بەو پێیەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، مانگی ڕابردوو ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیارنامەیەکدا ئیدانەی “ناوزڕاندنی ئایین”ی کرد. بەگوێرەی دەقی بڕیارەکە، “ناوزڕاندنی ئایین سووکایەتییەکی جددییە بە کەرامەتی مرۆڤ” کە دەبێت بە هۆی “بەرتەسککردنەوەی ئازادیی لایەنگرانی ئایینەکان”. ئەم بڕیارە لە بنەڕەتدا لە لایەن ڕێکخراوی کۆنگرەی ئیسلامییەوە (Organization of the Islamic Conference) کە ٥٦ دەوڵەت لە خۆ دەگرێت، پێشنیاز کرا. دواتر لە لایەن پاکستانەوە خرایە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤەوە. ئەمەش پاڵپشتیی ئەو بۆچوونە دەکات کە پێشنیازەکە شتگەلێکی وەک ئەو کارتۆنانەی سووکایەتییان بە محەمەدی پەیامهێن دەکرد و سێ ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژنامەیەکی دانیمارکیدا بڵاو کراونەتەوە، بە ئامانج گرتووە.
ئەڵمانیا دژی بڕیارەکە بوو. وتەبێژی ئەڵمانیا بە ناوی یەکێتیی ئەورووپاوە چەمکی “ناوزڕاندنی ئایین”ی ڕەت کردەوە، بەو پێیەی ئەم چەمکە لە بەستێنی مافەکانی مرۆڤدا کار ناکات، چونکە مافەکانی مرۆڤ هیی تاکەکانە، نەک هیی دامەزراوە و ئایینەکان. هەروەتر، زۆرێک لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان، بە سیکیولار و ئایینییەوە، دژی بڕیارەکە وەستانەوە. ڕۆناڵد لاودەر (Ronald Lauder)، سـەرۆکی کۆنگرەی جیهانیی جووەکان، ڕای گەیاند بڕیارەکە دەبێت بە هۆی لاوازکردنی “مافی تاکەکان لە دەربڕینی بۆچوونەکانیان”دا. ڕاستییەکەی، ئەم ئارگومێنتە دروست دەردەکەوێت. هەرچەندە ئهو ههوڵانهی دەدرێن بۆ ورووژاندنی ڕق و قینە دژی پەیڕەوکارانی ئایینێکی دیاریکراو یان بۆ هاندانی تووندوتیژی دژیان، دەشێت بە شێوەیەکی ڕەوا سەرکوت بکرێن، بەڵام نابێت ڕەخنەگرتن لە ئایین بگرێتەوە. بڕیارەکە پێبەندکار (binding) نییە، وەلێ ئەگەر دەوڵەتان یاسا بۆ جێبەجێکردنی دەربکەن، بێگومان کاریگەریی لەسەر ئازادیی ڕادەربڕین دەبێت. بەر لە هەر شتێک، چــــــی بە “ناوزڕاندنی ئایین” هەژمار دەکرێت، جێی مشتومڕە.
بۆ نموونە، ڕێکخراوی کۆنگرەی ئیسلامی (OIC) لە بەیاننامەکەیدا ڕای گەیاندووە “ئیسلام زۆر جار و بە هەڵە بە پێشـێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و تیرۆرەوە دەلکێنرێت”. ئاخۆ ئەم لکاندنانە هەڵەن؟ ئەگەر OIC خوازیارە ئەو بۆچوونەی دەڵێت ئیسلام مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات، بگۆڕێت، سەرکوتکردنی ئازادیی ڕادەربڕین بۆ ئەنجامـــــــدانی ئەم کارە، باشترین ڕێگە نییە. ڕێگهی گۆڕینی ئەم دیدە بریتییە لە کۆکردنەوەی بەڵگەکان لە دژی و سەلماندنی ئەوەی مافەکانی مرۆڤ –لە نێویدا مافەکانی ژنان– لە وڵاتانی ئیسلامیدا بە هەمان شێوەی وڵاتانی نائیسلامی پارێزراون. بۆ سەلماندنی ئەوەی پەیوەسـتکردنی ئیسلام بە تیرۆرەوە هەڵەیە، باشتر بوو OIC دەستی بکردایە بە کۆکردنەوەی ئامارگەلێک لەسەر ئینتیما ئایینییەکانی ئەو کەسانەی لە تیرۆرەوە تێوە گلاون. بە پێچەوانەوە، سـەرکوتکردنی ڕەخنەگرانی ئیسـلام، تەنها ئەو گومانە زیاد دەکات کە بەڵگە و ئارگیومێنتە دروستەکان ناتوانن ئارگومێنتەکانیان بە هەڵە بخەنەوە.
بە ڕێکەوت، لە هەمان ئەو هەفتەیەدا کە ئەڵمانیا و کۆنگرەی جیهانیی جووەکان بیرۆکەی “ناوزڕاندنی ئایین سـووکایەتیکردنە بە کەرامــــــەتی مرۆڤ”یان ڕەت کردەوە و پاڵپشــتییان لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین کرد، باڵاترین دادگای ئەڵمانیا حوکمی خۆی لە داوایەکدا دەرکرد کە لە لایەن ڕێکخراوێکی جوولەکە و دوو تاکی جووەوە تۆمار کرابوو. حوکمـــــی دادگاکە دژ بە مافی گرووپێکی مافەکانی ئاژەڵان بوو بە ناوی PETA بۆ نمایشکردنی پۆســــــتەرگەلێک کە وێنەی قوربانیانی هۆڵۆکۆست و ئاژەڵانی کارگە ئاژەڵییەکان و کوشتارگەکانی تێدا بوو. پۆستەرەکان ئەم ناونیشانەیان لەسەر بوو “بۆ ئاژەڵان، هەموو مرۆڤەکان نازین” – دێڕێکی نووسەری جووی لەدایکبووی پۆڵەندا، ئیسـحاق باشێڤیس سینگەرە(Isaac Bashevis Singer). بەگوێرەی دادگاکە، یاسا ئەڵمانییەکان لە پەیوەندیدا بە ئازادیی ڕادەربڕینەوە، هەڵمەتەکەی PETA ناپارێزێت، چونکە هەر کەسێک وا بکات “چارەنووسی قوربانیانی هۆڵۆکۆست بە شتێکی پووچ و بێبایەخ دەربکەوێت”، تاوانی دژی کەرامەتی مرۆیی کردووە.
بێگومان PETA نەیویستووە بڵێت چارەنووسی قوربانیانی هۆڵۆکۆست شتێکی پووچ یان بێبایەخە. بە پێچەوانەوە، بەکارهێنانی هۆڵۆکۆست بوو –کە هەموومان هاوڕاین لەسەر ئەوەی تەواو تۆقێنەر بوو– بۆ ئەوەی وەک ئیسحاق باشێڤیس سینگەر بڵێن هاوشێوەیی لە نێوان شێوازی مامەڵەکردنی نازییەکان لەتەک جووەکان و شێوازی مامەڵەکردنی ئێمە لەتەک ئاژەڵەکاندا هەیە. ئەو ئەنجامگیرییەی PETA دەیەوێت پێی بگەین، ئەوەیە کە هۆڵۆکۆست و کۆمەڵگیری و سەربڕینی ئاژەڵەکان هەردووکیان تۆقێنەرن. جڤاتێکی ئازاد پێویستە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بانگەشەیەکی لەم جۆرە کراوە بێت. بەڵام بە چاوپۆشین لەو بنەما بابەتییانەی هەڵمەتەکەی PETAیان لەسەر بونیاد نراوە، ئەوانەی لە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەرگرییان لە ئازادیی ڕادەربڕین کرد، پێویستە ئەوە بزانن ڕاستە شێوازگەلێکی ڕادەربڕین هەن هەستی بەشێک لە خەڵکی بریندار دەکەن، وەلێ ئەمە بۆ سانسۆرکردنیان، نابێت بە هۆیەکی کافی. ئەگەر بە پاساوی بریندارکردنی هەستی هەندێک، ڕێگە بە PETA نەدرێت کەیسەکەی دژی خراپ بەکارهێنانی ئاژەڵان بەو شێوەیەی ئەوان بە باشترینی دادەنێن، بخاتە ڕوو، بە هەمان هەنجەت، دەتوانرێت ڕەخنەگرتن لە ئایینیش قەدەغە بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەگەر لایەنگرانی ئایینێک مافی پاراستنیان لە بەرانبەر ڕەخنەگرتن لە ئایینەکەیان نەبێت، ئەوا تەنانەت لە ئەڵمانیاش، قوربانیانی هۆڵۆکۆست و نەوەکانیان (من یەکێکم لەوان) نابێت لە بەرانبەر ئەو هەڵمەتە ڕێکلامییانەدا بپارێزرێن کە بەبێ ئەوەی مەبەست لێیان هاندان بۆ ڕق و توندوتیژی بێت، هەستیان بریندار دەکات.
سەرچاوە:
https://www.project-syndicate.org
نووسینی: پیتەر سینگەر
وەرگێڕانی: دڵشاد حامید دەروێش