فەیلەسوفی ئەڵمانی جۆرج فریدریش هیگڵ (Georg Wilhelm Friedrich Hegel )لە ٢٧ی ئابی ساڵی ١٧٧٠ لە بروسیا لە شاری شتوتگارتی پایتەختی ڤورتێمبۆرگ لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەڵمانیا لەدايكبووه، وەک فەیلەسوفێکی ئایدیالیستی؛ پێی وابوو لێکۆڵینەوە لە بزووتنەوەی مێژووی مرۆڤایەتی دەمانگەیەنێتە ئەو دەرئەنجامەی کە مێژوو لەسەر دیالێکتیک و ململانێی بیرۆکەکان بنياتنراوه، بەو واتاييه کە بیرۆکەیەک دژ بە ئەویترە و ئەویش بە “ئەنتیتێزی” ناوی دەبات لە تێزەکەدا، لەو کاتەدا پرۆسەی مشتومڕ و ململانێ لە نێوان ئەم دوو بیرۆکەیەدا ڕوودەدات، بەو پێیەی هەریەکەیان پەيوەندی وكاريگەريان ھەیە لەسەر یەکتر، بۆیە ئێمە ڕووبەڕووی دیالێکتیک دەبینەوە.
“هیگڵ” بڕوای بەو پرەنسيپە ھەبوو کە “هەموو بیرۆکەیەک دەرئەنجامی سەردەمەکەیەتی”، بەو پێیەی هەر بیرۆکەیەک کە لە مێژووی مرۆڤایەتییەوە دەرکەوتووە، پەیوەندییەکی نزیکی بە سەردەمەکەی و سەردەمی سەرهەڵدانی و هەلومەرجی سەرهەڵدانییەوە هەیە “چ سیاسی بێت، کۆمەڵایەتی بێت، ئابووری، کولتووری”. بەو پێیەی بزووتنەوەی مێژوو لە پرۆسەیەکی بێ وەستاندایە. هەر بیرۆکەیەک دەتوانرێت ئەبستراکت و جیا بکرێتەوە لە سەردەمی سەرهەڵدانی و ڕەخنەكانی و بەو پێیەش “هیگڵ” هانمان دەدات کە هەر بیرۆکەیەک لە کاتی سەرهەڵدان و ڕەخنەگرتنی بەپێی پێوەرەکانی ئەو سەردەمە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، چونکە بۆ نمونه ئێمە کۆیلایەتی بە تاوان دەزانین بەپێی چەمکەکانی ئەخلاق و بەهاکانمان لە سەردەمی ئێستاماندا، بەڵام لە سەردەمی پێشوودا کە زاڵ بوو کۆیلایەتی وەک تاوانێک لەلایەن خەڵکەوە سەیر نەکرا و هەمان شت بۆ چەمکی شەڕیش دەگونجێت، کە شەڕەکان لە ڕابردوودا فاکتەری بنیاتنانی دەوڵەت بوون و ئامرازێک بوون بۆ دەوڵەتەکان بۆ کۆنترۆڵکردن و فراوانکردنی، بەڵام ڕوانگەی ئێمە بۆ شەڕەکان ئەمڕۆ جیاوازە بەهۆی سەرهەڵدانی ڕێساکان و یاسای نێودەوڵەتی شەڕ و ئامرازەکانی شەڕ، بە بڕوای ئەو، مێژوو تەنها زنجیرەیەک ڕووداوی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو پەرەسەندنێکی عەقڵانییە کە بەرەو بەدیهێنانی قۆناغ بە قۆناغی ئازادی دەبات.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم بیرۆکەیە بۆ سەردەمی ئێستامان، دەتوانین لە چەند چوارچێوەیەکدا بیر لە پەیوەندی نێوان ئەقڵ و مێژوو بکەینەوە:-
1. پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و دیجیتاڵی:– ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژیانەی ئەمڕۆ دەیبینین، وەک زیرەکی دەستکرد، داتا گەورەکان و تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی، دەتوانرێت لە ڕوانگەیەکی هیگلییەوە وەک بەشێک لە پەرەسەندنی ئەقڵی بەکۆمەڵی مرۆڤ تێبگەین. ئەم تەکنەلۆژیایانە بەرجەستەی ئامرازی نوێ دەکەن بۆ ئەوەی ئەقڵ بە شێوەیەکی ئاڵۆزتر و وردتر و ڕێكخراوتر لە جيهان تێبگات. ئەم پێشکەوتنە دەتوانرێت بە بەشێک لە پرۆسەیەکی پەرەسەندن هەژمار بکرێت کە بەرەو کۆمەڵگایەکی ئەقڵانیتر و ڕۆشنگەرتر دەبات.
2. بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان:– ئەو بزووتنەوەیانەی کە هەوڵی گەیشتن بە مافەکانی مرۆڤ و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و دیموکراسی دەدەن، ڕەنگدانەوەی ململانێی نێوان بیرۆکە جیاوازەکانی (وەک چەوساندنەوە بەرامبەر ئازادی). لە ڕوانگەی هیگڵەوە دەتوانین ئەم بزوتنەوانە وەک بەشێک لە ڕێگایەکی پەرەسەندن بەرەو کۆمەڵگایەکی ئازادتر و دادپەروەرتر ببینین، کە عەقڵ لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی ئەم بەهایانە لە واقیعدا بەدەست دێت.
3. جیهانگيری و یەکتربڕینی کولتوورەکان:– جیهانگیری و کارلێکی نێوان کولتوورەکان دەتوانرێت وەک قۆناغێک لە گەشەکردنی ئەقڵی بەکۆمەڵی مرۆڤایەتیدا سەیر بکرێت. لە ڕێگەی ئەم تێکەڵبوونه لە نێوان كولتوورەكاندا ، تەحەدای نوێ دەخرێتەڕوو بەڵام دەرفەتی گەشەکردن و فێربوون لە کولتوورەکانی دیکەش دێتە ئاراوه. ئەم کارلێککردنە دەتوانرێت بە بەشێک لە پرۆسەی دیالێکتیک هەژمار بکرێت، کە بیرۆکە و بەها گشتگیرەکان لە قاڵب دەدرێنەوە بۆ ئەوەی بگەنە ئاستێکی بەرزتر لە تێگەیشتن.
4. تەحەددای جیهانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا:– گۆڕانی کەشوهەوا نوێنەرایەتی تەحەددایەکی جیهانی دەکات کە پێویستی بە وەڵامدانەوەی ئەقڵانی و هەماهەنگ هەیە. لە ڕووانگەی هیگلییەوە، وەڵامدانەوەی ئەم تەحەددایانە پێویستی بە پەرەسەندن لە هۆشیاری مرۆڤ وھۆشیاری بەکۆمەڵ هەیە، چونکە کۆمەڵگەی جیهانی پێویستی بە هەنگاونانە بەرەو چارەسەری بەردەوام ودرێژخايەن. ئەم هەنگاوە دەکرێ بۆ تێگەيشتن بێت لە پەرەسەندنی عەقڵی مرۆڤ بەرەو قۆناغێکی نوێی تێگەیشتن و بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵ.
5. گفتوگۆی فەلسەفی و زانستی:- پێشکەوتن لە فەلسەفە و زانستدا گوزارشت لە پێشکەوتنێکی بەردەوام دەکات لە گەڕان بەدوای هەقیقەت و تێگەیشتن لە جیهاندا. ئەم گەشەسەندنە دەتوانرێت وەک بەشێک لە ڕێبازێکی مێژوویی عەقڵانی سەیر بکرێت، کە تیایدا بیرۆکەکان خەبات دەکەن و پەرەدەسەنن بۆ ئەوەی بەرەو ئاستێکی بەرزتر لە زانین و تێگەیشتن. بۆیە دەتوانین سەردەمی ئێستامان وەک دیمەنێک بۆ بەرجەستەکردنی بیرۆکەکانی هیگڵ سەبارەت بە پەیوەندی نێوان عەقڵ و مێژوو ببینین، کە ناکۆکی و تەحەددیاتەکان بەشدارن لە پاڵنانی مرۆڤاییەتی بەرەو ئاستە نوێیەکانی ئازادی و ئەقڵانییەت. هەموو ڕووداوێک یان پێشهاتێک دەتوانرێت وەک بەشێک لەم پرۆسە مێژووییە عەقڵانییە تێبگەین کە دەبێتە هۆی گەیشتن بە ئامانجە درێژخایەنەکانی مرۆڤ.
لە کۆتاييدا دەتوانين فەلسەفەی ھیگڵ لەو بوارەدا، بەم شێوەیە خوارەوه كورتی بکەينەوه:-
1- وابەستەیی شتەکان بە یەکەوە، بۆیە هیچ ڕووداوێک بە دابڕان لە ڕووداوەکانی تر سەيرناكرێت.
2- هیچ شتێک هەمیشەیی نییە، هەموو شتێک لە قۆناغی گواستنەوەدایە و لە گەشەسەندنی بەردەوامدایە.
3- دژایەتی جەوهەری هەموو دیاردە و شتەکانە، كەواته ململانێی سەرچاوەی هەموو گەشەکردنێکە.
4- هەر سەردەمێک “ڕۆح”یەکی دیاریکراوی هەیە کە ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنی ئەقڵانی و هۆشیاری بەکۆمەڵی مرۆڤایەتییە لەو قۆناغە مێژوويیەدا.
5- مێژوو گەشەسەندنی ئەقڵی مرۆڤە کە وادەکات ھەنگاو بنێت بۆ بەديهێنانی ئازادی.
6-هۆشیاری لە خۆئاگایی سادەوە بۆ هۆشیاری ڕەها پەرەدەستێنێت کە تێیدا مرۆڤ خۆی وەک بەشێک لە کۆی گشتی درک پێدەکات.