“کاریگەری وێرانکاری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ئابووری ئێراق”
ئێراق، وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانی سرووشتی و میراتی کولتووری، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، ڕووبەڕووی ئاستەنگی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی بێوێنە دەبێتەوە. بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کەمبوونەوەی سەرچاوە ئاوییەکان و زیادبوونی دیاردەی بە بیابانبوون، مەترسی رژدن لەسەر سەقامگیری وڵاتەکە، ئەمەش کێشەکانی وڵاتەکە زیاتر دەکەن. لە لایەکی دیکە، ئابووری وڵاتەکە تەواو پشت بە هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت کە 99% داهاتی ئێراق پێک دەهێنێت! ئەمە وێڕای گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن و شکستی هەمەچەشنکردنی.
“سستی و لەرزۆکییە ئابوورییەکان”
ڕێژەی گەشەی ئابووری لە ساڵی 2022 ەوە 2%ەو بە پێی بانکی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2024 تەنیا 0.5% گەشەی بەخۆوە بینیووە. لە لایەکی دیکە ڕێژەی بێکاری 17.59% ە واتا زیاتر لە 1.200.000 بێکار. واتا بە لەبەرچاوگرتنی رێژەی دانیشتوان، ئێراق لە دە خراپترین وڵاتەکانە لە جیهان، لە کاتێکدا سەرووی یەک ملیۆن بیانی لە ئێراق کار دەکەن، بەشێکی بەرچاویان هیچ بەلگەیەکیان نیە و بەشێکیش لەوان ئەو کرێکارە شیعانەی هندستان و پاکستان و ئەفغانستان و بانگلادیشن کە بە مەبەستی ئایینی هاتوو و بەنایاسایی کار دەکەن. مەترسی رژدیش هەیە رێژەی بێکاریی لە دوو ساڵی داهاتوو 20% تێپەڕ بکات. هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی لەڕادەبەدەر و لاوازی بەرهەمی ناوەخۆییش ناسەقامگیری ئابووری زیاتر کردووە، واتا ئەگەر جەنگەکان بوەستن و خواست لەسەر سووتەمەنی کەم بێتەوە، ئابووری عێراق بە تەواوی دادەتەپێت. لە لایەکی دیکە، گۆڕانی کەشوهەوا دۆخەکەی خراپتر کردووە و بەو پێیەی زیانی بە کشتوکاڵ، داهاتی جوتیاران گەیاندووە و جێگۆڕکێ و گۆڕانی دیموگرافیشی ئافراندووە.
“قەیرانی ئاو؛ کەمبوونی ئاوی هەرێمی و بە بیابان بوون”
وشکەساڵی زیانی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵی ئێراق گەیاندووە کە 20%ی بەرهەمی ناوخۆیی گرتۆتەوە. ئەمەش بە پلەی یەکەم بەهۆی کەمبوونەوەی هاتنی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات (50% لە 2024 کەمی کردووە). پرۆژەی بەنداوی تورکیا و پرۆژەکانی سوریا و بەهەڵمبوون و گۆڕانی کەشوهەوا دۆخەکەیان خراپتر کردووە. لە ئێراق سیستەمی ئاودێریی کۆن و خراپە و هۆکاری بەفیڕۆچوونی رێژەیەکی زۆری ئاوە. لەو نێوانە، نە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان وەکو پێویست ئاوی پێویست وەردەگرن و بەرهەمی کشتوکاڵیش زیاد دەکات. بە پێی ریپۆرت نێوخۆیی و بەدواداچوونەکانی بەنکی نێودەوڵەتی مەترسی بۆ سەر ئاساییشی خۆراک دروست دەبێت و زیانەکانیش بە 1.2 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێن. وێڕای زیانەکانیش، ئەو گۆڕانکارییە ئاوارەبوونی جووتیارانی شی بەدوای خۆیدا هێناوە. لە لایەکی دیکە، بە بیابانبوون ساڵانە بە ڕێژەی 3% زیاد دەکات و لەماوەی بیست ساڵی رابردوو 30%ی خاکی ئێراق گرتۆتەوە. بە بیابان بوون خۆی لە تێکچوونی خاک و کەمبوونەوەی ڕووەک و زیادبوونی زریانی خۆڵیی دەبینێتەوە. زیانەکانی بە بیابان بوون لە ئابووری ساڵانە بە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، ئەمە بەپێی زمرهپۆرتێلی چڕ و پڕی رێکخراو فاو (FAO). وێڕای ئەوەش، کۆچ بەهۆی دیاردەکە لە چوارچێوەی گۆرانی کەشوهەوا و نەمانی بژێوی ژیانی گوندنشینەکان هەزاران کەس ئاوارە بوون و دەبن.
“کێشەکانی شوێنی دانیشتوان و فراوانبوونی بێ جڵەوی شارەکان”
شاری بەغدا کە حەوت ملیۆن کەسی تێدایە، ڕووبەڕووی کەمی ئاوی زۆر بووەتەوە. پیربوونی ژێرخانی ئاو، توانای پاککردنەوەی ئاو بەس و کەمیی بەردەوام شارەکە بەڵا دەکات. گۆڕانی کەشوهەوا سووتەمەنی کۆچی شارەکانە، فشار لەسەر سەرچاوەکان زیاتر دەکات. قەرەباڵغی کاریگەری لەسەر خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی و پەروەردە و پاکوخاوێنی دروست دەکات.
“خراپی سیستەمی ئاوی شارەکان و دیاردەی بە خوێ بوون”
بە پێی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی، نەبوونی سیستەمی پاککردنەوەی ئاو وای کردووە وڵاتەکە 50%ی ئاوی خواردنەوەی بەفیڕۆ بڕوات. وێڕای ئەوەی ئاوی زێرابەکان ڕووبار و جۆگەکان پیس دەکات پیس دەکات و مەترسی تەندروستی بەردەوامی لێ دەکەوێتەوە و بە تایبەت نەخۆشییە گوازراوەکان. بەخوێ بوون و خوێئاو دیاردەی هەڵکشانی ئاوی سوێر و تێکەڵبوونیەیی بە ئاوی خواردنەوە و شیرین وەک لە بەسرا تەواو بڵاوبۆتەوە و گەیشتۆتە کۆگا ئاوەکانی ژێرزەوی. لە ساڵی 2015 ەوە رێکخراوەکامی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێگەی ئایرێکس و رێکخراوەکانی دیکە بەردەوام. ڕاوێژ و زانیاریی و وۆرکشۆپ و سیمیناری بۆ بەڕێوەبەرانی ئاوی ئێراق ڕێکخستووە. بەڵام هیچ کردار لە حکومەتی ئێراق بە ئاراستەی چارەسەری ئەو کێشە و قەیرانە سرووشتیەش نەخراوەتە ڕوو. تێکڕاش، زیانەکان تەنیا بەهۆی ئاو بە 500 ملیۆن دۆلاری ساڵانە لە داهاتی گشتی ئێراق دەکەون. لە لایەکی دیکە ژێرخانی وێران و بەتەمەن و شەکەت کارەساتێکی دیکەیە. ژێرخانی ئاوی عێراق وێڕای کۆنییەکەی بەدەست گەندەڵی و ناکاراییەوە دەناڵێنێت. ڕژانی ئاوەڕۆ ڕێڕەوی ئاوەکان پیس دەکات و هەڕەشەی لەسەر تەندروستی هەیە.
“سیاسەت و دەوڵەتداری و هزری بەڕێوەبردن”
ستراتیژیەتێکی سەرتاییش لە ئێراق بۆ پرسی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئارادایە و تەنیا لە پەراوێزی کێشەکان ئاماژەی پێ دەدرێت. نەبوونی وەبەرهێنان لە ژێرخان، کەرتی ئاو، بە گشتی، لە بەڕێوەبردنی ئاو و پاککردنەوە، بە تایبەتی، ئێراقی تەواو سست کردووە. لە لایەکی دیکە ڕێسا و یاساکانی وەبەرهێنان سەرەتایی و ناڕوون و ناهاریکارن تا کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت بتوانێت وەبەرهێنانێکی ئەرێنی لە وڵاتەکەدا بکات. سەرەڕای ئەوەش، دیاردەکانی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن سەربارن. لەو نێوانە ئاوارەبوون بۆ دەستکەوتنی ئاو دەستی پێکردووە و بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواش ئاسایشی خۆراک لەرزۆکە و هەڕەشە لە داهاتووی ئێراق دەکەن.
“دەرئەنجام”
گۆڕانی کەشوهەوا مەترسیی رژدی لەسەر ئابووری ئێراق دروست کردووە و مەترسییەکانیش زیاتر دەبن. مەگەر ئەو راسپاردانەی خوارەوە لەبەرجاو نەگیرێن، چونکە پشێبینییەکان لە رووی کەشوهەواوە ئەرێنی نین و هەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن کە مرۆڤایەتی لە کورت مەودا خۆی بگونجێنێت و لەتەک ئەوەش چارەسەری دوورمەودا بخاتە بەر لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، بە ئامانجی گەیشتنە پرۆژەی گونجاو و هاوتا لەگەڵ پێشڤەجوونە سەردەمییەکان و ئاستەنگە هە نووکەییەکان و ئاستنەگەکانی داهاتووش.
“ڕاسپاردەکان”
یەکەم:- هەمەچەشنکردنی ئابووری، کەمکردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.
دووەم:- وەبەرهێنان لە بەڕێوەبردنی ئاو و ژێرخانی پاککردنەوە.
سێیەم:- پێشخستن و هاوچەرخکردنی کەرتی کشتوکاڵ.
چوارەم:- بەرزکردنەوەی ئاستی دامەزرزاوەکان بەرامبەر بە گۆڕانکارییە کەشییەکان لە ڕێگەی ڕێوشوێنی گونجاو.
پێنجەم:- بەهێزکردنی ڕێسا، مەرج و یاسا پەیوەستەکانی ژینگە.
شەشەم:- بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی حوکمڕانیەکی سەردمیی زۆر پێویستن.
حەوتەم:- هەوڵێکی هەرێمی زۆر پێویستە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو قەیرانە، چونکە لە دوور مەودا دیاردەی کۆچ تەنیا لە ئێراق قەتیس نابیت و سنوورەکانی ئەوانیش دەبڕێت ئەگەر ئەوان لەم قۆناغە خۆپەرستانە لە پرسەکە بڕووانن و بە دوای قازانجەوە بن.
هەشتەم:- پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاریی پەروەردەیی پەیوەست بەو پرسە و گۆڕانی کەشوهەوا بە گشتی بکات. ئەوەش لە ڕێگەی هاوکاری هونەریی، بنیاتنانی توانا و تەکنەلۆجیای گونجاو لەگەڵ سەردەم دێتە دی.