لە سەرەتاى مانگى ئابى ئەم ساڵ بە واژۆی زیاتر لە 100 ئەندام پەرلەمانى کوتلە شیعییەکانى ئێراق، پڕۆژەیەک خرایە بەرنامەى کارى پەرلەمانەوە بۆ هەموارکردنەوەى (یاساى بارى کەسیی ئێراقی). بێگومان دەستبردن بۆ هەر جۆرە هەموارکردنێکى هەر یاسایەک لەسەر بنەماى ئەوەیە کە یاساکە یاخود هەندێ لە بەند و بڕگەکانى بۆ ئێستاى کۆمەڵگە ناگونجێن بۆیە پێویستە هەموار بکرێنەوە.
یاساى بارى کەسیی ئێراق لەبەر ئەوەى لە بنەڕەتدا لە ساڵى 1959 دەرکراوە، بە رەچاوکردنى ئەو گۆڕانکاری و پێشکەوتنانەى لەنێوان ئەم 65 ساڵەدا هاتوونەتە ئاراوە، سەربارى ئەوەى چەند جارێک بەند و بڕگەکانى هەموارکراونەتەوە، بەڵام دەکرێت وەک یاساى سەردەمێکى کۆن لێى بڕوانرێت. بە تایبەت ئەو بەند و بڕگانەى پەیوەندییان بە مافى ژنان و گرێبەستى هاوسەرگیریى و فرەژنى و مافى ژن لە بڕیاردان و هەڵبژاردنى هاوسەر، پرسى میرات و زۆر بابەتى دیکەى پەیوەست بە ژنان، لە یاساکەدا پێچەوانەى بنەماکانى مافى مرۆڤ و ئەو پرەنسیپ و ئامانجانەى ئێستاى نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەى مرۆڤایەتییە. بۆیە هەموارکردنەوەى یاساکە بووەتە پێویستییەکى حەتمى. بێگومان لە بارودۆخێکى وەک ئێستادا کە ئێراق تا ئەندازەیەک دەیەوێ خۆى لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بگونجێنێت، دەیەوێ لە رووى سیاسى و ئابوورى و بازرگانییەوە سود لە کرانەوەى جیهان بە رووى یەکتریدا ببینێت، لە کاتێکى وادا کە پرسى هەموارى یاساى بارى کەسیی ئێراق دێتە گۆڕێ، هەموو چاوەڕوانییەکان بۆ ئەوەیە کە پڕۆژەى هەموارى یاساکە بەجۆرێک بێت پرەنسیپ و بنەما یاساییەکانى سەردەمى ئێستاى مرۆڤایەتى پەیوەست بە ماف و ئازادییەکانی لەبەرچاو گرتبێت، ئەو جیاکارییە زۆرەى نێوان رەگەزى نێر و مێى تێپەڕاندبێت و لانى کەمى مافى وەک یەکى لەنێوان ژنان و پیاوان دروستکردبێت. دەرفەتى ماف و ئازادیی زیاترى بۆ ژنان رەخساندبێت لە دروستکردنى خێزان و دەستەبەرکردنى مافەکانیان لە چوارچێوەى خێزان و نێو کۆمەڵگەدا.
بەڵام کاتێک نێوەڕۆکى پڕۆژە پێشنیازکراوەکە بۆ هەموارى یاساى بارى کەسیی ئێراق لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، نەک لە ئاستى چاوەڕوانییەکان و پێویستى قۆناخەکە نەبوو، بەڵکو ئاماژەى گەڕانەوەى ئێراق بوو بۆ زۆر خراپتر لە سەردەمە تاریکەکانى مێژووی مرۆڤایەتى، چونکە ئەوەى لەو ستراتیژە مەزهەبیەى شیعەدا بۆ هەموارى یاساى بارى کەسیى خراوەتەڕوو، لە مێژوویى مرۆڤایەتیدا هاوشێوەى نەبووە، لە هیچ دەوڵەتێک نە لە رابردوو نە لە ئێستادا، یاساى لەو جۆرە نییە، تەنانەت لە ئێران و ئەفغانستان و خەلافەتەکەى داعشیش ئەوەى نەکرد.
پێشنیازە یاساکە خاڵى مەترسیدارى زۆرى تێدایە، هەر لە رێگەدان بە هاوسەرگیرى و جیابوونەوە لە دەرەوەى یاسا، لە بێبەشکردنى ژنان لە مافى دایکایەتى بەسەر منداڵەوە پاش جیابوونەوە و زۆرى دیکەش، بەڵام لە هەموویان ترسناکتر خۆشکردنى زەمینەیە بۆ بە شوودانى منداڵى کچ لە تەمەنى نۆ ساڵیدا. رەنگە لەنێو کۆمەڵگە خێڵەکى و دواکەوتووەکاندا هێشتا هەبن پرۆسەى هاوسەرگیرى لە دەرەوەى یاسا ئەنجام بدەن، یاخود چەوساندنەوەى ژنان لەو ئاستەبێت دایک مەحرووم بکات لە جگەر گۆشەکەى، بەڵام لە هیچ کونجێکى سەر رووى ئەم زەمینەدا کۆمەڵگەیەک نییە کچ لە تەمەنی نۆ ساڵى بەشوو بدەن، تا بگوترێت شیعەکانى ئێراق چاویان لەوانکردووە.
شیعەکان دەیانەوێ ئەم پرۆسە و ئەم غەریزەیە ببەستنەوە بە یەکێک لەو ریوایەتانەوە کە گوایە (پێغەمبەری ئیسلام لە تەمەنى 53 ساڵیدا عائیشەى خواستووە کە تەمەنى نۆ ساڵ بووە)، بەڵام زۆر سەرچاوەى ئیسلامى و بەم ساڵانەى دوایش هەندێ زانای ئایینى ئەوەیان رەتکردەوە کە ئەو گێڕانەوەیە بنەمایەکى راست و دروستى هەبێت. تەنانەت ئەگەر ئەوەش روویدابێت مایەى هەڵوەستەکردنە رێگە بدرێت بەردەوامیی پێبدرێت، نە زانست و نە هیچ لۆژیکێکیش ئەوە ناسەلمێنێت کە منداڵ لە تەمەنى نۆ ساڵیدا گونجاو بێت بۆ پرۆسەى هاوسەرگیری. ئەمەى شیعەکانى ئێراق دەیانەوێت بیکەن پێچەوانەى شەرع و یاسا و زانست و لۆژیک و هەموو بەها و پرەنسیپێکى مرۆییە. پێش هەر شتێک لێدانە لە ناو و پێگەى پێغەمبەرى ئیسلام و پاشان دەبێتە دەستپێکى قۆناخێکى تازە لە دڕندایەتیى وێناى مرۆڤ کە لەناو ئاژەڵانیشدا وێنەى نییە.
هەرچەندە هەر لەناو پەرلەمانى ئێراقدا پەرلەمانتارە کورد و سوننەکان دژ بەو پڕۆژە هەموارەى یاساى بارى کەسیی ئێراقن کە لەلایەن گرووپە شیعییەکانەوە پێشکەش کراوە، لە دەرەوەى پەرلەمانیش لەنێو رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى و رێکخراوەکانى ژنان و هەندێ لە نوخبەى رۆشنبیرى ئێراقى کاردانەوەى بەدواى خۆیدا هێناوە و ئەگەرى ئەوەش زۆرە لە ئاستى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و رێکخراوەکانى سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکانیش بێنە سەنگەرى دژ بەو یاسایەوە، بۆیە هێشتا روون نییە ئایا پەرلەمان درێژە بە رێکارەکانى هەموارکردنەوەى یاساکە دەدات یاخود ئەو دۆسێیە دادەخات؟ بەڵام هەر داڕشتنى ستراتیژێکى مەزهەبى لەو جۆرە و ئامادەکردنى وەک پڕۆژەیەک بۆ هەموارکردنەوەى یاساى بارى کەسى، لە پەرلەمان تێپەڕێت و بەیاسایى بکرێت یاخود رەتبکرێتەوە، هیچ لەوە کەم ناکاتەوە کە ئەوە زیهنیەتى دەسەڵات و حوکمڕانیی زۆرینەیە لە ئێراق. لەمەودوا وەک نەریتێک لەنێو کۆمەڵگەی شیعەى ئێراقدا لە دەرەوەى یاسا و لەژێر پەچە و عەمامەى مەلاکاندا پەیڕەو دەکرێت.
ئەوەى مایەى هەڵوەستە لەسەرکردن و لە هەمانکاتدا مایەى مەترسییە، دابەزینى کوالێتیی پەرلەمانتار و دامەزراوەى یاسادانانى ئێراقە بۆ ئەو ئاستە کە بەو چاوە لە ژن و پرۆسەى هاوسەرگیری و فرەژنى و ماف و ئازادییەکانى ژن دەڕوانن. هەروەها مەترسیی ئەوەی خستەڕوو کە پڕۆژەى حوکمڕانیی شیعە بۆ داهاتووى ئێراق ئەمەیە، مەترسییەکەش لەوەدایە لەبەر زۆر هۆکار بەردەوام رێژەى شیعە لە هەڵکشاندایە و لە ساڵانى داهاتوو پێگە و رۆڵیان زیاتر دەبێت، چونکە هیچ ئاراستە و بزاوتێکى ژیاندۆستى و دیموکراسى و رۆشنبیرى لەناویان پەرە ناسێنێت، لە داهاتوودا زۆرتر و زیاتر دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو شەپۆلە مەزهەبییەوە کە وەک نموونەیەکى جیاواز لە جیهانى ئیسلامى و تەنانەت جیاواز لە دەسەڵاتى شیعەى ئێرانیش خۆى وێنا دەکات.
ئەگەرچى تائێستا هەرێمى کوردستان نەکەوتووەتە ژێر هەژموون و کاریگەریی بەشێک لە کولتوور و یاسا کۆنەپەرستییەکانى عەرەب بە سوننە و شیعەوە، بەتایبەت یاساى بارى کەسى لە هەرێمى کوردستان زۆر کراوەتر و دیموکراتیانەترە لە زۆربەى وڵاتى عەرەبى و ئیسلامى، بەڵام مەرج نییە بتوانێت بەو جۆرە بەردەوام بێت. ئەگەرى زۆرە لە داهاتوودا بە زاڵبوونى هەژموون و پێگەى بەغدا لەسەر هەرێمى کوردستان، ئەو یاسایانەش بەسەر گەلى کوردستاندا بسەلمێنن، کە کولتوورى کورد لەو رووەوە تەواو پێچەوانەى کولتوورى عەرەبە.
بۆیە پێویستە پێش دیموکراتخوازانى عەرەب و چاوەڕوانیکردن بۆ ئەوەى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى رێگە لەو کارە نامرۆییە بگرێت، کورد هەوڵ و تواناى خۆى یەکبخات بۆ بەگژداچوونەوەى. بەتایبەتیش کە ئێستا پەرلەمانى ئێراق سەرۆکى نییە، هەردوو جێگرەکەى کوردن، بە دیوێکدا مایەى شەرمەزارییە بۆ کورد لە سەردەمى دەسەڵاتى ئەوان لە پەرلەمان گفتوگۆى ئەو پرسە بکرێت، لەلایەکى دیکەش دەرفەتە نەهێڵن رێکارەکانى هەموارى ئەو یاسایە بەردەوام بێت. ئەگەرچى یەکێک لە جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان بەشێکە لە ئەجێنداى مەزهەبى شیعە، بەڵام بە رەزامەندى هەردووکیان نەبێت هیچ پڕۆژەیاسایەک ناخرێتە بەرنامەى کارى پەرلەمانەوە. بۆیە بەرپرسیارێتییەکەى لە ئەستۆى کورددایە.