کۆماری کوردستان و خه‌ونی کوردستانێکی گه‌وره!
(له یادی 10ی خاکه‌لێوه‌دا)
77 ساڵ پێش ئێستا و له ڕۆژێکی وه‌کوو ئه‌مڕۆدا پێشه‌وا قازیی محه‌مه‌د له‌گه‌ڵ سه‌دری قازیی برای وه‌کوو وه‌زیری به‌رگری و سه‌یفی قازی له دامه‌زرێنه‌رانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و نوێنه‌ری خه‌ڵکی مه‌هاباد له خولی چوارده‌ی ئه‌نجوومه‌نی شوورای نیشتیمانی له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی پاشایه‌تی، له‌سێداره دران! جیا له‌و هه‌موو باسوخواسانه‌ی له‌سه‌ر کۆماری کوردستان له مه‌هاباد و هۆکار و زه‌مینه‌کانی سه‌رهه‌ڵدان و ڕووخانی کراوه، نواندنه‌وه‌ی کۆماری مه‌هاباد و شه‌هیدانی نه‌مری ئه‌م ده‌وڵه‌ته ته‌مه‌ن کورته بڵندباڵایه و ئامانج و فه‌لسه‌فه و به‌رنامه سیاسی و پێگه و هه‌ڵکه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژووییه‌که‌ی له چاوی میدیاکانی کۆماری ئیسلامی و هه‌روه‌ها ئه‌ندێشه‌ی ئێرانگه‌رایی و ئێرانشاریی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات(چ له ناوخۆ و چ له ده‌ره‌وه‌ی ئێران) که‌متر ئاوڕی لێ دراوه‌ته‌وه. له ڕاستیدا تێڕوانینی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕوانگه‌ی ئێرانشاریی که خۆیان پێکه‌وه دانویان ناکوڵێت به نیسبه‌ت پرسی کورد به هه‌موو شێوه‌یه‌ک یه‌کگرتوو و یه‌کانگیر بووه و هه‌ن و ئه‌مه‌ش ئه‌و خاڵه بۆش و که‌لێنه بووه له تێگه‌یشتن و سیاسه‌ت و خه‌باتی کورددا که پێشه‌وا له وه‌سیه‌تنامه‌که‌یدا ئێمه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه سه‌ری کاتێک ده‌ڵێت: “ڕۆڵه‌کانی گه‌لی کورد یه‌ک بگرن، هه‌ر میلله‌تێک یه‌کگرتوو و ته‌با نه‌بێت، هه‌رده‌م ژێرده‌ستی دوژمنان ده‌بێت، ئێوه‌ی گه‌لی کورد هیچتان له گه‌لانی ئه‌م گۆی زه‌وییه که‌متر نییه، ئه‌و میلله‌تانه‌ی وا له چنگی زاڵمه‌کانیان ڕزگاریان بوو وه‌ک ئێوه بوون، به‌ڵام ئه‌وان یه‌کێتی له نێوانیاندا هه‌بوو و خۆیانیان ڕزگار کردووه.
چی دیکه فریوی دوژمن مه‌خۆن، دوژمن تا کاتێک ئێوه‌ی ئه‌وێت که کاری خۆی پێتان جێبه‌جێ بکات، دواتر بهیهکترتان به‌کوشت ده‌دات. له نێو هه‌موو دوژمنه‌کانی گه‌لی کورددا، دوژمنی عه‌جه‌م له هه‌موویان زاڵمتر و غهدارتره، هه‌ر به درێژایی مێژوو له گه‌لی کورد غه‌ره‌ز و کینه‌ی هه‌بووه و هه‌یه‌تی”. له ماوه‌ی چل ساڵ زیاتر له هاتنه‌سه‌رکاری خومه‌ینی و ده‌سه‌ڵاتی ئایینی شیعه‌ی ئیسنا عه‌شه‌ری له ئێران هیچ کات به‌شێوه‌یه‌کی مێژوویی و دوور له سیاسیکاری و کایه‌ی گوتاری و دیسکۆرسیڤ باسی ڕووداوه‌کانی کوردستان نه‌کراوه، ئیتر ئه‌م ڕووداوانه چ پێش کۆمار بووبێتن بۆ نموونه شۆڕشی سمکۆی شکاک له 1919ی زاینی یان خودی کۆماری کوردستان له 1946ی زاینی بووبێت یان پاش هاتنه‌سه‌رکاری کۆمار و ڕووداوه‌کانی سه‌ره‌تای ساڵانی 1979 و شۆڕشی گه‌لانی ئێران یان هه‌ر شتێکی دیکه که په‌یوه‌ست بێت به کورد و کوردستانه‌وه. هه‌ر وه‌ک چۆن له ڕوانینی سیاسه‌تمه‌داران و سیاسه‌تی کۆماری ئیسلامی‌دا هه‌رجۆره باسکردن له کێشه‌ی کورد که بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر ڕه‌هه‌ند و زه‌مینه مێژوویی و سیاسییه‌کانی وه‌کوو شۆڕشی سمکۆ، کۆماری مه‌هاباد یان ته‌نانه‌ت زۆر پێشتر له ئه‌وانیش واته حه‌سه‌نه‌وییه‌کان له سه‌ده‌ی ده‌یه‌می زاینی و که‌ریم خانی زه‌ند و ته‌نانه‌ت سه‌لاحه‌دینی ئه‌یووبیش به بڤه و تابۆ و قه‌ده‌غه ده‌زانێت. خاڵی هه‌زه‌لی و له هه‌مان کاتدا تراژیکی ئه‌م تێڕوانینه ئه‌وه‌یه که ئیرانشاری و پانئێرانیستهکانیش له‌م بابه‌ته‌دا ته‌واو هاوبیر و هاوڕێی کۆمار و ئاخونده‌کانی قوم و تارانن و ته‌نانه‌ت به‌و ئاماژانه‌ی که ده‌بینرێت ده‌توانین مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه بکه‌ین که ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات به‌ده‌ست بهێنن له فه‌تواکه‌ی خومه‌ینی “اشدا علی الکفار و رحماء البینهم” بۆ سه‌ر کوردستان له کاتی شه‌ڕی نێوانی هێزه‌کانی کوردستان و سوپای پاسداران‌دا خراپتر به‌سه‌ر کورد و خه‌ڵکی کوردستان ده‌هێنن، تا ئێسته‌ش له میدیا فه‌رمییه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا به‌رنامه‌یه‌کی دروست و گونجاو و دوور له سیاسه‌ت و چه‌واشه‌کاری له‌سه‌ر کۆماری کوردستان به‌رهه‌م نه‌هێنراوه و هه‌رچی به‌رنامه‌یه‌کیان به‌رهه‌م هێناوه یان وه‌کوو سه‌ردێڕی هه‌ندێ ڕووداو له په‌راوێزی داگیرکرانی باکووری ئێران له لایه‌ن یه‌کێتی سۆڤییه‌ت له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م باس کراوه یان وه‌کوو قۆناغێک له قه‌یرانی خێڵه‌کی و عه‌شیره‌یی له ئێرانی ئه‌و قۆناغه لێکدراوه‌ته‌وه.
ئه‌مه جیاوازه له‌و ڕه‌وته مێژوونووسییهی که که‌سانێکی وه‌کوو خه‌سره‌وی موعته‌زید که نووسه‌ری مێژووی ناوچه‌که و ئێرانه به مه‌یل و ئاره‌زووی کۆماری ئیسلامی، که چه‌واشه‌کاریی له مێژووی هاوچه‌رخی ئێران و ناوچه‌که و کوردستان به کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌ی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی نیوه‌چڵ بووه به ئیش و پرۆژه‌ی سه‌ره‌کیی ئه‌و بۆ دروستکردنی مێژوویه‌ک که هیچ ئه‌ویدییه‌ک به تایبه‌تی کوردی تێدا جێگه نابێته‌وه، وه‌کوو چۆن له فیلمه‌کانی “حمله به اچ 3” و “گلها و گلوله‌ها” و “حکایت عاشقی” و ده‌یان فیلمی دیکه‌یان کورد و کوردستان له په‌راوێز و گۆشه‌ی حه‌ز و خواست و ئاره‌زوو و پرۆژه و پهیمانهکانیانه هه‌مان تێڕوانینیشیان بۆ ڕووداوێکی گه‌وره‌ی وه‌کوو کۆماری کوردستان هه‌یه.
کۆماری کوردستان به چه‌ندین هۆکاری سیاسی-کۆمه‌لایه‌تی هه‌ره گرینگ، ئه‌م ترس و تۆقاندنه‌ی له ئه‌ویدی کورد واته ده‌سه‌ڵاته‌کانی ئێران (چ په‌هله‌وی و چ کۆماری ئیسلامیی)دا دروست کردووه یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که خودی قازی وه‌کوو که‌سایه‌تییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و کاریزما و جه‌ماوه‌ری که کوڕی قازی عه‌لی بووه و بنه‌ماڵه‌یان مێژوویه‌ک له خزمه‌تگوزاری و ڕێزیان پێشکه‌ش به خه‌ڵکی مه‌هاباد کردووه، خاوه‌نی وه‌ها که‌سایه‌تییه‌کی جێگه‌ی متمانه و بڕواپێکراو بوو که کۆمه‌ڵه‌ی ژێ کاف به بوونه ئه‌ندامی ئه‌و ڕۆحی زیاتر گه‌شایه‌وه و ئه‌م ڕووداوه بوو به هۆی ئه‌وه‌ی که کۆمه‌ڵه‌که زیاتر په‌ره بستێنی و به‌ناو خه‌ڵک و خوادا بڵاو ببێته‌وه. پاشان خودی کۆمه‌ڵه‌ی “ژێ کاف(ژ.ک)” که سه‌ره‌تا ڕێکخراوێکی نهێنی بوو و نهێنیبوونهکهشی ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ هه‌ژموونییه‌کی سیاسیی ڕژێمی پاشایه‌تی و هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی خۆجێی هه‌ندێ خان و زه‌ویندار و ده‌ره‌به‌گ له ناوچه‌که‌دا، ئه‌م قۆناغه نهێنییه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی “ژێ کاف” هه‌م زه‌مینه‌ی بۆ په‌روه‌رده‌کردنێکی نه‌رم و نیان و قووڵ و قایمی ئه‌ندامانی خۆی ته‌یار کرد و هه‌میش ئه‌نجامی گه‌شه و نه‌شه‌یه‌کی ڕه‌وتێکی ئۆرگانیزاسیۆن و ڕێکخراوه‌بوونی کۆمه‌ڵگای مه‌هاباد به تایبه‌تی و کۆمه‌ڵگای کوردی به‌گشتی بوو، که ئه‌مه باشترین شێواز و فۆرمی گه‌شه‌کردنی ڕێکخراوێکی جه‌ماوه‌رییه که له دڵ و هه‌ناوی خه‌ڵک و یاده‌وه‌ری و خواست و ئارهزووکانیانڕا هاتۆته ده‌ره‌وه و کاتێ قازیی نه‌مریش به ناوی خوازراوی “بینایی” به گێڕانه‌وه‌ی د. ڕه‌حیمی قازی له ڕۆمانی پێشمه‌رگه‌دا ته‌ڤڵی “ژێ کاف” ده‌بێت ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیبوونی کۆی ڕێکخراوه‌که و کۆمه‌ڵایه‌تیبوون و کاریزمابوونی قازی محه‌مه‌د ده‌که‌ونه په‌یوه‌ندییه‌کی دیالیکتیکییهوه و ڕۆحی ئه‌و سه‌رهه‌ڵدان و داواکاری و خۆوشیارییه به‌رزتر و به‌رزه‌فڕتر ده‌بێته‌وه.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م دوو لایه‌ن و ڕه‌هه‌نده‌ش ئه‌ندێشه‌ی کوردایه‌تی و کوردپهرهوهریی به‌رینی قازی محه‌مه‌د خوێنێکی دیکه‌ی به ناو ده‌ماری ئه‌م جه‌سته ڕاپه‌ڕیو و وشیارهدا کرد ئێمه له کتێبی “قازی محه‌مه‌د و کۆمار”دا له نوسینی دانا/محه‌مه‌د به‌هائه‌دین مه‌لا ساحیبدا ده‌خوێنینه‌وه:
پێش ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستان واته “ژێ کاف” بێته کۆڕی خه‌باته‌وه، قازی محه‌مه‌د له سییه‌کانی ئه‌م سه‌ده‌یه په‌یوه‌ندی به حیزبی خۆیبوونه‌وه هه‌بوو که له ساڵی 1927 ئه‌م حیزبه له کوردستانی تورکیا واته باکوور به هاوکاری ئیحسان نووری پاشا شۆڕ‌شیان به‌رپا کرد. هه‌روه‌ها له کاتێکدا که ژێ کاف ژماره‌ی ئه‌ندامانی له 20 که‌سێک تێپه‌ڕیان نه‌ئه‌کرد په‌یوه‌ندییان کرد به قازی محه‌مه‌ده‌وه کرد و ئه‌ویش به دڵێکی خاوێن و نیازێکی ڕاسته‌وه چووه ڕیزی تێکۆشان له گه‌ڵیانا، پاش ماوه‌یه‌ک، زۆر له ئه‌ندامانی دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رکردایه‌تی له ناوچه‌کانی دیکه‌دا بڵاو بوونه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌موو لایه‌ک ئامانج و به‌رنامه‌ی ژێ کاف بگه‌یه‌نن به خه‌ڵک و ڕێشه داکوتێ. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییان کرد به کوردستانی تورکیا و ئێراقه‌وه(باکوور و باشوور) و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ((محه‌مه‌د ئه‌مین شه‌ریفی)) ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی که‌وته گفتوگۆکردن له‌گه‌ڵ چه‌ند نیشتیمانپه‌روه‌رێكی باشووری کوردستان بۆ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی سێ قۆڵی له نێوان مه‌لا وه‌هاب؛ نوێنه‌ری کورده‌کانی باکوور و شێخ عه‌بدوڵلا؛ نوێنه‌ری کورده‌کانی باشوور و قاسم قادری ئه‌ندامی دامه‌زرێنه‌ری “ژێ کاف” له سه‌ر سنووری هه‌ر سێ پارچه‌که‌ی کوردستان و له ئه‌نجامدا چه‌ند بڕیارێکی گرینگ‌یان ده‌رکرد. که بریتی بوو له‌وه‌ی ده‌ستی یارمه‌تی بۆ یه‌کتری درێژ بکه‌ن و په‌یوه‌ندی ته‌واویان له نێواندا هه‌بێت و ئه‌مه له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان جێ بخه‌ن تاکوو له پاشه‌ڕۆژدا گه‌لی کورد ڕزگار بکه‌ن و که مافی نه‌ته‌وایه‌تی خۆی وه‌ربگرێت. هه‌روه‌ها توانییان یه‌که‌م ژماره‌ی گۆڤاری نیشتیمان له حوزه‌یرانی 1943دا به شێوه‌یه‌کی جوان و ڕێک و پێک له چاپ بده‌ن و بڵاوی بکه‌نه‌وه.”
هه‌موو ئه‌مانه ده‌رخه‌ری بیری کوردایه‌تی فراوان و سنووربڕی قازیی نه‌مر و هاوڕێ و هاوخه‌باته‌کانی بوون. ئه‌م خه‌ریته و نه‌خشه سیاسی و ئایدۆلۆژییه‌ی پێشه‌وا که خه‌ونی کوردستانێکی گه‌وره و ئازادی بۆ دواڕۆژ وێنا کردووه هه‌ر زوو به پلانی هه‌ندێ له ئاغا و خائینه‌کانی ناوخۆ و هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی ده‌خوێنرێته‌وه و ترسیان وه‌به‌ر ده‌که‌وێت، له‌و ساڵانه‌ی ڕووخانی ڕژێمی پاشایه‌تیی له ئێران تاکوو ئێستای کۆماری ئیسلامیی هیچ جیاوازییه‌ک له تێڕوانیندا به نیسبه‌ت کورد و مێژوو و خوێن و خه‌باته‌که‌ی نه‌هاتۆته ئاراوه و بگره چه‌واشه‌کاریی زیاتری تێدا کراوه، ئێسته‌ش له ژێر ده‌سه‌لاتی کۆماری ئیسلامی‌دا تۆ له مه‌هاباد به ئاسانی ناتوانی سه‌ردانی مه‌زاری نه‌مران؛ قازی محه‌مه‌د و سه‌یف و سه‌دری قازی بکه‌یت، زۆر جار هه‌یه ده‌رگای چونه ژووره‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی گۆڕی نه‌مرانی تێدایه داخراوه و زۆر جار ئه‌وانه‌ی ته‌نانه‌ت وه‌کوو موسافیر له شاره‌کانی دیکه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌چنه سه‌ر مه‌زاری نه‌مرانی مه‌هاباد به زووترین کات بانگهێشتی ئیداره‌ی ئیتلاعات ده‌کرێن. ئه‌مه پیشانده‌ری ترس و تۆقینێکه له قۆناغێکی زێڕین و دره‌وشاوه له وشیاری و ڕابوونێکی ڕه‌مزی به خه‌ونی کوردستانێکی گه‌وره و ڕزگارکراو و ئه‌ندێشه‌ی کوردایه‌تی به گشتی، مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌م ئه‌ندێشه به‌رینه‌ی قازی محه‌مه‌د نه‌بوو که مه‌شخه‌ڵه‌که‌ی دایه ده‌ست بارزانیی نه‌مری هاوبیر و هاوخهونی و تا ئێسته‌ش ڕێبازه‌که‌ی ئه‌و ڕێگای ڕزگاریی کوردستان و ئازادی و سه‌ربه‌خۆییان به ڕووناکی و دره‌وشاوه‌یی هێشتووه‌ته‌وه؟ له‌سێداره‌دانی قازی و هاوڕێکانی پێش ئه‌وه‌ی سه‌پاندنی سزا بێت به‌سه‌ر ئه‌ندێشه و بوونی کوردانه و کوردایه‌تی ئه‌واندا هه‌ڵبژارادنی ڕێگای ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی گه‌ل و جه‌ماوه‌ر و نیشتیمان بوو له لایه‌ن ئه‌م نه‌مرانه‌وه، به‌خشینی نه‌مری بوو به خه‌ونی کوردستانێکی گه‌وره و ئازاد، شێوازی مه‌رگیشیان و نواندنیان به سه‌ر سێداروه ده‌رخه‌ری ئه‌و ترس و تۆقینه مێژووییه بوو که ڕژێمی پاشایه‌تی ئاره‌زوویان ده‌کرد به‌و شێوه‌یه بیڕووشێنن و له‌باری ببه‌ن، به‌ڵام خه‌یاڵدانی کوردایه‌تی و کوردپه‌ره‌وه‌ری کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان به‌و وێنانه زیاتر باڵایان کرد و قین و ڕقی ڕه‌شی دوژمنانی خۆیان باشتر ناسی و بۆ قووڵترکردنه‌وه‌ی وشیاری نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیی و دروستکردنی ڕه‌مز و هێما نه‌مره‌کان، زیاتر ئه‌م شکۆ و حهماسهیهیان هۆنییه‌وه و گێڕایه‌وه و ئێسته ئه‌و سێ سێداره‌یه باڵای بڵندی دره‌ختی ئاره‌زوو و خه‌ونی ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی و خۆناسی و دوژمنناسی ئاودێریی ده‌که‌ن، پیرۆز بێت یادی ئه‌و خوێنه شکۆمه‌ند و پیرۆزانه و ئاوه‌دان بێت نیشتیمان و کورد و کوردستان.