راستە زمان فۆرمێکی میتافوریکی هەیە و تەنانەت کاتێکیش دەڵێین میتافوریک هەر لەگەڵ میتافور دا بەرەوڕووین، بەڵام باسی من لە پێگەی پیت و دەوری وشەیە لە دروستکردنی وێنەی پڕجووڵە و خوڕاوگەیەک لە خەیاڵی وێناکردن. لە شیعری قامەتی بێ زەمانی مانا دا لە یەکەم دێڕ دا: بەسەرچوو دەورانی دڵنیای بزەم…لەیلا” لەیلا لێرەدا واتەیەکی هەیە کە دەشێت هەم خوازە بێت بۆ کارئەکتەرێکی دیاریکراو و هەمیش تەلمیح و ئاماژەیەکی مێژوویی بێت بۆ یاری مەجنوون، بەڵام لە بەشیتر و دێڕیتر دا ئەم وێنەیە وێنایتری بۆ دەکرێت: بەسەرچوو دەورانی دڵنیایی فڕین لەیلا”…ل19 یان: لەیلا!! ئەو پیتەی ئەگەر چاوت نەبا بۆ هێندە شەو دەبوو. یانتر:- لەیلا مێژووی ئاشقانەم باڵندەیە مەگەر؟ بەهەرحاڵ دەشێت لە فۆرم و سیاقی کۆی شیعرەکە و پێکهاتەکەی دا ئەو جووڵە و بزۆزییە شوێن پێ بگرین. ئەم باسە دادەنێم بۆ دەرفەتیتر و دێمەوە سەر شیعری “!” لەدەفتەری یەکەمی شاعیر کە پێشتر ئاماژەم پێدا و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم باسەی کە هێنام سیمای وێنەی جووڵەییمان باشتر بۆ دەردەکەوێت و ئاست و خەستبوونیشی لەهەرکام لە دەفتەرەکانی دا و بە شێوەی بەراوردکارانە زەقتر بۆ روون دەبێتەوە.
لە شیعری “!” دا بە شێوەیەک بەستێن بۆ تەکنیکی وێنەی حەرەکەتی تەواوتر ئامادە دەکرێت، فۆرمی وێنە لەم شیعرە دا هێشتا ماویەتی بگاتە ئەو ترۆپکی جووڵە و حەرەکەتە کە لە هەندێ شیعریتری دا و بەتایبەتی لە دەفتەری دووهەم دا زەقە، بۆ نموونە لە دێڕی یەکەم دا “ئەڵماسی هیچ بزەیەک نەخشەی خەڵووزی وێرانی دڵم” وێنەیەک دەکەوێتە رێ بەڵام بەر لەوەی بکەوێتە بزووتن و بزاوتن ئێمە لەگەڵ لەمپەر و دەسەندازێک دا روو بەڕوو دەبینەوە کە بەرهەمی ململانێ و شەڕی وشیارانەی شاعیرە لە گەڵ زمان و پێکهاتی زمان و فۆرم…بەرهەمی شەڕی پێکهات و ناپێکهات…شەڕی ئاوەز و شێتی…زانست و شیعر:-
ئەو رستەیە تەواو نابێت بە دڵپڕی
واتە لەم دێڕەدا پێمان دەگەیەنێت کە ئەو رستە ناشێت هەڵگری پنتێکی دیاریکراو و خاڵێکی کۆتایی لە قەوارەی هێنانی “فیعل” کە ئاماژەیەکە بۆ زەمان و بەند بوون ئەویش بەم هەموو ژانی و دڵپڕییەوە تەواو ببێت، هەر لێرەیە پێوەندی ئەزموونی بوون ناسانەی وەگێڕی شێت لەگەڵ پێکهاتی زمان وەکوو قبووڵنەکردنی کردە یان فیعل (وەکوو هێمای زەمان و دیاربوونی جەمسەری زەمان و چەشنێکی ئایدۆلۆژیکی زەق لە میتافیزیکی حوزور) و نازەمانییەت وەکوو ئەزموونی خەیاڵکردنی وەگێڕ لەناو زمان و زەمان دا دەردەکەوێت کە من پێشتر لە پێوەندی شیعریی شیت و نازەمانییەت دا و لە وتارێک دا قسەم لەسەری کردووە و دیسان ناپەرژێمە سەری. لە درێژەی ئەم شیعرە کورتە دا دیسان بزاوتێک دەکەوێتە وێنە: ئەڵماسی وێرانی بزەت کە خەریکە چاوەکانم” بەڵام هەمدیس ئێمە لە گەڵ دەستئەندازێکی وشیارانە دا رووبەڕوو دەبین “ئەو شیعرە درێژە نادرێ ئاوا بە هەست” کەواتە هێشتا وێنەی جووڵەیی لەم شیعرە دا نەگەیشتووەتە بزۆزبوون و فۆرمی راستەقینەی شێتانەی خۆی و بە چەشنێک ئەزموونی زمانی و فۆرمیکی وەگێڕ خەریکە لە رۆچنەیەکی بوونناسانە و ئونتۆلۆژیکاڵ مانیفێست دەکرێت، ئەم شیعرە ئەوەندە مانیفێستێکە بۆ بوونیاتنانی وێنەی بزۆک ئەوەندە فۆرمی گەشەی وێنەی حەرەکەتی نییە، ئەگەر وەکوو وتمان وێنەی حەرەکەتی سەر و رەگەزێکی قووڵی لە ناو جیهانی ناوشیار یان من یان ئید یان ترس دا بێت ئەوا لەم شیعرە دا هێشتا شەڕ و ململانێی لەگەڵ وشیاری و ئاوەز و هزر کە فۆرمەکانی پێکهاتێکی ئاوەزمەند و عەقڵ تەوەر لە زمان و دەربڕین و مانارەوایین، دەکرێت، هەر بۆیەشە لە دێڕی کۆتایی دا دەڵێت:-
هزر دەڵێ:- ئەڵماسی ئەوین درۆیە. شین ترین بەتاڵ ل65
هەر وەکوو وتمان ئەم شیعرە ئەوەندە مانیفێستکردنە بۆ دەرچوون لە سیستەمی وێنەیی و وێناندنی کۆنی ئەزموونە شیعرییەکانی پێشوو ئەوەندە بونیاتنەری وێنەی جووڵەیی نییە، واتە هێشتا شەڕی هزر و ئەوین. ئەقڵ و شێتی، پێکهات و ناپێکهات، هەقیقەت و خەیاڵ، وێنە و وێناندن(وێنەی جووڵەیی) لەگەڕە شەڕێک کە رێگەی “خوازە” و لەئاستێکی قووڵی راگەیهنراوە:- هزر دەڵێ: ئەڵماسی ئەوین درۆیە. ئەگەر سێبەری چەشنێک لۆگۆس و ماناتەوەری لە شیعری شێت دا وێنا بکەین ئەوا لە گەڵ چەمکی ئەوین و ئەشق دا رووبەڕوودەبین و ئەمەش لەهەر دوو دەفتەرەکەدا زەقتر لە هەموو تایبەتمەندییەکانی شیعری شێت دا دیارە، هەم شین ترین بەتاڵ پڕە لە مەجنوون و ئاشق و چاو و رەشی و لەیلا و رووناک، هەمیش “منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان” و ئەم تێڕوانینەمان بۆ هەبوون و حوزوری وەها سەنتەرێک لە لۆگۆس و فۆرمێک لە حوزوری میتافیزیکیانە لە قەوارەی مانا قەت غەریب نییە، شیعری شێتی ئەوەندە ئاشق و ئەویندارە ئەوەندەش شێتە، دژی هزر و پێکهاتە، هزرێک کە دەڵێ ئەڵماسی ئەوین درۆیە، ئێمە دەشێت باش بزانین کە شێتی و ئەوین لە زۆر حاڵەت دا لەیەکدی جوێ ناکرێنەوە، تەنانەت دەکرێ ئەزموونی شێت بە ئەزموونی ئەوین بناسێنین، دەشی بزانین هەموو ئەویندارەکان و هەموو شێتەکان هەڵگری توخمێکی هاوبەشی شێت-ئەوینی بن.
ئەویندارێک بە سانایی دەکرێت شێت بێت بەڵام شێتێک بەئاسانی و روونی ناتوانێت ئاشق بێت، چوون پێشتر ببووە و شێتی کردووە، لێرەدایە فۆرمێک لە تێکەڵاویی و تێکچڕژانی نێوان شێت و ئاشق دەبینین، دەشێت بڵێین کە هەموو ئەویندارەکان دەشێت بگۆڕێنە سەر ئاستی شێت بەڵام شێتەکان ئیتر ناتوانن ئاشق بن و ئەویندار بن، مەگەر لە شکڵ و فۆرمیتر دا…لە جووڵە و بزاوتن و وێناندن و خەیاڵکردن و پیتاندن و شاعیر بوون دا، بۆیە رێکەوەند و لێکدراوی شیعری شێت هەڵگری هەموو ئەو جەمسەر و تایبەتمەندی و تەکنیکانەیە کە باسم کردن. ئەوین، شێتی، وێناندن، واقیعێکی وانوێنراو و وێنەنوێنراو، وێنەی حەرەکەتی ناکۆتا و حەجمی، کەواتە دەکرێ بەو ئەنجامە بگەین کە شێت و ئاشق یان شێتی و ئەشق بەگشتی و لە دواجار دا لە هەناو و لەپێگەی شاعیر و شیعر دا دەبن بەیەک و چوونیەکیی و هاوبوونی ئەزموون دەکەن. بەم وتە گشتیانەوە دێمە سەر لێکدانەوە و خوێندنەوەی کورتە شیعری”منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان”ی دەفتەری دووەمی شاعیر کە پێدەچێت ناوی دەفتەری دووەم هەر لەم کورتە شیعرەوە هەڵگیرابێ و بەم پێیەش رۆڵێکی بنەمایی و ناوەندی لەم شیعرەدا بە سەر کۆی دەفتەرەکەدا لەبەرچاو گیرابێت. بێگومان ئێمە لە فەزایەکی کەمکاریی و نەخوێندنەوەی دەقەکان و ئەزموونە جیاجیاکان دا هەناسە دەکێشین ئەگینا هەڵسەنگاندنی هەر کام لە ئەزموونە شیعرییەکانی نوێترخوازان پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ورد و خوێندنەوەی فرەرەهەند بە میتۆدی جۆراوجۆر دەبێت، بۆ نموونە ئێمە ئەگەر لە لێکۆڵینەوەیەک دا و بە میتۆدی بەراوردکارانەوە ئەزموونی “ساڵەح سووزەنی و یوونس رەزایی” بخوێنینەوە هەم بەشێک لە تایبتمەندیی هەر کام لە ئەزموونەکان و دەقەکان دەردەکەوێت و هەمیش بەشێک لە تایبەتمەندیی جیاوازی هەر کام لە ئەزموونەکان و روانینیان بۆ زمان و فۆرم و، ئەگەر شیعری یوونس بە شیعری شێت ناوبردە کراوە ئەوا من شیعری ساڵەح سووزەنی لە ژێر ناوی ئەزموونی دوورگە دا پێناسە دەکەم، دوورترین شوێن، شوێنگەیەکی دوور لە ئەزموونی زمانی و فۆرمی و پێکهاتی، سەر بە جیهانی ریزۆم و تەقینەوەی ناوشیاریانەی پیت، بەرای من ریزۆم ناتوانێت ئەزموونی دانسقە و تایبەتی سووزەنی پێناسە بکات.
ئەزموونی ئەو دەشێت لە خوازەیەک دا بخرێتە روو کە خوازە بێت بۆ خوازەیتر و ئاوێنە بێت بۆ ئاوێنەیتر و وێنە بێت بۆ وێنەیتر و وێنا بێت بۆ وێنایتر و…وێنەی وێنای خوازە لە دوورگەیەک بە ناوی”بە عینجە و فینجەوە چ شار”.12 بەهەر حاڵ لەدەرفەتیتر دا و بە تێر و تەسەلی باسی ئەزموونی سووزەنی دەکەم ئێستا با بڕۆینە سەر شیعری ئاماژەپێکراو. شیعری “منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان” هەڵگری دوو بەشی جیا و گشتییە و هەر بەشێکیش لە سێ ئەپیزۆد پێکهاتووە. بەشی یەکەم لە سێ ئەپیزۆدی بێ ژمارە و پەرەگرافیانەدا دەردەکەوێت و بەشی دووهەم لە سێ بەشی ژمارەییانە 2،1 و3دا دەردەکەوێت، شتێکی سەیر و تایبەت و سەرنجڕاکێش کەلەم دوو بەشە دا هەیە ئەوەیە کە هەر کام لە پێکهاتەکانی ئەم دوو بەشە خاوەنی پێکهاتیترن، ئەگەر پێکهات بە واتای فۆرمێک لە پێوەندی نێوان رستە و سیستەمی نیشانەیی دابنێین ئەوا ئەم شیعرە و تەنانەت زۆربەی شیعرەکانی ئەزموونی شێت بە تایبەتی لە دەفتەری دووەم دا پێکهاتەشکێن و دژە پێکهاتن، بەڵام مەبەستی من لە پێکهات فۆرمێک لە پێوەندی نێوان پاژەکانی پێکهاتە کە خوێنەر دەتوانێت بۆی وێنا بکرێت، وەکوو دریدا دەڵێت کاتێک ئێمە لە سەر رەتکردنەوەی حوزوری میتافیزیک قسە دەکەین ناچارین هەر بە هەمان وشە و زاراوەگەل لە سەری قسە بکەین کە هەڵگری لایەنی میتافیزیکی و چەشنێک لۆگە سەنتەری و ماناتەوەرین. کاتێک ئێمە لە ئەزموونی شێت قسە دەکەین دەشێت هەڵگری وشیارییەکی باش بین بۆ تەقەدان لە شیعریی شێت، دەبێ بزانین پێکهات کامەیە و لە کوێ دەشکێت، ئەگەر سەرنج بدەینە ئەپیزۆدە ناژمارەیی و پیتیانەکەی بەشی یەکەمی ئەم شیعرە شەپۆلدانی وشە و پێکهاتشکێنی بەردەوام و بە حەجم کردنی وێنە بە تەواوەتی زەقە و نموونەی هەرە سەرکەوتووی شیعری شێت بەو تایبەتمەندییانەی کە تا ئێستە باسم کردووە ئەم شیعرەیە.
وێنەی جووڵەیی و بزۆک لە شیعری شێت دا جیانییە لەو گۆشە حەجمییە و رەهەندە کوبیستییەی پێی دەدرێت. ئەگەر یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی روانینی حەجمخوازانە بۆ گێڕانەوە و وشەرێژی و شیعرهۆنینەوە بزۆزبوون و سرک بوونی بێت ئەوا لە روانینێکی وێنایی و ئاوێنەییەوە بۆ واقیع سەرچاوە دەگرێت، چونکوو ئەزموونی شیعری حەجم لە زمانێکی وەکوو فارسی دا شتگەلێکی تاقیکردۆتەوە کە دەشێت لە شێعری شێت دا بە شکڵیتر و رەسەنتر هاتبێتە ئاراوە. ئەوان دەیانگوت:- لە جیهانی واقیع تاکوو دەرکەوتەکانی واقیع و لە ئامێرەوە تاکوو کارتێکەری و کاریگەرییەکانی ئامێر مەودا و جیاوازیگەلێک هەیە. مەوداگەلێک لە نێوان واقیع و سەرووی واقیع. لەنێوان سرووشت و بان سرووشت لە هەزار خاڵی شتێکەوە هەزاران تیشک بەدیاردەکەوێت و هەر تیشک دەگاتە دەرکەوتەیەک لە سەرووی ئەو شتە و واقیع بەو هەموو دەرکەوتە ئەژمارهەڵنەگرەی لەگەڵ هەزار رەهەند هەڵدەپێکرێت.13 شاعیری حەجمگەرا ئەم مەودایە بە جمشت و بزوتنێکی تایبەت کە من پێی دەڵێم “جمشتی وێنایی” دەبڕێت، توند و خێرا و بەم شێوەیە لە واقیع بازدەداتە سەر دەرکەوتە و بەدواداهاتەکانی واقیع. هەر دەرکەوتەیەک هەڵبژێرێت و لەگەڵ هەر تیشکێکی واقیع ببێت بەماڵ، لەوێدا تاسەر نامێنێتەوە و بەشێوەیەکی خێرا و بەجمشتێک دەپەڕێتە سەر دەرکەوتە و تیشکیتر بۆیە شاعیری حەجم گەرا بە جمشت و نەوەستانەوە مانا پەیدا دەکات، لەم دەرکەوتە بۆ ئەو دەرکەوت و لەم تیشکەوە بۆ سەر ئەو تیشک، ئەگەر شاعیری حەجم گەرا شاعیری جمشتە خێرا و کتووپڕ و ساتییەکان بێت ئەوا شاعیری شێت شاعیریی جمشتە ئاوێنەیی و ناکۆتاکانە بە تۆڕێکی گەورەی وێناکردن و وێناندن لە ئاوێنەی پیتەکان دا، ئەو پیتانەی کە شاعیری شێت تەنها وەکوو زمانوەرێکی مەحکووم قبووڵی کردووە ئەگینا نە شێت و نە شاعیری شێت زمانهەڵگرنین و زمانیش ئەزموون و شاعیری شێت هەڵناگرێت، واتە ئێمە مەحکوومین بەوەی کە جیهان و واقیع دەق(زمان) بن و دریدا گوتەنی هیچ شتێک لە دەرەوەی دەق بوونی نییە.14 هەر بۆیە:-
پیاوتر لە دار…بەریشاژۆی پەنجەرەتدا…رووناک
راکشاوتر لە شەقام بە ئاژاوەی چاوتدا…تاریک
عاشقتر لە هەور بەتەنیاییتدا.
ئەمە ئەپیزۆدی سەرەتای بەشی یەکەمی شیعرەکەیە کە چەند وێنەی سەیر و بزۆک دەکات بەناوی یەک دا و لە دواجاریش دا ناهێڵێت تەواو بێت چوون جیهان ئاوێنەییترە لەوەی وێنەیەکی “رووناک”مان لێی بۆ دەرکەوێت:-
پیاوتر لە دار…دەشێت وێنەی کەسێکی خۆڕاگر و ریشەدار و تۆکمە بێت کە پەل و پۆ دەهاوێت بە “ریشاژۆی پەنجەرە” دا…لێرە دا ئیتر ئێمە فڕی دەدرێینە ناو وێنەیەک و “پیت”ێک کە خۆی نادیار و پێناسە نەکراوە: “رووناک”. درێژەی ئەم شکڵ و سیاقە لە دێڕی دووهەم دا وا هاتووە:-
راکشاوتر لە شەقام…بەئاژاوەی چاوتدا…تاریک…واتە دەشێت ئێمە وا بگەین کە جووڵەی رووناکی(کەدەشێت لە گۆشەنیگایترەوە رووناک وەکوو ناوی مێینەیەک و بەپێی ئەوەش خوازە(metaphor)ێک بێت)لەرێگەی ریشاژۆی پەنجەرە و بە هەیکەلی پانتر لە دار هەبوون و جووڵە و سەفەرە بە ناوی “چاوتدا”…وەکوو شەقامێکی راکشاو و درێژکەوتوو و درێژکۆلەش با “تاریک” بێت… ئەمەش لە ئاخێزگەی ئەوەوە دێت کە وەگێڕ “عاشقتر لە هەور”…بە “تەنیاییت”دا، دەبارێ. ئێستە ئەگەر رەوتێکی بزۆکی وێنایی لە نێوان “پەنجەرە و چاو و هەور” دا وێنا بکەین بە “رووناک”ی یان “تاریک”ی، ئەوا شتێک کە روو دەدات باران و گریانە، تۆ بڵێ شیعر بەسەر تەنیاییتدا. بۆیە لە درێژەدا دەڵێت:-
منم پیاوی عاشقی راکشاو…لەو دێڕەدا کە شیعرە…
واتە دەشێت کۆی ئەو ئەپیزۆدەی سەرەتا بە خوازەیەک بزانین بۆ شیعر…کە داباریوە بەڵام جمشتەکە لێرەدا ناوەستێت و هەر لە رێگەی پیتی پەنجەرە(دێڕی یەکەم) و ئاژاوە(دێڕی دووهەم) و تەنیاتر(دێڕی سێهەم) وێنایتری بۆ دەخەمڵێت و جمشتیتری بەبەردا دەکرێت:-
منم پەنجەرەی ئاژاوە…لەو عیشقەدا کە تەنیا…
کەلێرەش جووڵاندن و بزاوتنی دەرکەوتەی عاشق(عەشق) کە لە دێڕی پێشووتر دا هاتووە بەردەوام دەبێت و لە درێژە دا و لەدێڕی پاش ئەمە هەموو وێناکان چڕتر و خڕتر دەکاتەوە و ونبوون و شێتبوون لە سەفەری ئاوێنەیی ناو پیتەکان دا زەق دەبێتەوە:-
منم شاعیری تەنیایی هەور…لەو ئاژاوەی شەقامە دا…کە رووناک.
ئەگەر نەختێک وردبینەوە لەم دێڕە دا هەموو وشەکان جگە لە(شاعیر) لە دێڕەکانی پێشوودا هاتوون تەنیایی، هەور، ئاژاوە، شەقام و…وەکوو بڵێیت هەموو وێناسازییەکە لە خزمەت ئەمە بووە کە “شاعیر” و “شیعر” سەرهەڵبد”ات” بۆیە لە درێژەدا دەڵێت:-
بخوێننەوە سێ شیعری من کە پێکەوە هەورانە بەسەرتانا…
بنووسنەوە سێ دێڕی دوای ئەوین…کە سپی سپی چاوەڕوان
ئێوە پیاوانی راکشاو لە سێ شیعری ناتەواوی عاشقێکدا
وەکوو پێشتریش ئاماژەم پێدا دەڵێی هەموو هەوڵی وەگێڕ لەو وێناندن و سەفەرە ئاوێنەییەی هەناوی پیتەکان بۆ ئەوە بووە کە لەرێگەی ئاژاوەی پەنجەرە بە سیحری چاو راکشاوانە درێژ بێتەوە لە عیشقی عاشقێکی تەنها کە ببێت بە شاعیری تەنیایی “هەور” و ئێمە والێبکات شیعرەکەی بخوێنینەوە…ئەو شیعرەی کە لەهەوری وێنا و پیتەکانەوە بەسەرمان دا…
دەبارێت؟
هەر لەم دێڕە دایە خوێنەر بە “بخوێننەوە سێ شیعری من کە پێکەوە هەورانە”….هان دەدات کە
“بنووسێتەوە سێ دێڕی دوای ئەوین”…کە سپی سپی چاوەڕوانە.
بۆیە لەسەرەوە ئاماژەم بەوە دا کە بەشی یەکەمی ئەم شیعرە پێکهاتیتر و فۆرمیتری لە ناو پێکهات دا تێدایە ئەمە بوو کە هەموو دێڕەکانی ئاماژە بە یەک دەدەن و دێڕی پاشتر بارگاوی و ئاوسە بە دێڕی پێشتر…و ئەگەر جارێکیتر وەکوو ئەزموونی دووهەمجاری خوێندنی شیعرەکە بخوێنینەوە ئەوکات دێڕەکانی پێشووش بارگاوی و هێزەکی دەبن بە دێڕەکانی پاشوو…لێرەدایە باش لە وتەکەی تۆدۆرۆف تێدەگەین کە هەر دەق(شیعر)ێک لە هەر جار خوێندنەوە دا ئەنجام و مودێلێک لە خوێندنەوە هەڵدەگرێت. بەم پێیە و بەلەبەرچاوگرتنی پێکهاتی ناو پێکهاتی دێڕەکان دەشێت ئەم پرسیارە بکەم کە ئایا کاتێک وەگێڕ لە دێڕی هەشتەم واتە لە دێڕی دووهەمی ئەپیزۆدی سێی بەشی یەکەم دا دەڵێت:-
بنووسنەوە سێ دێڕی دوای ئەوین کە سپی سپی چاوەڕوانە…
مەبەستێتی کە لە ئەپیزۆدی یەکەم و لەپاش دێڕی “عاشقتر لە هەور…بەتەنیاییتدا” سەرنج بە سەر ئەپیزۆدی دووهەم “منم پیاوی عاشقی راکشاو…”شۆڕ کەینەوە؟ و بەم شێوەیە شیعر و عەشق و ناپێکهاتەیی و خوێندنەوە و نووسین دەکات بە سەفەرێکی ئاوێنەیی و وێناکراو بۆمان؟یان نا، وەگێڕ دەیەوێت فۆرمیتر لە وێناکردنی پێکهاتی بەشی یەکەمی شیعرەکە بخاتە بەرچاومان و پێمان بڵێت سەرنجی بەشی دووهەم بدەن کە لە سێ ئەپیزۆدی ژمارەیی واتە 1،2،3 دا خۆی دەرخستووە؟وەڵامەکە بێگومان رێژەییە و هەر وەڵامێک بەو پرسیارانە بدەینەوە دەشێت بە لەبەرچاوگرتنی توانستی بزۆزیی و کۆچەریی بوونمان لەپلەی خوێنەر دا بێت، بۆیە لە دێڕی کۆتایی بەشی یەکەم دا دەڵێت:-
ئێوەن پیاوانی راکشاو لە سێ شیعری ناتەواوی عاشقێکدا…
ئایا مەبەستی وەگێڕ لە سێ شیعری ناتەواوی عاشقکێک ئەو سێ ئەپیزۆدەی ئەم بەشەی یەکەمە یان ئەو سێ ئەپیزۆدەی بەشە ژمارەییەکەی درێژەی شیعرەکە یان پێکهاتی دووهەمە؟ وەڵامەکە هەرکامەیان بێت ئێمە دەشێت پیاوانی راکشاو بین لە سێ شیعری ناتەواوی عاشقکێکدا کە لە هەور عاشقترە و ئاژاوەی پەنجەرەیە و لە رێگەی ئاژاوەی چاو و ئاژاوەی شەقام و کە رووناک …کە تاریک…کە سپی سپی چاوەڕوان بەڵام سپی دەشێت شینتر =ئەپیزۆدی ١ وسپیتر =ئەپیزۆدی ٢ و سوورتر =ئەپیزۆدی ٣ بێت:-
1
شینتر لە جوامێری
باران
بەهارانە
لە ئامێزمدا دارستان
ئەی شیعری سەرەتای
ئاژاوە
بنووسرێوە بە رووحمدا
تەنانەت ئەگەر
سەروایەک
بۆ تەنیاییم
دێڕێک بۆ سەرەتام.
بارانی جوامێری
ئامێزم
سەروایەک
بۆ سەرەتات
دێڕێک بۆ هەمووت
ئەی ناتەواوتر شیعر
لە ماڵئاوا.
ئەمە ئەپیزۆدی ١ی بەشی دووهەمی شیعرەکەیە کە دەبێت سەرنج بدەین کە لە تەنیشت ئەپیزۆدەکانی تر بە شێوازی ستوونی هاتووە واتە ئەپیزۆدی ١ وەکوو ستوونێکی درێژ و راکشاو بەرەوخوار لە لاپەڕەکەدا جێگەی گرتووە و ٢ و ٣ێش بەهەمان شێوە و لە تەنیشت ئەو دا نە لە پاش یان پێشی دا. واتە بە گشتی فۆرم و چنینی ئەپیزۆدەکان لە بەشی دووەم دا جیاوازە لە بەشی یەکەم، وەک بڵێی ئەم بەشە پێکهاتێکیتر و شیعرێکیترە کە جیایە لە بەش و پێکهاتی یەکەم، کە هەوێنی ئەم بیرۆکەیەشمان لە لێکدانەوەی بەشی یەکەم دا شی کردەوە و تیشکمان خستە سەر نیشانەکانی. کاتێک لە دواهەم دێڕی بەشی یەکەم دا دەڵێت:-
ئێوەن پیاوانی راکشاو لە سێ شێعری ناتەواوی عاشقێکدا…
بەرەو بەشی دووەم کە هەروەکوو وتمان دەڵێی شیعرێکی سەربەخۆیە و بە فۆرمی ئاسایی نالکێت بە بەش و “پێکهاتی” یەکەمەوە…ئەوەتا وەکوو ئەم دێڕەی سەرەوەش دەیخاتە روو سێ شیعری ناتەواوە…ناتەواوە چوون شیعری شێت هیچکات لەنگەر ناگرێت و تەواو نابێت…ئاوێنەی پیت لە ناو پیت بە تۆڕێکی وێناکردن دا …کاتێک سپی سپی چاوەڕوان…بەناو…شینتر ١…سپیتر٢… و سوورتر٣…ون دەبین. ئەپیزۆدی ئەم پێکهاتە لە ژێرناوی ژمارەی ١ هەڵگری وێنەی هێزەکی دێڕەکانی بەشی یەکەمی شیعرەکەیە…لەوانەی پێش ناوی باران نەهاتوو بەڵام ئاژاوەی چاو و عاشقتر لەهەور و …پێکەوە هەورانە بە سەرتانا…هاتووە کە هەموو دەشێت دەلالەت بن بۆ داهاتی بارانێک کە دەکرێ وەکوو خوازە بۆ فرمێسک یان شیعر وێنای بکەین، بۆیە لە درێژە دا دەبیسین…یان دەخوێنین…یان دەنووسین:-
ئەی شیعری سەرەتای
ئاژاوە
بنووسرێوە بە
رووحمدا
دیسان بزواندنی وێنەگەلی بەشو پێکهاتی یەکەمی شیعرەکە وەکوو ئاژاوە، شیعر، نووسین و…کە وێناندنەکە بزاوتووتر دەکات و ئۆقرەنەگرتوویی و شێتی زەقتر دەکاتەوە…دەکرێت لە سەر وشە بە وشە و شێوازی هاتنی وشە و فۆرمی چەندپاتەکی15(Frequency)وشەکان قسەی زۆر بکەین، بەڵام بە هێنانەوەی چەند دێڕی کۆتایی ئەپیزۆدی ١ی بەشی دووهەم و تیشکێک لە سەر ئەپیزۆدی ٢کۆتایی بەم باسەم دێنم.
بارانی جوامێری
ئامێزم
سەروایەک بۆ
سەرەتات
دێڕێک بۆ هەمووت
ئای ناتەواوتر شیعر
لە ماڵئاوا.
وەکوو دەبینین وشەگەلی ئامێز، باران، سەرەتا، جوامێری، دێڕ. ناتەواوتر و شیعر لە هەموو دێڕەکانی تر دا و لە ئەو بەشانەی هەر دوو پێکهات کە تا ئێرە باسمان کرد هاتوون، و هاتنەوەیان لێرەدا پلەیتری مانایی و دەوریتری خەیاڵکردن و وێناندن دەگێڕن…وێناندن و خەیاڵکردن و کۆچەریانەبوون و سەفەرکردنێک کە بەردەوام ناتەواوە، تەنانەت لە جیهانی ناکۆتای شێعریش دا…وەکوو شتێک دەڵێی شیعر هەڵگری ئەم ئەزموونە شێتانە نابێت بۆیە “ناتەواو”ییەکانی شیعر دەشێت لە ماڵئاوا بوون کە دەربڕینێکی دیار و بەرهەست و سەخت و سۆڵە “تر” تر و زەقتر بێت…ناتەواوتر شێعر…ئەمەش لە کەڵکەڵەی زمانی و وجوودی وەگێڕ بۆ گێڕانەوەی شێتی سەرچاوە دەگرێت چوونکوو لە ئەپیزۆدی ٢ی ئەم بەشە دایە کە دەڵێت-:
سپیتر لە جەسارەتی
ئاو
کە هەور
چیها گەڵا ئەچڕێ
بۆ چرکەیەک تەمەن
تا ناتەواوی جوامێری
سەروایەک
کە تەمەنی
جەسارەتی
شەقام
منم شاعیری ژیانی
چاوەڕوان
ئەگەر سەرنج بدەینە ئەم بەشە و لە یەکەم وشەکانی هەر ئەپیزۆد ١ شینتر٢ سپیتر(کە بۆڵدکراوە و ناوەڕاستی ستوونی پێکهاتەکەشە)٣ سوورتر و گرێی بدەین بە دوا ئەپیزۆدی بەشی یەکەمی شیعرەکە و دێڕی “سپی سپی چاوەڕوان” دەڵێی لە گۆشەنیگایەکیترەوە ئێمە لە گەڵ نیگارکێشێک بەرەوڕووین کە دەیەوێت هەموو رەنگەکان تێکەڵ بکات سپی و شین و سپیتر و سوورتر…جا ئەمەش گرێ بدەن بە دێڕە سەرەتاییەکانی ئەپیزۆدی یەکەمی بەشەی یەکەمی شیعرەکە، رووناک(روونی و سپێتی) و تاریکی(رەشی و نارووناکی) ئەوکات دەزانین شیعری شێت چ وزە و پوتانسیەلێکی تێدایە. شیعری شێت لە سەر گریمانەیەکی وجوودی خۆی مانیفێست دەکات ئەویش ئەوەیە کە زمان، نازمانە/ ئاوەز شێتێتییە/واقیع خەونە/ و بە گوتەی ریمبۆ من ئەویدییە. بۆیە وەگێڕ بەر لەوەی شاعیری ژنانی چاوەڕوان بێت، شاعیری ژیان و بوونی چاوەڕوانە کە وەکوو دواهەمین دێڕی ئەپیززۆدی ٢ی بەشی دووەم دەردەکەوێت، بۆ گەڕان بە دوای ئەو نامن و ناخودە لە ناو ئەزموونی شیعری شێت دا من ئەپیزۆدی کۆتایی واتە ٣ دەهێڵمەوە بۆ کۆڵشتی خوێنەر، خوێنەرێک کە ناخوێنەر و نووسەرە، بەگشتی دەشێت بزانین و لەبەرچاومان بێت کە لە فۆرم و قەوارەی ئەم نووسینە دا هەوڵدرا بەشێک لەو جیهانەی ئەزموونی شێت دەیەوێت وەکوو مودێلێک بیخاتە روو، باس کرا و باسکردن لە ئامادەبوونی هەندێ کەڵەرەوایەتی وەکوو ئەشق و زمان و شێتی و ئەوەندەی ئاماژە بۆ غیابە ئەوەندەی دەرخستنی ئامادەیی و حوزورێکی میتافیزیکی نییە و لە ئەزموونی شێتدا ئەم شتە زەقە و پێکهات بەردەوام دەشکێت و ئەم شکاندنەش لەرێگەی شەڕێکی بەردەوام و دەستەویەخە لە گەڵ خودی پێکهاتەکە و لەناو پێکهاتەکەدا دێتە ئاراوە، شەڕی ئاوێنە لەگەڵ ئاوێنە بە وێنەی وێناکردن و وێناندن، لە رۆچنەی ئاوێنەوە!ئامادەیی و حوزور ئەو لایەن و رەهەندەیە کە دەشێت لە شوێنێک دا بێت بەڵام غیاب لایەنێکە کە بەردەوام لە کۆچ و بزۆزیی و وێناندن دایە و وەکوو ئاو دەبێت16 و دەخشێت و دەچێت و کۆچەرییانە دەمانژێنێت و دماننووسێتەوە…شێعری شێتی غیابە، غیابی میتافیزیکی واقیعێک کە بە فۆرمی جیاجیا ولە رێگەی جۆراوجۆر بە بەری وشیاری و ئاوەزی ئێمەدا کراوە، ئەزموونی شێتی هەبوونە لە هەرێمیتر و نەبوونە لە سەرزەمینیتر، بۆیە:-
راکشاترە لە وشە…
تاژاوە ل80
ماڵئاوای ئە ناتەواوتر زمان لە شیعر…
منم شاعیری “ژیانی” چاوەڕوان ل 80
پەراوێز و سەرچاوەکان؛
١-رامان سلدن&پیتر ویدوسون، راهنمای نظریەی ادبی، ترجمەی عباس مخبر، چاپ قیام 1372صص72 تا76
2- ئۆنتۆلۆژیای ئارەزو و پرۆسێسیوسەكانی بە سوژەبوون، وتارێکی ئینتەرنێتی ئەبووبەکر جاف کە لە کەلتوورمەگەزین دا بڵاو بۆتەوە. ڵاپەڕەکانی 1 و2
3-سەرچاوەی ١ صص74و75
4-آگامبن، جورجو، همبودگی آیندە، ترجمە فٶاد جراح باشی، نشر ققنوس،1388
5-بینەندە،د، مەسعوود، لێکدانەوەی رەوتی شیعری نوێی کوردی، گۆڤاری شێ ژمارەی 0و١لقپەڕەی 44تا53
6-بێگومان باسکردنی لە هەر ئەزموونێک دەشێت بە خوێندنەوەی ئەزموونەکانی پێش ئەو ئەزموونە و لەنااو قەوارەی زمانێک کە ئەزموونی دەقی تێدا هاتۆتە ئاراوە روو دەدات و مەبەست لە ئەزموونەکانی پێشیش هەموو ئەو دەقانەیە کە پێش لەو ئەزموونانە(چ کلاسیک و چ نوێ) و بەو زمانە هاتوونەتە بوون، لێرەدا تیشکێکی خێرا بە سەر ئەزموونی وەچەیەکی پاشتری رێڕەوانی سوارەیە و فۆکۆسە لە سەر ئەزموونی شاعیرێکی تایبەت و ئەزموونێکی تایبەت بەناوی شێتی.
7- ئەم وتارە لە چەند شوێن هەم لە باشوور و هەمیش لە رۆژهەڵات بڵاوکراوەتەوە. لە گۆڤارەکانی هایا و زرێبار و هەنار بڵاو بۆتەوە کە هیچکامیانم لانەماوە بەڵام وتارەکە لە ئینتەرنێت دەست دەکەوێت.
8-فریدریش نیچە، فراسوی نیک و بد، ترجمەی داریوش آشوری، شرکت سهامی خاص انتشارات خوارزمی، چاپ دوم 1373
9-ژمارە لە عیرفانی رۆژهەڵات و لە ئایینە رازاوی و کەونینەییەکانی وەکوو کابالا کە وەکوو دەڵێن فۆرمێکە لە عیرفانی یەهوودی و ڤاڵتەر بنیامینیش سەر بەم رێبازە بووە، هیچکات لەناوی زانستێکی وەکوو ریازی دا کورت نەکراوەتەوە لەم گۆشەنیگایەوە ژمارە هەڵگری مانایە و پیت نیشانە و ئاماژەیەکە بۆ ژمارەیەکی تایبەت، هەندێ لەم ژمارانە قودسی و پیرۆزن وەکوو حەوت یان یەک یان مەزاریبەکانیان واتە77یان 22، بەپێی هەندێ گێڕانەوە ئایینی ژمارە ئایینێکی تایبەتی کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی هەرەمەکان و پێکهاتی “هەرەمیانەی ئارەزوو”(لێکدانێکی شیعری شێت) واتە میسر، ئەوەندەش رازاوییە کە تەنها ئەندامەکانی لە سیحر و سڕۆک بوونی تێدەگەن، پێدەچێت ئەم باسانە تەنها ئاماژەیەکی خوازەیی بن بۆ زەینی ناوشیار و پلەی رەقەم و ژمارە لە زەین دا کە باسێکی زۆر تەراکەوتەیە و من تەنها چەند شتی کورتم لەم بارەیەوە بینیوە و ناوی نووسەرەکانیشم لەبیر نەماوە!
10- لێدوانی د.ماری کلاگز، زمان لە روانگەی دەروونشیکارییەوە(دەربارەی ژاک لاکان) وەرگێڕانی مەنسوور تەیفووری، ئیبراهیم شەوقی، زمانەوان 3 لاپەڕەی145
11-مەحموودزادە،د، رەهبەر، وشە هەڵگری رەساڵەتی تریفە(ئاوڕدانەوەیەک لە شەبەنگی راڤە لە شیعری شێتدا)، گۆڤاری زرێبار فایلی تایبەت بە شیعرل112
12- “دوورگە” وێنایەکی خۆمە لەو شوێنەی کە رووداوانی سەیر و نازەمانمەند و سەرووی تیشک و دژەزمان تێیدا روودەدات، شوێنێکە کە لە زنجیرە درامای ونبووگ یان ونبووەکان دا وەکوو فەزایەکی بزۆز و بگۆڕی ساتیانە و سەفەرکردوو لە ناو زەمان دا وێنا دەکرێت بە گشتی ئاماژەی من بەم فیلمە و ناوبردەکردنی ئەزموونی سووزەنی لە ژێر ناوی دوورگە بەشێکی لەناو فەزای ناشوێن ئەم زنجیرە درامایە دا دەخەمڵێت کە لە داهاتوو دا و بەوتارێکی تێر و تەسەل و بە تەوەردانانی “بە عینجەوفینجەوە…چ شار” دەپەرژێمە سەری. بەگشتیش زنجیرە درامای ونبووگ یان ونبووەکان(Lost) کە لە لایەن سێ دەرهێنەری بە توانای ئەمریکایی جیفری لەیبێر، جەی جەی ئابرامز و دیمۆن لیندیلۆف درووست کراوە و لە شەش سیزێن پێکهاتووە یەکێک بوو لە باسهەڵگیرسێنەرترینی ئەو درامایانە کە بەچەندین داهێنان لە وێنەگرتن و رەوایەت و رابردوونوێنی(Flashback)چەندین تێمی فەلسەفی و وجوودی و میتافیزیکی بەشێوەی هونەری گێڕاوەتەوە و ناوی چەندین فەیلەسووف و بیرمەند و فیزیکزانیشی تێدایە کە هەر کام هێمای چەشنە بیرکردنەوەیەکن لە جیهانێک بە ناوی “دوورگە” دا، کەسێک ئەو درامایەی بینیبێ لەم باسەی منیش بە ئاسانی و قووڵی تێدەگات.
13- منبع: رؤيايي، يدالله (1357): هلاك عقل به وقت انديشيدن (مقالات)، گردآوري و تنظيم:غلامرضا همراز، تهران: انتشارات مرواريد، چاپ اول:2537=1357، ص 39-35. (نقل از: بررسي كتاب،دورهي جديد، شهريور 1350، شمارهي 4
14-دریدا، ژاک، فروید و صحنەی نوشتار(مواجهات) ترجمەی مهدی پارسا، کارگاه انتشارات روزبهان،1390صص18&20&26
15-دەشێت ئاماژە بە فیلمی سینەمایی (Frequency)یش بکەم کە لە فارسی دا کراوە بە”بسامد” لە نووسین و دەرهێنان و بەرهەمهێنانی دارێن پاڤۆل فیشێر. لەم فیلمەدا کاریگەری و دەوری کارتێکەرانەی گۆکردنی وشەکان لە جیهانی فیزیا و جازبە دا دەگێڕدرێتەوە، دوو خوێندکاری زانستە مەجەڕەدەکانی وەکوو فیزیا و ماتماتیک بە هۆی ناتەبابوونێکی زانستی کاتێک دێنە تەنیشت یەکەوە یاسای راکێشان یان جازبە تێک دەچێت و ئەمەش بەسامەد و بەدواداهاتی باشی نابێتەوە دواجار یەکێک لە هاوڕێکانی ئامێرێکی میکانیکی و ژمارەبژێرانە دادەهێنێت کە وشە و پیتی تایبەتیان بە پێی شوێنی تایبەت کە لە تەنیشت یەک دادەنیشن بۆ دەڵێتەوە و باڵانسی جازبە دەگەڕێنێتەوە و لایەنی ئەفسووناوی و بانسرووشتی رەقەم و ژمارە لە رێگەی ئامێرێکی تەوا میکانیکی و زانستی دەخاتە روو و دواتریش دەردەکەوێت هاوڕێکەیان ئەم ئامێرەی لە دەوڵەتی ئەمریکا دزیوە و ویستوویەتی عەشقی نێوان ئەم کوڕ و کچە هاوڕێیەی بە درووستکردنی باڵانسی هێزی جازبە بگەڕێنێتەوە…ئیدی پێوەندی زانست و ژمارەکان ئاوەیە و هەمیشەش پێیەکی دەسەڵات لە ناو هاوکێشەکەیە! دیتنی ئەم فیلمە بۆ تێگەیشتن لە رەهەندی مانایی و فۆرمی جیاوازی ژمارە و بیرکاریی زۆر سوودمەند دەبێت. بەگشتیش و لە دواجار دا (Frequency) بەواتای تەکنیکێکە بۆ بزۆز کردنی رۆڵی پیت لە دێڕە جیاجیاکان دا، چەشنێکە لە دووپات بوونەوە و چەندپات بوونەوەی وشە بەڵام لە دەور و رۆڵی جیا و لە سیاق و چنینی جیاواز و لە شیعری شێت دا کارکردی زۆرە.
16-ئاو خوازەیەکە بۆ ئاماژە بە تێڕوانینی فەلسەفی فەیلەسووفی پێش سوقراتی؛ واتە هیراکلیتۆس و ئەم خوازەیە داکۆکییە لە جووڵە و بزۆزبوون و نەوەتان کە لە دێڕە ناودارەکەی دا هاتووە: ئێمە ناتوانین هیچ کات دوو جار پێ بخەینە ناو رووبارێکەوە، چوون بەردەوام ئاوەکە دەخشێت! ئاو داکۆکییە لە هەبوون (become)و بەردەوام “بوون” لەجووڵەدا ئەزموون کردن…کۆچەریانەبوونی سووژە، بۆ زانیاری زیاتر چاو لە فلسفەی یونان و روم، فریدریک کاپلوتون، بەرگی یەکەم بکەن.
17-م.فوتی، ورونیک، هایدگر و شاعران، ترجمەی عبدالعلی دست غیب، نشر پرسش 1376
تێبینی: ئەم نووسینە هەندێ کۆد و فایلی هێزەکی تێدایە کە دەکرا زیاتر باسی بکەم و تیشکی بخەمە سەر بەڵام نەشدەکرا هەموو شتێک روون و ئامادە بخەمە بەردەست.