پەروەردەکردن شێوازەکانی بیرکردنەوە ئامادەیان دەکات بۆ ژیان لە کۆمەڵگەیەکی زانستی-تەکنەلۆژیدا
“کتێبی خوێندن و کارکردن لە قوتابخانەکانی سەنگافورە”
سەرجەم پڕۆگرام و کار و هەڵسەنگاندنی قوتابخانەکانی سەنگافورە، بۆ هەر ئاست و پۆلێك، بە پشتبەستن بەو پڕۆگرامە کۆدەکرێنەوە ،کە وەزارەتی پەروەردە دیاریی کردووە. سەرەڕای هەبوونی کتێبی خوێندنی جۆراوجۆر بۆ هەر ئاستێك لەگەڵ ئەوەشدا قوتابخانەکانی سەنگافورە ناچارن هەمان کتێبی خوێندن لە سەرانسەری وڵاتدا بەکاربهێنن. کتێبی هەڵسەنگاندن بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک بەشێك لە مەنهەجی قوتابخانەکانی سەنگافورە بەکاردەهێنرێت و کاتە بەتاڵەکانی خوێندکاران لە دەرەوەی قوتابخانە پڕدەکاتەوە. کتێبەکانی هەڵسەنگاندنی بیرکاری و زانست هانی فێرخوازان دەدەن بۆ چارەسەرکردنی ڕاهێنانی زیاتر و مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە و ڕاهێنانە قورستر و چالاکەکان لە چاو چەمکەکانی ناو کتێبی خوێندن. لەم کتێبانەدا پرسیاری فرە هەڵبژاردنی ڕوونکردنەوە و چەمکی، پرسیارەکانی پەیوەست بە فێربوونی تواناکانی بیرکردنەوە، ئیستدلالکردن و داهێنان، پێوانەکردنی ئاستی بەرزتری بیرکردنەوە (ئۆپەراسیۆنە فەرمیەکان) و ڕاهێنانەکان بۆ چالاکییە دەستییەکان پلانیان بۆ دانراوە.
“نهێنی سەرکەوتنی سەنگافورە لە بواری پەروەردەدا”
هۆکاری جۆراوجۆر ڕۆڵ دەگێڕن لە سەرکەوتنی خوێندکارانی سەنگافورە و سیستەمی پەروەردەی سەنگافورە. یەکەم و گرنگترین فاکتەری کارایی بریتییە لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و چالاکییە ئامانجدار و پلان بۆ داڕێژراوەکانی وەزارەتی پەروەردەی سەنگافورە. بەرپرسانی سیستەمی پەروەردە بە هاوکاری پسپۆڕانی پەروەردە، چوارچێوەی سیستەمی پەروەردە و هەروەها پڕۆگرامی مەنهەجیان بە باشترین شێوە و لەسەر بنەمای توێژینەوەی بەراوردکاری ئامادە و کۆکردۆتەوە. بەهۆی چالاکیەکانیانەوە، کتێبی خوێندن و کار و هەڵسەنگاندنی سەنگافورە لەسەر بنەمای پڕۆگرامە خوازراوەکان کۆکراونەتەوە و بە گشتی دەتوانرێت بگوترێت، کە پاڵپشتی وەزارەتی پەروەردە بۆ مامۆستایان و قوتابیان و ستافی مامۆستایان و هەروەها دروستکردنی ناوەڕۆك بۆ ئەوان بە شێوەیەکی کارا ئەنجام دەدرێت. چوارچێوەی پڕۆگرام و مەنهەجی سەنگافورە دەتوانرێت بەپێی دۆخی ئابووری و بازاڕی کار دەستکاری بکرێت. هەروەها کولتوری کۆمەڵایەتی سەنگافورە ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە گەشەسەندنی ئەکادیمی خوێندکاران، چونکە خێزانەکان گرنگییەکی زۆر بە پەروەردەی منداڵەکانیان و فێربوونی زانست و تەکنەلۆجیا دەدەن، هەروەها ئامادەن وەبەرهێنان بکەن بۆ زیادکردنی گەشەی پەروەردەیی. بوونی کەشێکی کێبڕکێ لە کۆمەڵگەی پەروەردەیی سەنگافورە و فراوانبوونی ئەم ڕۆح و کولتوورە بۆ پێشبڕکێ نێودەوڵەتییەکان وایکردووە خێزانەکان گرنگی زیاتر بە ڕێکخستنی پێشبڕکێی زانستی و سەرکەوتنی منداڵەکانیان بدەن. ئەنجامدانی پێشبڕکێی زانستی لەسەر ئاستی قوتابخانه و هه ڕێمی و نیشتمانی و نێودەوڵەتی لە سیستەمی پەروەردە، هەروەها له نێو خێزانه کاندا زۆر گرنگه و لەسەر ئەم بنەمایەش زۆرێك له خێزان و قوتابخانەکان پلانی تایبەتیان هەیە بۆ ئه و پێشبڕکێیانه.
لە قوتابخانەکانی سەنگافورە ساڵانە قوتابیان لە لایەن مامۆستاکانیانەوە هەڵدەسەنگێندرێن بە تەواوکردنی ئەرك و پڕۆژە و تاقیکردنەوەی ناوەڕۆك و کارایی، هەروەها چالاکییە پراکتیکی و تاقیگەییەکان. ئەمەش بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دروستکردنی کەشێکی کێبڕکێ لە قوتابخانەکاندا. لەسەر بنەمای ئەم هەڵسەنگاندنانە، خوێندکاران بەرز دەکرێنەوە بۆ ئاستی خوێندنی باڵا و باری ئەکادیمی و کەسییان لە قوتابخانە پشتڕاست دەکرێتەوە. لە تاقیکردنەوەکانی ساڵانەدا، جگە لە خوێندکار؛ هەروەها قوتابخانەکان و ئەدای ستافی کارگێڕی-پەروەردەیی خۆیان هەڵدەسەنگێندرێن و لەڕووی ئاستی ئەکادیمی و گەشەی ئەکادیمی و بەدەستهێنانی نازناوی شەرەفەوە ڕیزبەندییان بۆ دەکرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی هاندانی خوێندکاران و مامۆستایان لە ستافی کارگێڕی قوتابخانە و جێبەجێکردنی ئامانجە پەروەردەییەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێکتر و وردتر.
“بەکارهێنانی کاریگەرانەی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی لە سەنگافورە”
سەنگافورە یەکێکە لەو وڵاتە کەمانەی کە سەرکەوتوو بووە لە گرتنەبەری هەنگاوی سەرەتایی لە بواری تێکەڵکردنی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندی لەگەڵ ڕێبازەکانی ڕاهێنانی مامۆستایان و پەروەردەی خوێندکاران. بەرپرسانی پەروەردەی سەنگافورە بۆ دانانی کۆمپیوتەری خێرا لە قوتابخانەکان، ڕاهێنانی مامۆستایان کە دەتوانن ئەم تەکنەلۆژیایە لە پەروەردەدا بەکاربهێنن، هەروەها هاندانی خوێندکاران بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە بە بەکارهێنانی تۆڕەکە، بۆ دروستکردنی ماڵپەڕ و دیزاینکردنی پڕۆژەی تۆڕی پلانی هەمەلایەنەی نیشتمانی بەپێی دوایین داتای کۆمپیوتەری بانکی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠٠١دا لە سەنگافورە بۆ هەر کەسێک ٥ کۆمپیوتەر هەبووە. ئەم ڕێژەیە تەنانەت لە وڵاتانی وەک ژاپۆن و ئەمریکا زیاترە. زۆرێک لە خوێندکارانی قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی ئامرازەکانی ئینتەرنێتی بێ وایەر و کۆمپیوتەری پۆرتەبڵی کوالیتی4 بەکاردەهێنن بۆ وەرگرتنی وانەکان لە ماڵپەڕی قوتابخانەکە، هەروەها نامە بۆ هاوڕێیان و ئاڵوگۆڕی زانیاری. جگە لە کتێبی وانەیی و کار، لە سیستەمی پەروەردەی سەنگافورە، بەکارهێنانی کتێبی هەڵسەنگاندن گرنگی و تایبەتمەندییەکی تایبەتی هەیە. کتێبی هەڵسەنگاندن ڕێگە بە خوێندکاران دەدات جگە لە کتێبی کاری قوتابخانە ڕاهێنانی زیادەیان هەبێت. ئەم کتێبانە هەموو بابەتەکانی کۆرس و چالاکییەکانی کتێبی کار دەگرێتەوە. زۆربەی هەر خوێندکارێکی سەنگافوری بۆ هەر بابەتێك کتێبی هەڵسەنگاندنی جیاوازی هەیە و شتێکی زۆر ئاساییە، کە خێزانە سەنگافورییەکان دەیان کتێبی هەڵسەنگاندن بۆ پێشکەوتنی خوێندنی منداڵەکەیان ئامادە بکەن.
سیستەمی پەروەردەی ئەم وڵاتە زۆر نەرم و نیانە و تەرکیزی پەروەردەی سەنگافورە لەسەر ئامادەکردنی خوێندکارانە بۆ چوونە ناو کۆمەڵگا و پێشکەوتن لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتورییەوە. ئامانجی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی سەنگافورە یارمەتیدانی خوێندکارانە بۆ دۆزینەوە و سوودوەرگرتن لە بەهرە و لێهاتوویی و کەسایەتی و بەهاکانیان. جگە لەوەش ئاگاداری تواناکانیان دەبن و خولیای فێربوون پەرەپێدەدەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارە لە ساڵانی ڕابردوودا هەنگاوێك بەرەو سیستەمێکی پەروەردەیی نەرمتر و هەمەچەشنتر ڕوویداوە. بوونی ئەم ڕێبازانە لە پەروەردەدا وا دەکات گەنجان بە کارامەیی جیاواز پەروەردە بکرێت، کە لە داهاتوودا پێویستیان دەبێت. لە ڕاستیدا ئامانج ئەوەیە هەر کەسێك بتوانێت لە ژینگەیەکی پەروەردەییدا بخوێنێت، کە لەگەڵ پێداویستییە پەروەردەییەکانیدا بگونجێت و تواناکانی بەکاربهێنێت. بێگومان لەم ساڵانەی دواییدا خوێندکارانی سەنگافورە زیاتر مامەڵە لەگەڵ تەکنەلۆژیا نوێیەکان دەکەن و پێشکەوتنی بەرچاویان لە بوارە زانستییەکان بەدەستهێناوە بەجۆرێك، کە توانیویانە ئەنجامێکی نایاب لە تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییەکانی TIMSS و Pearls PIRLS بەدەستبهێنن.
“خوێندنی سەنگافورە”
سیستەمی پەروەردەیی سەنگافورە جەختی تایبەت لەسەر شارەزایی لە زمانی دایك و زمانی ئینگلیزی قوتابیەکانی دەکات و تاقیکردنەوەی وەرگرتن هەیە. بێگومان لە سەنگافورە خوێندکارە بەتوانا و داهێنەرەکان دەتوانن بە ئیختیاری هەریەکە لە مۆسیقا و زمانی پێشکەوتوو بخوێنن، جگە لە یەکەکانی کۆرسەکانیان، توێژینەوە و چالاکییە زانستییەکان پراکتیزە بکەن، هەروەها لە تاقیگەی ناوەندی وڵات بۆ پێشکەوتنی زیاتر کەڵك وەربگرن. ئەوەی مایەی سەرنجە لە پەروەردەی سەنگافورەدا ئەوەیە، کە خوێندکارانی قۆناغی ناوەندی وانەیەکیان هەیە بەناوی ماڵداری و لەم وانەیەدا خۆیان بۆ قبوڵکردنی بەرپرسیارێتی ژیانی سەربەخۆ ئامادە دەکەن. جگە لە گرنگیدان بە سەرچاوەکانی مەنهەج، سیستەمی پەروەردەی سەنگافورە ئامانجی بۆ هەر ئاستێکی پەروەردە داناوە، کە چاوەڕێی ئەوە دەکات خوێندکاران دوای کۆتایی هاتنی ئەو ئاستە هەندێك توانای دیاریکراویان بەدەستهێنابێت.
ئامانجانجەکانیش بەم شێوەیەن: دوای تەواوکردنی خوێندنی سەرەتایی پێویستە خوێندکار بتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان کردەوەی ڕاست و هەڵەدا، بتوانێت لە کاری گروپیدا چالاك و بەرهەمدار بێت و وڵاتەکەی خۆشبوێت و بە پەرۆش بێت لە پاراستنی بەهاکانیدا، هەروەها پێویستە وەڵامی ئەرێنی بۆ هەستی پەرۆشی خۆیان بدەنەوە و هیچ بابەتێك پشتگوێ نەخەن و متمانەیان بەخۆیان هەبێت و شانازی بەخۆیانەوە بکەن.
خوێندکاران لە قوتابخانەکانی سەنگافورە فێردەبن پەرە بە توانا کۆمەڵایەتیەکانیان بدەن بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ کەسانی تردا ببەستنن و هاوڕێیەتی بکەن. ئامانجی خوێندکاران لە قۆناغی ئامادەییدا ئەوەیە، کە بتوانن هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن بەرامبەر بە کەسانی دیکە و هەستی خێرخوازییان هەبێت، هەروەها خوێندکاران لە قوتابخانەکانی سەنگافورە فێر دەبن بۆ پەرەپێدانی توانا کۆمەڵایەتیەکانیان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی تر و بەستنی پەیوەندی هاوڕێیەتی.، هەروەها فێر دەبن وڵاتەکەیان بە تەواوی بناسن و باوەڕیان بە ناسنامەی خۆیان و وڵاتەکەیان هەبێت. قوتابیان لە قوتابخانەکانی ئەم وڵاتەدا دەخرێنە سەر ڕێگایەك بۆ دەربڕینی توانای داهێنەری خۆیان و ئەنجامدانی کاری گەورە و گرنگ، تاکو سەرکەوتووبن لە کاری گروپی و هاوبەش و باوەڕیان بە تواناکانیان هەبێت.لە پەروەردەی سەنگافورەدا گرنگیدان بە ئەخلاق و زانستە مرۆییەکان لە پێشینەی کارەکانە و لەم سیستەمەدا خوێندکاران بەباشی بەکۆمەڵایەتی دەکرێن.
دیدگای وەزارەتی پەروەردەی سەنگافورە: بریتییە لە بنیاتنانی سیستەمێکی پەروەردەیی بەهێز و ڕاهێنانی نەوەی داهاتووی خەڵکی سەنگافورە بۆ داهاتوویەکی گەش. پرسیارکردن لەو گەنجانەی کە بەدوای وەڵامدا دەگەڕێن و ئامادەن بیر لە ڕێگەی نوێ بکەنەوە و کێشەی نوێ چارەسەر بکەن و دەرفەتی نوێ بۆ داهاتوو دروست بکەن. خوێندکاران لە سەنگافورە ئامانجیان بەرزە و ئەنجامێکی نایاب بەدەست دەهێنن، کە لە سەرانسەری جیهاندا ناسراوە. قوتابخانە و زانکۆی باش، بە کارگێڕی پاڵنەر و بەتوانا، پرۆفیسۆر و مامۆستا، و ئاسانکاری کە لە باشترینەکانی جیهانن.
ئامادەکردن: ئاشنا عەلیزادە