“گەڵاڵەكردنی چەند پرسیارێك”
لە سۆنگەی گەیشتن بە هەقیقەتی بابەتتێكی دینیی و فەلسەفی هەم ئەخلاقی، چەند پرسیارێك ئاڕاستە دەكەم. ڕەنگە بابەتەكە بۆ دیندارانی ئێمە نوێ بێت، بەهەرحاڵ؛ دەپرسم ئیبلیس ئاشقی خودا بوو؟ كاتێك خودا مرۆڤ دروست دەكات ئایا غیرەی ئیبلیس و ئەو وەرچەرخانە لە كوێوە دێت؟ ئایا ئیبلیس وایدەزانی خودا دروستكراوێكی دیكە دەكاتە جێگرەوەی؟ لەكۆتاییدا ئیبلیس دڵی شكاو تۆرا. كەواتە شەیتان بوو بە دوژمنی خودا. یاخود دوژمنی مرۆڤ و ئادەم؟ بەڵام ئادەم لەبەر ئیشقی حەوا نەك تەنیا بەهەشت بەڵكوو خوداشی دۆڕاند. خودا شەیتانی خۆشدەوێت، چونكە هەتا قیامەت چاوەڕێیەتی؟ تۆ پێـت وایە ئیبلیس دەیەوێت بێوەفایی مرۆڤ بۆ خودا بسەلمێنێت؟ ئەی سزای دۆزەخ چییە؟ بۆچی ئادەم لە ناز و نیعمەتی بەهەشت خۆی بێ بەش كرد؟ خودی بەهەشت چییە؟
ئەمە هەم ڕوونكردنەوە بوو هەمیش پرسیار. ئەم بابەتە هەم فەلسەفییە هەم ئەخلاقی هەمیش عیرفانی. لەبەر ئەوەی كە شەیتان ئاشقە، ئەوە عیرفانییە. ئەوەیشی كە سوژدەی نەبرد كارێكی نائەخلاقی ئەنجامدا. دواتریش بابەتێكی زۆر قووڵ و فەلسەفییەو بگرە ئەفسانەیەكیشی تێدا بێت لەڕووی ئایینەوە. ئەمن سێ ڕوانگەت بۆ دەخەمه ڕوو كە بریتین لە “عیرفان، فەلسەفە، ئەخلاق”. بە بۆچوونی عاریفان شەیتان یەكتاپەرستێكی كامڵ بوو. لەبەر ئەوەی جگە لە خودا سوژدەی نەبرد بۆ هیچ كەسێك. بەڕاستی ئەمەش پێگەی باڵای ئیشق و ئەوینی ئەو بوو. ئەمن شەیتان نە بە خراپ دەزانم نە بە باش. بەڵام هەتا ڕادەیەك بە باشی دەزانم. ئەگەر چی ڕوانگەی قورئان ئەوەیە كە شەیتان دوژمنی ئێمەیە، ئەمەش بۆ خۆی پێگەی باڵای هەیە. بەڵام شەیتان چ گوناهێكی دینی ئەنجامدا هەتاكوو ببێتە دوژمنی ئێمە؟ خۆ شەیتان ئاشقترین بوو، ئاشقێكی كامڵ بوو. بەڵام ئەو ئیشقەی كە شەیتان هەیبوو هەتا ڕادەیەك ڕوانگە ئەخلاقییەكەی كامڵ نییە. لەبەر ئەوەی لەڕووی عیرفانەوە شتێكی باڵایە كە سوژدەی نەبرد بۆ هیچ كەسێك. بەڵام ڕوانگە ئەخلاقیی و دینییەكەی شەیتان كامڵ نەبوو.
چونكە ئەو ئیشقەی ئەو هەیبوو بە كەمترین خۆویستی لە میهرەبانی خودا كرایە دەرەوە. ئەوەی كە لە قورئاندا هەیە و دەبێت سوژدە ببات بۆ حەزرەتی ئادەم. بەڵام ئەو گوتی من سوژدە نابەم، لەبەر ئەوەی من لە ئاگرم و حەزرەتی ئادەم لە خۆڵە و من گەورەترم لە ئادەم. ئەمەش بۆ خۆی ڕوانگەی قورئانیی و دینی هەیە. نەك تەنیا شەیتان بەڵكوو فریشتەكانیش ڕەخنەیان بۆ دروست بوو كە ئەی خودایە تۆ بوونەوەرێك دەخوڵقێنیت كە خوێنڕێژە و لە دۆخێكیشدا ئێمەی فریشتە هەمیشە تەسبیحات و ستایشی تۆ دەكەین. بەڵام خودا فەرمووی؛ من شتێك دەزانم ئێوە «فریشتەكان» نایزانن. كەوابوو ئەتۆ بڕوانە ئەمەش هەمووی لە ناو قورئاندا هەیە و هەتا ڕادەیەكیش ئەم چیرۆكە كە هەم فریشتە و هەمیش شەیتان و خودا و حەزرەتی ئادەم ئەمانە گشتی پێكەوە ئەفسانەی ئایینین و بگرە هەقیقەتیشیان نەبێت لەڕووی ئەقڵ و فەلسەفەوە، بەڵام ئەگەر ڕادەست ببیت ئەوە لەڕووی عیرفان و دینەوە دەتوانیت باوەڕیان پێ بكەیت، هەموو ئەمانە لە نەخشەی خودا بوونیان هەبووە لە ئەزەلەوە كە شەیتان سوژدە نەبات، فریشتە ڕەخنە بگرن، حەزرەتی ئادەم گوناهـ بكات. بەڕاستی ئەمەش بۆ خۆی باڵاترین ڕازو نهێنی دینە كە هەتا ئێستا كەسیش نەیزانیوە كە چییە و چی نییە.
هەنووكە ڕای عاریفان ئەوەیە كە شەیتان ئاشقە و یەكتاپەرستێكی كامڵ بوو لەڕووی عیرفانەوە. ئەمنیش هەمان بۆچوونی عاریفان پەسەند دەكەم. لەبەر ئەوەی ئاشق كاتێك دەبێتە ئاشقێكی كامڵ كە جگە لە مەعشوق سوژدە بۆ هیچ كەسێكی دیكە نەبات. بەڵام شەیتان لەكوێ بزانێت لە نەخشەی خودا بوونی هەبووە كە دەبێت سوژدە ببەیت بۆ حەزرەتی ئادەم؟ بێگومان نەیدەزانیی و تەنیاو تەنیا هەر مەعشوق لە خەیاڵیدا بووە كە ئەو بپەرستێت و بەندایەتی مەعشوق بكات. بەم پێیە ئەگەر تۆش ئاشقێكی كامڵ بیت، یان یەكتاپەرستێكی كامڵ بیت، ئەوە جگە لە خودا سوژدە بۆ كەس نابەیت. تەنانەت ئەگەر خوداش پێت بفەرموێت سوژدە ببە بۆ فڵانە دروستكراوم. لەوانەیە سوژەده نەبەیت و بڵێت ئەی خودایە من تەنیا سوژدە بۆ تۆ دەبەم. ئەمەش ڕوانگەی عیرفان و ئیشقە كە تۆی ئاشقی كامڵ تەنیا مەعشوقت خۆشدەوێت و هەر ئەو دەپەرستی.
بەڵام ڕواننگەی دینی بۆ بابەتی سوژدە بردنی شەیتان بۆ حەزرەتی ئادەم جیاوازە و هەندێك پەسەندی دەكەن و هەندێكی دیكەیش پەسەندی ناكەن. ئەوەشت بۆ ڕوون دەكەمەوە كە شەیتان پێش ئەوەی نەخشەی خودا بێتە ئاراوە و حەزرەتی ئادەم دروست بكات، ئەو بەپێی دەقی ئایین «700000» هەزار ساڵ بەندایەتی خودای كردووە. جا لەبەر ئەوەی ساڵی میتافیزیك نازانین چەندە. بۆیە كاتێك نەخشەی خودا دێتە ئاراوە و حەزرەتی ئادەم دروست بكات و بە شەیتان بفەرموێت وەرە سوژدە ببە بۆ ئەم دروستكراوە؟ شەیتانیش كە خۆت دەزانیت «700000» هەزار ساڵ بەندایەتی كردووە و سوژدەی بردووە بۆ خودا، ئەوە ئێستا شكانی وەها بەندایەتییەك زۆر دژوارە بۆی كە سوژدە ببات بۆ غەیری پەرستێنراوی كە خودایە، بۆیە گوتی من سوژدە نابەم و من لە ئاگرم و ئادەمیش لە خاك و خۆڵە، ئەمەش ڕوانگەی ئەخلاقییە كە شەیتان ئەوەندە ساڵ بەندایەتی كردووە و تەنیا بە یەك خۆویستی لە میهرەبانی خودا كراوەتە دەرەوە. هەروەها ئەمەش ڕوانگەی ئەخلاقییە كە عاریفان دەڵێن شەیتان لەخۆبایی بوو، بۆیە سوژدەی نەبرد بۆ ئادەم. جا لەبەر ئەوەی خۆویستیی و ئیشق پێكەوە ناگونجێن.
ئەگەر شەیتان سوژدەی بردبا، ئەوە ئێستا من و تۆ لێرە نەدەبووین و لەناو بەهەشتدا بووین یاخود ئەو شوێنەی كە حەزرەتی ئادەم و حەوای لێ بووە. بەڵام نەخشەی خودا ئەوەیە كە شەیتان سودژە نەبات، ئەمەش ڕوانگەی عیرفانیی و ئەخلاقی بوو كە بەیانم كرد بۆت. بەڵام لە زەینمدا شتی زۆر هەیە و دەمەوێ بەیانی بكەم، بەڵام ئەتۆ ئەمە بخوێنەوە هەتاكوو بۆچوونت هەبێت و منیش زیاتر پەرەی پێ بدەم. بەڵام ڕوانگە فەلسەفییەكەی ئەوەیە كە كەس لەم ڕازو نهێنییە تێناگات كە نەخشەی خودا چییە؟ بۆچی شەیتان سوژدەی نەبرد؟ بۆچی حەزرەتی ئادەم گوناهی كرد؟ ئەم گوناهەیش ڕوون دەكەمەوە بۆت. ئایا خودا پێویستی بەوە بوو كە بە شەیتان بڵێت سوژدە ببە؟ یان پێویستی بەوەبوو بوونەوەر دروست بكات؟ ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی ئەقڵ و فەلسەفە كە زۆر سەنگینە مرۆڤ سەر لەم واقیعییەتە دەركات. بەڵام هەرچی بوو، ئەوەبوو كە ئێمەی مرۆڤ وانەیەك فێربین لەو ڕووداوە كە هەم سوژدە نەبردنی شەیتان بوو هەمیش گوناهی ئادەم.
لەبەر ئەوەی ئێمەی مرۆڤ ئەگەر بەندایەتی بكەین و لەخۆبایی و خۆویست بین، ئەوە لە میهرەبانی خودا دوور دەكەوینەوە كە تەنیا تۆسقاڵێك بەندایەتیشە و خۆشمان بە بەندە دەزانین. لە دۆخێكیشدا بڕوانە «700000» هەزار ساڵ بەراورد بكە بە تەمەنی ئێمە؟ واتە ئێمە بە تۆسقاڵێك بەندایەتی چەندە خۆمان بە مەزن دەزانین و وەی بۆ خۆمان. ئەمەش ڕوانگەی ئەخلاقییە كە مرۆڤ نابێت خۆویست و لەخۆبایی ببێت. جا لە بەرامبەر بە خودا یان لە بەرامبەر بە كەسانی تر. بۆیە ئەم سوژدە نەبردنە وانەیەكی ئەخلاقیمان فێر دەكات. بەڵام ڕوانگە عیرفانییەكەی ئەوەیە كە فێری ئیشق و ئەوین دەبین كە تەنیا خودا بە مەعشوقی ڕاستەقینە بزانین و ئاشقی ڕاستەقینەش بین كە ئاوێتەكراو بێت بە ئەخلاقی باش. واتە وەك شەیتان لەخۆبایی نەبین. كەواتە ئەمە وانەیە كە هەم ئاشق بین هەمیش ئەخلاقی بین هەمیش كەسێكی ئاقڵ بین بۆ ئەوەی بتوانین پێگەی ئەخلاق و ئیشقمان لەسەر بنەمای ئەقڵ بونیاد بنێین.
هەنووكە دێمە سەر ئەوەی كە بۆچی ئادەم گوناهی كرد، گوناهكردنی ئادەم ئەمەش بۆ خۆی چیرۆكێكە هەتا بڵێیت لەڕووی دینەوە هەم بە ئەفسانەو خەیاڵ دەكەوێتە بەرچاو هەمیش ڕازو نهێنی تێدایە، حەزرەتی ئادەم لە میوەی قەدەغەكراوی خوارد و بووە هۆی ئەوەی كە هەموو جلوبەرگی داكەندرێن و شەرمی دەركەوێت. دواتریش پەنا ببات بۆ گەڵای درەخت هەتاكوو شەرمی داپۆشێت. بەڵام تەنیا بۆ یەك سات گریمانەی ئەوە بكە كە ئەگەر ئادەم گوناهی نەكردبا، ئەوە چی ڕوویدەدا؟ بێگومان ناكرێت بەم شێوەیە بێت، كورتەی كەلامیش ئەوەیە كە ئێستا ئێمە لەم سەرزەمینەدا نەدەبووین و شوێنی ئێمەیش هەمان ئەو شوێنەبوو كە حەزرەتی ئادەم و حەوای لێبوو. بەڵام لە نەخشەی خودا بوونی هەبووە كە دەبێت گوناهـ بكرێت. گوناهـ بەڕاستی نەخشەیەكی زۆر گرنگی هەیە لەم جیهانی بوونەدا. گوناهـ تەنیا ئەوە نییە كە لە فەرمانی خودا دەرچیت، بەڵكوو ئەگەر گوناهـ نەبوایە، ئەوە مرۆڤیش بوونی نەدەبوو، من گوناهـ بە شتێكی پیرۆزی دەزانم. كە ئەگەر چی نابێت ئەنجام بدرێت. بەڵام ئەگەر گوناهـ نەبێت، ئەی كەواتە چاكە مانای چییە؟ ئەگەر گوناه نەبێت، ئەوە نە مرۆڤ بوونی هەیە نە خوداش لێبووردەیی دەردەكەوێت. گوناهـ بوونی هەیە، چونكە چاكە هەیە. گوناهـ هەیە، چونكە لێبوردەیی و غەفارییەتی خودا جێگیر دەكات. خودا بۆ بوونەوەرانی دیكە لێبوردە نییە. بەڵام لێبوردەیی خودا تەنیا بۆ كەسی گوناهكارە. مرۆڤ ئەگەر گوناهـ نەكات، ئەی كەواتە چۆن بەرەو پلەی كەماڵ بڕوات؟ بێگومان گوناهـ وێنەیەكی زۆر مەزنی هەیە. لەبەر ئەوەی گوناهـ پێویستە بكرێت بۆ ئەوەی لێبوردەیی خودامان بۆ بەدیار بكەوێت، ئەمەش ڕوانگەیەك بوو، بەڵام بۆ نمونە ئەگەر حەزرەتی ئادەم گوناهی نەكردبا، ئەوە چی ڕووی دەدا؟ سەرەنجام مرۆڤ نە دەیزانی لەكوێیە نە لەم جیهانەشدا بوونی هەبوو نە لێبوردەیی خودا دەردەكەوت.
هیچ بوونەوەرێكی ئەم جیهانی بوونە نییە بەتایبەت مرۆڤ، گوناهـ نەكات، هەموومان گوناهكارین. لەبەر ئەوەی ئێمەی مرۆڤیش بەجۆرێك تاوانمان هەیە و تووشی بێئاگایی هاتووین، بەڵام بە جۆرێكی دیكە منی تاك یان تۆ چ تاوانێكت هەیە كە باوكی ئێمە حەزرەتی ئادەم بوو، واتە ئەو گوناهی كرد و منیش تاوانبارم؟ من گوناهم چییە كە دەبێت بە ئاگر لە دۆزەخدا بسووتێم؟ یاخود بكەومە بەر سزای خوداوە؟ ئەمەش فەلسەفەكەیەتی كە زۆر قورس و سەنگینە، بەڵام بەخودای بەخشندە هەتا بڵێیت چێژێكی زۆر خۆشی هەیە ئەم بابەتە، ئەگەر لە نەخشەی خودا بوونی هەبێت كە دەبێت مرۆڤ تاوان بكات، ئەی كەواتە مرۆڤ لێرەدا بێ ئختیارە، بێ ویست و ئیرادەیە، هەر چی هەیە، ئەوە لە ئەزەلەوە دیاری كراوە كە كێ چاكە بكات و كێ خراپە بكات. دەبینیت چەندە ڕازو نهێنی تێدایە ئەم بابەتە. كەس نییە گوناه نەكات لەم جیهانەدا. هەموومان داوێنمان ئاوێتەیە بە گوناهـ. ئەوەی كە حافز دەڵێت:-
جـــایـــی كـــە بــرق عـصـیـان بـر ادمـی صـفـی زد
مــــارا چــگــونــــە زیــبــد دعــــوی بـــی گــنـــاهی
واتە: لەو شوێنەیدا كە حەزرەتی ئادەمی مەزن تووشی گوناهـ هات، ئەوە منی بێچارە چۆن بانگەوازی ئەوە بكەم كە گوناهبار نیم؟ حەزرەتی ئادەم كە پێگەی پەیامبەرێتی هەبوو كە تووشی گوناهـ هات. ئەی من و تۆ چی؟ من و تۆ هیچمان نییە، چۆن گوناهـ نەكەین؟ مەبەستم ئەوەیە كە هەموو كەس تاوان و گوناهـ دەكات. لەبەر ئەوەی لە بوونی مرۆڤدا هەر بە سرووشتی باشەیە، خراپەیە، لەم دوانە بەدەر نییە. یان ئەوەتا باشە یاخود ئەوەتا خراپە. ئێمە نە باشەی ڕەهامان هەیە نە خراپەی ڕەها. بەڵكە مرۆڤ لەنێوان خراپە و باشەی ڕێژەییدایە. حافزی مەزن لە خەییامەوە ئەم هۆنراوەی وەرگرتووە كە خەییام دەڵێت:-
نــاكــردە گــنـــاه در جــهــان كــیـسـت؟
دەڵێت كێیە كە لەم جیهانی بوونەدا گوناهـ نەكات؟ بێگومان ئەو مرۆڤە بوونی نییە كە گوناهـ نەكات. ئەمەش هەمان ئەو شتەیە كە لە ئەزەلەوە بۆمان نووسراوە كە گوناهـ بكەین بە جۆرێك. واتە لە بوونی مرۆڤدا باشە و خراپە هەیە. بەڵام من قسەی ئەوەم نییە كە من یاخود تۆ بڵێین كاكە ئەوە لە ئەزەلەوە نووسراوە كە من دەبێت گوناهـ بكەم. بەم شێوەیە خۆخەڵەتاندنە. بەڵكوو ئەوەی كە خودا باشە یان خراپەی داناوە لە دڵ و دەروونماندا ئەوە كێشە نییە. بەڵام لە باشە و خراپە چاكتری پێ بەخشیوین كە بریتییە لە ئەقڵ. ئەقڵ باڵاترین بوونەوەرە. ئێمەی مرۆڤیش دەتوانین ئەقڵ بەكار بهێنین بۆ ئەوەی بەرەنگاری نەفس و خراپە ببینەوە. ئەگەر ئەقڵ بەكار بهێنیت، ئەوە بێگومان ناتوانیت گوناه بكەیت بە جۆرێك. لەبەر ئەوەی لە بوونی مرۆڤدا هەم ئەقڵ هەیە هەمیش نەفس، هەم شەیتان هەمیش خودا. كەواتە ویستی مرۆڤ گرنگە لێرەدا كە كامیان هەڵبژێرێت. یان گوناه یان باشە. یان خودا یان شەیتان. ئەگەر ئەقڵ هەڵبژێریت ئەوە دەتوانی نەفس كۆنتڕۆڵ بكەیت. ئەمەش وێنەی گوناه لەم جیهانەدا بە كورتی بەیانم كرد. بەڵام زیاتر دەخوازێـت، بەڵام ئەمەش قسەی تۆ بوو كە: خودا شەیتانی خۆشدەوێت، چونكە هەتا قیامەت چاوەڕێیەتی. بەڵێ خودا شەیتانی خۆشدەوێ، چونكە مەخلوقی خۆیەتی. خودا خوڵقێنەری هەموو بوونەوەرانەو هەموو بوونەوەرانیشی خۆشدەوێت بەتایبەت مرۆڤ. بەڵام تۆ چۆن دەزانی خودا چاوەڕێی شەیتانە؟ ئەمەش لە خۆیدا وەها شتێك نییە قسەی لەسەر بكەم. چونكە خودا دەشتوانێت هەر ئێستاش شەیتان بخاتتە بەر ڕەحمەتی خۆیەوە. لەبەر ئەوەی ویستی خودایە، كاری خودایە، نهێنی خۆیەتیی و ئێمە ناتوانین لەو ڕازونهێنییە تێبگەین.
دووبارە دەپرسیت:- تۆ پێـت وایە ئیبلیس دەیەوێت بێوەفایی مرۆڤ بۆ خودا بسەلمێنێت؟ ئەمن وەهای بۆ ناچم. لەبەر ئەوەی لە نەخشەی خودا بوونی هەیە كە هەم بە شەیتان و هەمیش بە فریشتەكان بفەرموێت من جێنشین دروست دەكەم كە لە ئێوە باڵاتر بێت. ئەمەش بۆ خۆی پێگەی باڵای هەیە كە مرۆڤ باڵاترین بوونەوەرە لە شەیتان و فریشتەیش. شەیتان نازانم دەیەوێت چی بكات بە مرۆڤ جگە لە فریودان. كاری شەیتان هەر فریودانی مرۆڤە گەمژەكانە لەگەڵ حورمەتم بۆ گشت مرۆڤایەتی. بەڵام من شەیتان بەوە نازانم كە فریوی مرۆڤ بدات. لەبەر ئەوەی نەفسی مرۆڤ بۆ خۆی شەیتانێكە. نەفس شەیتانە بە مانای زاراوە واتە خراپە. نەك ئەوەی كە نەفس بریتی بێت لە شەیتان. ئەسڵەن لە بنەڕەتدا شەیتانی داماو چی بكات كە لە نەخشەی ئەزەلی خودا بوونی هەیە كە دەبێت بەم شێوەیە بێت ئەم چیرۆكەی كە من و تۆ گفتوگۆی لەسەر دەكەین، واتە شەیتان چكارەیە كە مرۆڤ فریو بدات. شەیتانیش بۆخۆی فریشتەیەكی یەكتاپەرست و ئاشق بوو. ئەگەریش بۆچوونی تۆ بێت كە بێوەفایی مرۆڤ بسەلمێنێت، ئەوە بێگومان پێویستی بە سەلماندن نییە، چونكە خودا ئاگامەندە بە هەموو شتێك. دەزانێت كێ بێ وەفایە و كێ خاوەن وەفایە. تۆ ئەوە بەیان دەكەیت و دەڵێیت: ئەی سزای دۆزەخ چییە؟ بۆچی ئادەم لە ناز و نیعمەتی بەهەشت خۆی بێ بەش كرد؟ خودی بەهەشت چییە؟ بەڵام ئەگەر بە ورد و تێڕامانەوە ئەم بابەتەت خوێندبێتەوە، ئەوە ئەنجام و وەڵامیش بەیان كراوە. سزای دۆزەخ بەپێی دەقی قورئان و دین ئاشكرایە. مرۆڤ باشە بكات دەچێتە بەهەشت. خراپە بكات دەچێـە دۆزەخ. ئەمەش بۆ ئەو مرۆڤانەیە كە لەگەڵ حورمەتم بۆیان مەعریفەیان نییە، مرۆڤ كاتێك بێ مەعریفە بوو، یان نەزان بوو، ئەوا ئەم دەقە كە باشەو خراپەیە و بە ئەنجامدانی ئەم باشەو خراپەیە شوێنی خۆی دیاری دەكات. واتە چاكە بكات بەهەشتییە. خراپەش بكات دۆزەخییە. ئەمەش بۆ خۆی شتێكی زۆر چاكە بۆ مرۆڤ. لەبەر ئەوەی مرۆڤ لەوانەیە نەتوانێت ببێتە خاوەنی مەعریفە، بەم پێیە ئەوە بۆ ئەو باشە كە بەهەشت بیگەڕێنێتەوە لە دۆزەخ. واتە باشە بكات و دوور بكەوێتەوە لە خراپە. بەڵام بەهەشت و دۆزەخ بۆ ئەو كەسانەی كە خاوەنی ئیشق و مەعریفەن وەك پەیامەبەران و عاریفان هیچ بایەخێكی نییە. مرۆڤێك كە خودای خۆشدەوێ بەهەشتی بۆ چییە؟ بۆچی لە دۆزەخ بترسێت؟
حەزرەتی ئادەم لە ناز و نیعمەتی بەهەشت بێبەش نەبوو. بەڵكوو ئەوە نەخشەی خودایە كە دەبێت گوناهـ بكرێت و ئادەمیش بكەوێتە ئەم زەمینە وێرانە. ئەگەر تۆ بتەوێت بێبەش نەبیت لە نازو نیعمەتی خودا، ئەوە پێویستە لەسەرت سوپاسگوزار بیت. بەڵام خۆ خودا بە كافریش دەبەخشێت. مەبەستم ئەوەیە كاتێك ویست بەدەست تۆ نییە، ئەوە دەكرێت بێبەش بیت لە نازو نیعمەت. خودی بەهەشت چییە؟ لای من لەم جیهانەدا بەهەشتێك هەیە و لە جیهانەكەی دیكە یەك بەهەشتی دیكە هەیە. لەم جیهانەدا ئەو بەهەشتەیش هەمان بەهەشتی ئەقڵ و ئیشقە. بۆ من ئەقڵ و ئیشق باشترین بەهەشتە. لە جیهانی دیكەیشدا ئەگەر پێم بڵێن كام بەهەشتە دەخوازی؟ دەڵێم بەهەشتی خودایی. بەهەشتی عاشقان، بەهەشتی عاریفان كە هەمان دیداری مەعشوقە.