“فراوان بوونی بەرەی جەنگ و شلەژانی ئاسایشی ناوچەکە”
دۆخی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پردێک دەچێت کە بەرەو ڕووی درزی زۆر فراوان بووبێتەوە و هیچ لایەک ناتوانێت ئەو درزانەی پردەکە چاک بکاتەوە یان سەر لە نوێ پردەکە دووبارە بنیات بنێتەوە. چونکە هەموو لایان ترسی گەورەیان هەیە بە دەست بردن بۆ پردەکە ئیدی خۆیان ببنە قوربانی سەرەکی ڕووخان یان داڕمانی پردەکە.
ئەو جەنگەی ساڵێک لەمەوبەر (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) دەستی پێکرد لە غەزە، بەڵام ئەمڕۆ مەیدانی جەنگەکە بەرفراوانتربووە، بە جۆرێک گەیشتۆتە لوبنان. پێشبینی کردن دەربارەی پێشهاتەکانی جەنگەکە زۆر ئاڵۆزە بە جۆرێک کەس ناتوانێت گەرەنتی ئەوە بکات جەنگەکە لە لوبنان دەوەستێت یان بە پێچەوانەوە پەڕ و باڵی تری لێ دەبێتەوە. ئەمە تا ئێستا زۆر دیار نییە، بەڵام بەلایەنی کەم ئەوەی پاڵێوراوی تێوەگلانی ئەم جەنگەیە لە دۆخی ئێستای ناوچەکە لە چەند دەوڵەتێک تێپەڕ ناکات، ئەوانیش بە پلەی یەکەم یەمەن و ئێراق کە بە پێی ئەو نەخشەیەی نەتەنیاهۆ نیشانیدا ئەو دوو دەوڵەتە ناوچەی نەفرەت لێکراون لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، پاشان سوریایە (سوریا لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە ئەوەندە زەحمەت نییە بۆ ئەوەی بیخزێنێتە نێو جەنگەکە، ئەگەرچی ئاسمان و زەوی سوریا بۆ تەلئەبیب بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تر زۆر نامۆ نییە، لە ماوەی ڕابردوو هەر کاتێک ویستبێتی بێ دوو دڵی هێرشی ئەنجامداوە و ئامانجەکانی خۆۆی پێکاوە)، دوا مەبەستی سەرەکی پڕۆسەکە دوور نییە خودی ئێران بێت جا وەک دەوڵەت یان لەوانەیە زیاتر کەسایەتی و سەرکردە دیارەکان بکاتە ئامانج. بۆیە ترسە گەورەکەی بەرەوی مقاوەمە خودی ئێرانە.
“لوبنان لە ئاگربەستی ٢٠٠٦ەوە بۆ جەنگی ٢٠٢٤”
دوای تێپەڕبوونی هەژدە ساڵ بەسەر ئاگربەستێکی کاتی کە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە بەردەوام بوو، جارێکی دیکە لوبنان خۆی بینیەوە ئامانجی لەشکرکێشییەکی دیکەی ئیسرائیل. بەڵام ئەمجارە زۆر جیاواز تر بوو لە پێشوو، ئەگەر ساڵی ٢٠٠٦ ئیسرائیل لە ڕێگەی هێزی زەمینی و هێرشی فڕۆکەی جەنگییەوە بەیروتی هەراسان کرد بوو، بەڵام جەنگی ئەم جارە بە شێوەیەکی دیکە خۆی نواندووە. جەنگێک کە ئیدی لەوانەیە زیانەکانی ئەوەندە نا بەرامبەر بێت کە کەم کەس بەو جۆرە پێشبینی کردبێت. ئەوەی تا ئێستا ڕوونە؛ ئیسرائیل بە تایبەت سەرۆک وەزیران بنیامین نەتەنیاهۆ زۆر مەبستییەتی ئەو فیگەرانە بکاتە ئامانج کە عوقدەی مێژووی لەبەرامبەر ئیسرائیلییەکان دروست کردووە. بۆ نموونە بە ئامانج گرتنی سەرکردە دیارەکانی حیزبوللا لە سەروی هەمووشیانەوە ئەمینداری گشتییان “حەسەن نەسروللا” بەشێکی زۆری لە دۆست و نزیکەکان خستۆتە سووڕی متبوون، بە جۆرێک تەنها بە دوای دەرکردنی بەیاننامەی کاغەزی و ئەلیکترۆنین. ئەم هەڵوێستەی دۆست و هاوپەیمانەکانی حیزبولا (کە ناویان لە خۆیان ناوە بەرەی مقاوەمە بەڵام ئایا بە جددی مقاوەمە دەکەن یان تەنها هەڕەشەی زڵ و بێ کردار)، وەک ئەو قسە نەستەقە وایە کە دەڵێ؛ “کردار شەرتە نەک قسەی باق بریق و فرمێسکی تیمساحی”.
“ئامانج تارانە نەک گرووپە وەلائییەکان”
ئەگەر چی ئیسرائیل هەر لە سەرەتای هێرشەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو پەنجەی تۆمەتی بۆ تارن درێژ کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا ئێران ڕایگەیاند کە ناکەوێتە داوی ئیسرائیلەوە و ناچێتە شەڕەوە لەگەڵیدا. کەواتە، ئەوە بەڕێکەوت نەبوو کە ڕێبەرانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە هەڵوێستی ئینکاریگەرانەیان گرتەبەر و جەختیان لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەقسا بڕیارێک بووە لەلایەن خودی بزووتنەوەی حەماسەوە دراوە. واتە “هیچ لایەنێکی دەرەکی نەبووە” لە پشت ئەو هێرشەوە بێت، زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەگەرچی ڕاستە ئەمە هێرشێکی کەمەر شکێن بوو بۆ ئیسرائیل (دامەزراوە سەربازی و هەواڵگرییەکانی) بەڵام تەلئەبیب زوو هەستی بەوە کرد کە دەبێت ئەم هەڕەشەیە بگۆرێت بۆ دەرفەت لە ڕوانگەی بەرژەوەندییە ئاسایشییەکانی لەگەڵ ئەوەی لە ڕووی ئابوورییەوە بۆ حکومەتی ئیسرائیل تێچووی زۆری دەوێت. بزووتنەوەی حەماسیش لە ئینکاریدا زیاتر ڕۆیشت و وتی ئەمە “بڕیاری سەرکردایەتی سەربازییە لەناو بزووتنەوەکەدا” دراوە، ئەمە لەلایەن سەرۆکی باڵی سەربازی بزوتنەوەکە کە بە “لیواکانی ئەلقەسام” ناسراوە جەختی لەسەر کرایەوە.
“ئاماژەکانی جەنگەکە بە ئاراستەی لوبنان زیاتر بوون”
لە هەفتەکانی یەکەمی شەڕی بزووتنەوەی حەماس لە غەززە لە گەڵ ئیسرائیل کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو بەشێوەیەکی چر دەستی پێکرد، بەپێی قسەی شرۆڤەکارانی سیاسی و سەربازی لە میدیاکانەوە بڵاو دەکرایەوە بەو ئاراستەیە بوون کە ئەو شەڕە بە ناچاری بەرەو باشووری لوبنان دەڕوات وەک قۆناغی دووەمی جەنگ، کە قۆناغی یەکەم لە غەزە دەستی پێ کرد. ڕاستەوخۆ دوای دوایین سەرکەوتنی هەواڵگری ئیسرائیل “مۆساد” لە تێکدانی تۆڕی پەیوەندییەکانی حزبوڵڵا بە تەقاندنەوەی پەیجەر و ڕادیۆکان، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند کە کۆمپاسەکەی ئیسرائیل بەرەو باکوور دەڕوات. ئەمە پەیامێکی ڕوون بوو بۆ هەسەدە و ئێران و سەرکردەکانی جیهان.
“جۆ بایدن”، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ دواجار لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەش بە شاندەکانی وڵاتانی جیهان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە هەموو هەوڵەکانی لە ئێستادا بە ئامانجی ڕێگریکردنە لە کارەساتی شەڕە لە لوبنان، بەڵام بە چ شێوەیەک دەبێ. ئەمە تا ئێستا ڕوون نییە. هۆکاری ناڕوونی بابەتی رێگری کردن لە فراوان بوونی جەنگەکە ڕاستەوخۆ گرێدراوی هەڵوێستی بەرەی مقاوەمەیە لەبەرامبەر ئەم قۆناغەی جەنگەکە. لەگەڵ ئەوەشدا بایدن پێشوەخت ئاگادارە کە ئیسرائیل ناوەستێت لە جێبەجێکردنی پلانەکەی و نوقمکردنی تەواوی ناوچەکە بۆ شەڕێکی کوشندە کە ئامانجی بەرکەنارکردنی تارانە بۆ نێو شەڕەکە. ئەم جۆرە سیاسەت و هەڵوێستە تووندەی تەلئەبیب پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەوەوە هەیە کە باش دەزانێت واشنتۆن و ڕۆژئاوا بەگشتی واز لە پشتیوانیکردنی ناهێنن، هەروەها سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری ڕاگرتنی ناردنی چەک بۆ هێزەکانی ئیسرائیل نادات. ئەمەش دوای ئەو وتارە مێژووییەی نەتەنیاهۆ لە گۆنگرێستی ئەمریکا لە کۆتایی مانگی تەموزی ئەمساڵ زیاتر ڕوون بۆتەوە. لەگەڵ ئەو ئاستە ئاڵۆزەی دۆخی جەنگ لە ناوچەکە بەتایبەت لە لوبنان بەڵام پێشبڕکێ لەگەڵ کاتدا بەدی دەکرێت لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەو هیوایەی ئیسرائیل و حزبوڵڵا ڕازی بکەن بۆ ئەوەی شەڕ ڕابگرن.
“سوور بوونی ئیسرائیل لەسەر بەردەوام بوون بۆ بەدی هێنانی ئامانجەکانی”
پێنجشەممەی ڕابردوو کاتێک بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گەیشتە نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕاپۆرتێکی هەواڵییان خستە نێو نووسینگەکەیەوە کە لە قودس بڵاوکرایەوە. بەگوێرەی هەواڵەکە، پێش سەفەرەکەی، نەتانیاهۆ، سوپای ئیسرائیلی ڕاسپاردووە کە بەردەوام بێت لە بەکارهێنانی هەموو دەسەڵاتەکانی لە دژی حیزبولای لوبنانی و داوای لە هێزە یەدەگەکانی وەزارەتی بەرگری کردووە، هەموو تواناکانی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ بە ئامانج گرتنی سەرکردە دیارەکانی نێو حیزبولا. لە میانی بەشداری نەتەنیاهۆ لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، میدیا عەرەبی و جیهانییەکان وێنەی هەزاران پەنابەری لوبنانیان لە رێگەی کەناڵەکانیانەوە نیشان دەدات کە لە ماڵ و گوند و شارۆچکەکانی باشووری لوبنان و بەرەو بەیروت دەڕۆیشتن، هەروەها لە هەمان کاتدا وێنەی ئەو وێرانکاریانەیان دەخستە ڕوو کە لە دەرئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان بەرەو ڕووی بۆتەوە. لە لایەکی دیکەوە وەزیری بەرگری لوبنان ڕایگەیاند کە هێزەکانی وڵاتەکەی بە بێباکی و بێدەسەڵات نامێننەوە ئەگەر ئیسرائیل خاکی وڵاتەکەی داگیر بکات. ئەمە وەک ئاماژەیەک ئەگەر هاتوو حەو هێرشانە بەردەوام بن ئەوا لوبنان بێ کاردانەوە نابێت لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل و بەزاندنی خاکەکەیان.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چەندی دەوڵەت داوایان لە هاووڵاتیانی خۆیان کردووە کە خۆیان بە دوو بگرن لە گەشت کردن بۆ ناوچەکە و ئەوانەی ئێستا لەوێن بگەڕێنەوە. لەوانە؛ بەریتانیا، حکومەت داوای لە هاووڵاتیانی دانیشتووی لوبنان کرد دەستبەجێ وڵاتەکە بەجێبهێڵن و پلانێکی بەپەلەی بۆ چۆڵکردنی نزیکەی ١٠ هەزار کەسی بەریتانی ڕاگەیاند. هەروەها زۆرێک لە هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان ڕاگرتنی گەشتەکانیان بۆ لوبنان ڕاگەیاند. ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆئەوەی کە ئەم قۆناغەی جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ بەرەی مقاوەمە درێژەی دەبێت و ناوەستێت. ئێستا زەمینەکە ئامادەیە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بەرەو ئامانجەکانیان پێشڕەوی بکەن.ئەو ئامانجەش ئەوەیە کە حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنانەوە بۆ ئەودیوی ڕووباری لیتانی بکشێتەوە و لاوازکردنی لە ڕووی سەربازی و سیاسییەوە و بەم شێوەیەش بوونی ئێران لە سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل لاواز بکات و لە ڕووی سیاسییشەوە لە لوبنان پەراوێز بخات.
“دانوستاندن بۆ ئاگربەست زەحمەتە لە ئێستادا”
کەس ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کە ئایا دانوستانکاران سەرکەوتوو دەبن لە وەستاندنی جەنگەکە یان شەڕی داهاتوو بە کام ئاراستەدا دەڕوات. ئاشکرایە کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و هاوپەیمانی ڕاستڕەوی تووندڕەوەکەی بیر لە ئاگربەست ناکەنەوە، بەڵکو لەبری ئەوە پەلە دەکەن بەرەو پاراستنی گرژییە سەربازییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە جیاوازەکان، بەتایبەت لە بارودۆخی ئێستای نێودەوڵەتی کە ناکۆکی و ململانێی دیکەش لەسەر ئاستی جیهانیدا هەن، ئەمەش دەروازەکانی پێشڕەوی یان فراوان بوونی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر نەیارەکانی لە ناوچەکە کراوەتر کردووە. ناتانیاهۆ هەوڵ دەدات تا ئەو کاتەی دەتوانێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە بۆ ئەوەی ناوەڕۆکی ئەو دروشم و پەیامانە بۆ هاووڵاتیانی ئیسرائیلی بەتایبەت ئەوانەی بە شێوەیەکی سەرسەخت لایەنگری بیرۆکە و سیاسەتەکانیانن. ڕاستڕەوی تووندڕەو هەوڵی بەدیهێنانی خەونی ئیسرائیل دەدات لە بەرامبەریشدا سەرکردەکانی ئێران لە تارانەوە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ناکەونە داوی ئیسرائیلەوە و ناچنە ناو شەڕێکەوە کە هەموو ناوچەکە بسوتێنێت، بەڵام مانەوەی دۆخەکە بەو جۆرەی کە ئێستا هەیە هەم دیسان بۆ بەرەی دژە ئیسرائیلی باش نابێت. هەموو ئەمانە بە خێراییەکی باوەڕپێنەکراو لە ژینگەیەکی نێودەوڵەتیدا ڕوودەدەن کە بەدەست کاریگەرییەکانی شەڕی پەرتبوونی ئۆکرانیا و ڕووسیا دەناڵێنن. جگە لەوەش لە کاتێکدایە کە ئەگەری پەنابردنی مۆسکۆ بۆ بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی جارێکی دیکە باس دەکرێتەوە ئەگەر ئەمریکا ڕێگە بە حکومەتی کیێڤ بدات کە مووشەکی دوور مەودای ئەمریکی بەکاربهێنێت بۆ پێدانی ئامانجەکانی سەر خاکی ڕووسیا. ئەم ڕووداوانە جارێکی دیکە خەوشەکانی بەردەم نەتەنیاهۆ ناهێڵن بۆ ئەوەی بەرەی شەڕەکە فراوانتر بکات.
کەلێنی کاتیی جیاکردنەوەی لوبنان لە تاقیکردنەوەی شەڕدا لەگەڵ چوونە ناو خاکەکەی هێزەکانی ئیسرائیل ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرفراوانتر دەبێتەوە. هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لەگەڵ کاتدا پێشبڕکێ دەکەن، بەڵام پێشبڕکێکە بە پێچەوانەی خواستی هاوپەیمانی ڕاستڕەوی توندڕەوەوە دەڕوات. هاوکات ڕوماڵی میدیایی سەبارەت بە پێشهاتەکانی دانوستانەکانی ئاشتی نێوان حەماس و ئیسرائیل نزیکە لە نەمان. کەواتە بەپێی ئەو واقعەی کە ئێستا دەگوزەرێت زۆر زەحمەتە پرسی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵلا -حەماس ڕابگەیەنرێت، تەنانەت ئەگەر ڕاشبگەیەنرێت، ئەگەری سەرکەوتنی کەم دەبێت، هۆکاری سەرەکیەکەشێ دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی سیاسەتی جیهانی و ناکۆکی و لێکترازانی جەمسەرەکان.