“قه‌یرانی مه‌عریفه‌ناسیی نه‌ریتی هزریی کوردی”
هه‌ر کولتوورێک، له مانا فه‌لسه‌فییه‌که‌یدا له‌گه‌ڵ مه‌عریفه و ئیپیستیمهدا په‌یوه‌ندیی هه‌یه؛ به‌م پێیه ئه‌گه‌ر کو‌لتوور وه‌کوو هه‌موو به‌رهه‌م و داهاته هزری و کرده‌کییه‌کانی گرووپێک یان ئیتنیکێک وێنا بکه‌ین ئه‌وا هه‌ر ئیتنیکێک هه‌ڵگری نه‌ریتێک ده‌بێت که شوێنگه و تایبه‌تمه‌ندیی تایبه‌ت و گشتیی خۆی هه‌یه، به شێوازێک که ده‌کرێت وه‌کوو نه‌ریتی هزریی گشتیی ئه‌و ئیتنیکه باس بکرێت و ماهییه‌ت، به‌شه‌کان و بنه‌ماکانی بناسرێته‌وه. ئه‌گه‌ری بیرکردنه‌وه و کردار له چوارچێوه‌ی ئه‌م نه‌ریته هزرییه ده‌پۆڕێت و په‌یوه‌ندییه‌کی دووقۆڵیی له‌ئارادا هه‌یه. ئه‌م ناسینه لایه‌نێکی میژوویی و ڕه‌خنه‌گرانه‌ی هه‌یه. به ده‌ربڕینی “ئه‌لجابیری”، خوێندنه‌وه‌ی بناژۆخوازانه‌ی میراس و نه‌ریت خوێندنه‌وه‌یه‌کی نا مێژووییه که ته‌نها ده‌گات به یه‌ک ئه‌نجام که ئه‌ویش هه‌مان تێگه‌یشتنی نه‌ریتییه له میراس. تا شوێنێک که وه‌کوو گرووپێکی ئیتنیکی و کولتووری(نه‌ته‌وه‌یی) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کورد، ده‌کرێت نه‌ریتی هزریی کوردیش بخوێنرێته‌وه و توخمه‌کان و موفره‌داته هزری، چه‌مکی و کرده‌کییه‌کانی ههڵهێنجرێت و شیکارییه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی بۆ بکرێت، به‌شێکی بنه‌مایی له نه‌ریت و میراس، شێوازی بیرکردنه‌وه و میتۆدهکانێتی.
پرسیاری سه‌ره‌کیی که ده‌بێت گه‌ڵاڵه بکرێت ئه‌مه‌یه که به‌شێوه‌ی ڕێژه‌یی بۆچی تاکوو ئێسته له نه‌ریتی هزریی کوردی‌دا، له سه‌رده‌مان و قۆناغه که‌ونارا، ئیسلامی و هاوچه‌رخ، که‌سایه‌تی و بیرمه‌ندانێک هه‌ڵنه‌که‌وتوون که له ڕووی بیرکردنه‌وه و کرداره‌وه، ده‌زگا و سیسته‌می هزری و چهمکیانهیان، ڕه‌هه‌ندێکی نێوان که‌لتووری و گشتیی په‌یدا کردبێت؟ به ده‌ربڕینێکی دیکه، و به پارێزه‌وه، هۆکاره‌کانی نه‌بوونی ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی بیرکردنه‌وه‌یه‌کی یونیڤێرساڵ و بیرمه‌ندێکی جیهانیی له نه‌ریتی هزریی کوردی‌دا کامانه‌ن؟ نه‌ریتی هزریی کوردی و ماهییه‌ت و توخمه‌کانی کامانه‌ن؟ کاتێک که “هیرۆدۆت” نه‌خشه‌ی سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی میسری، ئهفلاتووی سیسته‌می پایدیای یۆنانی، گه‌زه‌نفۆن به گێڕانه‌وه‌یه‌کی شاعیرئاسا، پایدیای فارسی ده‌نه‌خشێنێت و شی ده‌کاته‌وه ئایا ده‌کرێت جۆرێک پایدیا و لۆگۆسی کوردی به مانا گشتییه‌که‌ی ببینینه‌وه؟ ئایا ده‌کرێت باس له جۆرێک پێکهاته‌ی مه‌عریفه‌ی کوردی بکرێت؟
ئه‌گه‌ر ئه‌مه قبووڵ که‌ین که له مێژووی پێنج هه‌زار ساڵه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناویندا، به‌پێی نه‌خشه و وێنای ئه‌م وتاره، تاکوو ئێستا ئاوه‌ها بیرمه‌ند و که‌سایه‌تییه‌ک له نه‌ریتی هزریی کوردی‌دا سه‌ری هه‌ڵنه‌داوه که‌واته ده‌بێت ڕیشه‌کانی بناسین و ڕه‌خنه‌ی بکه‌ین. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، ڕێگه‌ی ده‌ربازبوون له‌م بنبه‌سته هزرییه و له‌م ملبادان له بیرکردنه‌وه‌یه، ناسین و ڕه‌خنه‌ی تێڕامانانه و جیدیی نه‌ریتی هزریی کوردی و ئامراز و پێویستییهکانێتی. به کورتی ده‌کرێت ئاماژه بکه‌ین که قه‌یرانی پرسی وجوودیی کوردی ڕیشه‌یه‌کی مه‌عریفی هه‌یه و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جێگیربوون و ڕه‌گئاژۆبوونی جۆرێک له کردار له نه‌ریتی هزریی کوردی‌دا که له‌گه‌ڵ ئه‌قڵ و لۆگۆسدا گونجاو نییه. له لایه‌کی دیکه‌وه کو‌لتوور و نه‌ریتی هزریی کوردی، به‌شێوه‌یه‌کی دیاریکراو له چاخی له‌ناوچوونی ماده‌کانه‌وه، ڕێگه‌ی داڕزان و به‌دگۆڕانی پێواوه و داڕزان و داکه‌وتنی کولتووری، لایه‌نی دیاری نه‌ریتی هزریی کوردی بووه (هه‌ڵبه‌ت دیارده‌ی “ماد”ه‌کان له‌م بابه‌ته به‌ده‌رن.) به‌شێوه‌یه‌کی گشتی کورده‌کان له فۆرمه ئیتنیکی و ناوییهکاندا به‌زۆری تووشی دابڕان بوون و ئه‌م دابڕانه مێژووییه، جۆرێک به دگۆڕانی هاوڕێ له‌گه‌ڵ به‌لاڕێداچوون بووه. قه‌یرانی نه‌ریتی هزریی کوردی، به پێچه‌وانه‌ی قه‌یرانی نه‌ریتی هزریی ئێرانی و ڕۆژهه‌ڵاتی، و به‌ڵكوو قووڵتر و به‌رچاوتره له‌وان. تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی په‌یوه‌ست بێت به خوێندنه‌وه و تۆژینه‌وه نیوه و ناته‌واوه‌کانی تۆژه‌ره‌وه تاکوو ئێسته له ناو نه‌ریتی هزریی کوردی‌دا که‌سایه‌تییه‌ک نه‌بینراوه‌ته‌وه که له سۆنگه‌ی شوناس و نه‌ریتی هزریی کوردی خاوه‌نی پێگه‌یه‌کی نێوان کو‌لتووریی و باننهتهوهیی بێت.
ئه‌مه له حاڵێکدایه ده‌کرێت باس له‌و ئه‌ندێشه و که‌سایه‌تییانه بکه‌ین که ڕه‌چه‌ڵه‌ک و ئیتنیکی کوردی‌یان هه‌یه به‌ڵام له نه‌ریتی هزریی ناکوردیدا په‌روه‌رده بوون و له فۆرم و قه‌واره‌یه‌کی جیهانیی و مێژوویی‌دا ده‌رکه‌وتوون و له قۆناغانێکیشدا دره‌وشاونه‌ته‌وه؛ به‌ڵام ئه‌م بابه‌تانه هیچ په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ نه‌ریتی هزریی کوردی نییه. بۆ نموونه له ناو که‌سایه‌تییه فه‌لسه‌فی و فیکرییه‌کاندا ده‌کرێت باس له سۆره‌وه‌ردی وه‌کوو که‌سایه‌تییه‌کی گرینگ و حه‌کیمی جیهانی مێژوویی بکرێت و له ناو که‌سایه‌تییه کردارییهکانیشدا باسی سه‌لاحه‌دین ئه‌یووبی بکرێت. خاڵی گرنگ ئه‌مه‌یه که له ڕوانگه‌ی نه‌ریتی هزریی کوردییه‌وه ئه‌م که‌سایه‌تییانه و پێگه‌ی تیۆریک و کرده‌کییان مایه‌ی شانازی و فه‌خر نییه چونکه نه‌ریتی هزریی ئێرانی و نه‌ریتی هزریی عه‌ره‌بی-ئیسلامی و ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌وری سه‌ره‌کییان هه‌بووه و له بنه‌مادا له ڕوی ئه‌ندێشه‌وه، ئه‌مانه په‌یوه‌ستن به نه‌ریتی هزریی ناکوردییه‌وه. ئه‌م نموونه ئایدیالانه ده‌لاله‌ت له‌مه ده‌که‌ن که ئه‌ندێشه و کرداری دروست له‌گه‌ڵ ئیتنیکخوازی و بابه‌تی نه‌ژاد په‌یوه‌ندییه‌کی نییه، به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ سیسته‌می مه‌عریفی و نه‌ریتی کو‌لتووریی هه‌ر ئیتنیک و نه‌ته‌وه‌یه‌کدا په‌یوه‌ندیی هه‌یه؛ هه‌ڵبه‌ت به ده‌ربڕینیکی “ریجارد ڕۆرتیان”ه، ناسین و پێداگریی له‌سه‌ر شوناسی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یه‌یی بابه‌تێکی ڕه‌ش و شه‌یتانی نییه.
بابه‌تێک که جێگای هیوا و دڵخۆشییه ئه‌مه‌یه که مرۆڤی کورد پوتانشێل و توانایی پێویستی هه‌یه تاکوو بدره‌وشێته‌وه و له پێشخستنی زانست و شارستانییه‌تی مرۆڤدا ده‌وری هه‌بێت. به‌ڵام ده‌بێت به‌دوای ڕیشه‌ی کێشه‌کان له بهلاڕێداچون و ملبادان له بیرکردنه‌وه له نه‌ریتی هزریی کوردی‌دا بگه‌ڕێین. له ڕوانگه‌ی ڕۆرتییهوه له پێویستییه‌کانی هیوای نه‌ته‌وه‌یی، نرخدانان بۆ شوناسی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌خساندنی ئه‌گه‌ری خۆڕهخنهریی و گۆڕانه؛ هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک هه‌لی چاکسازیی له خۆیدا نادۆزێته‌وه مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که شانازی به خۆی و ئامانجه بهرمهبهستهکانی نه‌ته‌وه‌که‌ی بکات و یان شوناسێکی هاوبه‌شی هه‌بێت و بیری لێ بکاته‌وه.
یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی داڕمان، نه‌بوونی ئاوه‌زمه‌ندێتی و هه‌وڵدان بۆ بیرکردنه‌وه له ئاسۆی نه‌ریتی بیرلێکراوه‌یه. به بڕوای “مه‌ک داول” (مێژووی هاوچه‌رخی کورد) “خه‌ڵکی کورد یاده‌وه‌ریی مێژووییان نییه” به‌ڵام ئه‌م نه‌بوونه، به‌هۆی فه‌رامۆشیی بیره‌وه‌ریی ده‌سته‌جه‌معی و گرێدراوێتییه مێژووییه‌کان نییه، به‌ڵکوو له بنه‌مادا له کرۆکی نه‌ریتیی هزریی کوردی‌دا، ئایدیا(ئایدۆ) و بیره‌وه‌ریی ده‌سته‌جه‌معی دروست نه‌بووه. هه‌ر بۆیه‌شه که کورد ته‌نانه‌ت وه‌کوو سووژه‌یه‌کی مێژوویی له بنه‌مادا خۆی پێناسه نه‌کردووه و له فۆرمی ناوی کورددا “بۆ نموونه گۆتی، لۆلۆبی، کاردۆخی، ماد…کورد” به‌دگۆڕان و بشێوه هه‌یه. به‌پێی گریمانه زانستییه‌کان، ناوه‌کانی گۆتی، میتانی، ماد و ته‌نانه‌ت کورد (به‌پێی به‌ڵگه‌ی کارنامه‌ی ئه‌رده‌شیری بابه‌کان)یش که‌سانی دیکه خوێندنه‌وه‌ی دیکه‌یان بۆ کردووه و له‌سه‌ر کوردیان داناوه و له ڕێگه‌ی ناونانه‌وه و به‌پێی هاوڕۆحیی بیردۆزه‌ی ناو و ئوستووره له لای کاسیرێر، به‌شێوه‌یه‌کی ئوستووره‌یی بیریان لێ کردوونه‌ته‌وه. ناو و بارودۆخی وه‌رگرتن و شکڵگیریی ڕۆحه مێژووییه‌که‌ی، به بێ ئه‌وه‌ی بچێته ناو سه‌فسه‌ته‌ی زاتخوازی و ڕه‌سه‌نایه‌تی باوه‌ڕیی مۆدێڕنه‌وه، پێناسه‌که‌ری ماهییه‌ت و بهرههستییه مێژوویی و شوناسییه‌کانه که ده‌رئه‌نجامی جۆرێک له مه‌عریفه‌ی سیاسی و پێکهاته‌ی هزرییه.
فۆرمی هه‌نووکه‌یی ئه‌م پرسگره مهعریفهناسانهیه و دووباره‌به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی داڕماوانهی، ده‌کرێت له ناساندن و ناونانی کورده‌کانی ڕۆژئاوا به باکووری سووریایه ببینرێته‌وه. مرۆڤی کورد له‌م نه‌ریته بهدگۆڕانههڵگره، هه‌لی بیرکردنه‌وه و کرداری دروستی بۆ نادۆزرێته‌وه چونکه نه‌ریتی هزریی کوردی، (به مانا فه‌لسه‌فییه‌که‌ی) نه‌ریتێکی سرووشتیییه و دژی ئه‌قڵی مه‌ده‌نییه. هه‌رجۆره تێڕوانین و نه‌خشه‌ڕێی دژه کوردی به شێوه‌یه‌کی پێشوه‌خت دژی ئه‌ویدیش ده‌بێت و به‌پێچه‌وانه‌وه. سرووشتیبوون له‌گه‌ڵ ئاره‌زوو و غه‌ریزه‌کان، جۆش و خرۆشه‌کان و هه‌ستدا په‌یوه‌ندیی و گونجاوێتی هه‌یه. زاڵبوون و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌قڵ به‌سه‌ر ئاره‌زووه‌کان و غه‌ریزه، به‌سه‌ر هه‌ست و شهووده خه‌یاڵییه‌کان، دروستکه‌ری ئیپیستیمه و زانسته. کێشه‌یه‌کی دیکه له نه‌ریتی هزریی کوردی‌دا ئه‌مه‌یه که سیسته‌می فێرکاریی و په‌روه‌رده(پایدیا)ی وجوودی، که ده‌ربڕی ڕه‌هه‌نی مه‌عریفی بێت، ئاماده نه‌کراوه و له زه‌ینیاندا ڕه‌گئاژۆ نه‌کراوه و به‌شێوه‌یه‌ک به‌پێی په‌روه‌رده‌یه‌ک له سه‌ر بنه‌مای هه‌ست و ئاره‌زوو جووڵاوه‌ته‌وه. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، ئه‌مه واقیعی مێژوویی کورده و به‌پێی ده‌زگای چه‌مکیانه‌ی هیگل، بابه‌تی واقیعی کوردی بابه‌تێکی ئه‌قڵانیی نییه. هه‌ڵپێکانی که‌لتوور و کرده‌وه‌ی مێژوویی کورد له پێگه‌ی ئیتنیکێکی مێژوویی‌دا به کولتوورێکی زه‌وینی و نامیتافیزیکیدا سه‌فسه‌ته‌یه‌کی مه‌عریفییه، به‌شێوه‌یه‌ک که بابه‌تی زهمینیبوون جۆرێک ئه‌ندێشه و سیسته‌می مه‌عریفییه که له بنه‌مادا له‌گه‌ڵ بابه‌ته غه‌ریزی و سرووشتییه‌کان، که هیچ جۆره فۆرم و ڕووخسارێکی کولتووری و مه‌عریفییان نییه، جیاوازه.
هه‌ربۆیه تیۆریداڕێژی و چه‌مکسازیی پرسی وجوودیی کوردی و ده‌رکه‌وته و بهرههستییه مێژووییه‌کانی له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه گونجاو و دروست نییه. زه‌ینی کورد به‌هۆی نه‌بوونی تێڕامانی تیۆریک و په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ کردار و پراکسیس (Praxis)دا شتێک جگه له کرده‌گه‌رێتی ئاره‌زوومه‌ندانه و هه‌ستی غهریزهخوازانه نادات به ده‌سته‌وه. به مانایه‌ک، ڕێگه‌ی دانایی و به‌رهه‌مهێنانی داهاته مه‌عریفییه‌کان له ڕێگه‌ی ئه‌قڵ و بیرکردنه‌وه‌ی فرۆنتیکهوه(حیکمه‌تی کرده‌کی) ده‌پۆڕێت. هه‌ر بۆیه له‌م سۆنگه‌یه‌وه، نه‌بوونی ئاوه‌زمه‌ندی و تێڕامانی مێژوویی یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زه‌ینی کوردییه، به‌م مانایه که ئه‌ندێشه و کرداری مرۆڤی کورد هاونه‌وا و کۆکه له‌گه‌ڵ ئاره‌زووه‌کان و گونجاوه له‌گه‌ڵ غه‌ریزه‌کان. ئه‌ره‌ستوو پێی وایه حیکمه‌تی کرده‌کی (فرۆنسیس) کردار و ئاره‌زووی هاونه‌وایه له‌گه‌ڵ پێوه‌ری دروست (ئورتوس لوگۆس) و ئه‌قڵ، هه‌ر بۆیه کرده‌گه‌رێتی مێژوویی کوردی له ڕه‌گه‌ز و ئامیانی ئه‌قڵی کرده‌کی و تێڕامانی بیردۆزانه نییه. ئه‌گه‌ر ئه‌م بابه‌ته تاکوو دوائهنجامه لۆژیکییه‌که‌ی به‌دوایدا بچین ده‌گات به‌م گوزاره ڕێژه‌ییه که مرۆڤی کورد، بوونه‌وه‌رێکی ئاره‌زوومه‌ند و غهریزهخوازه و “کردهمهندی مێژوویی”شی هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی. ئاره‌زوو و کرده‌ی سرووشتی ده‌بێت گه‌یشتبێته ئاستی کو‌لتوور و مه‌ده‌نییه‌ت ئه‌گینا هه‌ر له چوارچێوه‌ی هه‌ست و غهریزهدایه. به‌پێی نه‌خشه‌ڕێی دۆزینه‌وه و که‌شفی زه‌ینی کوردی، دێرینه‌ناسیی پرسی وجوودیی کوردی به‌پێی بیردۆزی فوکۆ و ڕه‌چه‌ڵه‌کناسی ئه‌ندێشه و کرده‌وه‌ی ده‌ربڕی ئه‌مه‌یه که رژێمی هه‌قیقه‌تی(کۆمه‌ڵگا)ی کوردی، تووشی دابڕانی ئیپیستیمۆلۆژیک و بهدگۆڕانگهلێکی زۆر بووه و ئه‌مه‌ش یه‌کێک له هۆکاره‌کانی دروستبوونی ئه‌م جۆره نه‌ریته هزرییه‌یه.
کورد وه‌کوو شوناسێکی مێژوویی، ته‌نانه‌ت له ڕووی شوناسی ناو و ژماره‌کانیانه‌وه و پێناسه‌ی سرووشتی خۆیشی(ناسین و خۆمانیفێستکردنی مێژوویی) تووشی بهدگۆڕاوی و شێواندن بووه. پووچه‌ڵکردنه‌وه و تواندنه‌وه له ئاستی ناو، له “گۆتییهوه بۆ لۆلۆبی، کاردۆخی، مانایی، ماد و ساسانی” و له دواجاردا کورد دیارده‌یه‌کی زۆر نامۆ و هاوکات تراژیکیشه. یه‌کێک له نیشانه‌کانی به‌دگۆڕان و دابڕانی چه‌مکیی هه‌ر ئه‌م زۆر و بۆربوونهی ناوه‌کان بۆ گشتییه‌تێکی مێژوویی و شوناسێکی تاقانه‌یه. نه‌بوونی نه‌ریتی هزری و سیسته‌مێکی ئه‌قڵانییه‌ت ته‌وه‌ر یه‌کێک له هۆکاره‌کانی ئه‌م کێشه‌یه‌یه. هاوڕێیه‌تی ئه‌ندێشه و شوناس (نه‌ته‌وه‌یی یان ئیتنیکی) ده‌لاله‌ته له‌سه‌ر بوون و ئاماده‌یی جۆرێک مه‌عریفه و سیسته‌می دانایی. کورد تا سه‌رده‌می مێژووی هاوچه‌رخ، له ڕووی شوناس و ئیتنیکه‌وه(هاوتای ئیتنیکی یۆنانی) له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه و مه‌عریفه په‌یوه‌ندییه‌کی پشتقاییم و متمانه‌پێکراوی دروست نه‌کردووه. “ئارتۆر شووپێنهاوه‌ر” باوه‌ڕی وایه که تایبه‌تمه‌ندیی پووکانه‌وه و ڕه‌نگه داڕمان سه‌رێتی و پێشوهختبوون و زاڵێتی ئیراده و ئاره‌زوویه به‌سه‌ر ئه‌قڵدا. داڕمانی ئه‌ندێشه و کرده‌وه‌ی کوردی له‌گه‌ڵ ملبادان یان ملدان و به‌ره‌و ئه‌ندێشه و ئه‌قڵ چووندا په‌یوه‌ندیی هه‌یه که ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتری له‌م بابه‌ته کورته‌دا ناپۆڕێت. پێوه‌ر و شێوازی دیاریکردنی ئاره‌زووه‌کان، غه‌ریزه‌کان، هه‌ست و شهوودی دروست و باشتر، ئه‌قڵ(نوس)، بیرکردنه‌وه و لۆگۆسه.
بیرکردنه‌وه و ئاره‌زوو به‌جووت له‌گه‌ڵ نه‌فس(پسوخه) و کولتووری مه‌عریفیدا په‌یوه‌ندییان هه‌یه و ئاره‌زووی هاونه‌وا له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه‌ی دروست، خۆی حیکمه‌ته. دێرهاتن و دواکه‌وتنی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی و مه‌عریفی له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی دیکه‌ی نه‌ریتی هزریی کوردییه. ئه‌فلاتوون له ”نامه‌ی حه‌وته‌م” دا له پێنج ئاست یان قۆناغ ناو ده‌بات که به‌راوردکردنی نه‌ریتیی هزریی کوردیی له‌گه‌ڵیدا به‌قازانج و سوودمه‌ند ده‌بێت. ئاستی یه‌که‌م، ناو و ناونانه. ئاستی دووه‌م، پێناسه‌کردنی بابه‌ته و ئاستی سێیه‌م فۆرم و شێوازی بابه‌ت (و یان هه‌ر شتێک)ه که له ڕێگه‌ی هه‌سته‌وه لێی تێده‌گه‌ین و له ئاستی چواره‌می مه‌عریفه‌ی زانستیدا باس له بابه‌ت و تێگه‌یشتنی ئه‌قڵانیی له سرووشت و کرۆکی بابه‌ته‌که ده‌کرێت که له ئاستی پێنجه‌مدا پێشه‌کی ناسینی بابه‌ته‌که، له ڕێگه‌ی ئه‌قڵی په‌تی و له دنیای ئایدیالهکاندا بێت. ئه‌گه‌ر بابه‌تی به‌رمه‌به‌ست ڕه‌وتی گۆڕانی نه‌ریتی هزریی کوردی بێت به زه‌حمه‌ت ده‌کرێت تا ئاست یان قۆناغی سێیه‌م ههڵیکێشین. گۆڕانکاریی له بابه‌تی کوردی و بهرههستییه مێژووییه‌کانی که له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌شێت ڕه‌نگڕێژی بکرێت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م جۆره له تێگه‌یشتن و کردهوهگهرێتی. ئه‌م بابه‌ته له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی هزری و په‌روه‌رده‌ی مرۆڤی کورد له ناو نه‌ریته ناکوردییه‌کان یان له‌گه‌ڵ جموجووڵ له پاڵ ئه‌م نه‌ریتانه‌دا هیچ دژایه‌تییه‌کی نییه. قه‌یرانی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌مه‌یه که له چوارچێوه‌ی نه‌ریتی هزریی کوردی‌دا ناکرێت بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی و به‌ڵگه‌مه‌ندانه به‌رهه‌م بهێنریت و له هه‌ناوی ئه‌م نه‌ریته هزرییه، بیرمه‌ند و ڕۆشنبیری کوردی نایه‌ته ده‌ره‌وه.
پێکهاته‌ی مه‌عریفه‌ی کوردی و سرووشتی نه‌ریت و بنه‌ماکانی کامانه‌ن؟ ڕۆشنبیر و نوخبه‌ی کورد(نه‌ک کوردی) هێشتا له‌گه‌ڵ نه‌ریتی کوردی نهکوتووهته گفتوگۆ و باسی به‌رده‌وامه‌وه و هیچ پرسیارێکی له ماهییه‌ت و توخمه پێکهێنه‌رکانی نه‌کردووه، ڕێک به‌م هۆیه ڕۆشنبیری کوردیش بوونه‌وه‌رێکی ئارهزووکاره نه‌ک ئاوه‌زمه‌ند. هه‌ر به‌م هۆیه‌شه که ڕۆشنبیریی له ناو کورددا به‌زۆری له بواری ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا ئاشکرا ده‌بێت و به‌گشتی ڕۆشنبیری مۆدێڕنی کورد له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌قڵانی و تێڕامانی چهمکیانهدا په‌یوه‌ندیی نییه. تا کاتێک که نه‌ریتی کوردی و بنه‌ماکانی نهناسرێتن و له‌گه‌ڵی نه‌که‌وینه ناو ڕه‌وتی گفت و گۆ و دانوستانه‌وه باسکردن له بابه‌تی مۆدێڕن و سیسته‌می فه‌لسه‌فی و مه‌عریفیی مۆدێڕنیتی و پێویستیی دانوستان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵی، و هه‌روه‌تر و به‌پێی ئه‌مانه ڕۆشنبیریی که له پێویستییه‌کانی مۆدێڕنیتییه، بابه‌تێکی بێکه‌ڵک و نه‌زۆک ده‌بێت و لێکه‌وته و دیارده لاوه‌کییه‌کان له پله‌ی بابه‌تی مۆدێڕن ده‌سه‌پێندرێن و په‌ره ده‌ستێنین و بانگه‌شه‌شیان بۆ ده‌کرێت. گادامێر پێداگریی له‌سه‌ر چه‌که‌ره‌کردن و پاڵاوتن و گفت وگۆی به‌رده‌وام له نێوان مۆدێڕنیتی و نه‌ریتی ڕۆژئاواییدا ده‌کات. هه‌ر بابه‌تێک له‌م سۆنگه‌یه‌وه مۆدێڕنه که به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ نه‌ریتدا له دانوستان و گفتوگۆدا بێت، به‌هۆی ڕووبهڕوونهبوونی کورد له‌گه‌ڵ نه‌ریت و نه‌بوونی گفتوگۆ له هه‌ناوی ئه‌م نه‌ریته له‌گه‌ڵ ئاسۆ و جیهانبینیی مۆدێڕن‌دا، چه‌مکێک به‌ناوی ڕۆشنبیر له کولتووری کوردی‌دا بوونی نابێت و پێکهاته‌ی ڕۆشنبیرئاسای کوردیش که به‌زۆری له‌گه‌ڵ میتافیزیای شیعردا ده‌سته‌ویه‌خه‌یه وه‌کوو لێکه‌وته‌کانی مۆدێڕنیتی و به‌رئه‌نجامه کۆتاییه لۆژیکییه‌که‌ی ده‌بینرێته‌وه. ڕۆشنبیریی له نه‌ریتی کوردی‌دا زمانی نییه و له باشترین حاڵه‌تدا له گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌ویدیی گه‌وره‌دا ده‌مبڵ، لێڵ و پێڵ، خۆڕووخێنهر و چه‌ند پارچه‌یه. هه‌ر بۆیه پانتای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌عریفی و سیاسیی کورد له‌گه‌ڵ ئه‌ویدییه گه‌وره‌کانی، به ده‌ربڕینی ئاگامبێن پانتای ڕوودانی (کاره‌سات و لێڵ و پێڵی و ته‌مومژی)ییه، هه‌ڵبه‌ت له جیهانی هاوچه‌رخیشدا، جیاواز له ئایدۆلۆژیا مۆدێڕنه ڕاست و چه‌په‌کان، ئه‌مه هه‌ر ڕاسته و له ئارادایه.
به هه‌مان شێوه که سوقرات و ئه‌فلاتوون به‌دوای هحهقیقهت و ماهییه‌تی شته‌کان و چه‌مکه‌کاندا بوون و فه‌لسه‌فه، یان به ده‌ربڕینیکی ته‌واوتر، فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی له‌ڕێگه‌ی پرسیارکردن له بابه‌ته‌کانی ماهییه‌تی دادپه‌روه‌ری، ئه‌خلاق، فه‌زیله‌ت، به‌خته‌وه‌ری، مه‌ده‌نییه‌ت، هاووڵاتیبوون، شار(ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵگا) و باشترین جۆری سیسته‌می سیاسیی له کۆمه‌ڵگای یۆنانی بوونیاد نرا، پرسیارکردن له‌م بابه‌تانه‌ش وه‌کوو قه‌یران، ده‌کرێت ده‌سپێکی بیرکردنه‌وه‌ی ئاوه‌زمه‌ندانه و تێڕامانی چه‌مکیانه له نه‌ریتی کوردی‌دا بێت و له‌م ئاسۆیهشدا، جۆرێک نه‌ریتی هزریی کوردی ده‌رکه‌وێت که سه‌ره‌ڕای هه‌بوونی ڕه‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و کوردی، لایه‌نی گشتگیر و یۆنیڤێرساڵیشی هه‌بێت. زۆرێک له بیرمه‌ندان له‌وانه که‌سێکی وه‌کوو ئیگێر له به‌رهه‌مه سێ به‌رگییه‌که‌یدا و له ژێر ناوی “پایدیا” دا باسی له‌م دوو لایه‌ن و ڕه‌هه‌نده له ئه‌ندێشه و به‌تایبه‌تی بیرکردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فیی یۆنانی که‌ونارا کردووه. به‌هه‌رحاڵ، له خوێندنه‌وه‌ی کوردی‌دا، ڕه‌خنه‌گرتن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پێکهاته‌کان و جیهانبینییه‌کان، ده‌بێت نه‌ریت و بابه‌تی وجوودیی کوردیی وه ئێش و ژان بخات تاکوو له سۆنگه‌ی ئه‌م ڕه‌خنه‌گری و کهڵکهلهمهندییهوه، ژانی له‌دایکبوون هه‌موو وجوودی نه‌ریتی هزریی کورد بگرێته به‌ر و کۆرپه‌له‌یه‌کی لێ له‌دایک بێت که به‌رهه‌مهێن، جیهانگیر و سه‌ربه‌خۆ بێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه مه‌رجی پێویستی ئه‌گه‌ری دروست بیرکردنه‌وه و جۆرێک له ئه‌ندێشه و کردار، خه‌سارناسیی ڕه‌خنه‌گرانه و ئاوه‌زمه‌ندانه‌ی نه‌ریتی هزریی کوردی، و باننهریتخوازی(نه‌ک دژه نه‌ریتبوون و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی بابه‌تی وجوودی و گرێدراوێتی مێژوویی) به مه‌به‌ستی ده‌رچوونی له داخران و بونبه‌ست، و دامه‌زراندن و باڵاپێدان به‌م نه‌ریته‌یه. له درێژه‌دا به شێوه‌یه‌کی کورت و سه‌رپێیی که‌شف و دۆزینه‌وه‌ی زه‌ینی کوردی بۆ لێکدانه‌وه و شیکاریی ده‌قی کوردی و ده‌رخستنی نوقسانییه قه‌یراناوییه‌کانی به مه‌به‌ستی کردنه‌وه‌ی ئاسۆ نوێکان و کردنه‌وه‌ی ڕێگا تازه‌کان، ده‌خرێته ڕوو.
“که‌شفی زه‌ینی کوردی”
“که‌شفی زه‌ین” له ڕاستیدا ده‌په‌رژێته سه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه ده‌روونییه‌کان و به‌گشتیی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه‌ی که په‌یوه‌ست ده‌بن به مرۆڤه‌وه، کاری به چۆنێتی ئیش‌کردن و کارکردنی زه‌ینه‌وه نییه. ڕاستییه‌که ئه‌مه‌یه که که‌شفی ئه‌و کردار و په‌رچه‌کردارانه‌ی که ئینتیکهکان، گرووپه‌کان و کۆمه‌ڵگا جیاوازه‌کان له بیچمدان و فورموولهکردنی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان بۆ ڕووداوه‌کان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، گریمانه‌ی سه‌ره‌کیی ئێمه‌یه له باسکردنی که‌شفی زه‌یندا. به ده‌ربڕینی “ڤاڵتێر کافمان”، زه‌ین له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه، هه‌ست، ئاره‌زوو، تێگه‌یشتن و ئاگاییدا له‌په‌یوه‌ندی دایه و لێره‌دا هه‌موو ئه‌م توخمانهمان مه‌به‌سته. تا ئه‌و شوێنه‌ی که ئه‌م باسه په‌یوه‌ست ده‌بێت به کۆمه‌ڵگای کوردییه‌وه و ده‌بێت ئاماژه‌ی پێ بده‌ین، پرسه‌که ئه‌مه‌یه که زه‌ینی کوردی له‌گه‌ڵ دۆخێکی وابه‌سته، شێواو و چه‌ند پارچه‌دا ڕووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه. به‌پێی بیردۆزی “مانهایم” (ئه‌رکی ڕۆشنبیر به‌رگریکردنه له زه‌ینی ئازاد)؛ له زه‌ینی کوردی‌دا ئاوه‌زمه‌ندێتی و لێهاتوویی ئه‌قڵی مێژوویی چه‌که‌ره‌ی نه‌کردووه و هه‌ربۆیه ده‌شێت بپرسین ڕۆشنبیری کورد ده‌بێت له کام زه‌ین و بیرکردنه‌وه‌ی ئازاد به‌رگریی بکات؟
نه‌بوونی پاڵپشت و سه‌رچاوه‌ی مه‌عریفیی هۆکاری دروستبووونی قه‌یران له پرسی کوردیدایه و ئه‌م پرسه له بواره جیاوازه‌کانی جیهان ژینی مێژوویی له‌وانه کرده‌وه‌ی کوردی، مێژووی کوردی، ئه‌ده‌بی کوردی، سیاسه‌تی کوردی، ڕۆشنبیریی کوردی و هه‌تا دوایی ڕه‌نگدانه‌وه و کاریگه‌ریی هه‌بووه. به ده‌ربڕینێکی دیکه پرسی کوردی چاوگ و شوێنگه‌ی کوردیی نییه، به‌شێوه‌یه‌ک که له رووی ئۆنتۆلۆژی و مه‌عریفه‌ناسییه‌وه ناکرێت باس له زانست، سیاسه‌ت، مێژوو و ئه‌ده‌ب و ڕۆشنبیری کوردی بکرێت. لێکدانه‌وه و شیکاریی ئه‌م قه‌یرانه پێویستی به ناسین و شیکاریی کورد وه‌کوو پرسێکی وجوودی و مه‌عریفیی هه‌یه. که‌شفی زه‌ینی کوردی به‌دوای لێکۆڵینه‌وه له‌باره‌ی ئه‌م قه‌یرانه مهعریفهناسانهیهیه. کورد ئه‌ندێشی یان بیرکردنه‌وه له کورد به‌شێوه‌یه‌ک بیرکردنه‌وه له پرسی وجوودیی کوردی و لێکدانه‌وه‌ی جیهان ژینی کوردستان وه‌کوو بابه‌ت و پرسێکی ئۆنتۆلۆژی و مه‌عریفیی له به‌ستێنی مێژوودایه؛ له ڕوانگه‌ی مانهایمه‌وه، بۆ پرسێکی مێژوویی ڕاستیی و ناڕاستیی پرسه‌کان گرینگ نین و به‌کار نایه‌ن. مێژووخوازیی له هه‌ناوی خودی مێژوودا به‌دوای هه‌قیقه‌تدا ده‌گه‌ڕێت به‌ڵام نه‌ک وه‌کوو ئه‌وه‌ی که شتێک هه‌یه به‌ڵکوو به‌و شێوه‌یه‌ی که له حاڵی ڕوودان و هه‌بوون(Become)دایه. بکه‌ری ناسکاری(فاعل شناسا) “کانت”ی له ئارادا نییه تاکوو هه‌قیقه‌ت وه‌کوو ئۆبژه و گرێدراوێتییهکانی بێت. مه‌عریفه له‌گه‌ڵ جیهان ژین و ئه‌زموونی ژینکراو و کرداردا په‌یوه‌ندییه‌کی پته‌وی هه‌یه. “مانهایم” باوه‌ڕی به جۆرێک منی ئه‌زموونگه‌ر هه‌یه که ده‌که‌وێته نیوان منی ئه‌زموونگه‌ر(به‌رهه‌ست و دیار)ی مێژوونووس و بکه‌ری ناسکار دهرهکاتی کانتییه‌وه. “مانهایم” ئه‌م باوه‌ڕه نه‌ریتییه ڕه‌ت ده‌کاته‌وه که پێی وایه هه‌ر زانستێک ده‌بێت فۆرمێکی هه‌قیقی هه‌بێت بۆیه ئه‌و فۆرمگه‌لی جۆراوجۆر بۆ زانست قایله چونکه زانست بابه‌ت و پرسێکی مێژووییه. هه‌ر لایه‌ن و پرێسپێکتیڤێک له مه‌عریفه دنیایه‌کی نوێ له ژیانکردن به‌ڕووی ئێمه‌دا ده‌کاته‌وه که ده‌که‌وێته ناوه‌ندی ئه‌زموونی ژیانی ئێمه‌وه و ئه‌مه هه‌مان جیهانبینی و مێژووگه‌راییه که پێویستهی ژیانی مرۆڤی مێژووییه.
له‌م ڕووه‌وه کوردئه‌ندێشی پێویستیی به هه‌ڵهێنجان و داڕشتنی سیسته‌م و ده‌زگایه‌کی چه‌مکیانه و چوارچێوه‌ی زمانیی و پێویستییه تیۆرییه‌کانی خۆی هه‌یه. که‌شفی زه‌ینی کوردی جۆرێک کوردئه‌ندێشی یان بیرکردنه‌وه‌یه له کورد. کوردئه‌ندێشی، لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه له‌باره‌ی پانتای بوون و ماهییه‌تی پرسی کوردی و پاژ و بنه‌ماکانێتی و هه‌روه‌ها هه‌وڵدانه بۆ دامه‌زراندن و ڕۆنانی؛ به مانایه‌ک، جۆرێک بیرکردنه‌وه له‌باره‌ی پرسی وجوودیی کوردی و ماهییه‌ت و ئاست و که‌وشه‌نی سه‌ربه‌خۆیی چهمکیانهیهتی. له که‌شفی زه‌ینی کوردی‌دا ئێمه به‌دوای که‌شف و ناسینی توخمه بنه‌ماییه‌کانی ئه‌ندێشه‌ی ئه‌ویدی و خود، هه‌روه‌ها دانوستانی نێوانیان و هه‌روه‌تر دامه‌زراندنی سیسته‌مێک له چه‌مکه‌کان و چوارچێوه تیۆرییه‌کانی پرسی وجوودیی کوردی داین. هه‌ر بۆیه له زه‌ینی ئێرانی، عه‌ره‌بی، کوردی، ڕۆژهه‌ڵاتی و یۆنانی که‌ڵک وه‌رده‌گیرێت تاکوو ئه‌م توخم و ڕه‌گه‌زه مه‌عریفیانه بناسرێنه‌وه. بۆ نموونه: لێکدانه‌وه‌ی توخم و بنه‌ماکانی مه‌عریفه‌ی ئێرانی و عه‌ره‌بی و نه‌ریته هزرییه‌کانیان بۆ دامه‌زراندنی زه‌ینی کوردی و پێکهاته مه‌عریفییه‌که‌ی. نابێت که‌شفی زه‌ینی کوردی و کوردئه‌ندێشی له ڕوانگه‌ی ئایدۆلۆژییه مۆدێڕن و هاوچه‌رخه‌کانی وه‌کوو باس و خواسه ناسیۆنالیستییه‌کان، باسه ئیتنیکخوازانهکان، ناوچهگراییهکان و یان نهژادپهرستانهکان و دژهئهویدییهکان ڕاڤه و شرۆڤه بکرێت و لێی تێبگه‌ین. له لایه‌که‌وه کوردئه‌ندێشی له‌گه‌ڵ کوردناسی و کوردکۆڵین(تویژینه‌وه له سه‌ر کورد) جیاوازه و هه‌ر سێی ئه‌مانه له پانتای که‌شفی زه‌ینی کوردی‌دا جێگه‌ی سه‌رنجن. کوردناسی ده‌که‌وێته پانتای ڕۆژهه‌ڵاتناسییه‌وه و زۆربه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسه‌کان به‌دوای کوردۆلۆژیدا بوون و نه‌په‌رژاونه‌ته سه‌ر شوێنگه و پێگه‌ی بوونناسانه و مه‌عریفه‌ناسانه‌ی کورده‌کان و هه‌روه‌ها پێگه‌ی مێژوویی ئه‌وان له ڕووی بیرکردنه‌وه‌وه. ئه‌گه‌رچی کوردناسی له پانتای ڕۆژهه‌ڵاتناسی و شوناسدۆزییدا جێگه‌ی سه‌رنج و گرینگی پێدانه به‌ڵام ئه‌وه‌ی کورد پێویستی پێیه‌تی لێکۆڵینه‌وه له‌باره‌ی پرسی کوردی وه‌کوو کۆیه‌کی وجوودی و مێژووییه. وادێته به‌رچاو، مێژوو، لێکدانه‌وه‌ی بیرکردنه‌وه‌کان، جیهانبینی، ئه‌ندێشه و پراکسیسی ئیتنیکی و کاریگه‌رییه‌کانی بێت. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه تاکوو ئێسته سه‌رنج نه‌دراوه‌ته پرسی کوردی. قه‌یرانی وجوودی و ئیپیستیمۆلۆژیکی کورد، به‌هۆی نه‌بوونی هزری فه‌لسه‌فی، و تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌ندێشه بێزییه. کوردئه‌ندێشی و که‌شفی زه‌ینی کوردی به‌دوای ناسین و تێگه‌یاندنی پرسی کوردی له‌ڕووی بوونناسی، مه‌عریفه‌ناسی و میتدۆلۆژیک به ڕێباز و ڕێچکه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه دایه. پێویستیی کوردئه‌ندێشی، لیکۆڵینه‌وه ڕه‌خنه‌گرانه و ئه‌رێنییه‌کان له‌باره‌ی پرسی کوردی و ماهییه‌ت و توخمهکانێتی. پرسی کوردی وه‌کوو کۆیه‌کی وجوودی پێویستیی به کوردئه‌ندێشی له ڕووی مێژووی ئه‌ندێشه‌وه هه‌یه.
کوردئه‌ندێشی لێکدانه‌وه و باسکردنی ئه‌گه‌ر و ملبادانهکان و نهبوونهکانه. ئیمکانی کوردئه‌ندێشی، ئیمکان و ئه‌گه‌ری هزرین و بیرکردنه‌وه‌شه. پرسیار له ماهییه‌تی مه‌عریفه‌ی کوردی و بنه‌ماکانی، توخم و پاژه ئه‌قڵانی و ئه‌خلاقییه‌کانی، ئێمه پێملی هه‌ڵکۆڵین و ناسینه‌وه‌ی جیهان ژینی کوردی ده‌کات و له‌گه‌ڵ ئالنگاری و خۆکۆڵینی ڕه‌خنه‌گرانه ڕووبه‌ڕوومان ده‌کاته‌وه. له سۆنگه‌ی مێژووی ئه‌ندێشه‌وه، له ئه‌ندێشه و جیهانبینیی کورده‌کان له قۆناغه‌کانی که‌ونارا( پێش سه‌رده‌می ئیسلام)، ئیسلامی و هاوچه‌رخدا دابڕان و نه‌بوونی په‌یوه‌ستی و هه‌ڵپێکراویی چه‌مکیانه و ناوهرۆکیانه هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ک که ده‌توانین باس له قه‌یرانی مه‌عریفه‌ناسیی له ئه‌ندێشه‌ی کورد دا بکه‌ین. له‌م ڕووه‌وه له‌گه‌ڵ نه‌بوونی مه‌عریفه‌یه‌کی کوردی‌دا به‌ره‌وڕووین که کرۆک و شوێنگه‌ی ئه‌ندێشه‌ی کوردی هه‌بێت و ڕۆنراوی زه‌ینی کوردی و تایبه‌تمه‌ندیی ئاوه‌زمه‌ندی و ئه‌قڵانییه‌تی کوردی هه‌بێت. نه‌ک ته‌نها توخم و ورده‌کارییه‌کانی مه‌عریفه له ئه‌ندێشه‌ی سیاسیی له چاخی که‌ونارا، نه‌بووژاوه‌ته‌وه و زیندوو نه‌کراوه‌ته‌وه به‌ڵکوو پراکسیسی مێژوویی کورده‌کانیش به‌پێی ئه‌وانه بیچمیان نه‌گرتووه و دروست نه‌بوونه. ئه‌م دابڕانه مێژوویی و چهمکیانهیه بووه‌ته هۆی دروستبوونی قه‌یران له ئه‌ندێشه‌ی سیاسیی کوردی‌دا و ئه‌م نه‌بوونی ئه‌ندێشه و مه‌عریفه کوردییه و ئه‌م بۆشاییه تیۆریکهی له فۆرمه‌کانی دیکه‌ی کو‌لتوور و نه‌ریتی کورددا وه‌کوو ئه‌ده‌بی کوردی، ئه‌خلاقی کوردی، سینه‌مای کوردی، مێژووی کوردی، ئه‌ندێشه‌ی سیاسیی کوردی، ڕؤشنبیریی کوردی زۆر به‌رهه‌ست و به‌رچاوه. بۆیه ناکرێت باس له جۆرێک نه‌ریتی هزریی کوردی (فۆرمی مه‌عریفی و تیۆریی نه‌ته‌وه‌یی) بکرێت و ئه‌گه‌ر ئه‌گه‌ر له ئه‌ندێشه و مه‌عریفه له نه‌ریتی هزریی کورددا “ئه‌ویدی” بسڕدرێته‌وه و ئایدۆلۆژیای سیاسییه مۆدێڕن و هاوچه‌رخه‌کان لێی ده‌ربکرێن، شتێک به‌ناوی ئه‌ندێشه و مه‌عریفه‌ی کوردی نامێنیته‌وه. ئه‌گه‌رچی ده‌کرێت باس له مه‌عریفه و ئه‌ندێشه و ئه‌قڵانییه‌ت له ناو کورد دا بکرێت، به‌ڵام ناتوانرێت باس له ئه‌ندێشه، ئه‌قڵانییه‌ت و مه‌عریفه‌ی کوردی بکرێت. لێکدانه‌وه، ناسین و ڕوونکردنه‌وه‌ی قه‌یرانی بوونناسانه و مه‌عریفه‌ناسیی له پرسی کوردی‌دا و ده‌رکه‌وته‌کان و به‌رهه‌مه زه‌ینی(ده‌رهه‌ست) و به‌رهه‌سته‌کانی پێویستی به کوردئهندێشیی هه‌یه. بۆ نموونه زه‌ینی کوردی زه‌ینێکی ئوستوورهساز نییه و له‌گه‌ڵ سیسته‌م، حوکمڕانی، یاسا و بیرکردنه‌وه‌ی ئه‌قڵانیدا نامۆیه. ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه نه‌رێنییه له پرسی کوردی‌دا به‌هۆی بوونی سیسته‌مێکی مه‌عریفی، جۆرێک بیرکردنه‌وه لاباره‌ی لێکدژی و نه‌بوونه‌کان نییه به‌ڵکوو له لایه‌که‌وه ده‌ربڕی هه‌مان نه‌بوونی مه‌عریفه‌ی تیۆریک و ملبادان له ئه‌ندێشه‌ی ئه‌قڵانییه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه به‌رهه‌می کردهوهزهدهیی له زه‌ینی ئهویدیدایه. تاڕاده‌یه‌کی زۆر کرده‌ی مێژوویی کوردی له‌سه‌ر بنه‌مای غه‌ریزه‌ی وجوودی بووه. له ڕوانگه‌یه‌کی ئالنگارانهوه، کردهگهرێتیی کوردیی که به‌جۆرێک کردهنوێنییه له بنه‌مادا به‌تاڵه له مه‌عریفه و ئه‌ندێشه‌ی کوردی. له حاڵێکدا که له هه‌ندێک ڕووه‌وه ده‌کرێت باس له فۆرمه‌کانی ئه‌ندێشه و کرده‌ی یۆنانی، ئاڵمانی، ئێرانی، چینی و عه‌ره‌بی بکرێت. گشتییه‌تی “کوردی” سه‌ربه‌خۆیی بوونناسانه و مه‌عریفه‌ناسانه‌ی نییه و ته‌نها له به‌ستێنی پراکسیسی مێژوویی خۆیدا خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی کردار (له فۆرمه‌کانی به‌رگری، ململانێ و خه‌بات) بووه که ئه‌مه‌ش لایه‌نی نه‌رینی زۆره، پرسی کوردی به‌تاڵه له ئه‌ندێشه‌ی میژوویی و به‌تایبه‌تی ئه‌ندێشه‌ی سیاسی.
له‌م ڕووه‌وه لایه‌نی نه‌رێنی کرده‌وه‌ی مێژوویی کورد له‌گه‌ڵ دوو بابه‌تدا به‌ره‌وڕوو بووه؛ یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که کرده‌ی مێژوویی کوردی به‌زۆری په‌رچه‌کردارێک بووه و له سۆنگه‌ی به‌رخۆدانی ده‌سه‌ڵاتی فۆکۆییدا له فۆرمی خه‌بات و به‌رگری، له هه‌مبه‌ر فۆرماسیۆن و بیچمبه‌ندیی مه‌عریفه‌ی ئه‌ویدیدا به‌رده‌وام به‌رخۆدانی کردووه. ئه‌مه له حاڵێکدایه که له ڕوانگه‌ی مێژووی ئه‌ندێشه‌وه، توانست و پوتانشێلی دامه‌زراندنی سیسته‌مێکی هزری، سیاسی و ئه‌خلاقیی پێویست بۆ گشتییه‌تی وجوودی خۆی و یان جه‌مسه‌ربه‌ندیی ئه‌ویدی نه‌بووه. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه، ڕۆشنبیریی کوردی ده‌بێت مه‌ودا و دابڕانی هه‌بێت. به‌م مانایه که به‌رده‌وام له پرۆسێسی ڕۆشنبیری و ئهندێشهگهریدا ده‌بێت له‌گه‌ڵ “ئه‌ویدیدا” مه‌ودایه‌کی بوونناسانه‌ی بنه‌مایی هه‌بێت و له‌گه‌ڵ به‌ستێنی ڕۆشنبیریی کوردی‌دا مه‌ودای مه‌عریفه‌ناسانه‌ی هه‌بێت. مه‌عریفه و سیسته‌می زانستی جیهان ژینی کوردی به‌رهه‌می نه‌بوونی جیاوازییه له‌گه‌ڵ بوونی به‌رهه‌ست و دیار ئه‌ویدی.
دووه‌مین پرس نه‌بوونی ئه‌ندێشه، تیۆری، سیسته‌می هزری و مه‌عریفی بۆ پراکسیسی مێژوویی (نه‌بوونی کرده‌ی مه‌عریفی) بووه. پراکسیس له‌گه‌ڵ حیکمه‌تی کرده‌کی و تێخنهدا په‌یوه‌ندیی هه‌یه. چه‌مکی پراکسیس که ده‌سته‌واژه‌یه‌کی یۆنانییه ده‌لاله‌ت له جووڵه(Action) و کردار (practice) ده‌کات، به‌ڵام له فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ره‌تایی کاریل مارکسدا له ڕووی چه‌مکی و ماناییه‌وه گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه و ده‌لاله‌ت له یه‌کانگیریی تیۆره و کردار به مه‌به‌ستی پڕکردنهوهیی قه‌ڵشتی نێوان ئایدیا و واقیع ده‌کات. به باوه‌ڕی “حاته‌م قادری”، له ڕاستیدا په‌یوه‌ندییه‌کی به‌رده‌وام و نه‌پساوه له نێوان ئه‌ندێشه و واقیعی سیاسی‌دا هه‌یه که له کرداری سیاسی‌دا ده‌نوێنرێته‌وه. به مانایه‌ک، زۆرێک له ئه‌ندێشه‌کان و ئایدیاکان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ واقیعدا تووشی گۆڕانکاریی و ئاڵوگۆڕ، پاشه‌کشێ و ته‌نانه‌ت کاڵبوونه و توانه‌وه‌ش ده‌بن. مه‌به‌ست له پراکسیس په‌یوه‌ندیی نه‌پساوه‌ی ئه‌ندێشه و واقیع به‌شێوه‌ی کردارییه. ئایدیایه‌ک هه‌یه و واقیعێکیش له ئارادایه، ئێسته ئه‌گه‌ر نیازی پراکتیزه‌کردنی هه‌بێت له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کێشه و له‌مپه‌ر ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌رچی پراکسیس ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی کرداره‌وه، گۆڕانکاری و ده‌ستێوه‌ردان له واقیع و ئایدیا بکات. کردار بواری هاوبه‌شی ئایدیا و بابه‌تی ڕیال(واقیع)ه. ئه‌ندێشه‌یه‌ک که نۆرماتیڤ و بههامهند بێت، واته خواستی به‌ره‌و باشتربوونی هه‌بێت، له کرداردا پراکسیس ده‌بێت. به ده‌ربڕینێکی دیکه، پراکسیس به‌جۆرێک کۆکراوه‌ی ئایدیا و کرداره؛ چونکه هه‌م له ڕووی بههامهندییهوه نیازی به‌ره‌و ئایدیایه و هه‌میش له ڕێگه‌ی کرداره‌وه له گه‌ڵ واقیع ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه و کاریگه‌ریی لێ وه‌رده‌گرێت.
“ئه‌نجام”
پێویسته ڕۆشنبیری کورد له شوێنگه‌ی هه‌نووکه‌یی خۆی له‌گه‌ڵ نه‌ریتدا بکه‌وێته گفت و گۆوه، ئه‌مه‌ش پێویستیی به لێکدانه‌وه، ڕوونکردنه‌وه و ناسینی چه‌مکی نه‌ریت هه‌یه. خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی نه‌ریت له شوێنگه‌ی هه‌نووکه‌یی و به‌ره‌و ئاسۆی داهاتوو، به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان کردنه‌وه‌ی ئاسۆ نوێکانه. زۆرێک له بیرمه‌ندانی دیاری وه‌کوو “هیگل، هایدێگێر، هابێرماس، گادامێر و مه‌ک ئینتایر” باوه‌ڕیان وایه بۆ ده‌رچوون و ده‌ربازبوون له قه‌یرانه‌کانی مۆدێڕنیتی پێویسته له‌گه‌ڵ نه‌ریتی هزری بچینه ناو گفت و گۆوه. به‌ده‌ربڕینێکی دیکه، گفت و گۆی نێوان مۆدێڕنه و نه‌ریت ڕێگایه‌ک ده‌کاته‌وه که ده‌شێت کۆمه‌ڵێک وه‌ڵامی بۆ قه‌یرانه‌کانی پرسی مۆدێڕنیتی و لێکه‌وته‌کانی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌بێت. چه‌مکی ڕۆشنبیری و چۆنێتیی په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ مۆدێڕنێتی له نه‌ریتی هزریی کوردی‌دا ده‌شێت له‌م ڕوانگه‌یه‌وه بخوێنرێته‌وه و فام بکرێت.
به بێ ناسینی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی نه‌ریت و تێگه‌یشتن له سرووشت و توخمه پێکهێنه‌ره‌کانی، سه‌رهه‌ڵدانی وتهزاگهلێکی مۆدێڕنی وه‌کوو ڕۆشنبیری و دانوستان له‌گه‌ڵ جیهان بی سوود و نابهرههمهێنه. له سۆنگه‌ی نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی مه‌عریفی و تیۆریکی کورد، له‌سه‌رووی ئایدۆلۆژییه‌کانی چه‌پ و ڕاستی هاوچه‌رخه‌وه، وادێته به‌رچاو بیرکردنه‌وه و باسوخواسی ئاوه‌زمه‌ندانه له‌باره‌ی پرسی سیاسی، پرسی دینی، پرسی کۆمه‌ڵایه‌تی، پرسی ئه‌ده‌ب و …هتد به تێڕوانینێکی فه‌لسه‌فی و بیچمدانیان له زه‌ینی کوردی‌دا، پێویستییه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره. ئه‌گه‌رچی له پرسی کوردیی هاوچه‌رخدا ده‌کرێت بنه‌ما و پاڵپشته تیۆرییه‌کانی نه‌ریتی ڕۆشنبیریی ڕۆژئاوا که‌شف بکه‌ین و ڕوونی بکه‌ینه‌وه، به‌ڵام پرسی کوردی پاڵپشتی مه‌عریفی و بیرکردنه‌وه‌ی له نه‌ریتی هزریی کوردی‌دا نییه. هه‌ر بۆیه خوێندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی نه‌ریتی هزریی کوردی و تێگه‌یشتن له کردار و دانوستانی مێژوویی کورد زۆر گرینگ و ڕێنیشانده‌ر ده‌بێت؛ هه‌ربۆیه له‌م ڕووه‌وه ده‌بێت ده‌سته‌بژێران، پسپۆڕان و ڕۆشنبیرانی کوردستان وه‌ڵامی ئه‌م پێویستییه بده‌نه‌وه. تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی قه‌یراناویی ئه‌ندێشه له بواری ڕۆشنبیری له کوردستان، ڕۆشنبیر و توێژه‌ری کورد پێویستییان به لێکدانه‌وه‌ی ماهییه‌ت و کارکرده‌کانی ڕۆشنبیریی له سێ ئاستی ناوچه‌یی “به ده‌ربڕینی فوکۆ”، ئاستی جیهانگیر و گشتی (به گوێره‌ی تێڕوانینی هابێرماس) و له لاختی کۆمه‌ڵایه‌تی و جیهان ژینی کورردیدا(به‌پێی بیردۆزی مانهایم) هه‌یه.
ئه‌گه‌ر خوازه یان میتافۆڕی ڕۆشنبیریی، له‌گه‌ڵ بیرکردنه‌وه‌ی نوێ به‌پێی ئه‌قڵی سنووردار و خۆ بوونیادی مرۆیی پێناسه بکرێت، بیرکردنه‌وه له پرسی مه‌ده‌نی له جیهان ژینی کوردی‌دا، ته‌نها و ته‌نها له ڕێگه‌ی تێگه‌یشتن و ناسینی دوو پانتای مۆدێڕنیتی و نه‌ریت و ڕوونکردنه‌وه‌ی پێگه و شوێنگه‌یان ده‌پۆڕێت. به‌م هۆیه‌وه، مه‌رجی پێویست و شیاو بۆ ئاوه‌زمه‌ندێتی و دامه‌زراندنی ئه‌ندێشه له پانتای مۆدێڕنیتی، ناسینی ئه‌م پرسه و تێگه‌یشتن له‌م بابه‌ته له لایه‌ن سووژه‌ی ڕه‌خنه‌گریی کوردییه‌وه‌یه.
سه‌رچاوه: گۆڤاری ژیلوان، ساڵی دووهه‌م( ڕه‌شه‌می ساڵی 1395/2017)ی هه‌تاوی.
نووسین: د.جه‌لال حاجی زاده
وەرگێڕان: حه‌بیب ساڵحی