“پێشه‌کی”
ده‌ڵێن که‌ڕه‌تێک مامۆستایه‌کی تۆژه‌ری بواری میدیا و ڕاگه‌یاندنه‌کان له ژووره‌که‌ی خۆی چاوی بڕیوه‌ته دیمه‌نی پاییز له‌و دیو په‌نجه‌ره‌که‌وه و سه‌رنجی که‌وتنی یه‌ک له دوای یه‌کی گه‌ڵای دره‌خته‌کان ده‌دات. کوڕێکی مێرمنداڵی کونجکۆڵ و سه‌ربزێوی هه‌یه، که به ده‌نگێکی خه‌مناکانه و کزۆڵه‌وه له بابی ده‌پرسێت باوکه ئه‌گه‌ر گه‌ڵایه‌ک له دره‌ختێک داکه‌وێت و میدیایه‌ک یانی ته‌له‌ڤیزیۆن یان ڕۆژنامه‌یه‌ک باسی نه‌کات یان وێنه‌که‌ی بڵاو نه‌کاته‌وه ئایا هه‌ر به‌ڕاست ئه‌و گه‌ڵایه له‌و دره‌خته داکه‌وتووه؟ بێگومان ئه‌م دیالۆگه نه‌ک ته‌نها ده‌رخه‌ری ژیری و وردبینی کوڕی توێژه‌ر به‌ڵکوو ده‌رخه‌ری ئه‌و فه‌زا و که‌شه میدیاتیکهش بووه که باوکێکی توێژه‌ری په‌رۆش له ماڵه‌وه ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ په‌ره‌ی پێ داوه. ئه‌گه‌رچی ئه‌م حیکایه‌ته به چه‌ندین شێوه باسکراوه به‌ڵام جه‌وهه‌ر و کرۆکی باسه‌که هه‌ر ئه‌مه‌یه په‌یوه‌ندیی نێوان ڕووداێکی واقیعی و میدیا، بۆیه ده‌کرێت پرسیاری ئه‌و کوڕه منداڵکاره به شیوازێکی دیکه داڕێژینه‌وه و بپرسین ئایا میدیا هه‌موو ڕووداوه‌کان باس ده‌کات؟ یان ههنگاوێکی پیش‌تر بنێین و له‌سه‌ر ماهییه‌تی میدیا ئه‌م پرسیاره بکه‌ین که ئایا میدیایه‌ک توانایی باسکردنی هه‌موو ڕووداوه‌کانی هه‌یه؟ و په‌یوه‌ست به‌مه‌ش بپرسین له جه‌وهه‌ردا ڕووداوێک چییه و ئه‌و ڕووداوانه کامانه‌ن که ده‌بێت له میدیایه‌کدا شیاوی باسکردن بن؟
هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر پرسیاری یه‌که‌م:- ئایا گه‌ڵاكه له دره‌خته که‌وتووه یان ئایا میدیا باسی هه‌موو ڕووداوه‌کان ده‌کات؟ به سه‌رنجدان به‌م دوو پرسیاره هاوته‌ریب و هاونه‌وایه تێده‌گه‌ین که پرسیاری یه‌که‌م فۆرم و پێکهاتێکی ڕه‌مزی و سیمبولیی هه‌یه و پرسیاری دووه‌م شێوازه واقیعی و ئاوهزمهندانهکهیهتی، یان با بڵێین پرسیاری یه‌که‌م منداڵکارانه و جوان و پرسیاری دووه‌میش ئاوه‌زمه‌ندانه و گه‌وره‌ساڵانه. سه‌ره‌تا به وردبوونه‌وه له پرسیاره‌که(هه‌ر کامه‌یان بێت) ده‌توانین باسی ئه‌رکی میدیا بکه‌ین. ئه‌رکی میدیا له ساده‌ترین و گشتیترین پێناسه‌یدا ڕاگه‌یاندن، بڵاوکردنه‌وه‌ی زانیاریی و پیشاندانی که‌موکوڕییه ئاماده و له‌گه‌ڕه‌کانی ناو کۆمه‌ڵ و ڕه‌خنه‌کردنی ئاخێزگه‌کانی ده‌سه‌ڵات به هه‌موو ده‌رکه‌وته و وهدیارکهوتنهکانێتی. له ژێر تیشکی ئه‌م پێناسه‌یه ده‌توانین بڵێین ئه‌رکی میدیا دروستکردنی بیرێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی پێشکه‌وتنخوازه. میدیا له پله‌ی یه‌که‌م بابه‌تێک (ئاگرکه‌وتنه‌وه له دارستانێک نه‌ک ته‌نها که‌وتنه‌خواره‌وه‌ی گه‌ڵایه‌ک له دره‌ختێک) ده‌کات به ڕووداوێکی باسههڵگر و له‌سه‌ر شاشه‌که‌ی و یان به داوه‌تکردنی به‌رپرس و پسپۆڕی پێوه‌ندیدار به ڕووداوه‌که، هۆکاره‌کان، که‌مته‌رخه‌مییه‌کان، که‌موکووڕییه‌کان و دواتریش ڕێگه‌چاره و پێشنیاره‌کان ده‌خاته ڕوو. له قۆناغی کۆتاییدا که خستنه‌ڕووی پێشنیار و ڕیگه‌چاره بێت هاوکات به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کانیش بینه‌ر و به‌رده‌نگ بانگهێشتی ڕا و سه‌رنجدان و تێڕامان ده‌بێت.
که‌واته میدیا له پانتایه‌کی به‌ربڵاوتری ئه‌ودیو شاشه واته له ناو کۆمه‌ڵ و تۆڕیکی گه‌وره له تاکه‌کانیشدا ئیش ده‌کات. له‌م فورمولهکردنهدا میدیا ته‌نها کۆمه‌ڵێک به‌رپرس، ده‌رهێنه‌ر، کامێرامان، پێشکه‌شکار و پسپۆڕ و هتد نییه، به‌ڵکوو تۆڕێکی گه‌وره و داخراو له هاووڵاتیشه که ڕووداوێک بۆیان وه‌کوو ڕووداو له ئاستی کێشه و قه‌یران باس کراوه. پێوه‌ندییه‌کانی میدیا له ده‌ره‌وه‌ی خۆی له‌م که‌ناڵه پان و به‌رینه‌وه دروست ده‌بێت و ئه‌گه‌ر ئه‌م پێوه‌ندییه به دروستی و به دیالیکتیکێکی بزۆز و داهێنه‌رانه به‌ڕێوه نه‌برێت نه‌ک ته‌نها میدیاکه ڕۆڵ وکاریگه‌ریی خۆی ورده‌ورده ده‌دۆڕێنێت به‌ڵکوو بینه‌ر و به‌رده‌نگیش له کیس ده‌دات و ده‌بن به دژبه‌ر و نکۆڵیکه‌ری.
هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر پرسیاری دووه‌م: ئایا میدیا توانایی باسکردنی هه‌موو ڕووداوه‌کانی هه‌یه؟ له بنه‌ڕه‌تدا و له ڕووی ته‌کنیکییه‌وه هیچ میدیایه‌ک ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خۆیشی بیه‌وێت ناتوانێت هه‌موو ڕووداوێک باس بکات، چونکه نه‌ک ته‌نها ئه‌مه په‌یوه‌سته به پێناسه‌ی ڕووداو(وه‌کوو له سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری) به‌ڵکوو په‌یوه‌ندیشی هه‌یه له‌گه‌ڵ چه‌مکێکی زۆر گرینگ له هه‌موو بوون و که‌ون و به‌پێی ئه‌وه‌ش جووڵه و چالاکیی مرۆڤ که ئه‌ویش چه‌مکی کات یان زه‌مانه. ئێمه وه‌کوو مرۆڤ و میدیاش وه‌کوو تریبۆن یان ده‌زگایه‌کی ده‌ستی مرۆڤ پانتای جووڵه و چالاکیمان له ناو بازنه‌ی کاتدا کورت و به‌رته‌سکه. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه فۆرمی چالاکیی ئێمه له ناو کاتدا پێناسه و سنوورێکی گه‌ردوونیی و واقیعیی بۆ دیاری نه‌کراوه. که‌واته ده‌توانین بڵێین میدیا وه‌کوو داموده‌زگای ژێرده‌ست و به‌رده‌ستی مرۆڤ بازنه‌یه‌کی دیاریکراوی بۆ چالاکیی و ڕووماڵکردنی ڕووداوه‌کان له ناو کاتدا هه‌یه. که‌واته ده‌توانێت هه‌ندێک له ڕووداوه‌کان به‌پێی ئه‌م بازنه‌ی کاته ڕووماڵ بکات و بیانکات به ڕۆژه‌ڤ. بۆیه پرسیاره‌که‌مان وردتر ده‌بێته‌وه و ده‌توانین بڵێین میدیا ده‌توانێت باسی کام له ڕووداوه‌کان له ناو بازنه و سنووری ئه‌و کاته‌ی که بۆی دیاری کراوه بکات؟ وه‌ک ده‌زانین هه‌ندێک که‌ناڵی وه‌کوو ئه‌لجه‌زیره، ئه‌لعه‌ره‌بییه، فرانس 24، ڕووداوی کوردستان و…له بازنه‌ی هه‌موو ئه‌و کاته‌ی که بۆ شه‌ووڕۆژێکدا پێناسه کراون ئیش ده‌که‌ن و چالاکن، که‌واته کات ڕۆڵێکی به‌رته‌سککه‌ره‌وه و له هه‌مان کاتدا یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی هه‌یه له ئاڕاسته‌کردنی شێوازی ڕووماڵکردنی ڕووداوه‌کان و دیاریکردنی ڕوونگه‌ی ئهولهویتبهندیکارانهی هه‌ر کام له‌م که‌ناڵانه.
له ناو ئه‌م هاوکێشه‌یه دایه که ماهییه‌تی سیاسی یان ئایدۆلۆژیکیی میدیاکان ده‌رده‌که‌وه‌ن و په‌یوه‌ست به‌مه‌ش بابه‌تی سانسۆر و مافی مرۆڤ و ئازادی ده‌ربڕین و زاروه و چه‌مکه‌کانی دیکه دێنه ئاراوه. وای دابنێین له باکووری خۆراسان لافاوێک دێت و زیانێکی زۆر ده‌دات له کۆچه‌رییه‌کان و هه‌روه‌ها گونده کوردییه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه. لێره‌دا به نیسبه‌ت دۆزی کورد هاوکێشه‌یه‌کی میدیایی سیاسی و ئایدۆلۆژیک له ئارادایه. ئه‌م ڕووداوه له میدیاکانی ئێران‌دا وه‌کوو هه‌واڵێکی تێپه‌ڕ و سه‌رپێیی و به‌شێوه‌ی سه‌ردێڕ باسی ده‌کرێت، ڕووداوێک که ژیان و سیسته‌می ئابووری و گیان و ماڵی خه‌ڵک له مه‌ترسیدایه به‌م شێوه‌یه ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش ڕووداوێکی دیکه که به سه‌رنجدان به‌و باسه‌ی پێشووم ده‌بێت بڵێین”زڕه ڕووداو”(چونکه هه‌ڵگری توخمی نائاسایی و لهناکاوبوون و زیاندهرانه نییه به پێچه‌وانه‌ی “ڕووداو”ه‌وه که هه‌ڵگری ئه‌م توخمه ماهیهتبهخشانهیه)ێکی وه‌کوو ده‌رچوونی قوتابیانی حوجره و مه‌کته‌بی مه‌زه‌ویی له شاری خۆراسان ده‌بێت به سه‌ردێڕێکی سه‌ره‌کی و مایه‌ی باس‌وخواس و شیکاریی پسپۆڕان و کارناسانی میدیاکه. ئه‌م نموونه‌یه شتێکی واقیعییه که ده‌یان و سه‌دان جار نه‌ک ته‌نها له ئێران، به‌ڵکوو له هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ی که کوردستان له ژێر چه‌پۆکیان دایه دووپات بووه‌ته‌وه. بۆیه په‌یوه‌ست به ڕوانگه‌ی ئایدۆلۆژیک و سیاسیی هه‌ر میدیایه‌ک ئه‌و کاته‌ش که ئێمه‌ی مرۆڤ به‌پێی زانستی ئه‌ستێره‌ناسی یان فه‌له‌کناسی به 24 کاتژمێری سهووڕۆژێک ده‌یناسین به‌پێوه‌ری خوازراوی ئه‌و میدیایه دابه‌شکاریی تێدا ده‌کرێت و کاتێک که ته‌رخان ده‌کرێت بۆ کوژرانی موسڵمانێکی ئه‌فریقی تێیدا ده قاتی ئه‌و کاته‌یه که ته‌رخان ده‌کرێت بۆ کوژرانی موسڵمانێکی کورد له باشووری کوردستان یان ئێراق( ئیتر هۆکاره‌که هه‌رچییه‌ک بێت!). له هه‌لوێسته له‌سه‌ر پرسیاری کۆتایی واته سێیه‌م زیاتری تیشک ده‌خه‌مه سه‌ر ئه‌م بابه‌ته. هۆکاری ئه‌م هه‌ڵوێسته سێیانه‌یی و سێ قۆڵییهش ئه‌مه‌یه که هه‌ر سێ پرسیاره‌که له ناو بازنه‌یه‌کی گرێدراوی توخمه پێکهێنه‌رکانی هه‌واڵ و ڕاگه‌یاندن و هه‌واڵسازیی و سیاسه‌ت و ئایدۆلۆژیادان.
هه‌ڵوێسته له‌سه‌ر پرسیاری سێیه‌م و کۆتایی:- له جه‌وهه‌ردا ڕووداوێک چییه و ئه‌و ڕووداوانه کامانه‌ن که ده‌بێت له میدیایه‌کدا شیاوی باسکردن بن؟ له هه‌ڵوێسته‌ی یه‌که‌م و دووه‌م تیشکێکی خێرام خسته سه‌ر ڕووداو و ئاماژه‌یه‌کی کورتیشم به زڕه ڕووداو کرد. به‌ڵام له ڕاستیدا پێناسه‌کردنی ڕووداو ڕۆڵێکی گرینگ و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ماهییه‌ت و لایهندارییهکانی میدیایه‌ک بناسین و به‌گشتی پلان و ئه‌جێندای بخوێنینه‌وه. له پێناسه‌ی گشتیدا ڕووداو ئه‌و پێشهاته له‌ناکاو و نائاساییه‌یه که به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان کاریگه‌ریی له‌سه‌ر شێوه‌ژیان، گیان و ماڵ، بیرکردنه‌وه، ئه‌خلاق و تێڕوانینی گشتیی کۆمه‌ڵگا و تاک ده‌بێت. بۆ نموونه بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤیدیۆکانی سه‌ر هه‌ساره‌ی مه‌ریخ و زانیارییه‌کانی په‌یوه‌ست به‌و هه‌ساره‌یه و هه‌بوونی ئاو له قووڵایی زه‌وییه‌که‌یدا ڕه‌نگه کاریگه‌رییه‌کی زۆر قووڵ له‌سه‌ر دنیای ئێمه داده‌نێت به شێوه‌یه‌کی کرده‌کی، به‌ڵام له ڕووی ده‌روونییه‌وه هیوایه‌کی دیکه بۆ ژیانکردنی مرۆڤ له سه‌رانسه‌ری گۆی زه‌وی له داهاتووی دوور و نزیک دروست ده‌کات. که‌واته ئه‌مه ئه‌گه‌رچی به‌هۆی دۆزینه‌وه و که‌شفه یه‌ک له دوای یه‌که‌کانی ناساوه زۆر سه‌یر و سه‌مه‌ره نییه به‌ڵام ڕووداوێکی زانستییه و به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له‌سه‌ر دنیای ده‌روونی و هیوا و خه‌ونی مرۆڤ و بگره پرۆژه و پلانی سیاسیی زلهێزه‌کانیش له‌سه‌ر زه‌وی کاریگه‌ر ده‌بێت، که‌واته ئه‌مه هه‌م ڕووداوه و هه‌میش به‌هۆی ڕووداوبوونییهوه شایسته‌ی باسکردنه له میدیاکاندا.
به‌ڵام هه‌ر ئه‌م ڕووداوه زانستییه که ده‌شێت ئێمه‌ی مرۆڤ وه‌کوو ئاوه‌زمه‌ند و بیرکه‌ره‌وه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر هاوکێشه‌یه‌کی “ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ر” و “وانییه و وایه” دایبنێین به‌هۆی ڕوانگه‌ی ئایدۆلۆژیکیی هه‌ندێک له وڵاتانه‌وه به‌درۆ ده‌خرێته‌وه. هه‌ر وه‌کوو چۆن ئێسته له کوردستان هه‌ندێ په‌یجی سه‌له‌فی و میدیای ئیسلامی خڕبوونی گۆی زه‌وی ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه و به پلانی ڕۆژئاوا و ناسای ده‌زانن به نیسبه‌ت مهریخیشهوه ئاوه‌ها تێڕوانینێکی نکۆڵیکار و گومانکارانه هه‌یه، من خۆم هیچ کات له ژیانمدا کێشه‌م له‌گه‌ڵ گوماندا نه‌بووه و ئه‌مه کرۆک و جه‌وهه‌ری هه‌ر ئیراده‌یه‌کی زانستخواز و هه‌ر زانستێکی ڕاسته‌قینه‌شه، به‌ڵام گومان له کۆنتێکست و زه‌مینه‌ی گوتاردان و لێدوانی سه‌له‌فیی و ئایینی له وڵاتان(لێره‌دا له کوردستان) ته‌نها و ته‌نها بۆ ڕۆژئاوا یان باشتر وایه بڵێین بۆ ئه‌و پانتا و جیهانه‌یه که له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی دارالاسلام پێناسه ده‌کرێت و ئه‌و به دارالکفری ده‌ناسێت! که‌واته گومان لێره‌دا چه‌مک یان کرده‌یه‌ک نییه په‌یوه‌ست بێت به ئه‌قڵ و بیرکردنه‌وه‌وه به‌ڵکوو په‌یوه‌سته به ئایدۆلۆژیا یان باشتر بڵێین یه‌قین و ئیمانه‌وه که مرۆڤ به‌ره بڕیاردانی پێشوه‌ختی تووند و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌گه‌رێک یان نکۆڵیکردنێکی هه‌ر “ڕووداو”ێک ده‌به‌ن که دنیای ئیمانی ئه‌وان نه‌توانێت لێی تێبگات یان به مه‌زه‌نده‌ی خۆیان له به‌رژوه‌ندیی ئیمان و ئایینی وان‌دا نه‌بێت.
ئه‌م حاڵه‌ته‌ی ئایدۆلۆژیزمی میدیا ته‌نها هه‌ر وڵاتانی ڕؤژهه‌ڵاتی و سهلهفیزهده ناگرێته‌وه، به‌ڵکوو ڕۆژئاواش له ئاستی تردا و به باری تردا ئایدۆلۆژیای به‌رژه‌وه‌ندخوازانه‌ی خۆی پێڕه‌و ده‌کات و ئه‌مه له میدیاکانیشیاندا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، بۆ نموونه ئێسته‌ش له میدیای فه‌رمیی وڵاتانی ڕۆژئاوا به زۆری کورد وه‌کوو به‌شێک له‌و چوار یان پێنج وڵاته ده‌بینرێت که کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌ش کراوه، نابێت له‌بیرمان بچێت کاتێک هه‌ڵه‌بجه کیمیاباران کرا یه‌که‌م میدیاکانی ئێران باسیان کرد و به‌م سهردێرهشهوه ده‌یانوته‌وه که سه‌دام ڕه‌حمی به خه‌ڵکه‌که‌ی خۆیشی نه‌کرد! بێگومان ئێمه و ئه‌وانیش ده‌زانین که کوردستان به‌زۆر دراوه به ئێراق ئه‌گینا به‌شێک نییه له ئێراق و خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ش خه‌ڵکێک نیین که سه‌دام خاوهندارێتیانی کردبێت یان ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌رێک له ساڵانی پێشوودا تا له سێداره‌دانی ئه‌و دیکتاتۆره خوێنڕێژه، ئه‌گه‌رێک له ئارادا هه‌بووبێت که ئه‌و ویستبێتی خاوه‌ندارییه‌کی دادپه‌روه‌رانه نه‌ک له کوردستان به‌ڵکوو له ئێراق و ته‌نانه‌ت ژیانی تاکه‌که‌سیی پڕ له نه‌خۆشیی خۆیشی بکات، خاڵی جێگه‌ی سه‌رنج ئه‌مه‌یه که میدیاکانی ڕۆژئاوا ئه‌وسا و تاڕاده‌یه‌کیش ئێسته هه‌مان سه‌ردێڕیان له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه ده‌وته‌وه که میدیای ئێران، گوایه به مه‌به‌ستی تێکنه‌دانی زه‌ینیی یه‌کپارجه‌یی خاکی عێراق! له‌سه‌ر هه‌له‌بجه وتبووی! میدیا و ئایدۆلۆژیا له سه‌رده‌می ئیستهماندا وه‌کوو گیانێکن له لاشه‌ی شاشه‌یه‌کدا، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وی ئێمه له ئاوه‌ها جیهانێکدا ده‌ژین، چاره‌سه‌ر چییه و مرۆڤی ڕووداوبهرکهوتوو له ئاوه‌ها دنیایه‌کدا ده‌بێت چی بکات ئه‌وه پرسیارێکی دیکه‌یه بۆ تێڕان و هه‌ڵوێسته‌کردن.