یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ى له ئێران سیمینار ده‌كات، كه‌سێكى ناسراو و به‌ناوبانگه، منى بانگهێشتى یه‌كێك له سیمیناره‌كانى كرد، له كۆتایىی سیمیناره‌كه‌دا، هه‌ندێك له به‌شداربووان كه له ڕێگه‌ى ته‌له‌فزیۆنه‌وه منیان ده‌ناسى، پاش سڵاو و ڕێز و خۆناساندن، كچێك پرسیارێكى هه‌بوو، زۆر سه‌رنجى ڕاكیشام، گوتى: به‌ڕێز موعهزهمى به‌رنامه‌كانى تۆ زۆر باشن، به‌ڵام من كێشه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌م هه‌یه، گوتم: كێشه‌كه‌ت چییه گیانه؟ گوتى: من هه‌موو كه‌سێكم خۆش ده‌وێت، به‌ڵام خۆمم خۆش ناوێت! تۆ هه‌میشه ده‌ڵێیت خۆتت خۆش بوێت، من له‌م به‌شه‌دا گیرم خواردووه. خۆمم خۆش ناوێت، به‌ڵام هه‌مووانم خۆش ده‌وێت، په‌یڕه‌وى له به‌شى دووه‌مى قسه‌كه‌ى تۆ ده‌كه‌م، بۆ هه‌موو كه‌سێک كار ده‌كه‌م، ئاماده‌م خۆشه‌ویستى ببه‌خشم، به‌ڵام بۆ خۆم وا نیم. گوتم: ئازیز مه‌گه‌ر ده‌كرێت مرۆڤ ئه‌وانی دیكه‌ى خۆش بوێت و خۆی خۆش نه‌وێت؟! گوتى: من به‌م شێوه‌یه‌م.
داوام لێ كرد دووباره پێكه‌وه ئه‌م دروشمه‌ی “مه‌كته‌بى كه‌ماڵ” بخوێنینەوە کە دەڵێت:1- خۆتت خۆش بوێت. 2- هه‌وڵ بده تا ئه‌وانی دیكه‌ش زیاتر خۆیانیان خۆش بوێت) من نه‌مگوتووه ئه‌وانى دیكه‌ت زیاتر خۆش بوێت. كاتێك تۆ خۆتت خۆش دەوێت، ئینجا ده‌توانیت ئه‌وانی دیكه‌ت خۆش بوێت. نیشانه‌كانى خۆشویستنى ئه‌وانی تر چییه؟ ئه‌وه‌یه كه یارمه‌تییان ده‌ده‌یت له‌گه‌ڵ خۆیان ئاشت ببنه‌وه، ڕێز له خۆیان بگرن و بڕوا به خۆیان بكه‌ن. خه‌ڵك پێویستیان به‌وه نییه ئێمه نازیان بكێشین. به‌ڵام زۆر خۆشحاڵ ده‌بن کە یارمه‌تییان بده‌ین په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ خۆیاندا باش بێت. بۆ نموونه: كاتێك من ڕه‌خنه له كه‌سێك ده‌گرم و كه‌موكورتییه‌كانى پیشان ده‌ده‌م، بۆچى پێی ناخۆشه و ناڕه‌حه‌ت ده‌بێت؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ خۆى تێك ده‌ده‌م. من ناڕاسته‌وخۆ پێی ده‌ڵێم تۆ لاوازیت، تۆ دەركت كه‌مه، عه‌قڵت كه‌مه، هۆش و بیرت نییە، ئه‌مانه‌ش بۆ ئه‌و ناخۆشن، به خۆى ده‌ڵێت: من بێ هۆشم، عه‌قڵم كه‌مه، بێ توانام، لاوازم. به پێچه‌وانه‌وه، بۆچى كاتێك وه‌سفى كه‌سێك ده‌كه‌ین خۆشحاڵ ده‌بێت؟ چونكه په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ خۆى باش ده‌بێت.
به‌و كیژه به‌ڕێزه‌م گوت: خاتوونی بەڕێز، ناكرێت مرۆڤ بڵێت من خۆمم خۆش ناوێت، به‌ڵام خه‌ڵكم خۆش ده‌وێت. چوون ئه‌وكات ده‌رفه‌ت نه‌بوو بۆى ڕوون بكه‌مه‌وه، لێره‌دا ڕوونی ده‌كه‌وه. له‌ڕاستیدا له‌م حاڵه‌ته‌دا ئێمه ئه‌وانی ترمان خۆش ناوێن، ئێمه به مەبەستی پهسهندبوونمان لاى ئه‌وانیتر ئه‌م كاره ده‌كه‌ین. من له هزرمدا ده‌ڵێم: كاتێك من كه‌سێكى باشم كه ئه‌وانیتر په‌سه‌ندم بكه‌ن و خۆشیان بوێم. چونكه ئه‌مه‌ش لاى من پێویستییه‌كى گرنگه، هه‌وڵ ده‌ده‌م بزانم چیم پێ ده‌كرێت بۆ ئه‌وانی تر، چ هاوكارییه‌كیان بكه‌م، چ ڕهوتارێك و چ قسه‌یه‌ك بكه‌م تا سه‌رنجیان ڕابكێشم و خۆشیان بوێم؟ هه‌موو ئه‌مانه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه خۆم خۆشحاڵ بم. له‌ڕاستیدا ئه‌م كاره بۆ خۆم ده‌كه‌م، به‌ڵام ده‌یكه‌م به منه‌ت به‌سه‌ر ئه‌وانى دیكه‌وه. تۆیش ئه‌گه‌ر خۆتت خۆش ناوێت، تكایه سه‌رنج و خۆشه‌ویستیش به‌وانی تر مه‌ده! مێشكى ئێمه ڕێگه‌یه‌كى هه‌ڵه‌ى بۆ به‌ده‌ستهێنانى سه‌رنج و خۆشه‌ویستى گرتووه‌ته‌به‌ر. سه‌رنجتان ڕاده‌كێشم بۆ به‌رنامه‌ى ئابڕوو یان ویژدان؟. (مه‌حموودى موعهزهمى له زنجیره به‌رنامه تەلەفزێۆنییەکانیدا، به‌رنامه‌یه‌كى به ناونیشانى “ئابڕوو یان ویژدان؟ هه‌یه) “وه‌رگێڕ”.
پێویسته فێر ببین سواڵى پهسهنبوون نه‌كه‌ین، ئه‌و په‌سه‌ندییه، به شایسته‌یى به‌ده‌ست بهێنین. چ سواڵى بكه‌یت و چ به زۆر وه‌رى بگریت، وه‌كوو یەكه. دیكتاتۆره‌كان كه‌سانێكن به زۆر په‌سه‌ندى به‌ده‌ست ده‌هێنن. واته ئه‌گه‌ر په‌سه‌ندیان نه‌كه‌یت، لێت دەدەن، یان ده‌تكوژن. كه‌سانێكى تر هه‌ن ئه‌گه‌ر په‌سه‌ندیان نه‌كه‌یت، ده‌تۆرێن، ده‌گرین، به خۆ مه‌زڵووم نیشاندان وات لێ ده‌كه‌ن له قسه‌كانت په‌شیمان ببیته‌وه، وات لێ ده‌كه‌ن هه‌ست به تاوان بكه‌یت، ئامانجى هه‌ردوولایان به‌ده‌ستهێنانى ڕەزامەندی و پهسهندبوونیانه لاى ئه‌وانى دیکە. ئه‌مه ڕێگه‌ى ژیانێكى دروست نییه. كاتێك تۆ ده‌توانیت له‌سه‌ر پێى خۆت بوه‌ستیت، ژیانى خۆت به‌ڕێوه ببەیت، چ پێویستت به سواڵكردنه؟ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه كار ده‌كه‌ن و ژیان به‌ڕێ ده‌كه‌ن، پێویست ناكات سواڵ بكه‌یت، سواڵكردن هى كه‌سێكه نازانێت یان نایه‌وێت ئیش بكات. به‌هه‌رحاڵ، من و تۆ وه‌كوو مرۆڤ، پێویستمان به په‌سه‌ندكردنه له‌لایه‌ن ئه‌وانی دیکه‌وه، هیچ گومانێك لەمەدا نییه. ئه‌و بابه‌ته‌ى كه (مه‌كته‌بى كه‌ماڵ) بۆمان پێشنیار ده‌كات، ئه‌مه‌یه: سواڵ مه‌كه! ئه‌گه‌ر من خۆم به شایەنی خۆشه‌ویستى و ڕێز و سه‌رنج بزانم، به‌ده‌ستیان ده‌هێنم.
ئه‌گه‌ر من له ژوورێك بنووسم: دكتۆر مه‌حموود موعهزهمى، پزیشكى به‌شی ههناویى، خه‌ڵك سه‌ره‌تا بڕوا ده‌كه‌ن، پاشان سه‌ردانم ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى نه‌خۆشییه‌كانیان بكه‌م، به‌ڵام من ئه‌گه‌ر پزیشك نه‌بم و لێهاتوویىی ئه‌م كاره‌م نه‌بێت، تێك ده‌شكێم و ڕسوا ده بم، دواتر ده‌ڵێم خه‌ڵكى ڕێزى كارى من نازانن، له كاتێكدا من هیچ كاره‌م، زانستى ئه‌م كاره‌م پێ نییه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر به دروستى بچمه زانكۆ و ده‌رس بخوێنم و لاى دكتۆرێك خزمه‌ت بكه‌م و فێر ببم، له نه‌خۆشخانه‌یه‌ك كار بكه‌م و دواى چه‌ند ساڵێك كارامه‌یى په‌یدا بكه‌م و حه‌ز و خۆشەویستیم بۆ كاره‌كه‌م هه‌بێت، ئه‌گه‌ر له ژووره‌كه‌م دابنیشم، خه‌ڵك له سه‌رانسه‌رى دنیاوه دێن تا خزمهتگوزارییهكانم بكڕن. تۆیش ئه‌گه‌ر به‌ڕاستى له ژیاندا ده‌ته‌وێت به‌ڕێز و خۆشه‌ویست بیت، دابینى بكه، سواڵى مەکە. شایسته‌یی وه‌كوو بڕوانامه وایه، بڕۆ به‌ده‌ستى بهێنه. كاتێك پارێزه‌رێكى باش بیت، خه‌ڵك دێن بۆ لات، ده‌ڵێن یارمه‌تیمان بده. تكایه‌ك کە ده‌بێت له خۆمانى بكه‌ین، ئه‌وه‌یه بوه‌ستین! له‌برى ئه‌وه‌ى هه‌ر به‌دواى پهسهندكردنهوه بین، با کەمێک بوه‌ستین و بڵێین: ئه‌و شتانه‌ى له‌وانی دیکە دهمانهون، با له خۆماندا دروستیان بكه‌ین. هەیشمانن:- “ساڵانێك دڵ داواى جامى جه‌مى لێمان ده‌كرد، ئه‌وه‌ى خۆى هه‌یبوو له بێگانه داوای ده‌كرد.” “جامى جه‌م، ئه‌و جامه‌یه كه به‌پێى ئه‌فسانه‌كان، جه‌مشیدى پاشاى فارس هه‌موو شتێكى تێدا بینیوه”. (وه‌رگێڕ)
ئێمه ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ به‌وانی تر ده‌ڵێین: سه‌رنجم بده، پێم بڵى کە من كه‌سێكى گرنگم، به‌نرخم، كه‌سێكى خۆشه‌ویستم. خه‌ڵكیش هه‌ندێكیان به لوتفى خۆیان و هه‌ندێكیشیان به‌هۆى مامه‌ڵه و ناسیاوی، هه‌ر كه‌سه‌و به شێوه‌یه‌ك شتێكمان پێ دەدەن. به‌ڵام ڕێگه‌یه‌كى باشتر بۆ ئه‌م كاره هه‌یه، ڕێگاى باشتر ئه‌وه‌یه ئه‌و شایستهیییه فه‌راهه‌م بكه‌ین. بگه‌ڕێینه‌وه بۆ ده‌روونى خۆمان، ڕێز له خۆمان بگرین. ده‌ڵێین دایك و باوكمان وه‌ها فێریان كردووین، له سه‌رده‌مى منداڵیماندا سه‌رنج و خۆشه‌ویستى پێویستمان پێ نه‌دراوه، من به مهرجە کراوم، بڕوام كردووه كه خۆشه‌ویست نیم، هۆكاره‌كه‌یشى دایك و باوكم بوون، چونكه پێیان گوتووم: ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره بكه یت خۆشمان ده‌وێیت، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره نه‌كه‌یت خۆشمان ناوێیت. دایك و باوكم نه‌زان بوون، مامۆستا و پهروهردهكارانم نه‌زان بوون، كولتوورهكهیشمان نه‌ریته سه‌قه‌ته‌كانى په‌سه‌ند كردووه.. هه‌موو ئه‌مانه‌م قبووڵه. ئێستا كه گەورە بوگین و خۆمان به‌رپرسى خۆمانین و ئه‌مانه ده‌زانین، خه‌ریكى چین؟ ئه‌گه‌ر هێشتا هه‌ر خه‌ریكى سه‌رزه‌نشتكردنى دایك و باوكمانین، ئه‌مه له خۆیدا دیسان كارێكى منداڵانه‌یه. ئێمه پێویسته ئەوە بزانین هه‌موومان پێویستمان بەوەیە کە له‌لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه پەسەند بکرێین و بەڕێز و خۆشەویست بین، ئه‌مه‌ش زۆر سروشتییه. سوودى ئێمه‌ش له‌وه‌دایه خه‌ڵك خۆشىان بوێین، جێى متمانه بین، به‌ڕێز و خۆشەویست بین. به‌ڵام ده‌بێت به ڕێگەی دروست به‌ده‌ستیان بهێنین، نه‌ك سواڵكردن. پێویستە باج نه‌ده‌ین و باجیشمان نه‌وێت.
تۆ گه‌ر خاوه‌نى پسپۆڕى و ده‌ستڕه‌نگینى و هونه‌ر یاخود به‌هایه‌ك بیت، خه‌ڵك بێ ئه‌ملاوئه‌ولا نرخه‌كه‌یت ده‌ده‌نێ. ئه‌وه کێشەیه کە هیچ پسپۆڕییهكمان نه‌بێت و بڵێین پاره‌ى پسپۆڕییهكهمان بده، ئێ دیاره نایده‌ن. بۆ نموونه من سه‌رۆك یان به‌رپرسى ئێوه‌م، كه نه‌توانم بهڕێوهبەرێکی باش بم، گرووپه‌كه هه‌ڵده‌وه‌شێت. پاشان پەنا دەبەمە بەر هێز و گوشار، هەڕەشە دەکەم و ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر وابکەن و وانه‌كه‌ن، ده‌رتان ده‌كه‌م، ئه‌وكات ئیتر كێشه و گرفت دروست دەبن. نازانم قسه‌كانم تا چه‌ند كاریگه‌رى به‌جێ هێشت له‌سه‌ر ئه‌و خاتوونە، به‌ڵام هێنده به‌سه بۆ ئه‌و كیژه تازه‌پێگه‌یشتووه کە سه‌رنجى ئه‌م بابه‌ته بدات: ڕاستییەکەی ئه‌وانی تر‌ى خۆش ناوێیت، خزمه‌ت به‌وانی تر ده‌كات تا خزمه‌تى بكه‌ن. ئه‌مه‌یش كارێكى بێ سووده. فێریان كردووه ئەگه‌ر گرنگى بە خۆی بدات، خۆپه‌رستی و تاوانه. ئه‌مه بیركردنهوهیەکی هەڵەیە. بۆ نموونه كاتێك من ده‌ڵێم خزمه‌تى خوداوه‌ند ده‌كه‌م، مرۆڤێكى دروستكارم، هه‌موو كارێكى باش ده‌كه‌م، بۆچى ئه‌م كارانه ده‌كه‌م؟ چونكه له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆمن. ئه‌گه‌ر كارى هه‌ڵه بكه‌ین، دەبێت باجەکەی بدەین. كه من ده‌ڵێم مرۆڤێكى ڕاستگۆم، ئایا ده‌كرێت ڕاستگۆ نه‌بم؟ كه ده‌ڵێم کەسێکی دروستكارم، ده‌كرێت دروستكار نه‌بم؟ وه‌ڵامه‌كه‌ى ڕوونه، ڕاستگۆیی و دروستكارى له به‌رژه‌وه‌ندیى خۆمه و له‌به‌ر خۆم ده‌یانكه‌م، ئیتر بۆچی منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بكه‌م؟! ئه‌گه‌ر فێڵ نه‌كه‌م، لهبهرژهوهندیى خۆمە، بۆچی بیکەم بە منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا؟! به ڕێكوپێكى كاره‌كانم ده‌كه‌م، مه‌گه‌ر نابێت به ڕێكوپێكى بیانكه‌م؟ ئه‌و شوێنه‌ى كارى لێ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر هاوكاره‌كانمان هانده‌رمان بن، زۆر باشە. به‌ڵام با بۆ ئاسووده‌كردنى ویژدانى خۆمان کاری باش بکەین، نەک لەبەر ترس و قسەی خەڵک. ئه‌گه‌ر تۆ پێنووسێك دروست بكه‌یت و ناویشتى له‌سه‌ر نه‌نووسیت، هه‌مووان ده‌زانن ئه‌م به‌رهه‌مه له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌كانى دیكه‌دا جیاوازه. كرێكارێك كه بڕواى به‌خۆى و كارخانه و وڵاته‌كه‌ى هه‌یه، به جۆرێكی تر برغوو ده‌به‌ستێت.
ئەم چیرۆکە ڕاستییە: “میوانێك بۆى گێڕامه‌وه، گوتى: جارێكیان چووم بۆ ئه‌ڵمانیا، دیتنى كارخانهى مێرسیدس بێنز یه‌كێك بوو له ئامانجه‌كانم، خانهخوێكهم گوتى: ئه‌گه‌ر بكرێت سبه‌ینێ با زووتر بڕۆین بۆ دیتنیان، چونكه كاتژمێر 12 خۆ پیشاندان ده‌كه‌ن، كارخانه‌كه داده‌خرێت، ئیدى ناتوانین بیانبینین، گوتم: باشه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى حه‌زم ده‌كرد ئه‌و كارخانه‌یه ببینم، قبووڵم كرد. ڕۆژى دواتر سه‌رله‌به‌یانى كه‌مێك زووتر ڕۆیشتین، کاتێک به هێڵى به‌رهه‌مهێناندا ده‌ڕۆیشتین، له جێگایه‌كدا بینیم كرێكارێك برغووى ماتۆڕێك ده‌به‌ستێت و به‌دیقه‌ته‌وه كه‌مێك شلى ده‌كات و كه‌مێك تووندى ده‌كات، زۆر بە وردی و بەجوانی كاره‌كه‌ى دەکرد، ئه‌وانی تریش هه‌ر وه‌كوو ئه‌م هه‌مان دیقه‌ت و وه‌سوه‌سه‌یان هەبوو. منیش ئه‌ڵمانیم ده‌زانى، گوتم: خۆشحاڵم کە ده‌بینم خۆپیشاندان ناكه‌ن. كاره‌كه‌ى بۆ چركه‌یه‌ك ڕاگرت و گوتى: بۆچى نا، ئێمه ئه‌مڕۆ خۆپیشاندان ده‌كه‌ین. گوتم: بۆچى خۆپشاندان ده‌كه‌ن؟ گوتى: ئێمه له دۆخى كار و مووچه‌كانمان ناڕازین. گوتم: ئه‌گه‌ر ناڕازین، بۆچى ئه‌وه‌نده به وردی و بە جوانی ئه‌و برغوویە شل ده‌كه‌یت و تووندى دهكهیتەوە؟ زۆر سه‌رى سووڕما و ده‌ستى له‌كاره‌كه‌ى هه‌ڵگرت، گوتى: ببوره كاكه، من له هه‌لومه‌رجى كار و خاوهنكارهكهم ناڕازیم، به‌ڵام ئه‌مه بێنزه، به‌رهه‌مى ئه‌ڵمانیایه، به‌رهه‌مى هەوڵ و کاری منه، له وڵاته‌كه‌ى من ده‌چێته ده‌ره‌وه، ناوى من و ناوى وڵاته‌كه‌ی منى له‌سه‌ره. میوانه‌كه گوتى: زۆر هه‌ستم به‌شه‌رمه‌زارى كرد بۆ ئه‌و پرسیاره هەڵەی کە كردم! گوتی، وانه‌یه‌كى زۆر گرنگ له‌و كرێكاره‌وه فێر بووم”.
ئێمەیش ئه‌گه‌ر دڵمان لە کەسێک ڕه‌نجاوه، نابێت ناوبانگ و كاره‌كه‌مان له‌كه‌دار بكه‌ین. بۆ نموونه: من ئه‌گه‌ر پینهچییهكم بم و ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ژنەکەم دهمهبۆڵهمان بووه، نابێت پێڵاوه‌كان خراپ بكه‌م. چونكه ئه‌وه به‌رهه‌مى كار و هونه‌ر و ناوبانگى منه. پێویسته فێر ببین چاوه‌كانمان بشۆین و بە جۆرێکی دیکە ببینین. كاتێك توڕه ده‌بین بازاڕێك له‌به‌ر دهستماڵیك نه‌سووتێنین و له‌كاتى ئاشتبوونهوهیش هه‌موو مافێكمان لەبیر نەچێتەوە. ئێمە هه‌ر كارێك ده‌كه‌ین له به‌رژه‌وه‌ندیى خۆمان دەکەین. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ خه‌ڵك كارى مرۆڤدۆستانه ده‌كه‌ین و خۆشمان ده‌وێن، لەبهرژهوهندیى خۆمانه، بۆچى منه‌ت بكه‌ین به‌سه‌ریاندا؟ زۆر باشه، سه‌رنج و ڕێز و خۆشه‌ویستى بۆ خه‌ڵك مه‌نوێنه، خۆت زه‌ره‌ر ده‌كه‌یت. ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌كانت خۆش نه‌وێت، كاتێك به شار و شه‌قامه‌كاندا تێده‌په‌ڕیت، هه‌موویان وەک دوژمنه‌كانت ده‌بینیت و حاڵت تێك ده‌چێت. خۆتت خۆش نه‌وێت، كاتێك سه‌یرى ئاوێنه ده‌كه‌یت حاڵت تێك ده‌چێت و هه‌رچى له‌به‌رژه‌وه‌ندیت بێت، نایكه‌یت. له به‌رژه‌وه‌ندیى خۆمانە كه چاوه‌كانمان بشۆین و به جۆرێك چیرۆكه‌كانمان بگێڕینه‌وه كه دروستن و له ڕاستییه‌وه نزیكن.
ئه‌مه سیسته‌مى ئاده‌میزاد و سیسته‌مى ژیانه، كه مرۆڤ هه‌ر كارێك ده‌كات، بۆ به‌ده‌ستهێنانى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك و دوورخستنه‌وه‌ى زەرەرێکە. كه‌وابوو با گێڕانهوهكانمان دروست بن. من كارى چاك ده‌كه‌م چونكه حه‌زم لێیه، كارى دروست ئه‌نجام ده‌ده‌م چونكه لهبهرژهوهندیمه، به‌رهه‌مى باش دروست دەکەم، چونكه ناوى منى له‌سه‌ره. ئه‌گه‌ر ناوى منیشى له‌سه‌ر نه‌بێت، كه‌سێك هه‌یه له‌م دنیایه‌دا ده‌زانێت كه من دروستم كردووه. كاتێک فه‌رشێكى جوان و باش ده‌بینین، ئه‌و كه‌سه‌ى چنیویهتى، ئه‌وه‌ى ڕه‌نگى كردووه و ئهوەیش کە نه‌خشى كیشاوه نایانناسین، به‌ڵام لهبهرخۆمانەوه ده‌ڵێین دهستهكانىان خۆش بێت، لە گوڵ دەچێت، ئافه‌رین بۆ ئهوكهسانەى دروستىا كردووه، ئافه‌رین بۆ ئه‌م پیشهسازانە. نایڵێین؟ بێگومان ده‌یڵێین. مەرج نییە ناوى خۆى نووسیبێت و واژووى له‌سه‌ر كردبێت، به‌بێ بوونى ئه‌وانه‌ش په‌سه‌ندى ده‌كه‌ین، چونكه ئه‌و كه‌سانه، لە ڕێگەی کارەکەیانەوە دووباره خۆىان نواندووهتە له‌ژیاندا، بههاكانىان نیشانداوه.
زۆرن ئهوكهسانهى پێیان وایه كاتێك ژیانیان ماناى هه‌یه كه خۆیان بكه‌ن بە قوربانى بۆ كه‌سانی تر. عه‌یبى نییه، وه‌رن با به‌م جۆره سه‌یر بكه‌ین، ئه‌گه‌ر به‌م جۆره ببینین، باشتره. ئه‌گه‌ر من پێم وابێت خۆم بە قوربانى تۆ كردووه، چاوه‌ڕوانیم لێت هه‌یه. بۆ نموونه به كه‌سێك ده‌ڵێم: من خۆم ده‌كه‌م بە قوربانت، بۆچى تۆ سه‌یرى كه‌سێكى تر ده‌كه‌یت و گرنگی پێ ده‌ده‌یت؟ ئه‌مه‌ش ده‌بێته خاوه‌ندارێتی كردن و پاوانخوازى. با به‌م جۆره بیر بكه‌ینه‌وه: ئه‌گه‌ر من خۆشه‌ویستى به‌وانی تر ده‌به‌خشم، له چاوه‌ڕوانیى شتێك‌دا ده‌یكه‌م. چیم لێیان ده‌وێت؟ ده‌مه‌وێت په‌سه‌ندم بكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌مه‌یه، ئێ با خۆم خۆم پهسهندبكهم، چ پێویستم به‌وانه! ده‌ته‌وێت بڵێىت من خاوه‌نى هونهرێكم؟ ئێ بڕۆ ئه‌و هونه‌ره فێر ببه. ده‌ته‌وێت بڵێیت خاوه‌نى پیشه‌یه‌كم؟ ده‌ى بڕۆ ئه‌و پیشه‌یه فێر ببه. بۆچى درۆ بكه‌ین و خۆمان ههڵنێین؟ بۆچى بڕوانامه‌ى ساخته زیاد بكه‌ین و بهدیوارهكانماندا هه‌ڵیان بواسین؟ بۆچى ناونیشان بكڕین؟ ئه‌وه به كه ده‌یڵێیت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ت فه‌راهه‌م كرد، چ بته‌وێت یان نا، مرۆڤه‌كان دێن بۆلات، خۆشیان ده‌ویت و ڕێزت لێ ده‌گرن. زۆربه‌ى ئه‌وشتانه‌ى كه ده‌مانه‌وێن، له تهنیشتماندان. سه‌عدى شیرازى له دێڕه شیعرێكیدا ده‌ڵێت: “ئاوەکە له گۆزهکەی تەنیشتماندایە، کەچی ئێمه لە شوێنێکی دیکە بەدوایدا دەگەڕێین. یار لە ماڵە و لەدەرەوە بۆ ده‌گه‌ڕێین”. زۆربه‌ى ئەو شتانەی بەدوایاندا دەگەڕێین، لزۆربەیان له تەنیشت و لە ناخى خۆماندان. بەڵام ئێمه وا ڕاهاتووین له ده‌ره‌وه‌ى خۆمان سۆراغىان بكه‌ین.
ئه‌و كیژه دواڕۆژ کە هاوسه‌رگیرى ده‌كات، له‌په‌یوه‌ندیى هاوسه‌رگیریدا خۆى نادیده و به كه‌م ده‌گرێت، هه‌میشه خۆى بهفیداى هاوسه‌ره‌كه‌ى ده‌كات و لاى وایه زۆر فیداكاریى كردووه، له كاتێكدا ده‌ترسێت ڕه‌زامه‌ندیى هاوسه‌ره‌كه‌ى له‌ده‌ست بدات، ده‌ترسێت ته‌نیا بكه‌وێت، ئه‌وكات ده‌زانن مێرده‌كه‌ى چی لێ دێت؟ مێرده‌كه‌ى هه‌ست به‌خنكان ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات دوور بكه‌وێته‌وه، ئه‌ویش زیاتر لێى نزیك ده‌بێته‌وه و زیاتر پێوه‌ى ده‌نووسێت، دیسان مێرده‌كه‌ى زیاتر دوور ده‌كه‌وێته‌وه. چیتر لێك جیا ده‌بنه‌وه، پیاوه‌كه نایه‌ته‌وه بۆ ماڵ، خانمیش وا هه‌ست ده‌كات نه‌خوازراوه، بۆیه ژیانیان تێك ده‌چێت. بیرمان نه‌چێت خۆشویستن جیاوازه له‌گه‌ڵ خۆهەڵواسین به‌وانی تره‌وه، خۆشه‌ویستى له‌گه‌ڵ خۆشویستن جیاوازه. ده‌كرێت کەسێکت خۆش بویت، به‌ڵام بۆى دەرنەبڕیت، چونكه له‌وانه‌یه لەبەرژەوەندیت نه‌بێت. ڕه‌نگە ئێستا كهمێكى بۆ بدرکێنی و زیادەڕویی نەکەیت. ئه‌مانه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئێمه‌ن. هه‌ركات ده‌مانه‌وێت كارێك بكه‌ین، با له خۆمان بپرسین به‌دواى چیدا ده‌گه‌ڕێین؟ ئایا ئه‌وه‌ى ده‌مه‌وێت، ئه‌مه ئاسانترین ڕێگه‌یه بۆ گه‌یشتن پێى یان ڕێگه‌یه‌كى باشتر هه‌یه؟ له یادمان بێت هه‌ر كارێك ده‌كه‌ین، یه‌كه‌م بۆ به‌رژه‌وه‌ندیى خۆمان ده‌یكه‌ین، به‌ڵام به‌جۆریك له جۆره‌كان ده‌یكه‌ین به منه‌ت به‌سه‌ر ئه‌وانی دیکەوە. ئه‌مه‌ش هه‌ڵه‌یه. من وه‌كوو مه‌حموود موعهزهمى كه ئه‌م بابه‌ته ده‌نووسم، ئامانجێكى تایبه‌تیم هه‌یه. به‌ڵام ئه‌م ئامانجه بۆ من زۆر ڕوونه: من له‌وه‌ى خه‌ڵكى سه‌ربكه‌ون، خۆشحاڵ ده‌بم. ئه‌زموون نیشانی داوم كه ئه‌گه‌ر یارمهتىی ئه‌وانی تر بده‌یت زیاتر خۆیانیان خۆش بوێت، ژیانت ڕۆژ به ڕۆژ باشتر ده‌بیت. ئه‌مه‌ش كارێكى بەنرخ و پڕ لەسووده.
هه‌ندێك كه‌س كار ده‌كه‌ن و داوای مافه‌كانیان ده‌کەن، ده‌بێت مافه‌كانیان وه‌ربگرن، ئایا ئەمە کێشەیە؟. ئایا ئه‌گه‌ر ئێمە به‌دواى بهرژهوهندییهكانمانەوە بین کێشەیە؟ ئەگه‌ر هه‌ر كه‌س به‌دواى به‌رژه‌وه‌ندیى خۆیه‌وه بێت کێشەیە؟ پێویسته هه‌مووان به‌دواى سوود و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیانەوە بن. ئه‌وە خراپه به‌رژه‌وه‌ندیى من لهزهرهرى تۆدا بێت. به‌ڵام گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیى من لهبهرژهوهندیى تۆدا بێت، باشترین جۆرى بازرگانییه، باشترین جۆرى كاره. كه‌وابوو پێش ئه‌وه‌ى بڵێیت من هه‌موو كه‌سێکم خۆش ده‌وێت جگە لە خۆم، كه‌مێك ئارام بگره و بیر بکەوە، ڕه‌نگه خه‌ریكى فریودانى خۆت بیت، یان ڕێگه‌یه‌كى هه‌ڵه‌ت گرتووه‌ته به‌ر. ده‌بێت چاوه‌كانمان بشۆین و به‌جۆرێكى تر ببینین. خۆتت خۆش بوێت و هه‌وڵ بده تا ئه‌وانی دیكه‌ش زیاتر خۆیانیان خۆش بووێت.
نووسین: مه‌حموودى موعهزهمى
وەرگێڕان: شاهۆ له‌تیف