ئاخۆ ئەگەر دەوڵەمەندتر بایت، دڵخۆشتر دەبوویت؟ زۆر کەس پێیان وایە دڵخۆشتر دەبوون. وەلێ لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن تەنها لە ئاستەکانی داهاتی زۆر نزمدا سامانی زیاتر بەختەوەری بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بۆ نموونە، خەڵکی ئەمهریکا بە تێکڕا لە خەڵکی نیوزلەندا دەوڵەمەندترن، بەڵام بهختەوەرتر نین. لەوەش دراماتیکیتر ئەوەیە خەڵکی نەمسا و فەڕەنسا و ژاپۆن و ئەڵمانیا لە خەڵکی وڵاتانی زۆر هەژارتری وەک بەرازیل و کۆڵۆمبیا و فلیپین بەختەوەرتر نین.
بەراوردکردن لە نێوان ئەو وڵاتانەی خاوەن کولتووری جیاوازن، زۆر سەختە، بەڵام هەمان کاریگەری لە نێوخۆی وڵاتەکانیشدا دەردەکەوێت، تەنها لە ئاستەکانی داهاتی زۆر نزمدا نەبێت، وەک لە خوار ١٢٠٠٠ دۆلاری ساڵانە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان. بەدەر لەو خاڵە، زیادبوونی داهات جیاوازییەکی ئەوتۆ لە بەختەوەریی خەڵکیدا دروست ناکات. ئەمهریکییەکانی ساڵانی ١٩٥٠ دەوڵەمەندترن، بەڵام بەختەوەرتر نین. ئەمهریکییە داهات مامناوەندەکانی ئەمڕۆ –واتە ئەوانەی داهاتی خێزانییان لە نێوان ٥٠٠٠٠ بۆ ٩٠٠٠٠ دۆلاردایە– لە ئاستێکی بەختەوەریدان کە بە نزیکەیی هاوشێوەی ئهو ئەمهریکییە دەوڵەمەندانەیە کە داهاتی خێزانییان لە ٩٠٠٠٠ دۆلار زیاترە. زۆربەی ئەو ڕاپرسییانەی لەبارەی بەختەوەرییەوە دەکرێن، زۆر بە سادەیی پرسیاری “چەندە لە ژیانیان ڕازین” ئاڕاستەی خەڵکی دەکەن. ناتوانین متمانەیەکی تەواومان بەم جۆرە لێکۆڵینەوانە هەبێت، ئاخر ئەم جۆرە حوکمدانە گشتییە لەسەر “ڕەزامەندیی ژیان” لەوانەیە ڕەنگدانەوەی ئەوە نەبێت بە ڕاستی خەڵک چەندە چێژ لە شێوازی بەسەربردنی کاتەکانیان وەردەگرن.
دانیال کاهنێمان (Daniel Kahneman)ی هاوکارم لە زانکۆی پرینستۆن و چەند هاوتوێژەرێک (co-researchers) هەوڵیان دا بابەتییانە ڕادەی هەستکردن بە خۆشگوزەرانیی خەڵکی بپێون، ئەمیش بەوەی چەندین جار لە ڕۆژێکدا لەبارەی دۆخی دەروونییانەوە پرسیاریان لێ بکرێت. لە وتارێکدا کە لە ٣٠ی حوزەیراندا لە ڕۆژنامەی زانستدا (Science) بڵاو کراوەتەوە، باس لەوە دەکەن بە گوێرەی داتاکانیان پەیوەندییەکی کەم لە نێوان داهات و بەختەوەریدا هەیە. بە پێچەوانەوە، کاهنێمان و هاوکارەکانی بۆیان دەرکەوتووە ئەو کەسانەی داهاتیان زیاترە، کاتێکی زیاتر لەو چالاکییانەدا بەسەر دەبەن کە بە هەستە نەرێنییەکانی وەک شڵەژان و فشارەوە پەیوەستن. لەجیاتیی هەبوونی کاتی زیاتر بۆ لیژەر (leisure)، کاتەکانیان زیاتر لە شوێنی کار و هاتوچۆکردن بۆ شوێنی کارەکانیان بەسەر دەبەن. بە زۆرییش لە ڕەوشگەلێکی دەروونیدا بوون کە بە دوژمنکارانە، تووڕە، دڕدۆنگ و شڵەژاو وەسفیان کردوون.
بێگومان ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت “بەختەوەری بە پارە ناکڕرێت” نوێ نییە، زۆرێک لە ئایینەکان ڕێنمایی ئەوەمان دەکەن وابەستەبوون بە شتە ماددییەکانەوە خەمبارمان دەکات. بیتڵزەکان (The Beatles) بیریان هێناینەوە پارە خۆشەویستیمان بۆ ناکڕێت. تەنانەت ئادەم سمیس (Adam Smith)، ئەو کەسەی پێی وتین لە خێرخوازیی گۆشتفرۆشەوە [شێو]ـەکەمان بە دەست ناهێنین، بەڵکو لە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەیەتی؛ چێژە ئەندێشەکراوەکانی سامانداری بە “تەفرەدان” دادەنێت.
سەرەڕای ئەوەش، شتێکی پارادۆکسیکاڵ لەم بابەتەدا هەیە. ئەگەر سەروەت و سامان بەختەوەرمان ناکهن، بۆچی هەموو حکومەتەکان سەرنجیان لەسەر زیادکردنی بەشی تاکەکانە لە داهاتی نیشتمانی؟ بۆچی زۆرێکمان هەوڵ دەدەین پارەی زیاتر بە دەست بهێنین؟ ڕەنگە وەڵامەکە لە سروشتی ئێمەدا بێت وەک بوونەوەرێکی ئامانجدار. ئێمە لەو بوونەوەرانەوه پەرەمان سەندووە کە دەبوو بە سەختی کار بکەن تا خۆراک بۆ خۆیان پەیدا بکەن و هاوسەرێک بدۆزنەوە و منداڵیان گەورە بکەن. لە جڤاتە کۆچەرییەکاندا خاوەنێتیی ئەو شتانەی مرۆڤ نەتوانێت هەڵیان بگرێت، بێفەڕ بوو. بەڵام کاتێک مرۆڤەکان جێگیر بوون و پهرهیان به سیستەمێکی پارە دا، ئەم سنووربەندییەی بهدەستهێنان نەما.
کەڵەکەکردنی پارە تا بڕێکی دیاریکراو لە کاتە دژوارەکاندا دەمانپارێزێت، بەڵام لەمڕۆدا بووە بە ئامانج له خودی خۆیدا، ڕێگەیەک بۆ پێوانەکردنی پێگە یان ڕادەی سەرکەوتنی مرۆڤ، پارەپەیداکردن شتێکمان پێ دەبەخشێت كه هەست دەکەین شایستەی هەوڵدانە، بە مەرجێک، زۆر بیر لەوە نەکەینەوە بۆچی ئەو کارە دەکەین. لەم بەستێنەدا با ژیانی وەبەرهێنەری ئەمهریکی، وارن بافێت (Warren Buffett) لەبەرچاو بگرین. پەنجا ساڵە بافێتی تەمەن حهفتاوپێنج ساڵ کار لەسەر کۆکردنەوەی سامانێکی بەرفراوان دەکات. بەپێی گۆڤاری فۆربێس (Forbes)، دووەم دەوڵەمەندترین کەسی جیهانە، دوای بیڵ گەیتس، سامانەکەی چلودوو ملیار دۆلارە. بەڵام بە شێوازی ژیانیدا بێت، پێ ناچێت بە تایبەتی چێژ لە خەرجکردنی بڕێکی زۆری پارە ببینێت. تەنانەت ئەگەر دەستبڵاویش با، قورس بوو زیاتر لە بەشێکی بچووکی سامانەکەی خەرج بکات.
لەم ڕوانگەیەوە، دەتوانین بڵێین هەموو هەوڵ و تەقەللاکانی بافێت بۆ کۆکردنەوەی پارەی زیاتر دوای بەدەستهێنانی چەند ملیۆنێکی سەرەتا لە ساڵانی شەستەکاندا، بێهودە دەردەکەوێت، ئاخۆ بافێت قوربانیی ئەو “فێڵە”یە کە ئادەم سمیس باسی کردووە و کاهنێمان و هاوکارەکانی بە قووڵتر لێیان کۆڵیوەتەوە؟ بە ڕێکەوت، بابەتەکەی کاهنێمان لە هەمان ئەو هەفتەیەدا دەرکەوت کە بافێت گەورەترین بەخشینی خێرخوازیی لە مێژووی ئەمهریکادا ڕاگەیاند – سی ملیار دۆلار بۆ دامەزراوەی بیڵ و مێلیندا گەیتس (Bill and Melinda Gates Foundation) و حهوت ملیار دۆلاری دیکە بۆ دامەزراوە خێرخوازییەکانی دیکە. تەنانەت ئەگەر بهخشینهكانی ئەندرۆ کارنێگی (Andrew Carnegie) و جۆن دی ڕۆکفێلەر (John D. Rockefeller) بەگوێرەی هەڵاوسان هەموار بکەینەوە، بەخشینەکانی بافێت زیاترن. بە یەک گوژمە، بافێت ئامانجی ژیانی خۆی بەخشیوە. بەو پێیەی کەسێکی ئەگنۆستیک(Agnostic)ـە، پاڵنەری بەخشینەکەی باوەڕداری نەبووە بەوەی کە لە ژیانی دوای مردندا سوودی بۆی دەبێت. کەواتە ئاخۆ ژیانی بافێت هیچمان لەبارەی سروشتی بەختەوەرییەوە پێ دەڵێت؟
وەک ئەوەی لە لێکۆڵینەوەکانی کاهنێمانەوە ئەنجامگیری دەکەین، بافێت کەمتر ژیانی لە بارێکی ئەرێنیدا بەسەر بردووە بەراورد بەوەی ئەگەر لە ساڵانی شەستەکاندا وازی لە کارکردن هێنابا و لەسەر سەروەت و سامانەکەی ژیابا و یاریی بریچی bridge زیاتری کردبا. بەڵام ئەگەر وازی هێنابا، بە دڵنیاییەوە هەستی بەو ڕەزامەندییەی ئێستا نەدەکرد کاتێک دەبینێت هەوڵ و ماندووبوونەکەی و لێهاتووییە نائاساییەکەی لە وەبەرهێناندا لە ڕێگەی دامەزراوەی گەیتسەوە، هاوکار دەبن لە چارەسەركردنی ئەو نەخۆشییانەی کە دەبن بە هۆی مردن و کەمئەندامیی چەندین ملیار لە هەژارترین کەسەکانی جیهان. بافێت ئەوەمان بیر دەخاتەوە بەختەوەری تەنها ئەوە نییە لە بارێکی دەروونیی باشدا بین.
سەرچاوە
https://www.project-syndicate.org/
نووسینی: پیتەر سینگەر
وەرگێڕانی: دڵشاد حامید دەروێش