چەند ڕۆژێکە سۆشیاڵ میدیا و بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان هەرا و فەوزایەکی بێ سەروو بەری گەورەیان دروستکردووە سەرقاڵیەکی بێ بنەمایان ناوەتەوە لەسەر وتەی بەشداربوویەکی یەکێک لە بەرنامە تەلەفزیۆنیەکان . بەڕاستی ئەوەی لە میدیای کوردیدا دەیبینی هاوشێوەی نیە لە بێ سەروو بەری و تێکەڵی و فەوزا و بێ سانسۆری، فەوزایەکە کەس ئاگای لە کەس نییە ھەڵتۆقینی چەندین دەزگای میدیایی لەژێر ناوی ئازاد ی و ئەم جۆرە دەستەواژانە، لەپاڵ ئەمانیشدا دروست بونی ڕێکخراو و پەیمانگە و چەندینی تر لەژێرناوی کردنەوەی خول و ڕاھێنان بۆ ڕۆژنامەنوسان و دروستکردنی ڕۆژنامەنوس و میدیاکاری پڕۆفیشناڵ، لە کاتێکدا ئەم ھەموو شێوازە لە بیرکردنەوەی پڕۆفیشناڵی بوون بەڵام ھەر نا پڕۆفیشناڵانە لەزۆرینەی دەزگا میدیاییەکان دەبینرێت
له جیھاندا ئهرکی میدیا بریتییه له گهیاندنی ههواڵ و زانیاریی بهشێوهیهکی دروست، یان ههوڵدانه بۆ گهیاندنی پهیامی جهماوهر به دهسهڵات و حکوومهتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان. ئەرکی میدیایە بهدواداچوونی ورد ئهنجام بدات و زانیارییە دروستەکان بخاتە بەردەستی جەماوەر و رای گشتی، دووری لە هەموو شێوازێکی گەیاندنی ڕای ناتەندرووست و فیتنە ئامێز. ئەگەر میدیا گرنگیدا بە رەوشتی راگەیاندن، لهکاتی بوونی بابەتە گوماناوییەکان یان کێشە و گرفتەکان، مەیلی ھێور کردنەوەی ڕای جەماوەریدا ئەوا لەو کاتەدا ڕاگەیاندن پەیامی ڕاستەقینەی خۆی گەیاندووە. ئەوەی لێرەدا دەمەوێت تیشکی بخەمە سەر وروژاندنی بابەتە هەستیارەکانی ناو کۆمەڵگەیە ئەو بابەتانە ئاینی بن یان سیاسی و کۆمەڵایەتی. وەک دەیزانین ئاینی زۆرینەی خەڵکی کوردستان ئیسلامە و بابەتی ئاینیش یەکێکە لەو بابەتە هەستیارانەی کە قسەکردن لەسەری بێ زانیاری یاخوود هێڕشکردنە سەر بابەتێکی ئاینی بە نیازێکی خراپ یان بێ نیاز و بێ زانیاری کاردانەوەی تووند بە دوای خۆیدا دێنیت وەک ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان. قسەکردن لەسەر هەر بابەتێک لە بەرنامە تەلەفزیۆنیەکاندا پێویستی بە پسپۆڕی و ئاگاداری تەواو هەیە بۆ دەربڕینی وتەکان، وە لەسەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش پێویستە ئەو کەسەی کە میوانداری دەکەن بۆ ئەو بابەتەی هەڵیانبژاردووە کەسانی پسپۆڕ و شارەزابن ، بە داخەوە ڕاگەیاندنی کوردی کەسانی وا میوانداری دەکات بۆ بەرنامەی تایبەت نازناوی وای دەداتێ کە بینەر و بیسەر تووشی شۆک دەکات کەسی میوانیش سەرسام دەبێت بەو نازناوە گەورەی پێی دراوە.
لە دوورە قسەکردن و ڕاڤەکردن لەسەر کۆمەڵگەی کوردی زۆر جار گران بەڕووتدا دەشکێتەوە لە پێکانی ئـەو نیشانەی مەبەستە ، ئـەمەش بەھۆی ڕۆنەچوونەوەیە بۆ ناو ھەناوی خەڵک بەشێوەی فیعلی. راگەیاندنی کوردی خاوەنی ھەموو ئامرازەکانی گەیاندنە بەڵام لە زۆر باردا جگە لەوەی فەوزا لە نێوان خۆیاندا دروست دەکەن، گومان و کێشە و گرفت دەخەنە نێو دەستی جەماوەر، ئیتر لەگەڵ دەستاودەستکردنی بابەتەکە و گواستنەوەی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە شێواوی بەسەر برێکی زانیاری یان تەواوی زانیارییەکاندا دێت. چونکە میدیا مەیلی ھێور کردنەوەی نیە و نابێتە ھاوکار بۆ گفتوگۆکردن و تێگهیشتنی بابەتەکان، تاوەکو چارهسهر بکرێن. بهتایبهت بۆ ئهو کێشه ئاینی و سیاسی و حزبیانهی ڕیتمی ژیان له کۆمهڵگه دیاری دهکهن. لە هەرێمی کوردستان ژمارەی میدیا و ڕاگەیاندنەکان لە دەیان و سەدان دەرچووە. بە بڕوای بەشێک لە شارەزا و چاودێران ئەگەرچی زۆری ژمارەی میدیا لایەنی ئەرێنی هەیە و نیشانی بوونی ئازادییە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بۆی هەیە کاریگەری نەرێنیشی هەبێت لەسەر ئەرکەکانی میدیا.
هەموان دەزانین جەنگی ئوحود ئەو جەنگە بوو کە ڕەوتی مێژوویی نێوان کوفر و ئیمانی دیاری کرد، جەنگی ئوحود کۆتایی هات، وەلێ وانەکانی بـۆ هەموو کات و سەردەمێـک بەسوودە بوو بە بەشێک لە مێژووی موسوڵمانان و لە کتێبەکانی مێژووی زۆربەی دەوڵەتە مووسوڵمانەکاندا دەخوێنرێت کوردیش هەروەک بەشێک لە وڵاتانی ئیسلامی ئەو مێژووە دەخوێنێت هەروەک چۆن مێژووی دەوڵەتی ساسانی و یۆنانی و سۆمەری و ئەکەدی و ئاشووری دەخوێنێت، دانانی ئەو مەنهەجەش لیژنەی پسپۆڕ هەڵیبژاردووە لادانیشی هەر تایبەتە بەو لیژنە پسپۆڕانەی کە سەر بە وەزارەتی پەروەردەن بە کەیف و وتە و زەوقی هیچ کەس بێ دیراسەکردن لانابرێن . تا ئێرە بە گشتی باسمان کرد ئەوەی دەمەوێت زیاتر تیشکی بخەمە سەر ئەوەیە کە هەر کەس ڕایەکی دەربڕی حەق نیە ئەو هەموو هێڕشەی بکرێتە سەر ئەگەر دەتوانی وەڵامی بدەوە نەک هێڕش بەڵکوو بەڵگە و دۆکیۆمێنت، لەسەر کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیشە پسپۆڕ و شارەزای خاوەن زانیاری تەواو بۆ بابەتە هەستیارەکان بۆ بەرنامەکانیان بانگهێشت بکەن، وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەزگا پەیوەندیدارەکانیش پێویستە پێداچوونەوە بەو فەوزا و بێ سانسۆریەی میدیاکاندا بکەن.