ڤلادیمێر پوتین لە چاوی زۆرینەی هاووڵاتیانی وڵاتەکەیدا وەک ئەو کەسە دەمێنێتەوە کە شانازیی ڕووسیای گەڕاندەوە، دوای ئەوەی بەهۆی هەژاری و گەندەڵی (بۆریس یێڵتسین)ەوە تێکچووبوو. کاتێک لە تەمەنی 47 ساڵیدا هاتە ناو کرێملین، بەڵێنی دا دۆستایەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا دروست بکات بە سوودوەرگرتن لە نرخە لەبارەکانی نەوت و غاز، پەرە بە ئابووری بدات.
لە مانگی ئاداری ڕابردوودا، سەرۆکی ڕووسیا زیاتر لە 87%ی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنێکدا بەدەست هێنا کە هیچ ئۆپۆزسیۆنێک بەشدار نەبوو. لە ساڵی 2020 دەستوور هەموار کرایەوە و ڕێگە درا پوتین تا ساڵی 2036 لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
سەرەڕای هەموو ئەو فشارانەی کە لەناوەوە و دەرەوەیەوە لەسەری دانراون، ڤلادیمێر پۆتین، سەرۆکی ڕووسیا دەستی بە خولی پێنجەمی سەرۆكایەتی کردەوە، بۆ ئەوەی حوکمڕانیی وڵاتەکەی بکات، کە خەون بە گەڕاندنەوەی شکۆمەندیی وڵاتەکەی دەبینێت، بێ ئەوەی کاریگەریی دەنگی ئۆپۆزسیۆن و فشارەکانی ڕۆژئاوا و شەڕی دژی ئۆكراینا ساردی بکەنەوە.
لەنێوان لەشکرکێشیی ئۆكراینا و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕۆژئاوا، ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا، هەفتەی ڕابردوو پێنجەمین خولی خۆی وەک سەرکردەی جەنگ دەست پێکرد، کە نزیکەی یەک چارەکە سەدەیە لە ترۆپکی دەسەڵاتدا بەردەوامە. پوتین لە مەراسیمێکدا، کە لەلایەن کرێملینەوە بەڕێوە چوو و ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا بایکۆتیان کردبوو، سوێندی یاسایی خوارد، بۆ دەستپێکردنی خولی نوێی سەرۆکایەتی بۆ ماوەی شەش ساڵی دهاتوو.
پوتین لەسەر ئاستی ناوخۆدا دەستی سیاسیی خۆی توندتر دەکات، لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتییشدا سەرقاڵی ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، کە بە قۆستنەوەی ئۆكراینا وەک ئامرازێک بۆ هەوڵدان بۆ شکستهێنان و هەڵوەشاندنەوەی ڕووسیا، تۆمەتباریان دەکات، سەرەڕای دانپێدانانی بە ڕووسیا، بەڵێنی سەرکەوتنی بە گەلەکەی دا، لەو بارودۆخە سەختەی وڵاتەکەی پێیدا تێدەپەڕێت.
لەمیانی مەراسیمی سوێندخواردنەکەدا، پوتین بە ڕوونی ئاماژەی بەوە دا، پێدەچێت گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژئاوا سەبارەت بە سەقامگیریی ستراتیژی ئەتۆمی لەسەر بنەمای یەکسانی قبووڵ بکات، بەڵام ڕۆژئاوا دەبێت بڕیارێک لەبارەی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووسیادا بدات.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەشداریی مەراسیمی دەستبەکاربوونی نەکرد، دوای ئەوەی ڕایگەیاند، کە دووبارە هەڵبژاردنەکەی بە ئازاد و دادپەروەرانە نازانێت. هەروەها بەریتانیا، کەنەدا و زۆربەی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریان دا، بایکۆتی مەراسیمەکە بکەن. ئۆكراینا ڕایگەیاند، کە ئامانجی مەراسیمەکە دروستکردنی “وەهمێکی شەرعییەتدانە بۆ مانەوە لە دەسەڵات، بۆ ماوەی نزیکەی تەمەنێک بۆ کەسێک، کە فیدراسیۆنی ڕووسیای کردە دەوڵەتێکی دەستدرێژکار و سەرکوتکار و دیکتاتۆر”.
ئەلێکسی ناڤالنی، كە دیارترین ڕکابەری بوو، لە ناوەڕاستی مانگی شوباتدا، لە بارودۆخێکی نهێنی لە زیندانێکی جەمسەری باکووری ڕووسیا کۆچی دوایی کرد کە بەهۆی “توندڕەوی”یەوە سزایەکی درێژخایەنی بەسەردا سەپێنرابوو. تایبەتمەندیی دووەم، هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی جیۆپۆلەتیکی لە ڕێگەی شەڕی جۆرجیا (2008)، لکاندنی نیمچەدوورگەی کریمەی ئۆكراینا (2014)، دەستوەردانی سەربازی لە سووریا (2015) و دواجار داگیرکردنی ئۆكراینا.
پوتین زیاتر لە جاران لە پێگەی خۆیدا چەسپاوە، تا ئێستاش قەناعەتی بەو شەڕە هەیە، کە لە دژی ئۆكراینا بەرپای کردووە، پێداگریی لەسەر بەدەستهێنانی سەرکەوتن دەکات و گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە هاوسەنگییەکە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە بەرژەوەندیی خۆیدا بووە و هەست بە ماندووبوونی هاوپەیمانەکانی کیێڤ دەکات و ئۆكرایناش هەست بە ماندووبوون دەکات. لەمبارەیە، سەرۆکی ئۆكراینا بە ئاشکرا گوتی: “ئەگەر یارمەتییەکانی ڕۆژئاوا بەردەوام نەبن، ئەوا ئێمە ناتوانین بەردەوام بین.”
هیچ شتێک پوتین لە ئامانجەکانی ڕاناگرێت، نە سزاکانی ڕۆژئاوا، نە دادگاییکردنی لەلایەن دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتییەوە، بە تۆمەتی دیپۆرتکردنەوەی منداڵانی ئۆكراینا، نە زیانەکانی سوپا. چاوی لەسەر یەک ئەرک داناوە: ڕزگاربوون لە هەژموونی ڕۆژئاوا. لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023 ڕایگەیاند، کە ”ئەرکەکەی بنیاتنانی جیهانێکی نوێیە.“
بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، پوتین شانازی بەو پشتیوانییە دیپلۆماسییە دەکات کە لە چینەوە وەریدەگرێت. ئاماژە بەوە دەکات، کە ئاسیا بە سەرۆکایەتیی هیندستان ڕوو لە نەوتی ڕووسیا دەکات و ئەفریقاش بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت، دژی ”نیوکۆلۆنیالیزم“ی ڕۆژئاوا.
لە بەرەی سیاسیی ناوخۆشدا، کرێملین بەرگەی هیچ دژایەتییەک ناگرێت. نەیارانی وەک (ناڤالنی) و (بۆریس نەمتسۆڤ) کە لە ساڵی 2015 تیرۆر کرا، یان گیانیان لەدەست داوە، یاخود وەک چالاکوانان و هاووڵاتییانی ئاسایی لە زیندانەکاندان بەهۆی ڕەخنەگرتن لە شەڕی ئۆكراینا و چارەنووسیان وەک سەرۆکی گرووپی ڤاگنەرەکان دەبێت کە لە حوزەیرانی ڕابردوودا لە ڕووداوێکی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکدا گیانی لەدەست دا.
بەڵام لە چاوی زۆرینەی هاووڵاتییانی وڵاتەکەیدا، پوتین وەک ئەو کەسە دەمێنێتەوە، کە شانازیی ڕووسیای گەڕاندەوە، دوای ئەوەی بەهۆی هەژاری و گەندەڵی و (بۆریس یێڵتسین)ەوە تێکچووبوو، کاتێک لە تەمەنی 47 ساڵیدا هاتە ناو کرێملین، بەڵێنی دا دۆستایەتی لەگەڵ ڕۆژئاوا دروست بکات و بە سوودوەرگرتن لە نرخە لەبارەکانی نەوت و غاز، پەرە بە ئابووری بدات.
جۆرج بوش، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، پوتینی بە “کەسێکی تایبەت” وەسف کرد و گێرهارد شرۆدەر، ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا و سیلڤیۆ بێرلۆسکۆنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیتالیا هاوڕێی ئەو بوون، سەرەڕای ئەو سەرکوت و پێشێلکارییانەی لە چیچان ئەنجام درا.
بەڵام ناکۆکیی پوتین لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا، لە ساڵی 2007 لەمیانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە وتارێکی تونددا دەركەوت، کە بۆ کەسایەتییە باڵاکانی ڕۆژئاوا پێشکەشی کرد. دوایی پوتین بەردەوام ناتۆی تۆمەتبار کرد بەوەی، کە لە ڕێگەی فراوانکردنەوە هەڕەشە لە ڕووسیا دەکات، هەروەها ڕەخنەی لە ئەمریکا گرت، کە بانگەشەی “سەروەریی ڕەها” لەسەر تەواوی جیهاندا دەکات. ئەمانە هەمان ئەو پاساوانەن، کە دوای 15 ساڵ بۆ داگیرکردنی ئۆكراینا بەکاری هێنا. بۆیە کاتێک ئۆکراینا پرسی ئەندامبوونی خۆی لە ناتۆ وروژاند پوتین بژارەی سەربازی و دەستوەردانی ڕاستەوخۆی وەک تاکە میکانزم بەدی کرد بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کێیڤ.